ئارام عه‌لی‌ عه‌زیز: ئیسرائیل و جه‌نگی‌ موفاجه‌ئات.

فراوانیی گۆڕه‌پان و ئامانجه‌ زۆره‌كانیی‌ درۆنزه‌كانیی‌ ئیسرائیل له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا، كه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی له‌عیراق و پاسدارانی‌ له‌سوریاو حزبوڵای له‌لوبنان و به‌ره‌ی‌ میللیی دیموكراتی فه‌له‌ستینی له‌بیقاعی‌ لوبنانی گرته‌وه‌، سه‌ره‌تای‌ ته‌واوبونی‌ جه‌نگی‌ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

فراوانیی گۆڕه‌پان و ئامانجه‌ زۆره‌كانیی‌ درۆنزه‌كانیی‌ ئیسرائیل له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا، كه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی له‌عیراق و پاسدارانی‌ له‌سوریاو حزبوڵای له‌لوبنان و به‌ره‌ی‌ میللیی دیموكراتی فه‌له‌ستینی له‌بیقاعی‌ لوبنانی گرته‌وه‌، سه‌ره‌تای‌ ته‌واوبونی‌ جه‌نگی‌ به‌وه‌كاله‌ت و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی جه‌نگی سوریایه‌ بۆ عیراق و لوبنان و ئێران و توركیاو ئیسرائیل و ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌.
ئیسرائیل ده‌مێكه‌ به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ له‌په‌لاماره‌كانی‌ سه‌ر بنكه‌و باره‌گاكانی‌ سوپای‌ پاسداران و حزبوڵا له‌ناو سوریا ڕاده‌گه‌یه‌نێت، له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردویشدا به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ له‌هێرشه‌ درۆنزیه‌كانی‌ سه‌ر حه‌شدی‌ شه‌عبی له‌عیراق نه‌شارده‌وه‌، له‌كاتێكدا له‌جه‌نگ و شه‌ڕه‌كانی‌ كه‌نداوی‌ یه‌ك و دووی‌ نێوان ئه‌مریكاو عیراق سه‌ره‌ڕای‌ به‌شداریكردنی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ده‌وڵه‌تان له‌ژێر ناوی‌ هێزی‌ كوالیسیۆن دا ئیسرائیل دووره‌ په‌رێز خرایه‌وه‌، ئه‌ویش بۆ نەورووژاندنی‌ هه‌ست و سۆزی‌ جیهانی ئیسلامی دژ به‌ئیسرائیل. به‌ڵام ئایا ئێستا بۆ وا بێ منه‌تانه‌ ئیسرائیل به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌و په‌لامارانه‌ راده‌گه‌یه‌نێت؟ چی‌ له‌ره‌وشه‌كه‌ گۆڕاوه‌؟ ئه‌مریكا چۆن رێگا به‌مه‌ ده‌دات؟
وه‌ڵامێكی‌ ساده‌ی‌ هه‌ر سێ پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئیتر ئه‌مریكاو خۆرئاوا زیاتر ته‌حه‌مولی‌ شكسته‌ سه‌ربازیی و ئیفلاسه‌ سیاسیی و داراییه‌كانیان ناكه‌ن و رۆژ به‌رۆژیش شانسی‌ مانه‌وه‌ی‌ ئیسرائیل له‌ناوچه‌كه‌دا لاوازترده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موان به‌روسیایشه‌وه‌ بڕیاری‌ جه‌نگی‌ سه‌رتاسه‌ریان دژ به‌گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ داوه‌و، ئامانجی سه‌ره‌كی جه‌نگه‌كه‌یشیان عیراقه‌، نه‌ك ئیران. چونكه‌ هه‌رگیز ئێران و توركیاو ته‌واوی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ عه‌ره‌بیش، له‌روی‌ مێژوییه‌وه‌ مه‌ترسی نه‌بوونه‌ بۆ سه‌ر خۆرئاواو ئیسرائیل، وه‌كو كه‌ ئه‌مرۆیش له‌رووی‌ ستراتیجیه‌وه‌ مه‌ترسی دروستناكه‌ن، به‌چاوپێداخشاندنێكی‌ خێرایش به‌فكرو سیاسه‌تی‌ پراكتیكی‌ چل ساڵه‌ی‌ رابردویان به‌رامبه‌ر به‌ئیسرائیل ئه‌و راستیه‌مان زیاتر بۆ روونده‌بێته‌وه‌.
كه‌واته‌ هۆكاری‌ په‌لامارو هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌كانی‌ نه‌تنیاهو وه‌كو خۆیشیان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن، بوونی مه‌ترسی و جودییه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ ئیسرائیل، كه‌ به‌هۆی‌ به‌هاری عه‌ره‌بیه‌وه‌ هه‌م ده‌وڵه‌تانی‌ ته‌وقی پارێزه‌ری‌ لاوازبوون و ستراتیجیه‌وه‌ ئاینده‌یان سووتا، وه‌كو سوریاو میسر و لوبنان و ئوردون و توركیا، هه‌میش پارته‌ عه‌لمانیی و ئیخوانیی و وه‌هابیه‌كان ره‌واجیان نه‌ماو به‌ره‌و پووكانه‌وه‌ چوون.
ئه‌م جه‌نگ و ململانێ جیهانیه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌سوریادا هه‌یه‌، هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ رووخانی‌ رژێمی‌ سه‌دام و به‌هاری‌ عه‌ره‌بی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ بوه‌ هۆی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ كۆڵه‌كه‌كانی‌ پێكهێنه‌ری‌ سیسته‌می‌ سته‌مكاریی ئیقلیمیی وه‌كو بن عه‌لی و موباره‌ك و قه‌زافی و عه‌لی عه‌بدوڵا سالح. ئه‌مڕۆیش ئه‌م جه‌نگه‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستی‌ جه‌نگێكی‌ جیهانی‌ رانه‌گه‌یه‌نراو، به‌وه‌كاله‌ت و ناوه‌كاله‌ت زۆربه‌ی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ جیهان و ناوچه‌كه‌ی‌ تیایدا رووبه‌ڕووی‌ یه‌كتربۆته‌وه‌، كه‌ رۆژێك له‌رۆژان دۆست و هاوپه‌یمانی‌ یه‌كتربوون و ئه‌مڕۆیش بوونه‌ته‌ دوژمنی‌ یه‌كتر. هه‌ریه‌ك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌یش به‌پێی پێگه‌و هێزی‌ خۆی ئه‌ڵقه‌یه‌كی‌ سیسته‌می‌ سته‌مكاریی سه‌پێنراوی‌ به‌سه‌ر جیهان و ناوچه‌كه‌دا پێكده‌هێناو، هه‌ر هه‌مویشیان پێكه‌وه‌ زه‌مینه‌و هه‌لومه‌رجی بابه‌تیی‌ روحبه‌خشیان بۆ ئیسرائیل فه‌راهه‌مده‌كرد. به‌ڵام به‌هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌هۆی‌ تێكچوونی هاوسه‌نگی هێزو به‌هۆی‌ نه‌مانی‌ سه‌نتێزیشه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت و دۆست و براكانی‌ دوێنێ بوون به‌دوژمنی‌ ئه‌مڕۆو هاوپه‌یمانێتیه‌ كۆنه‌كان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و ئه‌منی‌ قه‌ومی‌ ئیسرائیل، وه‌كو ئه‌منی‌ قه‌ومی‌ توركیی و ئێرانیی‌ و سوریی و سعودیی و …هتد، كه‌وته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، ئیتر خۆرزگاركردن و به‌رده‌وامبوونی‌ قه‌واره‌و ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می حوكمڕانی له‌ ژێر ناوی‌ پڕۆژه‌ی‌ هه‌مه‌ڕه‌نگ بوو به‌ئامانجی یه‌كه‌می‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌یش سه‌ره‌ڕای‌ یه‌كبوونی‌ جه‌وهه‌ریان دووچاری‌ به‌ریه‌ككه‌وتن بوونه‌وه‌. به‌و واتایه‌ هاوكێشه‌ تازه‌كانی‌ هێز وایكرد ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ له‌ناوخۆدا دووچاری‌ له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و، نه‌مانی‌ سه‌نتێزی‌ كۆكه‌ره‌وه‌و گه‌یاندنه‌ یه‌كتریشیان وایكرد كه‌ دووچاری‌ به‌ریه‌كتركه‌وتن ببنه‌وه‌.
له‌و روانگه‌یه‌وه‌ ئه‌و په‌لاماره‌ درۆنزیانه‌ی‌ ئیسرائیل بۆ سه‌ر عیراق، سووڕانه‌وه‌ی‌ فه‌له‌ك و گه‌یشتنه‌وه‌ی هێرشه‌كانه‌ به‌یه‌كه‌مین خاڵ و شوێنی‌ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕو شاڵاوه‌ سه‌ربازیه‌كان به‌ر له‌ شازده‌ساڵ، كه‌ تره‌مپ گوتبوی، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی‌ ئه‌مریكا په‌لاماردانی‌ عیراق بوو، ئه‌مڕۆیش ته‌واوی‌ هێزو ده‌وڵه‌تانی‌ جیهانی‌ له‌ژێرناوو نیشانی‌ جیاجیادا له‌ناوچه‌كه‌ماندا كۆبوونه‌ته‌وه‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت پێكدادانی‌ گه‌وره‌ی‌ لێبكه‌وێته‌وه‌و ببێته‌ گۆڕه‌پانی‌ سه‌ره‌كی جه‌نگ و ئه‌زموونی‌ دوه‌میش وه‌كو ئه‌زموونی یه‌كه‌م نابێت و دنیایه‌ك موفاجه‌ئاتی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
ئارام عەلی عەزیز

ئەرشیڤی بەڕێز: ئارام عەلی عەزیز