نەوزادى موهەندیس: تەقینەوە ئەتۆمیەکان مەترسى گەورەن بۆ سەر مرۆڤایەتى، نمونەش تەقینەوە ئەتۆمیەکەى ڕوسیا.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

پاراستنى ژینگە خۆشبەختانە لەم قۆناغى نوێگەراییەدا وەک بنەمایەکى زۆر مرۆڤدۆستانە هاتۆتە ناو کایەى گفتوگۆو مشتومڕەکانى نێوان سەرکردە و وڵاتان و کۆمەڵگا و تاکەکانیش، و بەدەیان و سەدان حیزبى سیاسى و ڕێکخراویى کۆمەڵگەى مەدەنى لەپێناو پاراستنى ژینگەى گۆى زەویدا دروست و دامەزراون، لەڕێگەى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان و فشارەکانیان بۆ سەر حکومەتەکان گەلێک کاریى گەورەیان ئەنجامداوە بۆ پاراستنى ژینگەى گۆى زەوى و بەردەوامبوونى ژیانێکى پاکوخاوێن بۆ مرۆڤایەتى.. چونکە دواى ڕشتن و فڕێدانى سەدان و هەزاران تەن لە خۆڵ و خاشاک و پاشماوە و پاشەڕۆی ژەهراوى و تیشکدەرەکان و خستنیان بۆ ناو هەوا و ئاو و خاکەوە لەلایەن کارگە گەورە پیشەسازیەکانەوە ژینگەى زەوى و مرۆڤایەتى بەرەو پیسبوون و لەناوچوون و زیانگەیاندنى گەورە چووە، بۆیە ئەم قۆناغە وادەخوازێت و ئەوەشى کردۆتە بنەماو چەسپاندویەتى کە لەکۆمەڵگاى نوێگەرا پێویستە ڕێز لە پاکوخاوێنى ژینگەى مرۆڤایەتى بگرێت و هەریەکە بە قەوارە و گاریگەرى و ڕۆڵى خۆى هەستێت بە پارێزگاریکردن و پاگڕاگرتنى ئەو ژینگە مرۆڤایەتیە، چونکە تا ژینگەى زەوى پاک و خاوێن نەبێت و دوور نەبێت لە پیسوون و ژەهراویبوون ئەوا تاکى ساغڵەم و تەندروستیش نایەتە بوون.
یەکێک لەو هۆکارانەى کە دەبێتە هۆکارى سەرەکى بۆ پیسبوونى ژینگە و مەترسى گەورەش دروستدەکات بۆ سەر ژیان و مان و بوونى تەنانەت زیندەوەران و ڕوەک و ئاژەڵەکانیش جیا لە مرۆڤەکان و کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان و هۆکارێکە کە ڕێگرى لێناگیرێت و سنورەکان ناناسێت و هەموانیان تێدەپەڕێنێت و تەنانەت لە سنورى وڵاتانى ناوچەیەک یان هەرێم و کیشوەرێکیشدا نامێنێتەوە، بەڵکو زۆر لەوە دوورتر دەڕوات کە مرۆڤ بیرى لێدەکاتەوە، وەکو چەکە کوشندە کیشوەربڕەکان وایە و تەنانەت لەوانیش مەترسیدارترە، چونکە چەک و ڕۆکێت و تەقەمەنیە سەربازیەکان ئەوانەى کە هەڵگرى کڵاوەى ئەتۆمى نین تەنها بۆ ماوەیەکى دیاریکراو کاولکارى و زیان و مەترسیەکانیان بەردەوام دەبێت، بەڵام بڵاوبونەوەى تیشکە مەترسیدارە ئەتۆمیەکان بۆ سەدان ساڵ و بگرە زیاتریش کاریگەریە خراپەکانى لەسەر ئاو و خاک و هەواى ناوچە و هەرێم و کیشوەرێکیش بەجێدێڵێت و کاریگەرى زۆر خراپتریش دەکاتە سەر نەوەو وەچەکانى مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەکەکانیش.
هەربۆیە ئەرکى وڵاتانى گەورەى پیشەسازى و خاوەن چەک و بۆمبى ئەتۆمین کە ڕێگە بگرن لە زیاتر بڵاوبونەوەى چەکى ئەتۆمى و نەهێڵن بکەوێتە دەست هەر وڵات و سەرکردە و ڕژێمێک کە نرخى بەها بەرزەکانى مرۆڤایەتى نازانن و ڕێزیان لێناگرن.
بەڵام بەداخەوە تازە بەتازە ململانێ ناڕەواکانى ئەمریکا و ڕوسیا وەکو دوو زلهێزى بوارى چەک و ڕۆکێتى بالیستى و مامناوەنج مەودا و ئەتۆمى کەوتونەتە خۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەى ڕێکەوتنەکانى نێوانیان بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبونەوەى چەکە مەترسیدارەکان بۆ سەر ژینگەى گۆى زەوى و مرۆڤایەتیش بەگشتى. هەریەکەیان لەهەوڵى داهێنان و دروستکردنى چەکى نوێى پڕ مەترسیدان و گەرەکیشیانە دابەشى بکەنە سەر وڵاتان و کیشوەرەکانى سەر بە نفوز و خولگەى خۆیان لە ئەوروپا و ئەفریقیا و ئاسیادا.
نوێترین نمونەش بریتیە لە تاقیکردنەوەیەکى شکستخواردووى ڕۆکێتێکى هەڵگرى کڵاوەى ئەتۆمى لەلایەن ڕوسیاوە کە بریتى بوە لە هەڵدانى ڕۆکێتێک لە جۆرى ( پۆریفیستنیک).
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەم جۆرە چەک و ڕۆکێتە چیە؟ مەترسی و کاریگەریە خراپەکانى چین بۆ سەر ژینگە و مرۆڤایەتیش؟
ئاژانسى وزەى ئەتۆمى حکومى ڕوسیا ڕایگەیاند (ڕوساتۆم) کە شارەزاکان سەرقاڵى تاقیکردنەوەى بزوێنەرى ڕۆکێتێکى ئەتۆمى بوون. لە بەرامبەر سەکۆیەک لە ناوچەى جەمسەرى باکور لە چوارچێوەى ئەو تاقیکردنەوە سەربازى و دەریاییانەى کە ڕوسیا ئەنجامیان دەدات، لەئەنجامى ئەو تاقیکردنەوەیەدا پێنج لە ئەندازیارە ئەتۆمیەکانى ڕووس بونە قوربانى و سێ ئەندازیارى تریش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن، لەئەنجامى تەقینەوەى ئەو بزوێنەرە لە شارى سارۆڤ کە دەکەوێتە دوورى 373 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتى شارى مۆسکۆى پایتەختەوە، کە کارگەیەکى کڵاوەى ئەتۆمى جەنگى ڕوسیاى تیادایە. پێشتریش ڕوسیا ڕۆکێتى جۆرى کرۆزى تاقیکردۆتەوە کە بەوزەى ئەتۆمى کاردەکات و ناوى (پۆریفیستنیک ) بوە.
ئەم تاقیکردنەوە سەرنەکەوتوە کارەساتێکى ئەتۆمى مەترسیدارى لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا تیشکێکى ئەتۆمى بۆماوەى 40 خولەک لێ بەرزبۆتەوە لە شارى سیفیرودفینسک کە 40 کم لە ڕۆژهەڵاتى گۆڕەپانى تاقیکردنەوەکانەوە دوورە لە نینوکاسا لە دەریاى سپیدا.
لێپرسراوانى شارەکە دەڵێن کە ئاستى تیشکەکان گەیشتۆتە 2 مایکرۆسیڤێرت لە کاتژمێرێکدا (یەکەى پێوانەى بڕى تیشکدانەوەیە)، دواتر دابەزیوە بۆ ئاستى ڕێگەپێدراو کە بریتیە لە 11ر0 مایکرۆسیڤێرت، هەردووک ئاستەکە بە بچووک دادەنرێن و ناتوانن ببنە هۆى نەخۆشى لەئەنجامى بەرکەوتن بەو تیشکدانەوەیە.
بەڵام ئایا ئەم ڕاگەیاندن و گوتانە تا چەند ڕاستن؟ ئایا بۆ دڵنیاکردنەوەى دانیشتوانى ناوچەکەیە یان بۆ خۆدەربازکردنە لە قەرەبووکردنەوەى ژیان و پاکڕاگتنى ژینگەى ناوچەکەیە؟
بەڵام شارەزا ڕوسى و ڕۆژئاواییەکان دەڵێن: لە ڕاستیدا ئەو تاقیکردنەوەیە پەیوەستە بە ڕۆکێتى 9 ئێم730 پۆریفیستنیک کە بەڕوسى ماناى ( باڵندەى نوئە دێت کە بچوکترین باڵندەى دەریاییە).
پێشتریش سەرۆک پۆتین لەساڵى 2018دا و لەبەردەم پەڕلەمانى وڵاتەکەیدا باسى لەم ڕۆکێتە کردبوو و پەیمانى ناتۆش دەڵێت: ئەو ڕۆکێتە بریتیە لە جۆرى ئێس ئێس سى-9 سکایفوڵ.
مارک گالیۆتى، چاودێر و شیکەرەوەى دیارى ڕوسیا دەڵێت: ( ئەم سیستەمى پاڵدانە ئەتۆمیە بریتیە لە ئاڵنگاریەکى تەکنەلۆجى زۆر گەورە). و زیاترى لەسەر دەڕوات و دەڵێت: ( مەسەلەى خێرایى هەیە لەبەرامبەر کێشى ئەو سیستەمەدا، سەرەڕاى مەترسى ئەوەى ئەم ڕۆکێتە بۆ هەر جێگەیەک بڕوات ئەوا پاشماوەى تیشکى بەجێدەهێڵێت ). و ئەوەشى ڕاگەیاند، کە ( ئەم پڕۆژەى ڕۆکێتە لەمێژە لەلایەن ڕوسیەکانەوە کاریى بۆ دەکرێت و لە ئێستادا لەسەر ڕەفەکان دەرهێنراوە و کاری لەسەر دەکرێت و وەبەرهێنانیان تیادا ئەنجام دەدرێت ).
ئەم جۆرە سیستەمى پاڵدانى ڕۆکێتیە ( سیستەمێکى دیاریکراو نیە لەڕووى ماوەوە و ڕەنگە تەقینەوەکەى نیونوکاسا چەکێکى جیاوازتریشى لەخۆگرتبێت کە تواناى هەڵگرتنى کڵاوەى ئەتۆمیشى هەیە). جۆرى نوێ لە ڕۆکێتى کروز دوور مەودا دژى پاپۆڕەکان کە ناودەبرێت بە زیرکون، کە بەخێراییەک دەڕوات بەرزترە لە خێرایى دەنگ. بە 8 جار. بەپێى وتەى سوپاى ڕوسیا. جۆرى نوێ لە دروستکراوە بزوێنەرەکان لەژێر ئاودا کە لە ژێر دەریاییەوە دەتەقێنرێن و پێى دەوترێت (پۆسیدۆن).

چى دەزانرێت دەربارەى ئەو تەقینەوەیە؟
ڤالانتاین کۆستیۆکۆف، کە فەرمانبەرێکى دیارە لە ئاژانسى ڕۆساتۆم، دەڵێت: ( ئەو 5 ئەندازیارەى کە بونە قوربانى لەو تەقینەوەیەدا کە لە 8 ئابى 2019دا ڕوویدا و لە ئەنجامى کەوتنەوەى ئاگرێکى لەناکاودا بوو لە دەستەبژێرى شارەزا و پاڵەوانەکان بوون کە مەترسیەکانیان تاقیکردەوە و تاقیکردنەوەى پێشتریشیان ئەنجامدابوو ( لەژێر بارودۆخى زۆر سەخت و نائاساییدا) .
کۆستیۆکۆف سەنتەری سارۆفى ئەتۆمى بەڕێوە دەبات، کە بریتیە لە دامەزراوەیەکى نهێنى لە قۆناغى جەنگى سارددا و بەرپرسیارە لە کۆگاى بۆمبە هایدرۆجینیە ڕوسیەکان.
کاتێک تەقینەوەکە لەشارەکەدا ڕوویدا خەڵکى ڕوویانکردە دەرمانخانەکان بۆ کڕینى حەبى یۆد، چونکە حەبى یۆد لە یۆدى تیشکدەر مرۆڤ دەپارێزێت، بەهەمان شێوە لەکاتى ڕوودانى کارەساتى ئەتۆمى بنکەى چێرنۆبێل لە ساڵى 1986دا هەمان داواکارى لەسەر ئەم جۆرە حەبە هەبوو بۆ خۆپاراستن.
دەسەڵاتدارانى ڕوسیا پێش ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکە ناوچەکەیان خستبوە ژێر چاودێریەکى وورد و قەدەغەکراوەوە، بەڵام لە دواى یەک ڕۆژ لە تەقینەوەکە لە 9 ئابدا پاپۆرێکى ڕوسى لە ناوچەکەدا بینراوە بەپێى پێگەیەکى پسپۆڕى نەرویجی بۆ هەواڵى جەمسەرى باکور. ڕایگەیاند کە ئەو پاپۆڕە کارى کردوە بۆئەوەى هەموو شوێنەوارێکى پیسبوون بە تیشک لاببات و تائێستا لەکارکردن بەردەوامە. ڕەنگە ناوچەکە بەداخراوى بمێنێتەوە بۆ ئەوەى سوتەمەنیە ژەهراویەکەى ڕۆکێتەکە تێکەڵ بە ئاوى دەریاکە نەبێت کە ڕاوچیەکان کارى تیادا دەکەن ).

ئایا ڕۆکێتى بزوێنراوى ئەتۆمى دەبێتە داهێنان و گۆڕانێکى گەورە؟
مارک گالیۆتى دەڵێت: (گومانى زۆر هەیە کە ڕۆکێتى پۆریفیستنیک ڕووناکى ببینێت) و ئاماژەشى بەوەدا کە ڕۆکێتێکى ترى نوێ کە پێیدەوترێت (پۆلاڤا) – ( بۆماوەى چەند ساڵێک تاقیکردنەوەکان لەسەرى شکستیان هێناوە ).
هەردوو ڕۆکێتى زیرکۆن و پۆسیدۆن دوو پڕۆژەى زۆر پێشکەوتوون،و پۆسیدۆن لە شێوەى پاپۆرێکى بزوێنراودایە کە لەدوورەوە دەبزوێنرێت لەژێر ئاودا و تائێستا لە قۆناغى نمونەى سەرەتاییدایە. ئەم ڕۆکێتەش چەکێکى کاولکارە و بۆ بەکارهێنان نەشیاوە جگە لە جەنگى ئەتۆمى سەرتاپاگیر.
ئەم ڕۆکێتەى کە تەقیەوە و ناوى ( پۆریفیستنیک) بوو، لەلایەن ڕۆژنامەیەکى حکومەتى ڕوسیاوە ( ڕوسیسکایا گازیتا) وە پێش مانگێک بە ( چەکێکى تۆڵەسەندنەوە) ناودەبرا، هەروەک چۆن نازیەکان بەو ڕۆکێتانەیان دەوت کە دەنران بە بەریتانیاوە لە قۆناغى کۆتایى جەنگى جیهانى دووەمدا. هەمان ڕۆژنامە دەڵێت: ئەم ڕۆکێتە تواناى فڕینى بۆماوەى دوورودرێژ هەبوو هەروەک چۆن تواناى خۆبەدوور گرتنیشى هەبوو لە بەرگریە ئاسمانیەکان، ئامانجەکەشى بریتى بوو لەوەى کە هەر ژێرخانێک مابێت لە دواى لێدانى ڕۆکێتى بالیستى کیشوەر بڕەکانەوە بۆ ناوچەى دوژمن بەم ڕۆکێتە کاول و لەناوببرێت.
گالیۆتى دەڵێت: ( لەگەڵ هەرەسهێنانى ڕێکەوتنامەى هێزە ئەتۆمیە مام ناوەنجیەکان، ئەمریکاش زیاتر تواناکانى چڕ دەکاتەوە لەسەر پێشخستنى کۆگاکانى لە چەکە مامناوەنجیەکان، کە کارێکى پێویست نیە لەکاتى هەڵایسانى جەنگى سەرتاپاگیریدا).
ئەوەش دەڵێت: کە ( ڕوسیا دەیەوێت ئەو چەکە وەدەستبهێنێت بەهۆى مەترسیەکانیشى بەهەمان شێوە لە توانا ئەتۆمى و سەربازیەکانى وڵاتى چینیش).
بەم شێوەیە بەکارهێنان و تاقیکردنەوە و هەوڵى دروستکردنى جۆرى جیاواز و نوێتر لە چەک و تەقەمەنى پێشکەوتوو لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە لەلایەک دەبنە مەترسى بۆ سەر زیاتر پیسبوونى ژینگەى گۆى زەوى و کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بەگشتى و دروستبوونى مەترسى لەناوچوون و ڕوودانى کارەسات بۆ ئێستا و ئایندەى نەوەکانى مرۆڤ و سەرجەم زیندەوەرانیش.
جا گەر بەم شێوە ناڕەوایە پێشبڕکێ لەنێوان زلهێزە ئەتۆمیەکاندا بەردەوام بێت لەسایەى سیاسەتە هەڵە و سەرکێشیەکانى چەند سەرکردەیەکى مەغرور و خۆبەزلزانى وەکو پۆتینى ڕوسیا و ترامپى ئەمریکاوە ، ئەوا بەدڵنیایى نەک مافەکانى مرۆڤ و ئازادیەکان و دیموکراسى و دادپەروەریى دەخرێتە ژێر پێیەکانەوە وەکو بنەما مرۆڤایەتى و قۆناغى نوێگەرایى، بەڵکو هیچ ڕێز و بەهایەکیش بۆ بنەما و دروشمى پاراستنى ژینگەش نامێنێتەوە و مرۆڤ بەدەستى خۆى ئایندەى مرۆڤایەتى دەخاتە مەترسیەوە و کاولکارى و کارەساتى دڵتەزێن دەخوڵقێنن لەجیاتى داهێنان و پێشکەوتنە ئەرێنیەکان. بۆیە گەر ئەم پێشبڕکێ ناڕەوایانە بەردەوام بن ئەوا بەدڵنیایى ئایندەیەکى تاریک و ناڕۆشن و کاولکارى و ماڵوێرانیەکى سەرتاپاگیرى گۆى زەوى چاوەڕوانى مرۆڤایەتى دەکات.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
نەوزادی موهەندیس

ئەرشیڤی بەڕێز: نەوزادی موهەندیس