كەمال محەمەد: تاكەی یەكێتی پەنجەكانی خۆی ئەشكێنێت؟

ئەوەی ئەبینرێت و باس ئەكرێت سەركردەو كادیرەكانی ئەو حیزبەیە كە خوازیاری كۆنگرەیەكن كە ببێتە ڕزگاری و فریادرەسیان و، هێزی تێپەڕاندن و چارەسەری كێشەكان بكەنە بنەمای كۆنگرەیەك كە بتوانێت هێزی خۆنۆژەنكردنەوە […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئەوەی ئەبینرێت و باس ئەكرێت سەركردەو كادیرەكانی ئەو حیزبەیە كە خوازیاری كۆنگرەیەكن كە ببێتە ڕزگاری و فریادرەسیان و، هێزی تێپەڕاندن و چارەسەری كێشەكان بكەنە بنەمای كۆنگرەیەك كە بتوانێت هێزی خۆنۆژەنكردنەوە بەدەست بهێنێت، یەكێتی بەم قۆناغەی ئێستای ناتوانێ بەردەوام بێت. هەر بۆیە لەسەر بنەمای گەرەنتیكردنی كۆنگرەیەكی شەفافەوە دەتوانێ بونی خۆی بپارێزێ و، سنورێك بەو زمانی ئاخافتن و بیروڕا جیاوازییانە دابنێ كە لێرەو لەوێ لە نێوخۆی ئەم حیزبەدا ئەكرێ، كە ڕێگرە بۆئەوەی هێزی گەیشتن بە كۆنگرەیەكی چارەسەری بەدەست بهێنرێ.
بۆ چۆنێتی گەیشتن بەو بارودۆخەی ئێستای یەكێتی، پێویستە سەیرێكی ڕابردوی نزیكی ئەو حیزبە بكرێت. كە بە بونی جەلال تاڵەبانی دۆخی ناكۆك و بۆشایی گەورەی سیاسی و بڕیاردانی وەك ئێستا بونی نەبو. لەژێر هیچ بیانو پاساوێكەوە ئەندامانی ئەو حیزبە نەیانتوانیوە كێشەكان وەك ئێستا پەرە پێ بدەن، پەردەی لەسەر هەڵماڵن. بەڵام دەركەوت لەدوای كۆچی سكرتێرەكەیان سەركردەكانی ئەم حیزبە ئەزمونێكی وانەبەخش و فێركراویان وەرنەگرتوە بۆ ئەوەی شكانی پەنجەكان بەكۆتا بێنن، یاخود لاوازی بكەن. سەرەڕای ئەوەی كە بەردەوام جەختیان لەسەر پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی و، دەستگرتن و بەردەامیدان بە رێبازەكەی سكرتێرە كۆچكردوەكەیانەوە كردووە.
پارچەبون و پەرتەوازەیی زیاتری ئێستا كاریگەری لەسەر ئۆرگان و رێكخستنەكانی یەكێتی كردوە، هێرشە ڕۆژانەییەكانی سەركردەو كادیرەكانی ڕێگای گەیشتن و پێهەڵگرتنی بە سەنتێزێكی سیاسی و بڕیاردان گرتوە. شكاندنی پەنجەكانی یەكدی نوێ نییە، بەڵام دەركەوتنی بەم ڕادەیەی ئێستا كەلێنێكی گەورەی خستۆتە نێو ئەو حیزبەوە. ئێستای كێشەكانی یەكێتی، تەنها پەیوەندی بە نێو خۆی یەكێتیەوە نییە. بەڵكو پەیوەندی بەو بویەرو ڕوداوانەشەوە هەیە، كە لە سەر ئاستی هەرێم و ناوچەكە ڕوو ئەدەن. بەواتا پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە واقیع و راستینەكانی ئێستای پارسەنگی هێزەوە هەیە. بەو پێیەی تاكە هێزە لەدوای پارتی كە سنورێكی جوگرافی و، هێزی لەدەستدا بێت. بۆیە پێویستە هەرگیز گومان لەو راستییە نەبەن كە بەردەوامیدان بەم دۆخەی ئێستا، نابێتە هۆی چارەسەری كەلێنی نێوان خۆیان و، ڕاگرتنی بالانسی هێز لە هەرێم و ناوچەكەش!
بۆئەوەی لە ڕوبەروبونەوەی كۆتاییەكی تراژیدیانە ڕزگاری بێت، پێویستە راوەستەیەكی زۆر لەسەركێشەكانی ئەمڕۆیان بكەنەوە. كە وەك نەخۆشییەك جەستەی ئەو حیزبەی داپۆشیوە. هەڵبەتە دۆزینەوەی سەرچاوەی كێشەكان و، پەند وەرگرتن لێی و، دانانی چارەسەرییەك بۆی، خاوەندارێتی كردنە لەپێگەی جەماوەری و میراسی سیاسی ئەو حیزبەوە. بۆیە تەنها بیركردنەوە لەكۆنگرەیەك كە ئامراز و دیسپلینكردنی دەستەیەكی بەرێوەبەری نوێ بۆ سەركردایەتی ئەو حیزبە، بە بێ ڕەچاوكردنی مەنسوبییەت و مەحسوبییەت باشتر یارمەتیدەر ئەبێت. بەواتا كۆنگرەی داهاتو ڕێگەیەك بێت بۆ گونجاندنی هەمویان، نەوەك تۆخكردنەوەی تەكەتول بەلاوەنانی یەكدی. بۆیە كۆنگرەیەكی چارەسەر كاتێك بەدی دێت كەلە رێگەی گفتوگۆی رێكخستنەكان و ئۆرگانەكانەوە هەڵبژێردرێت، توانای وەرگرتن و دەركردنی بڕیارەكانی هەبێت و بەرامبەر بە هەموان بەرپرسیار بێت و، چیدیكە هەلومەرجەكان دەرفەت بەوە نەدەن، كە كۆنگرەی شكاندنی پەنجەكان بێت.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
کەمال محەمەد

ئەرشیڤی بەڕێز: کەمال محەمەد