دڵشاد مەجید: خوێندنەوەیەکی تر بۆ ڕووداوی ڕێستورانتی ھۆقەباز.. کوشتنی (عوسمان کۆسەی )دبلۆماتکاری تورک.! بەشی پێنجەم و کۆتایی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

* لەساڵی (2009) برادۆستییەکان 2 ملیۆن دۆلار دەدەن بە نەوشێروان مستەفا.!
* بنەماڵەی بارزانی، جوڵەکانی جەوھەر محێ ئاغا ھەرکی، بەپیلانی برادۆستییەکان دەزانێت.!
* نێچیرڤان بارزانی لەماڵی مەجید سورچی لەگەڵ سەلام کەریم خان دانیشتووە.!
* نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ھێنانە سەر تەلەفزیۆنی سدقی نەبووە و ئەم کارەی تەنیا بە خواستی مسرور بارزانی زانیووە.!
* نەجمەدین کەریم و (شێخ حسێن لۆلانی)، داوا لە میر سەلام کەریم خان دەکەن، کەئامادەن ھاوەڵی بکەن بۆ لای بارزانی، بۆئەوەی براکەیان ئازاد بکات.!
* میر سەلامی برای سدقی، دەڵێت ئێمە تەشەبووس بەکەس ناکەین، بایاسا ئەو کەیسە یەکلای بکاتەوە.!
* پرسیار ئەوەیە ئەگەر نێچیرڤان بارزانی لەگەل تۆمەتبارکردنی ماڵی کەریم خان نەبێت، مەتینی برازای چی دەکرد لەھۆقەباز؟

ترسەکانی بنەماڵەی بارزانی لەبنەماڵەی برادۆستیەکان.!
بنەماڵەی برادۆستیەکان تاکە بنەماڵەن لەدەرەوەی بنەماڵەی بارزانی خاوەنی ئابووریەکی سەربەخۆن، ھەروەھا خاوەنی پەیوەندیەکی بازرگانی و سیاسی بەھێزن لەگەڵ ئێدارەو سوپای ئەمریکا لەعێراق.
بنەماڵەی برادۆستیەکان خاوەنی پێگەو شوێنێکی جوگرافی ھەستیار و گرنگن، کەھەر سێ سنووری (عیراق، ئێران، تورکیا) بەیەک دەبەستێتەوە، بۆیە دەرپەڕاندنی بنەماڵەی برادۆستیەکان لەو ناوچەیە ئامانجێکی ستراتیژی بنەماڵەی بارزانیە.
ھەر بەھۆکاری ئەو شوێنە جوگرافیە یان وەک لە بەشی ( سێیەم ) باسمان کرد، برادۆستیەکان توانیوانە پەیوەندیەکی بەھێزو تایبەت لەگەڵ ھێزە کوردیەکانی باکوورو پەکەکە دابمەزرێنن.
لەناوەوەی ھەرێمی کوردستانیش پەیوەندی بەھێزیان لەگەڵ تەواوی ھێزە نەیارەکانی پارتی ھەبووەو ھەیە.
لەساڵی 2009 نزیکەی (2 ملیۆن دۆلار ) دەدەن بەنەوشێروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆران بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و خۆ ڕێکخستنیان.
ھەروەھا لە دواھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عیراق، تەواوی خەرجی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنی حزبەکەی بەرھەم ساڵح (ھاوپەیمانی)یان لەھەولێر گرتە ئەستۆ.
جگە لەوە تەواوی مووچەی پاسەوان و بەردەستەکانی مامۆستا عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵ لەلایەن کۆمپانیای زۆزک دابین دەکرێت.

بەڵام ترسی ھەرە گەورەی پارتی، لە پەیوەندی بەھێزی ئەو بنەماڵەیە بە عەشیرەتی ھەرکی و سورچی.
لەم ماوەیە (جەوھەر محێ ئاغا ھەرکی ) بەسەردانێکی 15 ڕۆژی گەیشتە بەغدا، لەبەغدا دیداری لەگەڵ (بەرھەم سالح)سازکردووە، جەوھەر ھەرکی لەو سەردانەی بۆ بەغدا بەنیازە حزبە کۆنەکەی( پارتی ئازادی و دادپەروەری کوردستان کە لەساڵی 2005 دایمەزراندبوو) جارێکی تر بەگەری بخاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە بەنیازە پەیوەندیەکی بەھێز لەگەل (ی، ن، ک) دابمەزرنێ تا ڕادەی ھاوپەیمانیەتی.
بەڵام بنەماڵەی بارزانی ئەم جووڵانەی (جەوھەر ھەرکی) بە دەستی بنەماڵەی برادۆستیەکان دەزانن، لەبەرئەوەی پێشتر پەیوەندیەکی بەھێز لەنێوان کەریم خان و محێ ئاغاھەرکی ھەبوو، ئێستاش ئەو پەیوەندیە بەردەوامە لەنێوان کورەکانی ھەردوولا. بنەماڵەی بارزانیش تەواوی ئەو پەیوەندیانەی برادۆستیەکان بەدوژمنایەتی دەزانن.

بۆ لێدانی برادۆستیەکان دەزگای پاراستن، دەوڵەتی تورکیا پەلکێشی سیناریۆی ھۆقەباز دەکات.!
بنەماڵەی بارزانی، کاتێ بۆیان ساغ دەبێتەوە کە برادۆستیەکان پاروێکی ئاسان نین، وە ناتوانێ وەک ئەوەی دەرھەق بە سورچیەکانیان کرد، بەھەمان شێوە لەگەڵ برادۆستیەکانی بکەن.
بۆیە پەنایان بۆ تورکیا برد کەسیناریۆی ھوقەباز دابڕێژن، چونکە بەبوونی تورکیا لەناو یاریەکە، دەتوانرێ ئەمریکا لە پشتگیری بنەماڵەی برادۆستیەکان بێ دەنگ بکا، تورکیاش لەو گەمەیە تەواوی ئامانجەکانی دێتەدی، کەھاوتەریبە لەگەڵ ئامانجەکانی بنەماڵەی بارزانی.
بەڵام کاتێ میر سەڵام کەریم خان، بەدەستی خۆی براکەی ( سدقی) تەسلیمی ئاسایش دەکات و ڕێگە نادات ھیچ حزبێکی سیاسی بێتە ناو کێشەکە، ھەروەھا داوا دەکات یاسا سەروەربێت لەیەکلایی کردنەوەی کەیسی براکەی. لەولاوەش ئەمریکیەکان دێنە سەرخەت و ناو کێشەکە، وە تورکیاش لەو کەیسە ساردەبێتەوە و پەیوەندیەکانی ئاسایی دەکاتەوە لەگەڵ بنەماڵەی کەریم خان.
لێرە مەوقفی پارتی ئاڵۆز دەبێت، ئێستا ئەو کەیسە، کەیسی تاوانبارکردنی( سدقی کەریم خان) بۆتە( بار ) بەسەر بنەماڵەی بارزانی، نازانن چۆن خۆیانی لێی دەرباز بکەن.
ئەگەر (سدقی) ئازاد بکەن و ھیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساغ نەبێتەوە، دەبێت بنەماڵەی بارزانی داوای لێبوردن بکەن، بەمەش بەسەریان ساغ دەبێتەو کە ھۆقەباز تەنیا سیناریۆیەکی فاشل بووە.!
برادۆستیەکانیش کێرڤی ھێز و پلەو پایەیان بەرزدەبێتەوە و پشتگیری خەڵکی ناوچەی برادۆست بۆ ماڵی کەریم خان زیاتر دەبێت، دوور نیە لەداھاتوو ببێتە فاکتەرێک بۆ ھاندانی ھەندێ عەشیرەتی تر، تا لەپارتی یاخیبن.
بنەماڵەی بارزانی لە مەسەلەی ئازادکردنی ( سدقی) لەبەردەم دووڕیانێکن. یان دەبێت داوای لێبوردن لە برادۆستیەکان بکەن بەمەش سیناریۆیەکەیان ئاشکرا دەبێت. یانیش بۆ شاردنەوەی ئەو شکستە، بنەماڵەی سدقی ناچار بکەن بێن داوای لێبوردن بکەن، بۆئەوەی برادۆستیەکان بەبێ دەسکەوت و دەستبەتاڵ لێی دەرچن.
بۆیە ئێستا پارتی لەھەوڵی ئەوەدایە، کە ئەو بنەماڵەیە ناچار بکات ( میر سەلام کەریم خان) بەپێی خۆی بچێتە لای مسعود بارزانی، بۆئەوەی داوای بەخشنین و لێبوردن بکات، ئەوکاتە براکەیان ئازاد بکەن.
بۆئەو مەبەستە بنەماڵەی بارزانی لەڕێگای زۆرکەس ئەم پەیامەیان گەیاندۆتە میر سەلام کەریم خان، ھەرە ھەوڵە دیارەکان ئەمانە بوون.
1- نێچیرڤان بارزانی لەماڵی ( مجید سورچی) کە ھاوبەشێکی (شەریکێکی) زۆزک گروپە، لەگەڵ میر سەلام کۆدەبێتەوە. لەکۆتایی نێچیرڤان داوا لەمیر سەلام دەکات (کە بۆ نیاز پاکی تەلەفۆنێک لەگەل مامی واتە مسعود بارزانی )بکات .
2- شێخ حوسێن شێخ محمد رەشیدلۆلانی ئەویش داوا دەکات کە ئامادەیە ھاوەڵی میر سەلام بکات بۆ سەردانیکردنی بارزانی، بۆئەوەی کێشەکە کۆتایی پێ بێت.
3- دوا ھەوڵیان نەجمەدین کەریمی کۆنە یەکێتی دەبێت، ئەویش بەھەمان شێوە داوا لەمیر سەلام دەکات. سەردانی بارزانی بکات.
گشت ئەم نمایدانە لەلایەن پارتیەوە ڕاسپێراون، میر سەلامش سەجەم ئەو پێشنیارانە ڕەتدەکاتەوە، دەڵێت: (ئێمە تەشەبووس بەکەس ناکەین، بایاسا ئەو کەیسە یەکلا بکاتەوە).
کاتێک بارزانی بێئومێد دەبێت لەھاتنی میر سەلام، (مەسرور بارزانی) بەئاشکرا پەیام بۆ کوڕەکانی کەریم خان دەنێرێت، دەڵێت: (ھەتا داوای لێبوردن لە بارزانی نەکەن، ئێمە براکەتان بەرنادەین).!

برادۆستیەکان لەنێوان گەمەی ئامۆزاکان.
ئەو مەسیجانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ماڵی کەریم خانی برادۆستی دەنێرێت، دەیەوێت وادەریخات، کەئەو لەگەڵ گرتن و پیشاندان و دەرخستنی سدقی برایان لەسەر (شاسەی )تەلەفزیۆن نەبووە، بەڵکو ئەم کارە تەنیا خواستی ( مەسرور بارزانی ) ئاموزایەتی، ھەروەھا ماوە نا ماوەش ھەواڵ، بۆ ماڵی کەریم خان دەنێرێت ( دەڵێت سدقی میوانە لای ئێمە).
بەخوێندنەوەی خۆم ماڵی بارزانی بۆ دەستبڕین و غافڵاندی ڕکابەرو نەیارەکانیان یاریەکی سیاسیانەی مەعلان دەکەن، کەئەویش ئەوەیە کە ئێمە وەک بنەماڵەی بارزانی (وەک ھەر ھێزێک یا وەک ھەر بنەماڵەیەک کەسانی توندڕەو و میانڕەومان تیایە.!) بۆیە دەکرێت لەبەر میانڕەوی نێچیرڤان سەردانێکی بارزانی مام بکەن.. واتە ئەگەر بەھەڕەشە بۆیان نەچێتە سەر ئەوا بە خۆشی و خاترجەمی، مالی کەریم خان پەلکێشی بارەگای بارزانی بکەن. چونکە ئەم ھەڵسوکەوتەی نێچیرڤان بارزانی لەگەل کارو کردەوەی تێک ناکاتەوە.!؟
پرسیار ئەوەیە ئەگەر نێچیرڤان بارزانی لەگەل تۆمەتبارکردنی ماڵی کەریم خان نەبێت. مەتینی برازای چی دەکرد لەھۆقەباز؟
ئێمە چاک دەزانین ھەرکەسێکی بنەماڵەی بارزانی لەشوێنێک بڕۆنە شوێنکی تر بچوکترین ئەندامی ئەو بنەماڵەیە، کەمتر لە 20 پاسەوانی لەگەڵ نیە.
بۆیە ئەگەر نێچیرڤان بارزانی ڕاست دەکات، ھەر ئەوکات پاسەوانەکانی (مەتین دلۆڤان ئیدیس بارزانی) دەیانتوانی لەناو ڕێستوڕانتەکە بکوژانی ( عوسمان کۆسە) بکوژن، ئەگەر نا خۆ دەکرا لەدەرەوەی رێستوانتەکە بکوژەکان بکوژن، ئەوکاتە نە بکوژەکان دەیان توانی ڕابکەن، نەدەشگەیشتنە، ماڵی (سدقی کەریم خان) لەگەڕەکی موفتی شاری ھەولێر.؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت