شەریف ھەژاری: خەڵک لە داخی فەسادکاریی و گەندەڵیی، ئیتر منداڵی زۆر ناخەنەوە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1- ئایا خەڵک لەم نەھامەتییەدا بە نەبوونیی منداڵ بخەنەوەو، ئێوەی دەمدرێژیش لە پەرلەمان بە تەمەنی 25 ساڵیی، بە شەش ملیۆن خانەنشین ببن!؟
2- خەڵک منداڵی زۆر بخەنەوەو، ئێوە بیاندەن بەکووشت و، دواتریش لە ٪‏٥٢ ی خاکی کوردستان بدەنەوە بە داگیرکەران!؟
3- خەڵکی خۆڕاگری کوردستان بە نەھامەتیی و چەرمەسەری منداڵی زۆر بخەنەوەو، ئێوەی پەرلەمانتێر مانگی (سی کراس) بکڕن بۆ ئەوەی لەسەر مۆدێل بڕۆن. ژنە گەنجە پەرلەمانتێرەکەی بزووتنەوەکەی نەشیروان مستەفا بە مووچەی قەبە خانەنشین کراوەو، ئێستاش لەسەر (تی-ڤی) بێ-شەرمانە دەڵێت: ((پێنج ساڵ لە پەرلەمان بووم ڕۆژ نەبوو مۆدێلێک دووبارە بکەمەوە، مانگی سی ڕۆژە، ھەر مانگەی سی کراسم دەکڕی!)). ئاخر لە کوێی دنیا ھەبووە ئەمانە ببنە دەمڕاستی گەل!؟ لە کوێی دنیادا ھەیە ئەم پەرلەمانتێرو وەزیرانە بە مووچەی قەبەوە ھەر بە گەنجی خانەنشین بکرێن و مانگی سی کراس بكڕن لەسەر قووتی خەڵکی برسیی، ئەمانەش سیقەپێکراوەکان و نوێنەرەکانی نەوشیروان مستەفان!؟
زۆرم نووسی: ((یەکێک لە ھەڵە ستراتیژییەکانی نەوشیروان لە سیاسەت دا ئەوەیە سیقە بە دەمباز و ڕۆژنامەنووس دەکات)). دیارە حەزکردن لە پیاھەڵدان قوڕی کرد بەسەر نەتەوەکەمان دا! ئەوەتا تازە بە تازە خەڵکی کوردستان ھەموو شتێکیان بۆ دەرەکەوێت! خەڵک بە نەھامەتی منداڵ بخاتەوەو ئێوەش بە مووچەی قەبەی خانەنشینبوون لەسەر مۆدێل بڕۆن!؟
4- وا دیارە ئێوە ئەوەندە بێ شەرمن وەک (مریشکی مەسڵەحە) لە خەڵکی کوردستان دەڕوانن و، ئێستاش دەتانەوێت خەڵک منداڵی زۆرتان بۆ بخاتەوەو، دواتر نەخۆشخانەیەک نەبێت منداڵەکانیان ببەن بۆ چارەسەرکردن. کەچی ھەر کوڕە بەرپرسێکی دز خاوەن چەندین نەخۆشخانەی تایبەتە!
5- خەڵکی خۆڕاگری کوردستان منداڵی زۆر بخەنەوەو، دواتریش خوێندنگای ستاندارد نەبێت بۆیان، بەڵام منداڵەکانی ئێوە لەو خوێندنگا تایبەتانە بخوێنن کە ساڵانە دەیان ھەزار دۆلاریان لەسەر قووتی خەڵک بۆ سەرف دەکەن!؟
6- خەڵک منداڵی زۆر بخەنەوەو، بە نیوە مووچەو نەداری گەورەیان بکەن و خوێندنیان پێ تەواو بکەن، کەچی دواتر منداڵی ئێوەی بەرپرس و ماستاوچییەکانتان لە گرنگترین پێگەکان دابمەزرێن و، منداڵی ھەژاران و نەداران یان حەماڵی بكەن یاخود ڕێگای ئەوروپا بگرنەبەر و قاچاخچییەکان بە چەقۆ ئەنجن-ئەنجنیان بکا و لە دەریادا نوقمیان بکات!؟
7- خەڵک منداڵی زۆر بخەنەوە کەچی شاروشارۆچکەکانی ژێر حوکمڕانی ئێوە پڕببێت لە پیاوکووژ و مادەی ھۆشبەر و، منداڵی خەڵک بدەنە بەر چەقۆ و، کەس نەبێت لێپرسینەوە لە تاوانبارەکان بکات چونکە سەر بە کوڕی بەرپرسە دزەکانن!؟
8- خەڵک منداڵی زۆر بخەنەوە، کەچی ھێشتا دایک و باوکیان خاوەن خانوویەک یان شوقەیەکی نیشتەجێ نەبن!؟
ئێوە تاکەی شەرم ناکەن!؟ تاکەی تەریق نابنەوە،!؟ گریمان ئێوە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان بە (مریشک و گیانلەبەر) دەزانن و دەتانەوێت بۆ (بەرژەوەندی)یتان منداڵتان بۆ بخەنەوە، ئێ خۆ خاوەن کێڵگەیەکی مریشک ھیچ نەبێت خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و تەندروستیی و گەرمکەرەوەو فێنککەرەوە بۆ مریشکەکان دابین دەکات بۆ ئەوەی بەرھەمی مریشکەکە بەباشی بێتە دی و، خاوەن کێڵگەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی سوودی لێ وەربگرێت.
ئێوە ھێندەی کێڵگەیەکی پەلەوەریش خزمەتگوزاریتان پێشکەشی خەڵکی کوردستان نەکردووە. ئێستاش ئەتانەوێت خەڵک بەم نەھامەتیی و نا جێگیریی سیاسیی و نا جێگیریی کۆمەڵایەتیی و نا جێگیریی ئابورییەوە منداڵتان بۆ بخەنەوە و ئێوەش بیاندەن بە کووشت و، خەڵکەکە ھەر لە نەخۆشیی دەرونیی دا بژین!؟
سەدان دایک و باوکی شەھیدان تووشی نەخۆشی دەرونیی بوون!
سەدان دایک و باوکی ئەو لاوانەی کە لە ڕێی ئەوروپا تێ داچوون، تووشی نەخۆشی دەرونیی بوون!
سەدان کەسوکاری شەڕی ناوخۆ تووشی نەخۆشی دەرونیی بوون!
سەدان لاوی کورد لە ئەوروپا، لە غەریبی دا تووشی نەخۆشی دەرونیی بوون!
کەچی ئێوەو منداڵەکانتان و دارودەستەکانتان لە ناو سەرمایەی شاھەنشایی دا مەلە دەکەن! ھیچ نەبێت گەر منداڵی زۆرتان لە خەڵک دەوێت، ھێندەی مریشکێکی کێڵگە ماف و خزمەتگوزاری بە خەڵک ببەخشن! ئەگینا ئەستەمە خەڵک لەو دۆخە سیاسیی-ئابوریی-کۆمەڵایەتیی و نایاساییەدا ئەوە بکات کە ئێوە دەتانەوێت!
تا دزی و گەندەڵیی و نایاسایی ئێوە بەردەوام بێت، خەڵک لە داخی فەسادکارییتان نایەتە سەر ئەو باوەڕەی کە منداڵی زۆر بخەنەوە چونکە وا دەزانن کە چارەنووسی منداڵەکانیان پڕ-تراژیدیی و نایەکسانیی دەبێت!
ئێوە ھەر ھیچ نەبێت کەمێک شەرم بکەن مووچەی قەبەی خانەنشین بوونی پەرلەمانتێریتان مەھێڵن، چونکە ھەتا تەمەنی شەست ساڵی نابێت خانەنشینبوون بتانگریتەوە، ئەوکات ئەکرێت ڕووی ئەوەتان ھەبێت کە قسە بکەن و داواکاریتان بەسەر خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان دا، فەرز بکەن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت