بورهان شێخ ڕەئوف: عێراق، دووانەى سوپاو حەشدى شەعبى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچى سوپاى عێراقى لە 6 کانونى 1921 دامەزرا سەرەتا لە لایەن زۆرێک لە ئەفسەرەکانى پێشووى سوپاى عوسمانى بە سەرەتایەکى هاوسەنگ و پیشەیى باش کە هەموو پێکهاتەکانى عێراقى تێدا بوو بە تایبەتى بەشێکى باش لە فەرماندەوسەرکردەکانى لە ئەفسەرە کوردەکانى وەکو جەعفەر پاشا عەسکەرى و بەکر سدقى و زۆرى تریش، دواتریش یاساى خزمەتى سەربازى زۆرەملى لە عێراقدا پیادەکرا.
بەڵام لە دواى کودەتاى دووەمى بەعسیەکان لە 17 تەموزى 1968 ئەو سوپا لە پرنسیبە سەرەتاییەکانى خۆى لاى داو مۆنۆپۆڵکرا بۆ پێکهاتەیەکى دیارى کراو و حزبى بەعس بە تایبەتى، تا لە لایەن پۆل بریمەرى حاکمى ئیدارى ئەمریکا لە دواى پرۆسەى ئازادکردنى عێراق ئەو سوپایە هەڵوەشندەوە.
دواتر سەرلەنوێ سوپایەکى تازە بۆ عێراق دروستکرا لە هەموو پێکهاتەکان و یاساى خزمەتى سەربازى زۆرەملى ئیجبارى هەڵوەشایەوە، بەڵام ئێستاش هاوسەنگى تێکچووەتەوە لە سوپاى نوێ ى عێراقدا ئەو یاساییەى کە بۆى دەرکراوە بە تەواوەتى جێ بە جێ ناکرا ، ئەوەش ئاکامەکەى بوو کە 2014 نەیتوانى خۆى بگرێت بەرامبەر پەلامارى داعش.
هەر لە ئاکامى ئەو هەرەسە گەورەى سوپاى عێراق مەرجەعیەتى باڵاى شیعەى عێراق کە خۆى لە سەید سیستانیدا دەبینێتەوە، بانگەوازو فتواى نەفیرى گشتى بدات و حەشدى شەعبى پێکبهێنن بۆ پاراستنى مەزارە پیرۆزەکانى شیعە و پاراستنى حکومەتى عێراق کە شیعە سەرکردایەتى دەکرد لە شاڵاوى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام.
هەر بۆیە هەموو لایەن و حزبە شیعەکانى عێراق لە دواى فتواکەى سەید سیستانى کەوتنە خۆیان و هەریەکە بۆخۆى هێزێکى چەکدار ى دروستکرد کە دوایى بووە ناوکى حەشدى شەعبى، دواتر حەشدى شەعبى بە خێرایى گەشەى کردوو بووە ژمارەیەکى قورس لە هاوکێشەى دەستەڵات و بەڕێوەبردنى عێراق، تەنانەت جێ ى بە هێزە ئەمنیەکانیش لێژ کردوو و پێگەى ئەوانیشى پڕکردەوە ، بە سوپاى عێراقیشەوە و بوو بە خاوەنى زەبەلاحترین بوودجەو سەرەڕاى بایکۆتى هێزەسوونیەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەران یاساى بۆ دەرکراو بوو بە شێک لە سیستمى بەرگرى عێراق.
لە دواى پێنج ساڵ ئێستا حەشدى شەعبى هێزێکى گەورەیە و تەنانەت لە دوا هەڵبژاردنى عێراقدا لە 30 حوزەیرانى 2018 بەشدارى ئەو پرۆسەیان کردو لە هێزێکى سەربازییەوە بوونە هێزێکى سیاسیش کە بەشدارى لە حوکمڕانى عێراقدا بکەن و نەخش و ئەجنداى خۆیان هەبێت بۆ ئایندەى عێراق.
لە هەمان کاتیشدا حەشدى شەعبى هەر بە هێزى سەربازى و سیاسیەوە نەوەستاوە بەڵکو بە کردنەوەى دەیان و سەدان نووسینگەى ئابوورى زۆر لە ناوچە ئازادکراوەکانى بندەستى داعش ئێستا بووەتە خاوەن و هاوبەشى هەموو پرۆژە بازرگانى و وەبەرهێنانەکان لەو ناوچانەدا کە ئەمەش سەرچاوەیەکى گەورەى داهاتو کۆکردنەوەى سەرمایەیە بۆ حەشدى شەعبى.
ئێستا کە بنکەو بارەگاکانى حەشدى شەعبى لە چەند شوێنێکى جیادا کەوتوونەتە بەر هێرشى فڕۆکەى نەناسراو بەتایبەتى سەربازگەى سقور لە باشورى بەغدا و سەربازگەى بەلەد لە پارێزگاى سەلاحەدین کە چەک و جبەخانەکانیان بە ئامانج گیراوەو زیانى زۆریان بەرکەوتووە کە هەندێک ئیسرائیل و هەندێکى دى ئەمریکا بە ئەنجامدانى تۆمەتباردەکەن، لە ناو حەشدى شەعبى و بە تایبەتى چەند کەسایەتیەکى شیعە لە تاقمەکەى نوجەبا سوپاى عێراق بە بەکرێگیراوى ئەمریکا وەسف بکەن وداخوازى ئەوە بکەن کە سوپاى عێراق هەڵبوەشێنرێتەوەو و حەشدى شەعبى جێگەى بگرێتەوەو هەندێکى تریان بڵێن ئەو سوپاییەى کە بریمەر دروستى کردووە خێرى بۆ عێراق نابێت.
هەرچەندە هەندێک لە لایەنە شیعەکان و لایەنە عێراقیەکان بە تەماى ئەوە بوون کە سەید سیستانى لە دواى تەواو بوونى شەڕى تیرۆرى دەوڵەتى ئیسلامى داعش فەتواى هەڵوەشانەوەى حەشدى شەعبى بدات ،وەکو دەیان وت ئەو فتواى ناوبراو بۆ حاڵەتێک و دۆخێکى تایبەت و مەترسییەک دراوەو و ئێستا ئەو مەترسیە نەماوەو پاساو بۆ مانەوەى حەشدى شەعبیش نەماوە بەڵام عادیل عەبدولمهدى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى حکومەتى ئیتیحادى عێراق بڕیار ى تێکهەڵکێشکردنى حەشدى بە سوپاو هێزە ئەمنیەکانى عێرا دا تاوەکوە 31 مانگى تەمووزى 2019 ڕابردوو بەڵام پێناچێت ئەو بڕیارە بە ئاسانى جێبەجێ بکرێت.
ئەمانەو جگە لە گلەیى و گازندەو ڕەخنەى توندى هێزە سوونیەکان کە باس لە پێشێلکارى گەورەى دەکەن لەلایەن حەشدى شەعبیەوە بەرامبەر دانیشتووانى ناوچەکانیان و لە هەمان کاتدا گومانى گەورەیان لە قەبارەى هێزەکە هەیە کە دەڵێن بە لیستى مووچەکانیان بێت 150 هەزار کەسن بەڵام خۆیان لە ڕاستیدا 60 هەزار کەسن.
ماوەتەوە بڵێین لە عێراقى نوێ ى ئیتیحادى و دیموکراسى دروستکردنى هێزى چەکدار لە سەر بنەماى تائیفى و ئتنیکى لە چ یاساو دەستوورێکدا جێ ى دەبێتەوە یان بۆمبَیکى سامناکە هەرکات بخوازن دەتەقێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت