بورهان شێخ ڕەئوف: خوێندنەوەیەک بۆ كتێبی مەلا كاكەحمەی سەیفوڵا، زانایەكی گومناوی كورد.

لەدواى ئەوەى نامیلکە جوانەکەى نووسەرى بەڕێز(زانا قەرەداغى ) م خوێندەوە بە ناونیشانى مەلاکاکەحەمە ى حاجى سەیفوڵا زانایەکى گومناو و خاوەنى یەکەم پڕۆژەى قەڵاچۆکردنى نەخوێندەوارى لە کوردستان، زۆر بە پێویست و […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

لەدواى ئەوەى نامیلکە جوانەکەى نووسەرى بەڕێز(زانا قەرەداغى ) م خوێندەوە بە ناونیشانى مەلاکاکەحەمە ى حاجى سەیفوڵا زانایەکى گومناو و خاوەنى یەکەم پڕۆژەى قەڵاچۆکردنى نەخوێندەوارى لە کوردستان، زۆر بە پێویست و ئەرکی خۆمم زانى وێڕاى دەستخۆشى و بەرز نرخاندنى هەوڵ و ماندووبوونەکەى، منیش هەندێک زانیارى بۆ زیاد بکەم بەو پێ یەى مەلا کاکە حەمە لەناوچەى گەرمیان بە گشتى و بەتایبەتى تر بنارى سەنگاو شوێنى زێدى خۆ م گۆڕەپانى چالاکى و هەوڵ و خەبات و تێکۆشانى ئەو پیاوە مەردە بووە کە لە مێژووى کۆن و نوێ ى کوردا لەوێنەى ئەو زۆر کەمن.

بۆ ناوچەى سەنگاو ؟ بۆ گەرمیان؟
ناوچەى سەنگاو ناوچەیەکى دوورە دەست و دوور لە سنوورەکان و نەبوونى ڕێگاوبان و واى کردبوو کە دەستى خوێندن و خوێنەوارى پێ نەگات هەر لە سەردەمى حوکمى عوسمانى و دواتر دروستبوونى دەوڵەتى عێراقیش هەرچەندە سەنگاو ناوەندى ناحیەکە کە جاران گوندێک بووگۆپتەپەیان پێ دەگووت یەکێک اە ناحیە کۆنەکانى پارێزگاى کەرکوکیش بوو ، باوکم ڕەوانشاد ( شێخ ڕەئوفى کێلەبەرزە ) دەى فەرموو ئەگەر نامەیەک بهاتایە بۆمان دەبوو چەندین دێ و شوێنى تر بگەڕێین تا خوێنەوارێک بدۆزینەوە بیخوێنێتەوە، دڵنیام هەر ئەو هۆکارەیە کە پاڵى بە ڕەوانشاد مەلاکاکە حەمەى نەمرەوە ناوە کە ئەم ناوچە پان و بەرینە هەڵبژێرێت بۆ ئەوەى 36 ساڵ تەمەنى خۆى بۆ تەرخان بکات بۆ ئەوەى ناوکى نەوەیەکى خوێنەوەراو بە سەواد دابنێت و دوایى دڕ بە شەوەزەنگى جەهل بدات.

شێخ مەحمودى مەلیک و مەلا کاکە حەمە
پێش ئەوەى بچمە ناو درێژەى بابەتەکەوە لە سەر ناونیشانى ئەم باسە کە دێڕە شیعرێکى شێخى مەحمودى نەمر مەلیکى کوردستانە کە بۆ مەلا کاکە حەمەى نووسیوە ، هەرچەندە من شیعرەکەم بە دەماودەم و لە زارى کەسوکارى خۆمەوە بیستووە کە ئەو سەروەختەیان لە بیرە هاودەمى ئەو بوون ئیدى نازانم لە هیچ کتێب و سەرچاوەیەکى مێژوویى تر ئاماژەى پێدراوە ، وەکو بۆمیان گێڕایەوە کە شێخ مەحمود فەرمانى بە ئەحمەد شوکرى کردووە کە نامەیەکى سوپاس و ستایش و ڕێزلێنان بۆ مەلا کاکە حەمەى سەیفوڵا بنووسێت بەڵام دواتر جەنابى شێخى نەمر وادیارە نامەکەى ئەحمەد شوکرى بە دڵ نەبووە خۆى ئەم دێڕە شیعرەى بۆ نووسیوە ئێدى ئەوەندەى لە بیرەوەرى خەڵکدا ماوەتەوە نازانم ئەگەر درێژتر بێت ئەمەش دێڕە شیعرەکەیە:
کاکە حەمە بە قەد عیلمى عەلى وەسفت بکەم هێشتا کەمە
لێوت چڵاو پڵاو ئەحمەد شوکرى ناتەواو ( نوربەخشى نازناوى شیعرى شێخ مەحمود بووە )
لە لایەکى ترەوە مەلا کاکە حەمە ڕێزو خۆشەویستیەکى زۆرى بۆ مەلیکى کوردستان هەبووە هەر لە گەڵ پێکهێنانى یەکەم حکومەتى کوردستان لەلایەن شێخى نەمرەوە مەلاکاکە حەمە وەکو قازى ناوچەى سەنگاو دیارى دەکرێت و ڕۆڵێکى بەرچاو کاریگەرى هەبووە لە خزمەت کردنى خەڵکى ئەو ناوچەدا هەرچەندە هەندێک جار لە بەر دڵسۆزى و خەمخۆرى بۆ شێخ و حکومەتەکە ى و شۆڕشەکەى گلەیى و گازندەو ڕەخنەشى هەبووە تەنانەت جاروبار دڵیشى ڕەنجاوەو لە شێخیش دوورە پەرێز بووە ،تەنانەت لەو کاتانەیشدا کە گوێ بیستى تانەوتەشەر و پیلانگێڕى لە شێخ و شۆڕشەکە دەبێت ئازارى پێدەگات و ناڕەحەت دەبێت ئەم نامەیەى بۆ دەنووسێت:
نامەیەکی مەلا کاکە حەمەی سەیفوڵا
کە بۆ شێخ محمودی مەلیکی ناردووە هەرچەندە زۆر پەست و نیگەرانیش بووە لە جەنابی شێخ تەنانەت سلێمانیشی بە جێ هێشتووە بەڵام کاتێک بۆنی ئەوە دەکات پیلان هەیە دژی شێخ ئەم دێڕانە دەنووسێت و بە ڕێبوارێکدا بۆ شێخی دەنێرێت، بەڵام سوێندیان دەدات کە نەڵێن هی ئەوە:

بەعزێ لەسەگە خوێڕییەکانی قەوم بە شەوقی سەتوەتە خوا پێداوەکەت دەوەڕن بۆ ئەو وەڕینە ناسازە لازمە مەئموری سەگ کوژی دابنرێت.

تێبینی/ لەوەیە نامەکە درێژتر بێت من لە کاک حیسام ی شێخ علی بیستم ئەویش لە باوباپیری مەرحومیانەوە بیستوویەتی ئیدی نازانم لە شوێنی تر یان لەسەرچاوەی تر باسی کراوە یان نا بەڵام من وەکو هەڵوێستیکی مەردانەی ڕەوانشاد مەلا کاکە حمەی سەیفوڵا پێم باشبوو بیری خەمخۆرانی مێژووی کوردی بخەمەوە وە حەزدەکەم هەرکەس زانیاری زیاتری لایە بۆی زیاد بکات .
هەموو ئەم هەڵوێستە گەورانە چ لە مەلا کاکەحەمەى کوردەوە بۆ شێخى بەردەقارەمان و شیعرەکەى شێخى نەمرو مەلیکى کوردستان بۆ مەلا کاکەحەمە گەواهى دەرى گەورەیى و کاریگەرى مەلا کاکە حەمەن بۆ کوردو کوردستان و کە لەو سەردەمەدا چ ڕۆڵێکى دڵسۆزانەوە خەمخۆرانەى بۆ هۆشیار کردنەوەو بە ئاگا هێنانەوەى میللەتەکەى هەبووە.
هەر لێرەدا زۆر بە گونجاوى دەزانم ڕاوێژێک و پێشنیارێکى مەلاکاکە حەمە باس بکەم کە بۆ شێخ مەحمودى کردووە لەو کاتەدا مەلاکاکەحەمە لە گوندى کربچنە خزمەتى کردووە و مەدرەسەکەى لەوێندەر بووە کە دەبیسێت شێخ مەحمود بە تەماى شەڕو پەلاماردان و خۆسازدانە پێش شەڕى ئاوباریک کۆبوونەوەیەک دەکرێت لە گوندى بانى مۆرد لە بنارى سەنگاو و لە ماڵى شێخ مستەفاى شێخ عەبدولقادرى گولە نەبڕ مەلا کاکە حەمە بە ڕوون و ئاشکرا بە شێخ دەڵێت قوربان لەم شەڕەدا سەرکەوتوو نابیت و نەکرێت باشترە چونکە ئینگلیزو عەرەب پێکهاتوون و ڕێککەوتوون کە نەوتەکە بدەن بە ئنگلیز و هیچ بە کورد نادەن ، بەڵام وەکو دەرکەوت دواتر شەڕەکەش کرا و ئاکامێکى ئەوتۆى نەبوو.

مەلاکاکە حەمە لە کتێبخانەى کوردى دا
1- ئەگەرچى ئەمە یەکەمجار نیە کتێب لە سەر گەورەیى مەلاکەحەمەى سەیفوڵا بنووسرێت بەڵکو پێشتر لە ساڵى 1972 مامۆستاى ڕەوانشاد و شەهیدى نیشتمان شاکر فەتاح یەکەم کتێبى لە ژێرناوى ( مەلا کاکە حەمە چیرۆکى ژیانى زاناو وێژەوان و نیشتمان پەروەرێکى هەرە گەورەى کوردستان )نووسیوە .
2- مامۆستا مستەفا نەریمانیش نامیلکەیەکى بە ناونیشانى ( مامۆستاى نەمر ) لە سەر نووسیووە کە زیاتر مەیدانى بووە لە سەر کارو چالاکییە خۆبەخشییەکانى مەلاکاکە حەمەى جاویدان.
3- مامۆستا هێمن عومەر خۆشناویش لێکۆڵینەوەیەکى لە سەر ڕێزمانى کوردى لە سەر ئەلفو بێ یە کەى مەلاکاکە حەمە نووسیوە .
4- جگە لە مانەش دەیان وتارو لێکۆڵینەوە لە سەر کارو چالاکى و خۆبەخشی یەکانى مەلاکاکە حەمەى سەیفوڵا لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
5- ئەم کتێبەى مامۆستا زانا قەرەداغیش دوا کتێبە لە ژێر ناونیشانى ( مەلاکاکە حەمەى حاجى سەیفوڵا زانایەکى گومناو ) 2019.

با بێینەوە سەر کتێبەکەى زانا قەرەداغى
من وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا خەڵکى ناوچەى سەنگاوم و مەلا کاکە حەمەیش بەشێکى لەو سى و شەش ساڵەى کە خەریکى بڵاو کردنەوەى زانست و خوێنەوارى بوو ە لە ناوچەى سەنگاو و گوندى داربەڕوو دواتریش هەنجیرە بووەو کە خزم و کەسى نزیکمن و زۆرێک لە قوتابییەکانى لەکەسە نزیکەکانمن کە خۆم بە دیداریان شاد بوو م هەرچەندە ئێستا زۆریان لە ژیاندا نەماون.
ئەو گوندانەى مەلا کاکە حەمە وانەى تێدا وتوەتەوەکە وانەکانى هەر ئەلفو بێ نەبووە بەڵکو زۆر بوارى دى گرتۆتەوە کە 42 بابەت بوون گوندەکان ( کربچنە – فەقێ مستەفا – مەلا هۆمەر – کۆییک – مەسۆیى – خان ئیبراهیم – خانچى – داربەڕوو – قەرەداغ – قزرەبات – تەپە سپى – سیا مەنسوور – چیا ڕەزا – یاقووبەرە ) کاک زانا 14 گوندى نووسیوە بەڵام لە بەدوادا چوونەکانى مندا بۆم دەرکەوت کە ماوەیەکیش دواى گوندى داربەڕوو لە گوندى هەنجیرە ى سەربە ناحییەى سەنگاو بووە مەدرەسەى هەبووە لە لایەن خوا لێخۆشبوو شێخ سەعیدى شێخ حسینەوە هەموو پێداویستى و خەرجییەکانى مەدرەسەکەى بۆ دابین کراوە .
هەربۆ زیاد کردنى زانییارییەکانى مامۆستا زانا قەرەداغى ژمارەى قوتابییەکانى قوتابخانەکەى داربەڕوو من تائێستا ناوى دە فەقێم دەست کەوتووە بەو هیوایەیەى لە داهاتوودا ناوەکانى تریش بدۆزینەوە ئەگەر هەبێت ، ئەو تەنها چوارییانى بەردەست کەوتووە ئەمەش ناوەکانە کە من بە دوادا چوونم بۆ کرد ئەمانەن:
1. شێخ عەبدولعەزیز شێخ محەمەد
2. شێخ بەهادین شێخ محیدین
3. شێخ عومەر شێخ فەرج
4. شێخ حسین شێخ سەعید
5. شێخ مەحمود شێخ عیسا درۆزنە ( تەنها ئەم لە ژیاندا ماوە تائێستا )
6. شێخ حسەین شێخ ئەحمەد درۆزنە
7. شێخ حسین شێخ محەمەد ( مامە حسین ) زەردەلیکاو
8. شیخ واحید شیخ مەحمود زەردەلیک
9. مەحمود مام فەرەج نەورۆڵى
10. ئەحمەد ڕەحیم ( حاجى ئەحمەد لە گوندى درۆزنە بوون دواتر چوونەتە گوندى سماق ).
لە کۆتاییدا وێڕاى دەستخۆشى پیرۆزبایى گەرمم بۆ کاک زانا قەرەداغى بۆ ماندوو بوونى و هەموو ئەوانەى یارمەتیان داوە بۆ ئەم ئەرک پیرۆزو گرنگە کە ڕێزلێنانە لە هەوڵ و کۆششى زاناو پەیامبەرێکى مەزنى کوردایەتى زانستى و ڕاستەقینە کە مەلاکاکە حەمەىسەیفوڵایە، کە هیوا دارام ناوى تا ئەبەد بە درەوشاوەیى بمێنێتەوە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەخوازم لە باڵاترین ئاستدا ناوى مەلاکاکەحەمە لەهەموو ناوێک گەورەترو پیرۆزترە لە زانکۆ و پەیمانگاو ناوەندە زانستى و ڕۆشنبیرییەکان بنرێت.
درود بۆ گیانى نەمرى مەلاکاکە حەمە
هیوادارم منیش توانیبێتم تروسکاییەک ڕۆشناییى بخەمە سەر ژیانى ئەو پیاوە مەردو خۆبەخش و گیانبەخشەى گەلەکەم.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بورهان شێخ ڕەئوف

ئەرشیڤی بەڕێز: بورهان شێخ ڕەئوف