ئەحمەد ڕەسوڵ: نوسین وەک دژوەستانەوە بە هەژموون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فەزای گشتی لە کۆمەڵگای ئێمەدا و تاک بە تاکی، لە ژێر هەژموونێکی گەورەی دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی، حزبە سیاسیەکان، هەژموونی دین و مزگەوتەکان بە تایبەتی کۆمەڵێک مەلا و بانگخواز، هەژموونی نەریت و دەتوانم بڵێم ئەگەر لە هەمووشیان کاریگەرتر و گەورەتر نەبێت ئەوا هێندەی ئەوان، هەژموونی کۆگەراییدایە.
کۆمەڵێک نوسەر هەن “کەم نین و زۆرن” بەشێکی گەورەی کاری ڕەخنەیی و نوسین “نوسینی کورت و درێژ لەگەڵ پۆستی چەند دێڕی و دەستەواژەیی فەیسبوکیش” یان بووە بە سەرکۆنەکردنی ئینسانی کورد، لێدان لە کۆمەڵگای کوردی بە گشتی. لە وێناکردنی ئەواندا، کۆمەڵگای کوردی بە واتای لە دەوری یەک خڕبوونەوەی کۆمەڵێک گەمژە و نەخوێنەوار کە ئایین و کلتوری خێڵ هەمووانی کردووە بە بوونەوەری دزێو و حەقیر. ئەو تەسویرەی کە ئەوان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێمە دەیخەنە ڕوو، بەتەواوی خەیاڵی مرۆڤ دەبات بۆ خێڵە ئەفریکیەکانی وەکو توتسی و هوتو لە ڕواندا و بۆرۆندی لە سەردەمی جەنگی دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووی نێوان ئەو دوو خێڵەدا.
ئایا لە غەمدابوونی ئینسان بۆ جڤات بەمانای تەحقیرکردن و هەر ڕۆژ داکوتانی هەمان ئەو جڤاتە دێت؟ ئایا لە غەمدابوون بۆ ئازادانە و شکۆمەندانە ژیانی ئینسانی کۆمەڵگای ئێمە بە مانای هەر ڕۆژ پەلاماردان و سەرزەنشتکردنی هەمان ئەو ئینسانانە دێت؟
کۆمەڵێک هەن هەتا دێڕێکی شەرمنانە و ناڕاستەوخۆ لەسەر دەسەڵاتدارێتیە ئۆلیگارشییە ئەرستۆکراتییە خێڵەکییەکەی کوردایەتی دەڵێن و دەنوسن، هەزار ئەوەندە لەسەر تاکی کورد دەڵێن و دەنوسن. ئەوان دەیانەوێت لە ژێر ئەو بەناو ئەرگیومێنتەدا کە گوایا ئاو شێوەی ئەو گۆزەیە وەردەگرێت کە تیایدایەتی، واتا بەگوێرەی لۆژیکی ئەوان دەسەڵاتدارێتیی لە کوردستان بەرهەمی چییەتی جڤاتی کوردی خۆیەتی، بۆیە پێویستە بە پلەی ئیمتیاز ڕەخنە لە جڤات خۆی بگرین نەک دەسەڵاتدارێتی، لە کاتێکدا ئەوان ئەو جەبر و هەژموونە فراوان و گشتگیرە گەورەیەی ئەم دەسەڵاتدارێتییە لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەسەر ئینسانی کوردەوە هەیەتی، نادیدە دەگرن یان دەتوانین بڵێین خۆیانی لێ گێل دەکەن.
ئەو بەڕێزانە، شەڕی خۆیان لەبەرامبەر بوونێکی گشتی و بێڕوخسار ڕاگەیاندووە کە کۆمەڵگا و تاکەکانیەتی بە گشتی. واتا شەڕێک لەبەرامبەر بوونێکی بێوەڵام. شەڕێک کە تیایدا نە بەرپرسیار دەبیت و نە بەرامبەر هیچ هێزێکی ڕاستەقینە وەستاویت.
بە تێگەیشتن لەم کەتوار “واقع” ە، ئینسانی ڕۆشنبیر و هۆشمەند کە لە غەمی پڕۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی جڤاتیانەی ئێمەدایە و ئازادی و شکۆمەندی تاکەکانی بۆ گرنگە، ئەو پێگەیە هەڵدەبژێرێت کە لێیەوە داکۆکی لە کەرامەتی ئینسان، ماف و ئازادیەکانی بکات و هەروەها ئەو بەرامبەرەش ئاشکرا دیاریدەکات کە بەشێکی زۆر لە هۆکارەکانی پاشکەوتوویی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێمەی پێوە گرێدراوە. نە تەنها پاشکەوتوویی کۆمەڵایەتی بەڵکو نۆرمەڵایزکردنی بێمافی، نادادی و نائازادییەکانی ئینسانی ئێمەی لێوە سەرچاوەدەگرێت.
لێرەوە بە تێگەیشتن لەم دۆخە کە هەم فەزای گشتی و هەم تاک و گروپەکانی کۆمەڵگای ئێمە لە ژێر بۆمباردکردنێکی ڕۆژانەیی مزگەوت و مەلاکان، کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی حزبە ئیسلامیە سیاسیەکان و سەلەفیەکان، کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی هەردوو حزبە ئەرستۆکراتیە خێڵەکیەکەی کوردایەتیدایە، ئەمە سەرباری ئەو گوتارە هەژموونگەرە ناسیۆنالیستیە خێڵەکیەی کە خۆی لە ژێر هەزار پێستی جیاوازدا نماییش دەکات لەگەڵ هەمان گوتاری پڕاگماتی و کۆخوازییانەی ئەوانەی بە ئۆزیسیۆن ناسرابوون کە پێستێکی دیکەی هەمان ئێسک و هەمان مۆخە.
بە تێگەیشتن لەم دۆخە و بە هەند وەرگرتنی دۆخی شکستی سایکۆلۆژیی و بێئیرادەبوونی ئینسانی کۆمەڵگای ئێمە، ئایا مرۆڤی بیرکەرەوە و بەرپرسیار لە ئاست جڤات، هەڵدەستێ بە بۆردومانکردنی زیاتری هەمان جڤات و هەمان ئەو تاکانەی گوایا ئەو غەمخۆریانە؟
دۆخێک لە گۆڕێیە، هەمووان سەقاڵ بە بۆمباردکردنی “بۆمبابارانی” دەروون و ئاوەزی ئینسانی کۆمەڵگای ئێمەوەن.لە هەر پنتێکەوە مووشەکبارانی عەقڵ و دەروونی تاکی کورد دەکرێت. ئەم ئینسانە توانای خۆڕاگری لەدەستداوە و پێویستی بە یارمەتی و دەستگیرۆییکردنە نەک بۆمباردکردنی زیاتر. ئەم ئینسانە پێویستی بە دەستگرتن و وورەپێدانە نەک لێدان و سووککردنی زیاتری.
هەموو سەرچاوەکان، پنتەکانی پەخشکردنی گوتارە ئایدیۆلۆژییەکان و گوتارە موتڵەقگەراکان، گوتاری شۆڤێنیی ونەژادپەرستیی، سەرچاوەکانی تەحقیرکردن و بڵاوکردنەوەی ژەهری سەلەفیزم و دەروون بیماری، بێشکۆیی و لە هەمان کاتیشدا توندڕەوی و خورافیاتن. لەم ساتەدا ئینسانی ڕۆشنبیر و بەهەڵوێست هاوتەریب لەگەڵ ئەو هەموو سەرچاوەیەی پەخشکردنی ڕق و جەهل و ئەو هەموو سەرچاوەیەی تەحقیرکردن و لێدان لە ئینسانی کوردیش سەرقاڵ بە لێدان و تەحقیرکردن بە ئینسانی کوردەوە دەبێت یان بەپێچەوانەوە؟ هەڵبەت کە بەپێچەوانەوە و زۆربەی ووزەی فیکری و ئەدەبی خۆی لە بەرپەرچدانەوەی ئەو هەموو هێز و سەرچاوەیەی پەخشکردنی جەهل، حەقارەت، شۆڤێنیزم و ڕەیسیزمە دەخاتەگەڕ و لە بەرامبەر هێزە هەژموونگەرەکان بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگای ئێمەوە دەوەستێتەوە.
ئەو بەڕێزانە نوسینێکیان نیە لەسەر ئەو چەتەگەری و تاڵانچێتیەی هەم بە دزینی ئاشکرا و ڕاستەوخۆی نەوت و داهاتی هەرێم و هەم بە یاسایی و لەڕێی موچەی زەبەلاحی وەزیر و پەرلەمانتارانەوە بە جۆرەها شێوازی جودا کە هەموو ئەوە جگە لە ئەوەی کە داڕمانی یاسا و لە دامودەزگا خستنی کۆمەڵگای ئێمەیە، هەروەها هەستکردنی تاک و هاونیشتمانییشە بە بێپەنایی و لاوازیی، بەڵام چەندین نوسینی کورت و درێژیان هەیە کە پەلاماری ئینسانە سادە و بێدەسەڵاتەکان دەدەن. ناڕاستەوخۆ و ترسنۆکانە ئەگەر نوسینێکیان هەبێت لەسەر ئەو گوتارە چەواشەکاریە بێناوەڕۆک و فووتێکراوەی ئاسایشی نەتەوەیی، بنیادنانی ژێرخانی ئابوری، دەوڵەت و چەندین درۆ و فیشاڵی تر ئەوا دەیان وتاری دیکەیان هەیە کە زۆر بەتوندی و ڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر کۆمەڵگای کوردستان و ئینسانی ئێمە وەک بوونێکی ناشارستانی و دواکەوتووخواز، شایستە بە لێدان و زەلیلی وێنا دەکەن. ئەوانە بەئاگاوە بێت یان نائاگا، سەکۆیەکی دیکەی لێدان و سوکایەتیپێکردنی ئینسانی کوردن بە تەنیشت سەکۆ دینی و سیاسیەکانەوە. ئەوان بزانن یان نەزانن ئەوا کاردەکەن لەسەر هەمان پڕۆسێسی لە ئیرادەخستن وشکستپێهێنانی سایکۆلۆژیانەی ئینسانی ئێمە لەلایەن دەسەڵاتدارێتیە سوڵتانیخوازە ئەرستۆکراتیە خێڵەکیەکەی هەرێمەوە و هەم بەشێکن لێی.
ئینسان لە دۆخی کەوتوویی و تەسلیمبووندا پێویستی بە سەرکۆنەکردن و سەرزەنشتکردنی زیاتر نیە، بەڵکو پێویستی بە دەستگرتن و وزە و وورە پێدان هەیە. ئینسان لە دۆخێکدا کە لەڕووی سایکۆلۆژی و وجودیەوە لە بەرپرسیارێتی لە ئاست ژیانی خۆی و ئەوانیدیکەدا شکستی خواردووە و ئیرادەی زەوت کراوە، پێویستی بە هەوڵدان بۆ ئیرادەتمەندکردنەوە و هەستانەوەی سایکۆلۆژی هەیە.
کاری هەر نوسەرێک و هەر ئینسانێکی بەرپرسیار لە ئاست جڤات، فەزای گشتی، ئازادی، ماف، ئیرادە و شکۆی تاکە تاکەی هاونیشتمانیاندا، چیتر نیە جگە لەوەی کە هێز و ووزەی فیکری خۆی وە پڕۆسەی نوسین و ڕەخنەکارانەی خۆی بە پشتگرتنی هەر نووزە و نارەزایەتیەکی کۆمەڵایەتی و هەر خواستێکی گەرچی کەمیش بێت بۆ ئازادی و دادپەروەری لەنێو کۆمەڵگاوە و لە ناو خەڵکی سادەدا بەرزدەبێتەوە، ئاڕاستە دەکات و دژ بە سەرچاوەکانی دەسەڵات و گوتارە هەژموونگەرەکان دەیخاتە گەڕ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت