كاديرێكى پێشكه‌وتوى يه‌كێتى: ديسان به‌زمى كۆنگره‌ى يه‌كێتى.

دواى تێپه‌ڕبونى نۆ ساڵ به‌سه‌ر دوايين كۆنگره‌ى يه‌كێتيدا، تاكو‌ ئه‌مڕۆش ئه‌م حزبه‌ نه‌يتوانيوه‌ كۆنگره‌ى چواره‌مى خۆى ببه‌ستێت. هه‌ر جاره‌و به‌بيانوويه‌ك دواخراوه‌ ئه‌گه‌رچى به‌پێى په‌يڕه‌وى يه‌كێتى ئه‌بێ سێ ساڵ جارێك كۆنگره‌ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

دواى تێپه‌ڕبونى نۆ ساڵ به‌سه‌ر دوايين كۆنگره‌ى يه‌كێتيدا، تاكو‌ ئه‌مڕۆش ئه‌م حزبه‌ نه‌يتوانيوه‌ كۆنگره‌ى چواره‌مى خۆى ببه‌ستێت. هه‌ر جاره‌و به‌بيانوويه‌ك دواخراوه‌ ئه‌گه‌رچى به‌پێى په‌يڕه‌وى يه‌كێتى ئه‌بێ سێ ساڵ جارێك كۆنگره‌ ببه‌سترێت بۆ نوێبوونه‌وه‌ى حزب و سه‌ركردايه‌تيه‌كه‌ى.
تا ساڵانى دوايى هيچ بيانوويه‌ك نه‌بو بۆ دواخستنى كۆنگره‌ى حزب به‌تايبه‌تيش له‌سه‌رده‌مى وجودى مام جه‌لالدا كه‌ به‌پێى هه‌ندێ زانيارى خۆيشى له‌ئه‌داى زۆربه‌ى سه‌ركردايه‌تى حزبه‌كه‌ى نارازى بوو، به‌ڵام دواى نه‌خۆشكه‌وتن و كۆچى دوايى به‌رێزيشيان به‌ستنى كۆنگره‌ بوو به‌زه‌رووره‌تێكى حه‌ياتى، به‌تايبه‌ت كه‌ پێوێست بوو شوێنى ئه‌و پڕ بكرێته‌وه‌و خوێنێكى‌ تازه‌ ببه‌خشرێته‌ حزب. له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارييانه‌ى ناوچه‌و هه‌رێمه‌كه‌ش تاكو ئه‌مڕۆش سه‌ركردايه‌تى ئه‌م حزبه‌ نه‌يتوانيوه‌ كۆنگره‌يه‌كى سه‌ركه‌وتوو سازبدات. جا لێره‌دا ئه‌بێ بپرسين هۆكارى دواكه‌وتنى كۆنگره‌ چييه‌و بۆچى بۆته‌ كێشه‌يه‌كى گه‌وره‌ى بێ چاره‌سه‌ر.
هه‌ڵبه‌ت پێش هه‌موو شتێك پێويسته‌ بوترێ كه‌ غيابى مام جه‌لال به‌هۆى نه‌خۆشيه‌كه‌ى و دواتر كۆچى دوايى، بۆشاييه‌كى زۆر گه‌وره‌ى له‌ناو حزبدا دروستكرد كه‌ به‌هيچ شێوه‌يه‌ك پر نه‌كرايه‌وه‌. غيابى مام سه‌ركرده‌ى باڵه‌كانى ناو يه‌كێتى هاندا بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر يه‌كه‌و له‌لاى خۆيه‌وه‌ هه‌وڵبدات شوێنى مام بگرێته‌وه‌ و باڵه‌كه‌ى خۆى به‌هێزتر بكات، بۆ ئه‌مه‌ش باڵه‌كان كه‌وتنه‌ ناو ململانێيه‌كى زۆر سه‌خته‌وه‌ تا راده‌ى به‌گژيه‌كداچوونه‌وه‌ش ، وه‌كو له‌ جيابوونه‌وه‌ى باڵى ناوه‌ندى برياردا روويدا.
به‌هێزترين باڵى ناو يه‌كێتى تا دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌و باڵه ‌بوو كه‌ پێى ده‌وترا ( باڵى ده‌سترۆيشتوو ) به‌سه‌ركردايه‌تى هێرۆخان. به‌پێى حيساباتى زۆربه‌ى شاره‌زايان، له‌كۆى 51 ئه‌ندامى سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى، 33 ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى و سه‌ركردايه‌تى له‌و باڵه‌دا كۆبوونه‌وه‌ ، به‌هۆى ده‌ستگرتنى هيرۆخانيش به‌سه‌ر دارايى حزب، ئه‌م باڵه‌ كاريگه‌ريه‌كى گه‌وره‌ى هه‌بوو به‌سه‌ر بڕيارى حزب له‌ناو يه‌كێتيدا. هيچ بڕيارێك به‌بێ ره‌زامه‌ندى سه‌ركرده‌ى ئه‌م باڵه‌ نه‌ئه‌دراو، به‌واقيعحاڵ ئه‌م باڵه‌ ببووه‌و ‌مه‌رجه‌عى سياسىى ناو يه‌كێتى. به‌ڵام له‌گه‌ڵ نه‌خۆشكه‌وتن و بێتاقه‌تى هێرۆخان و دوور كه‌وتنه‌وه‌ى له‌ كۆبونه‌وه‌كانى يه‌كێتى، ئه‌م باڵه‌ تووشى هه‌ژانێكى زۆر گه‌وره‌ بوو، كه‌ جێگره‌وه‌كانى هێرۆخان نه‌يانتوانى بۆشاييه‌كه‌ى ئه‌ويش‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى مه‌كته‌بى سياسى و سه‌ركردايه‌تيشدا هه‌وڵێك درا جۆرێك له‌شه‌رعيه‌ت بدرێته‌ نوێنه‌ره‌كه‌ى هيرۆخان، كه‌ ئه‌مه‌ش خۆى له‌خۆيدا پێچه‌وانه‌ى په‌يڕه‌وى ناوخۆى حزب بوو، له‌لايه‌كى تريشه‌وه‌ هه‌ندێ له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردايه‌تى و مه‌كته‌بى سياسيشى زوێر كرد تا راده‌ى دووركه‌وتنه‌وه‌يان له‌ كۆبوونه‌وه‌كان. له‌و لاشه‌وه‌ هێنانى چه‌ند كادێرێكى حزب بۆ به‌شداريكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى مه‌كته‌بى سياسى و سه‌ركردايه‌تيدا ئه‌و‌يش تا راده‌يه‌ك مه‌ركه‌زى بڕيارى ناو يه‌كێتى لاوازتر كرد و شه‌ڕى باڵه‌كانيشى تووندتر كرد.
هاتنى ئه‌و كاديرانه كه‌ هيچ ئه‌ندامێتيان له‌سه‌ركردايه‌تى و مه‌كته‌بى سياسيدا نه‌بوه‌، شه‌رعيه‌تى كۆبوونه‌وه‌كانو بڕياره‌كانى حزبيشى خسته‌ گومانه‌وه‌، جگه‌ له‌مه‌ش تێپه‌ربوونى زياتر له‌شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر واده‌ى به‌ستنى كۆنگره‌دا‌، ئه‌ويش جێگاى پرسيارێكى گه‌وره‌تر بوو ‌ له‌باره‌ى شه‌رعييه‌تبوونى سه‌ركردايه‌تيه‌كه‌ى ئێستاى يه‌كێتى.
يه‌كێك له‌هۆكاره‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كييه‌كانى دواكه‌وتنى كۆنگره‌ى حزب، ئه‌و ململانێيه‌ تازه‌يه‌ى‌ نێوان باڵه‌ ته‌قليديه‌كان و سه‌ركرده‌ تازه گه‌نجه‌‌كانى ناو يه‌كێتييه‌. باڵه‌ ته‌قليديه‌كه‌ خۆى به‌خاوه‌نى يه‌كێتى ئه‌زانێت و، شه‌رعييه‌تى شۆڕشگێڕى كردوه‌ به‌ بنه‌ما‌يه‌ك بۆ به‌رده‌وامبونى له‌سه‌ركردايه‌تى حزبدا، له‌به‌رامبه‌ريشدا تاقمه‌‌ گه‌نجه‌كه‌ خۆى به‌ مييراتگرى مام جه‌لال ئه‌زانێ ، خۆيان وا نمايش ئه‌كه‌ن گوايه‌ پارێزه‌رى رێبازه‌كه‌ى ئه‌ون ، ئه‌مه‌ش هێمايه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بڵێن، باڵه‌ ته‌قليديه‌كان له‌رێبازه‌كه‌ى مام لايانداوه‌، ئه‌مه‌ش هۆكارى سه‌ره‌كى تووندبونى ملمڵانێيه‌كه‌يه‌ كه‌ بۆته‌ هۆى نه‌به‌ستنى كۆنگره‌ى حزب.
با زياتر نه‌چينه‌ ناو ورده‌كارى و شێوازى ناته‌ندروستى ململانێى باڵه‌كانه‌وه‌ ، با ته‌ركيز بخه‌ينه‌ ‌سه‌ر هۆكارى نه‌به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌مى حزب.
هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌ى كاديرو ئه‌ندامانى يه‌كێتى به‌په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕيى به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌م ئه‌كه‌ن، هه‌موو هه‌وڵێكيشان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ داوه‌، به‌ڵام به‌ هۆى ترسى زۆربه‌ى باڵه‌كانى سه‌ركردايه‌تى له‌ شكستيان له‌ناو كۆنگره‌دا ، تا ئێستا بڕيار له‌كۆنگره‌ نه‌دراوه‌ ، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجيشه‌ بڕيارى به‌ستنى كۆنگره‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست ئه‌و باڵانه‌ى كه‌ مه‌ترسى شكستيان هه‌يه‌ له‌ناو كۆنگره‌دا ، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا گۆڕانكارييه‌كى‌ گه‌وره‌ش له‌سه‌ر ئاستى باڵه‌كاندا روويداوه‌و پێكهاته‌كانيان گۆڕاوه‌.
يه‌كێك له‌و گۆڕانكارييانه‌ش‌ لاوازبوونى باڵى ده‌ستڕۆيشتووه‌. هه‌ڵبه‌ت نه‌خۆشكه‌وتنى هێرۆخان ودووركه‌وتنه‌وه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى مه‌كته‌بى سياسى وسه‌ركردايه‌تى يه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كيه‌كانى لاوازبوونى باڵه‌كه‌ى. جگه‌ له‌مه‌ش هێنانى گه‌نجه‌كانى بنه‌ماڵه‌ بۆ سه‌ر شانۆى سياسى وهه‌ڵه‌كانيان و كه‌م ئه‌زموونيان له‌ كارى سياسه‌ت و حزبدا، هۆكارێكيترى لاوازبوونى بوو، جگه‌ له‌وه‌ش هاتنى ئه‌و گه‌نجانه‌ى بنه‌ماڵه‌ ميسداقييه‌تى سه‌ركردايه‌تيشى خسته‌ گومانه‌وه‌، به‌تايبه‌ت له‌مه‌سه‌له‌ى به‌بنه‌ماڵه‌كردنى يه‌كێتيدا.
به‌پێي هه‌ندێ زانيارى به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردايه‌تى و مه‌كته‌بى سياسى له‌سه‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ى سه‌ره‌وه‌ له‌باڵه‌كه‌‌ دوور كه‌وتنه‌وه‌. له‌ پرۆسه‌ى دابه‌شكردنى‌ پۆسته‌كانى ئه‌م دواييه‌ى كابينه‌ى نۆيه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمدا ئه‌م حه‌قيقه‌ته‌ ده‌ركه‌وت كه‌ باڵه‌كه‌ى كاك كۆسره‌ت به‌شى شێرى بۆ خۆى برد له‌سه‌ر حيسابى باڵه‌كانى تره‌وه‌.
به‌ر له‌وه‌ى بێينه‌ سه‌ر ورده‌كارى كۆنگره‌، پێويسته‌ ئه‌وه‌ بڵيين كه‌ ئێستا به‌واقيع له‌ناو يه‌كێيتيدا دوو باڵ له‌ ململانێدان، ئه‌ويش باڵى بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى و باڵى كاك كۆسره‌ته‌، چونكه‌ باڵه‌كه‌ى دكتۆر به‌رهه‌م هيچ كاريگه‌رييه‌كى ئه‌وتۆى نه‌ماوه‌، هه‌م به‌حوكمى ئه‌وه‌ى دكتۆر به‌رهه‌م ئێستا له‌به‌غدايه‌و به‌ سه‌رۆك كۆمارييه‌كى مه‌شغوله‌ و ناپه‌رژێته‌ سه‌ر كاروبارى به‌رێوه‌بردنى باڵه‌كه‌ى خۆى، هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ خودى دكتۆر به‌رهه‌م نايه‌وێ خۆى بخاته‌ ناو ململانێكانى يه‌كێتييه‌وه‌ دواى ئه‌وه‌ى به‌ئاواتى خۆى گه‌يشت له‌ پۆستى سه‌رۆك كۆماريدا، بۆيه‌ باڵه‌كه‌ى ئه‌و ئێستا دابه‌شبوونه‌ به‌سه‌ر دوو باڵه‌كه‌ى ترا، به‌مه‌ش كاريگه‌رييه‌كى ئه‌وتۆيان نابێت له‌ناو كۆنگره‌ى داهاتوودا، مه‌گه‌ر به‌ فشاره‌كانى ده‌ره‌كى رۆڵێكى سه‌ركردايه‌تى بدرێته‌ دكتۆر به‌رهه‌م ، ئه‌گينا چانسى سه‌ركردايه‌تيه‌كه‌ى زۆر ئه‌سته‌مه‌.
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌شێكى به‌رچاو له‌ئه‌ندامانى سه‌ركردايه‌تى له‌ باڵه‌ ده‌سترۆيشتووه‌كه‌ ده‌رپه‌ڕێنراون ئێستا زياتر به‌لاى باڵه‌كه‌ى كاك كۆسره‌تدا شكاندويانه‌ته‌وه‌، هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌شێكيان له‌لايه‌ن سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كانى بنه‌ماڵه‌وه ‌فه‌رامۆش كراون، هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بريارى سياسى حزب له‌لايه‌ن ئه‌و تاقمه‌ گه‌نجه‌وه‌ مۆنۆپۆڵكراوه‌.
تا ئێستا سێ پرۆژه‌ هه‌يه‌ بۆ كۆنگره‌، يه‌كێكيان پرۆژه‌ى لێژنه‌كه‌ى سه‌ركردايه‌تييه‌، ئه‌ويتريان پرۆژه‌ى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌نده‌، سيێه‌ميشان پرۆژه‌ى مه‌كته‌بى رێكخستنه‌. به‌پێێ خوێندنه‌وه‌ى هه‌ردوو پرۆژه‌كه‌ى سه‌ركردايه‌تى وئه‌نجومه‌نى ناوه‌ند له‌يه‌كه‌وه‌ نزيكن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى مه‌كته‌بى رێكخستن جيايه‌. به‌پێى پرۆژه‌كه‌ى سه‌ركردايه‌تى كه‌ له‌لايه‌ن ليژنه‌يه‌كه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌، له‌كۆنگره‌ى داهاتوودا سه‌ركردايه‌تيه‌كى تازه‌ دروست ده‌كرێت كه‌ پێكدێت له‌ 130 ئه‌ندام به‌ناوى په‌رله‌مانى حزب، په‌نجا ئه‌ندامى سه‌ركردايه‌تى و هه‌شتا ئه‌ندامى ترى هه‌ڵبژێردراو، ئه‌نجومه‌نێكى سه‌ركردايه‌تى 50 كه‌سى له‌ناو خۆياندا هه‌ڵده‌بژێرن، له‌و پێكهاته‌يه‌ش مه‌كته‌بى سياسى پێك ده‌هێنرێ. پۆستى سكرتێر ياخود سه‌رۆكى حزب هێشتا وازح نييه‌، به‌ڵام به‌پێى زانياريه‌كان پۆستى سكرتێر يا سه‌رۆكى حزب،‌ پرۆتۆكۆلى ئه‌بێت، له‌ته‌كيشدا ئه‌نجومه‌نٍێكى به‌ڕێوه‌بردن كاره‌كان به‌ڕێوه‌ ئه‌بات.
زانياريه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ئه‌كه‌ن بريار وايه‌ به‌ته‌وافوق كۆنگره‌ى داهاتوو به‌ڕێوه‌ ببرێ، ئه‌مه‌ش به‌ هێشتنه‌وه‌ى سه‌ركردايه‌تيه‌كه‌ى ئێستا به‌هه‌ر په‌نجا ئه‌ندامه‌كه‌يه‌وه‌ له‌گه‌ڵ 80 كه‌سه‌ هه‌ڵبژێرراوه‌كه‌ ده‌بنه‌وه‌ به‌ سه‌ركردايه‌تى حزب. ئه‌مه‌ش زياتر بۆ رازيكردنى ئه‌ندامانى سه‌ركردايه‌تى ئێستايه‌ كه‌ زۆربه‌يان ترسى ده‌رنه‌چوونيان هه‌يه‌ له‌كۆنگره‌ى داهاتوودا، بۆ ئه‌وه‌ى دڵيان رازى بكرێت و ترسيان له‌كۆنگره‌ نه‌مێنێ ئه‌م ته‌وافوقه‌ رێكخراوه‌و له‌ پڕۆژه‌كه‌شدا جێگاى بۆ كراوه‌ته‌وه‌.
تاقمه‌ گه‌نجه‌كه‌ى بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى‌ تمووحى ئه‌وه‌يان هه‌يه‌ بێنه‌ ناو سه‌ركردايه‌تييه‌وه‌و دواتريش رۆڵيان هه‌بێت له‌بڕياره سياسيه‌كانى حزبدا، بۆيه‌ مانعيان نيه‌ له‌سه‌ر حيسابى پره‌نسيپه‌ ديموكراسيه‌كانيش جۆرێك سازش بكه‌ن له‌پێناو گه‌يشتنيان به‌ سه‌ركردايه‌تييه‌وه‌، ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌شه‌رعييه‌تيان پێ ئه‌دات.. باڵه‌ ته‌قليديه‌كه‌ش ئه‌م ده‌رچه‌يه‌ى‌ پێ باشه‌، به‌ڵام ترسيان له‌وه‌ هه‌يه‌ له‌ناو كۆنگره‌ موفاجه‌ئه‌ رووبدات وپه‌شيمانى له‌ به‌ڵێنه‌كان بێته‌ ئاراوه‌، بۆيه‌ ناچنه‌ ناو كۆنگره‌وه‌ ئه‌گه‌ر زه‌مانه‌تێكى كۆنكرێتى مانه‌وه‌يان نه‌درێتێ.
ئه‌مه‌ هۆكاره‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كى دواكه‌وتنى كۆنگره‌يه‌. واته‌ به‌ روونى بڵێين، متمانه‌ له‌نێوان سه‌ركرده‌ كۆنو تازه‌كاندا نيه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كۆنگره‌يه‌ك ببه‌سترێ ته‌نانه‌ت كۆنگره‌ى ته‌وافوقيش بێت.
هه‌ڵبه‌ت ده‌سه‌ڵاتدار بوون شتێكى خۆشه‌ و كه‌سيش به‌ئاسانى‌ ده‌ستبه‌ردارى نابێت، ئه‌و سه‌ركردانه‌ى ئێستاى يه‌كێتى ئه‌وه‌نده‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ودسه‌ڵاتدارن‌، به‌تايبه‌تيش دواى كۆچى دوايى‌ مام جه‌لال ترسى موحاسه‌به‌يان نه‌ما، بۆيه‌ به‌ ئاره‌زووى خۆيان ده‌سه‌ڵات ئيحتكار ده‌كه‌نو پاره‌و پۆست ئه‌به‌ن بۆ خۆيان، ئاسان نييه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و هه‌مو پاره‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ بن له‌به‌ر خاترى پره‌نسيپه‌ حزبيه‌كان ياخود با بڵێين له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى حزب و مه‌باديئه‌كانى، بۆيه‌ تا پێيان بكرێ له پۆستى حزبدا ده‌مێننه‌وه‌ بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانيان.
له‌ كۆتاييدا ده‌توانم بڵێم كه‌ كۆنگره‌ى حزب به‌هيچ شێوه‌يه‌ك نابه‌سترێ به‌و پێوه‌ره‌ى زۆربه‌ى كاديرو ئه‌ندامانى يه‌كێتى داواى ده‌كه‌ن، كۆنگره‌ى داهاتوش به‌هيچ شێوه‌يه‌ك واقيعه‌ تاڵه‌كه‌ى يه‌كێيتى ناگۆڕێ، هه‌ر ئه‌و تاقمه‌ى ئێستا به‌ گۆڕانگارييه‌كى زۆر بچووكى سه‌ركراديه‌تييه‌كه‌ى به‌رده‌وام ئه‌بێ له‌ده‌ستگرتن به‌سه‌ر يه‌كێتيداو، كۆنگره‌ نابێته‌ ئه‌و هيوايه‌ى زۆربه‌ى يه‌كٍێتييه‌كان چاوه‌ڕيى ئه‌كه‌ن.
به‌بێ ته‌وافوقى باڵه‌كان و زه‌مانه‌تى به‌رده‌وامبوونيان چاوه‌ڕوانى كۆنگره‌ مه‌بن.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
وتاریکورد

ئەرشیڤی بەڕێز: وتاریکورد