بەهرۆز جەعفەر: بۆچی یەکێتی سەرکردەکانی خۆی دەستگیرئەکات؟

کۆمەڵگەی کوردی لە باشور کۆمەڵگەی حیزبەو، دابەشکراوە بۆ دوو کۆمەڵگەی بچوکتری پارتی و یەکێتی. هەرێمی کوردستانیش دەوڵەت نیەو لە چوارچێوەی فیدراڵیەتێکدا لە عێراق وەک حاڵەتێکی تایبەت تەماشا ئەکرێت. ئەوانەی لە […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

کۆمەڵگەی کوردی لە باشور کۆمەڵگەی حیزبەو، دابەشکراوە بۆ دوو کۆمەڵگەی بچوکتری پارتی و یەکێتی. هەرێمی کوردستانیش دەوڵەت نیەو لە چوارچێوەی فیدراڵیەتێکدا لە عێراق وەک حاڵەتێکی تایبەت تەماشا ئەکرێت. ئەوانەی لە زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان شارەزاییەکیان هەیە ئەزانن کە هەرێمی کوردستان هەر هەموی پێکەوە ئینجا نابێتە « یەکە- وحدة- Unit» ێک کە تەحلیلی لەسەر بکرێت. چ جای ئەوەی لەناو هەرێمەکەدا دوو حیزبی سەرەکی هەبێ و، لە ناو یەکێ لە حیزبەکانیشدا دەیەها ئاغاو قسەکەرو کوتلەو گروپ هەبێ… ئەمە باڵی چی و ئەوە باڵی ئەوەو ئەمە جەماعەتی کەرکوک و… تادوایی. ئینجا ئەمە سەربەوەو ئەوە سەربەمەو… سەیرە!. کورد هەمووی یەک بگرێ هێشتا دیار نییە ئەتوانێ لەم گێژەنگە ئاڵۆزەی جیهان و عێراقدا ئەتوانێ شتێک بکا یان نە!. کەچی ڕۆژە بێتەوە چەندەها سەرکردەو میدیای سێبەر ختوکەی ئێمەو خۆشیان ئەدەن سەرقاڵ بین بەم باڵ و ئەو باڵەوە… دۆخێکە چەند بێلایەن بیت دواجار بێ ڕازی بونی خۆت ئەم شەپۆلە ئەتداتە دەستی خۆی و ئەبێت ببیتە بەشێک لە مەعمەعەکانی ئەم فەزایە…بەهەرحاڵ:
یەکەم/ کێشەکانی ناو یەکێتی زیاتر لە دە ساڵە بەردەوامن و، ماوەی دوو ساڵێکە هیچ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی سنوری خۆی نازانێ و، لە هەرچی میدیایە بێ سڵەمینەوە هەرچی بە دەمیانا بێ ئەیبێژن. مرۆڤ لەباتی یەکێتی و کەسوکاری دەیەها هەزار شەهید شەرم ئەکا لە مەجلیسا دەستەڵاتدارەکانی بە تێکڕا ئاوها بە سوکی لە کارو ڕێبازی خۆیان ئەدوێن.
دووەم/ دەستگیرکردنی سیروانی کوێخا نەجم جێی پرسیار نییە، لێ چ دۆخێک وای کرد کوێخا سیروان دەستگیربکرێت؟ بۆچی یەکێتی و کوتلەکانی دۆخێک دروست ئەکەن پیاوێکی وا تێکۆشەر، ئازا، کۆمەڵایەتی، تا ئاستێک ڕۆشنبیر، دڵسۆز، خاوەن پێگەی وەک سیروانی کوێخا نەجم تووشی دۆخێکی وا بێت ئاقارەکەی دەستگیر کردن بێت!؟. سیروانی کوێخا نەجم پانزە ساڵە ئەناسم جگە لە سەخاوەت و خۆشەویستی لەناو چین و توێژەکانی کۆمەڵدا هیچ ئاکارێکی ناجۆرم لێ نەبینیوە. کە بەووردی سەیری ئەم کەیسانە ئەکەی ئینجا ئەزانیت ئەو هەموو جاشەی پاڵیان دایە پاڵی بەعسەوە بە حەزی خۆیان نەبو, بەڵکە لە داخی خراپی و بێ مروەتی ئەم حیزبانە بوە.
سێهەم/ کورد بەگشتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان « دوای دەساڵ هاتوهاواری ئێمەو پرۆژە پێشکەش کردن» سەرئەنجام ئێستا لە ڕووی جوگرافی و ئەمنی و سیاسی و ئابوریی « نەوت» و دەستوری و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیشەوە کەرکوکیان لەدەستداوە، کوردی کەرکوک زۆرینەیان لە دەرگای ماڵەکانیان نوسیوە؛ ئەم خانوە بۆ فرۆشتن. ئەی یەکێتی بۆ ناپرسێتەوە بۆچی ئێمە وەک ستراتجێکی نەتەوەیی مامەڵەمان لەگەڵ کەرکوک نەکردو قودس و قەڵا سەوزەکەمان بەو دەردە برد؟. یەکێتی بۆ لەوانە ناپرسێتەوە کە بەڕۆژ قاچاخچێتیان لەگەڵ ئەهلی حەویجە ئەکردو بە شەویش قومارخانەیەکیان دانابو لە قەرەنجیر یارییان ئەکرد..؛؟!. ئێستا پرۆژەیەکی ترسناک هەیە بە چەمچەماڵ و کەلارو کفریەوە بخرێنە سەر بەغدا.!. ئایا ئەم حیزبە چی بۆ ئەم کارانە لە هەگبەدایە یان هەر خەریکی باڵەو باڵ و ملجەڕاندنی یەکترن و ئیشیان بە شتێکی تر نییە!؟.
چوارەم/ دوای کەرکوک یەکێتی چەمچەماڵیش وەک زۆنێکی فراوان لە دەست ئەدات، یەکێتی بە دەستگیرکردنی سیروانی کوێخا نەجم چەقۆ بە سکی خۆیا ئەکات. کاتێک ڕەمزێکی حزبەکە ئەشکێنن کە چل ساڵ تەمەنی خۆی تیا بەخت کردوە، ئیتر ئەم سونبولە توانای ئاڕاستەکردنی ناوچەیەکی فراوانی وەک چەمچەماڵ و خەڵکی بەگشتی نامێنێت.
پێنجەم/ ئەوەی بۆ من سەیرە!. ئەوەیە بەشی هەرە زۆری ئەم سەرکردانە گوایە بە پاتە کۆنێکەوە لەشاخ سەدان هەورازو نشێویان تەی کردوەو، پەلاماری سەدام یان داوەو، لە کەرکوکا چالاکیان کردوەو، تەنگیان بە دونیا هەڵچنیوە، کەچی تاقە یەک دۆستی سیروانی کوێخا نەجم لەترسا ووشەیەکی بۆ بەرگری لەو پیاوە نییە!. جورئەتی دێڕێکیان بۆ بەرگری لە حزبەکەیان نیە. ئەگەر بڕیارە گەندەڵی بێت ئەو یەک و خەڵکی تر هەزار… ئەگەر کوێخا سیروان پارتی بێت جا ئەو یەکەو خەڵکی تر هەزار!. ئیتر لەشتەکانی تریشدا ئاوها.
شەشەم/ ئومێدم وایە چ پارتی و چ یەکێتی و حیزبەکانی ترییش هەریەکەو دەستگایەکی تایبەتیان هەبێت بۆ چاودێری پەرلەمانتارو فەرمانبەرە باڵاکانیان لە بەغدا « ئەوانەی خولەکانی پێشوتریش چاودێریی بکەن» ئاخۆ خەریکی چین و چی ئەکەن!. بە ئاشکرا لە میدیا عەرەبیەکان دژی کوردن، بە نهێنی چی ئەکەن!؟.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بەهرۆز جەعفەر

ئەرشیڤی بەڕێز: بەهرۆز جەعفەر