نیاز حامید براهیم: کێ رێگەی داوە لە (حشدی شەعبی) بدرێت؟!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەی مانگێکە، ئەوە چوار جارە، لە چوار سەربازگەی حەشدی شەعبی لە عێراق دەدرێت و، سەربازگەکان خاپور دەکرێن. ئەم سەربازگانە چەکی ئێرانی تێدا خەزنکراوە، بۆ ئەوەی پاریزراو بێت، لە بەردەم هەر لێدانێکی ئەمەریکی بۆ ئێران. ئەگەر شەڕ بقەومێت و، تا نزیکش بێت لە بەرکارهێنانی دژی ئیسرائیل.
حەسەن نەسروڵا و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی ئەو ئامانجەیان نەشاردۆتەوە و دەڵێن: هەرکاتێک ئێران لێیبدرێت لە لایەن ئەمەریکاوە، ئەوانیش لە ئیسرائیل دەدەن.
رۆژنامەی (The Times of Israel)، دوێنی راپۆرتیکی بە پێنوسی جوداە ئاری گرۆز بلاوکردۆتەوە و تێێدا هاتووە: هەندێ سەرچاوەی ئاگادار، ئەو هەواڵەیان پشتڕاستکردۆتەوە، کە روسیا و ئەمەریکا، رێگایان داوە بە ئیسرائیل، لە کوێ ئێران هەبێت لە عێراق و سوریا، بۆی هەیە لێی بدات.
ئەم بڕیارە، پێشتر وەک پێشنیار لە جڤینێکی مانگێک زیاتری هەرسێ بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی، ئەمەریکا و روسیا و ئیسرائیل لە تەلئەبیب، تاوتوێ کرا. دواتر لەلایەن هەردوو سەرۆک، ترامپ و پۆتین، پەسەند کرا.
کەواتە لێدانی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە لە عێراق بەردەوام دەبێت.
دوێنێ نەتانیاهۆ ئاشکرایکرد: ئیران هیچ پارێزبەندییەکی نییە بۆ ئەوەی لێی نەدەین، لە هەرشوێنێک و لە هەر کاتێک بە پیویستی بزانین لێیدەدەین.
حکومەتی عێراق، کە حکومەتی حەشدی شەعبیە. بەشێکە لە سیستەمی ویلایەتی فەقیە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارتی، کە ئەویش هاوپەیمانی حەشدی شەعبیە و، بە فەرمانی قاسم سلێمانی و، هاکان فیدان(سەرۆکی دەزگای جاسوسی میت) دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، لە کاردانە.
ئەمەریکا چاو لە روسیا دەپۆشێت لە ئۆپەراسیۆنی ئیدلب بۆ لێدانی گروپە تیرۆریستەکانی سەر بە تورکیا، لە بەرامبەریشدا روسیا بێدەنگە لە لێدانی ئیسرائیل – ئەمەریکا بۆ گروپە تیرۆریستەکانی سەر بە ئێران.
هەندێ هەواڵ، کە سەرچاوەکانی نەزانراوە لە رۆژنامەکانی ئیسرائیل بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە ئێران دەیەوێت هەرێمی کوردستان، کە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی پارتیە، بەکاربهێنێت وەک کۆگای خەزنکردنی چەکی بالیستی.
ئیدی کۆهین کە میدیاکارێکی ئیسرائیلیە لە پۆستێکیدا لە پەیجی خۆیدا نوسیویەتی: هەموو عێراق بۆ ئیسرائیل کراوەیە بۆ لێدان، جگە لە کوردستان.
ناوهێنانی کوردستان رەنگە بەدەستی ئەنقەست بێت، بۆ ئەوەی زیاتر ئێران و پارتی هانبدەن بۆ جێکردنەوەی چەکی بالیستی لە هەرێمی کوردستان و دواتر لێدانی، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەرکەوت ناوەراست و باشوری عێراق ئامانجی ئاسانی ئێرانن بۆ لێدان.
وەک تۆماس فرێدمان پێش 15 ساڵ دەڵێت: ناوچەکە لەسەر ساجێکی سۆرکراوەدایە، کێی بکەوێتە سەریی دەسوتێت و هەڵدەقرچێت.
سەددام خۆی خستە سەر ساجەکە، دیمان چی بەسەر هات، ئێستا نۆبەتی هەردوو دیوی ئیسلامی سیاسی تیرۆریستن، ویلایەتی فەقیە و ئاکەپەی ئیخوانی تیرۆریست.
سەرنج:
وێنەکە واتادارە، جوان دیقەت بدەنێ!…. عادل عبدلمەهدی گوایە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، ئەبولمەهدی موهەندیسیش جێگری حەشدی شەعبیە، بەتەنیشت یەکەوە دانیشوون وەک ئەوەی یەک ئاستی پۆستیان هەبێت، ئەوە دەسەلـێنێت ئەو حکومەتەی لە بەغدا هەیە، حکومەتی حەشدی شەعبیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت