مورەی بوكچینە: گوێڕادێرە ئەی مارکسیست! بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زمانزا/ زاهیر باهیر
ئەم هەوڵ و پەرۆشیی و بەدووچوونە لە ڕابوردویەك کە زەمانەت و ئاسایشی هەبووە، ئەم کۆششە لە دۆزینەوەی بەهەشتێك لە بڕوایەکی دۆگمایی بێ ڕۆحدا، لە ڕێکخستنێکی هیرراشیانەی جێگرەوەی بیر و هزرێکی خولقێنەر و پراکتکردنێکی زیندووانەدا، ئەمانە تاڵترین بەڵگەن بۆ زانینی ئەوەی کە زۆرێك لە شۆڕشگێڕان کەمتر دەتوانن لە ” خۆشۆڕشگێڕکردنی خۆیان و شتەکانا ،” تاکو لە بە شۆڕشگێڕکردنی تەواوی کۆمەڵ. ڕەگی قوڵی مەیلی کۆنەپارێزێتی لە “شۆڕشگێڕان”ی باڵی پێشکەوتوخوازی پارتی کار، PLP [1] تا ڕادەیەکی زۆر بەڵگەی ئازاراوین ، کە سەرکردە و ڕابەریی دەسەڵاتخواز و هیرراشییەت شوێنی باوكسالاریی و بیرۆکراسی قوتابخانە دەگرێتەوە، زەبت و ڕەبت [دسپلینی] لە بزوتنەوەکەدا جێگای زەبت و ڕەبتی کۆمەڵی بورجوازی دەگرێتەوە، کۆدی دەسەڵاتخوازانەی جەماوەری گوێگری سیاسیانە جێگەیی دەوڵەت دەگرێتەوە، پەیامی بیروباوەڕی ” مۆراڵی پڕۆلیتاریانە” جێگەی نەریتی ئەخلاقی کارکردن و puritanism دەگرێتەوە [puritanism : دەستەیەك لە ئینگلیزە پرۆستانتەکان بوون لە چەرخی شازدە و حەڤدەدا بەدوای پاکێتی/ پوختەییدا (نقییەتی) دا دەگەڕان تاکو کەنیسەی ئینگلەند لە هەڵسوکەوت و خووی ڕۆمانە کاسۆلیکییەکان پاکبکەنەوە ..- وەرگێڕ] توخم و دیاردەکانی کۆمەڵی [کۆمەڵگە] چەوساوە لە فۆرمە نوێیەکاندا دووبارە دەردەکەوێتەوە کە خۆی لە ئاڵایەکی سوورەوە پێچاوە، بە وێنە و تابلۆی ماوتسیتۆنغ و ( یاخود کاسترۆ یا گێڤارا) دیکۆر و نەخشێنراون، هەروەها بە ” کتێبە سوورە” بچوکەکە لەگەڵ پەیام و دەستەواژەی دیکەی پیرۆزدا، زەخرەفەکراوە.
زۆرینەیەك لە خەڵك کە ئەمڕۆ لە PLP دان، شایستەی ئەوەن. ئەگەر ئەوان بتوانن لەتەك بزوتنەوەیەکدا بژین بە دروشمە تایبەتییە گاڵتەجاڕییەکانیانەوە کە لەتەك لەقتەکانی تەپڵدا بروات [2 ] ، ئەگەر ئەوان لە توانایاندایە کە گۆڤارێک بخوێننەوە کە پرسیاری ئەوە دەکات ئایا مارکۆس ” پۆلیس بووە یا پۆلیسێکی نابەرپرسیار ” ، ئەگەر ئەوان قەبوڵی ” زەبت و ڕەبتێك” بکەن کە بۆ ئاستی یاریکەرێکی یاری پۆکەر دایانبەزێنێت کە لە دەمووچاویا هەست و جوڵەی نەخوێنرێتەوە، بە بەرنامەیەکی ئۆتۆماتیکی پڕۆگرام کرابێت، ئەگەر ئەوان بتوانن لە ناشیرینترین تەکنیكەکانی ( تەکنیکەکانی کە لە زێرابی پرۆسەی بزنسی بورجوازیی و پەڕلەمانتاریزم) لە هەڵخەڵاتاندنی ڕێکخراوەکانی دیکە، بەکاربهێنن، ئەگەر بتوانن هەموو چالاکییەك و خودی بارودۆخەکە کە تەنها تەشەنە بە گەشەکردنی پارتییەکانیان دەدات، لە کار بخەن – هەتا ئەگەر ئەمە بەزاندن و تێشکانی خودی چالاکییەکانی خۆیان بێت- ئەگەر ئەمان بتوانن هەموو ئەمانە بکەن ، ئەو کاتە ئەوان قێزەوەن و بێزراون. بۆ ئەو کەسانە کە هەموویان ‘سوورن’ و خۆیان بە سوور دەزانن، باسی هێڕشکردنە سەریان وەکو ڕاوکەرانی ‘سوور’ ببینن، ئەمە شێوازێکە لە شێوازەکانی McCarthyism ، بەڵام بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە [McCarthyism هەڵمەتێکی بەهێز بوو دژی ئەوانەی کە گوایە کۆمۆنیستن لەناو حکومەتی ئەمەریکا و دەزگەکانی دیکەدا، ئەم هەڵمەتەش لە لایەن سێنەتەر جۆزیف مەکاسییەوە لە نێوانی ساڵانی 1950 بۆ 1954 ، دەستیپێکرد. زۆرێک لەوانەی کە تۆمەتبارکران خرانە لیستی ڕەشەوە و کارەکانیان لە دەست دا، گەر چی بەڵگەیەك نەبوو کە ئەوانە سەر بە پارتی کۆمۆنیستبوون] . ئا لێرەدا دەتوانین هەمان داڕشتنەوەی بڕگە شیلاوییەکەی ترۆتسکی سەبارەت بە ستالینیەت بەکار بهێنین کەدەلێت: ئەوانە نەخۆشی سفلیسن، pallidum ن لە بزوتنەوەی ڕادیکالانەی لاوانی ئەمڕۆدا، بۆ ئەم نەخۆشییەش تەنها چارەسەرێك هەیە ئەویش بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیکە نەك لیدوان و مشتومڕ.
پەرۆشیی ئێمە لێرەدا بۆ ئەو شۆڕشگێڕە شەریفانەیە کە ڕوویانکردۆتە مارکسیزم، لینیننزم، یاخود ترۆتسکیسزم، لەبەرئەوەی ئەوان زۆر بە جددی دووی دیدێکی کۆمەڵایەتی مەحکەم، هەروەها ستراتیجییەکی کارا و هەژموندار لە شۆڕشدا، کەوتوون. هەروەها ئێمە نیگەرانین دەربارەی ئەوانەی کە سەرسامن بە چەکی تیئوری ئایدۆلۆجی مارکسییەت و لە بزریی [غیابی] جێگرەوەیەکی زیاتر مەنهەجیانە، بەخێرایی دەستبەرداری دەبن. ئیمە بانگەوازی ئەوانە دەکەین کە وەکو برا و خوشکی خۆمان دەیانبینین و داوای لێدوان و مشتومڕێکی جددیانە و هەڵسەنگاندێکی هەمەلایەنانەی تەواو دەکەین. ئێمە باوەڕمان وایە کە مارکسیزم دەستەوەسانە و دەستنادات بۆ ئەم سەردەمەمان نەك لەبەر ئەوەی کە زۆر دیدمەند و شۆڕشگێڕانەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە دیدمەندیی و شۆڕشگێڕیی تەواوی [ کافیی] تیادا نییە. ئێمە باوەڕمان وایە کە مارکسیزم بۆ سەردەمی کەمیی یاخود نوقسانیی پێداویستییەکان لەدایك بووە و ڕەخنەیەکی یەکجار چاك و نایابی سەردەمەکە بووە بەدیاریکراوی لە سەرمایەداریی پیشەسازیی، بەڵام بۆ لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێ، دامەزراو و تەواو نەبووە و پێشبینییەکان تەنها یەكلایەنانە و جوزئیانە بووە. کێشەی ئێمە ئەوە نییە کە مشتومڕی “لاوەخستنی” مارکسیزم بکەین یا بانگەشەی ” لەکارکەوتنی” بکەین، بەڵکو دەمانەوێت لە ڕووی جەدەلییەوە[دیالیکتی] تێپەڕی بکەین، هەر وەکو چۆن خودی مارکس فەلسەفەی هییگلییەکانی، ئابوریی ڕیکاردۆکانی، تاکتیکی بلانکییەکان و شێوازی ڕێکخستنەکانیانی، تێپەڕاند. ئێمە پێویستە ئەرگویمێنتی قۆناخێکی پێشەوەچوو لە سەرمایەداریی، بکەین، زیاتر لەوەی کە مارکس چەرخێك لەمەوبەر لە تەکیا کردویەتی، هەروەها قسە لەسەر قۆناخێکی پێشکەوتووتر لە تەشەنەکردنی زیاتری تەکنەلۆجیا بکەین، لەوەی کە ئاشکرایە مارکس توانیبێتی پێشبینی بکات. هەر لەبەر ئەمەش ڕەخنەی نوێ زەروورییە کە ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی بانگەوازی مۆدێکی نوێی تێکۆشان و خەباتکردن دەکات یا داخوازی جۆرێك لە ڕێکخستن، لە پاگەندە و جۆری ژیان، دەکات. بۆ ئەم بارودۆخە تازەش چۆن ئارەزوو دەکەیت ناوی لێ بنێ، بەڵام ئێمە ئەم بەرخوردە نوێیەی پاش سەردەمیی کەمیی، نوقسانیی پێداویستییەکان بە ئەنارکیزم ناودەبەین، ئەم ناولێنانەش بە هۆی ژمارەیەک هۆکاری زەروورییەوە هەڵدەبژێرین و بەڵگە موقنیعەکانی ڕوونکردنەوەی ئەمەش، لە لاپەڕەکانی دواترا دەخەینەڕوو .
درێژەی هەیە
…………………………………………………………………………..
تێبینییەکان:
1- ئەم چەند دێڕە کاتێك نوسراون کە باڵی پێشکەوتووخوازی پارتی کار (PLP) هەژموونێکی گەورەی لەسەر SDS هەبوو. گەر چی لە هەنووکەدا ئەم پارتە زۆری هەژموونی خۆی لەسەر بزوتنەوەی قوتابییان لەدەستدا بەڵام ئەم ڕێکخستنە هێشتا نموونەیەکی باش لە مێنتەڵێتی و بەها لەناو چەپی کۆنا، پێشکەش دەکات. ئەو باس و خواسەی سەرەوە بە هەمان شێوە ڕاستە بۆ گروپە مارکسیی- لینینییەکان، هاوکاتیش ئەم پەڕەگرافە و ئاماژەکردنەکانی دیکەش بۆ باڵی پێشکەوتووخوازی پارتی کار لە جەوهەردا نەگۆڕاون.
2- بزوتنەوەی نقابەی شۆڕشگێڕ بەشێك بوو لە ڕابتەی کتلەی کرێکارانی شۆڕشگێڕ لە شاری دیترۆیت- ئەمەریکا، کە لە ڕاستیدا بزوتنەوەیەکی حیلاویی بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت