كارۆخ عوسمان: ئاخر لە ٪‏80 لەپای چی؟

سەیری ئەو بەراوردانە بكەن، ببینن چ پارەیەكی ئەو وڵاتە بەھەدەر دەڕوات؟ دەی بۆچی ناپرسن ئاخر بۆچی پلە باڵاكانی ھەرێم ئەم ھەمووە موچەیان بێت و، بەم ھەمووە خانەنشین بكرێن و تا […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

سەیری ئەو بەراوردانە بكەن، ببینن چ پارەیەكی ئەو وڵاتە بەھەدەر دەڕوات؟
دەی بۆچی ناپرسن ئاخر بۆچی پلە باڵاكانی ھەرێم ئەم ھەمووە موچەیان بێت و، بەم ھەمووە خانەنشین بكرێن و تا ئەمرن لێی بخۆن و دواتریش ھەر خانەنشینیە بەمیرات جێ بمێنێت؟
لەگشت وڵاتێكدا موچەی باڵا ھەیەو كاربەدەستان و بڕیاردەرانی دەوڵەت موچەیەكی زۆرتر لەچاو كارمەندانیتری ئاسایی وەردەگرن، بەڵام جیاوازیەكە ھەرگیز بەمجۆرەی ئێرە نیە.
جیاوازی موچەباڵاكانی حكومەتی فیدڕاڵی بەغدادیش وەك ھەرێم نیەو بەجددی كار لەپێناو كەمكردنەوەیان كراوەو چاكسازی زۆریش لەخانەنشیندا ئەنجامدراوە كە بۆئەم قۆناغە جێگەی تەقدیرە.
خۆ لەھەرێمی كوردستان ویژدانێك لەنێوان موچەی باڵاو ئاسایی نابینرێت.

سەیری ئەو وڵاتانە بكەن كە دەوڵەتی كاریگەرو گەورەن لەجیھانداو موچەی باڵای تێدا چۆنە؛
پەرلەمانتار
مەغریب 3900 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 55٪‏ خانەنشین دەكرێت.
جەزائیر 3000 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 56٪‏ خانەنشین دەكرێت.
مسڕ 3000 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 53٪‏ خانەنشین دەكرێت.
بوڵگاریا 2000 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 50٪‏ خانەنشین دەكرێت.
توركیا 3800 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 60٪‏ خانەنشین دەكرێت.
دانماڕك 5000 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 56٪‏ خانەنشین دەكرێت.
فینلاند 4000 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 55٪‏ خانەنشین دەكرێت.
ھۆڵەندا 5600 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 60٪؜ خانەنشین دەكرێت.
بەلجیكا 5000 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 54٪‏ خانەنشین دەكرێت.
بڕیتانیا 6200 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 53٪‏ خانەنشین دەكرێت.
فڕەنسا 5800 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 60٪‏ خانەنشین دەكرێت.
ئیسپانیا 2300 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 52٪‏ خانەنشین دەكرێت.
سوێد 4600 دۆلار مانگانەكەیەتی و بەلە 56٪‏ خانەنشین دەكرێت.
كۆماری چیك و پۆڵۆنیا تەنھا 1900 دۆلار مانگانەكەیانەو بەلە ٥٥ خانەنشین دەكرێن.
جگە لە توركیا گشت ئەو وڵاتانە مەرجی تەمەنیان داناوە بۆ خانەنشین بوون، بەشێوەیەكی گشتی لەسەروو 55 ساڵیەوە دیاریكراوە.
واتا لەخوار ئەو تەمەنەوە گشت ئەندامێكی پەرلەمان یان ئەنجومەنی باڵا دەبێ بچێتەوە سەر ئەوكارەی پێشووی.
لەگەڵ ئەوەشدا لەھەریەك لەو وڵاتانەدا جیاوازی نێوان موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی و باڵا زۆر كەمە.
بۆنمونە لەوڵاتی نەرویج و دانماڕك و سوید موچەی پاككەرەوەیەكی گشتی نزیك 2000 دۆلارە.
كەچی لەھەرێمی كوردستان موچەی پەرلەمانتارێك 8 ملیۆن و نیوەو بەدۆلار نزیكەی 7100 دۆلارە، واتا 71 وەرەقە.
كاتێ ئەركی چوارساڵی تەواو دەبێت بەلە 80٪‏ی موچەكەی خانەنشین دەكرێت، بەبێ مەرجی تەمەن و گەڕانەوە سەركاری پێشووی. بەبێ مەرجەكانی بڕوانامە. ئەو ڕێژەیەش دەكاتە 6ملیۆن و 800 ھەزار دینار بۆ ھەر مانگێك. بەدۆلاریش دەكاتە 57 وەرەقە.
جگە لەپەرلەمانتار وەزیرو بریكارو مدیرعام و ڕاوێژكارەكانیش بەھەمان (سەدا) خانەنشین دەكرێن.
سەرەڕای ئەوەی كە موچەی كاتی دەوامی وەزیرەكان لە 10 ملیۆن دینار تێپەڕ دەكات و نەسریەو ئیفادیشیان كراوەیە.
بۆ پەرلەمانتارەكانیش ئیفاد كراوەیەو تەواوی خەرجیەكانیان لەسەر بودجەی پەرلەمانە كە لەبودجەی گشتی تەرخانكراوە.
جودایی نێوان ئەو پلە باڵایانەو فەرمانبەرانی ئاسایی گەلێك زۆرە، بۆنمونە؛ مامۆستایەكی گرێبەست كە ڕۆژانە ٤ كاتژمێرو نیو دەوام دەكات و 4 ھەتا 6 دەرس دەڵێتەوە تەنھا 500 ھەزار دینار وەردەگرێت.
پاككەرەوەیەكی ناوشارو سەرشەقامەكان تەنھا 400 و 10 ھەزار دینار وەردەگرێت.
پێشمەرگەیەكی ئاسایی تەنھا 600 ھەزار دینار وەردەگرێت و ئابونەی حزبیش (یەكێتی و پارتی) لێی دەگێڕنەوە.
سكرتێری دكتۆرێك تەنھا 300 ھەزار دینار وەردەگرێت.
كرێكارێكی بلۆك و چیمەنتۆ لەڕۆژێكدا (ئەگەر ئیش ھەبێت) تەنھا 20 بۆ 25 ھەزار دینار وەردەگرێت.
كرێكارێكی چنینی تەماتەو خیارو كودو باینجان لەڕۆژێكدا تەنھا 10 بۆ 15 ھەزار دینار وەردەگرێت.
ئەوانە بەڕەنجی شان و سوتانەوەی پێست ناچاری بەرگەگرتنی ئەو سەختیەن.
لەھەمانكاتیشدا موچەی سەرۆك و جێگرەكانی دەزگا باڵاكانی وەك سەرۆكایەتی ھەرێم و حكومەت و پەرلەمان موچەكانیان لەسەرووی 20 و 25 ملیۆن دینارەوەیە، وەنەسریەیەكی فری و فراوانیان خراوەتە بن دەست و بەئارەزووی خۆیان بەملاو بەولایدا دەدەن.
جگە لەبن كۆڵكردنی بودجەی گشتی ئەوە موچەكەیانە كە منەت لەو مانگانەیە ھەر ھەڵناگرن چونكە ئەوانە بەھۆی ئەو گەندەڵی و بەرەڵڵایە ئیداریە بونەتە لۆردو خاوەنی ژێرخانێكی زەبەلاحی ئیقتسادی.
دەی وەرن بەراوردبكەین لەنێوان موچەیەكی یەك مانگی 800 ھەزاری مامۆستایەكی دامەزراو كە لەتەمەنێكدا خانەنشین دەكرێت بەلە 56٪‏ ئاخۆ دەكاتە چەند؟
ئاخر بۆچی بۆ پەروەردەكارێك 445 ھەزار دینار بمێنێتەوە بە 45 ساڵ خزمەت بەڵام بۆ چوارساڵ دەوامی كەسێكی بێ ئیش كە تەنھا دەست بەرزم و نزم دەكاتەوە 6 ملیۆن و 800 ھەزار دینار بمێنێتەوە؟
خەڵك دەبێ بپرسێ ئاخۆ كاربەدەستانی ھەرێم ھێندە خزمەتكارو لێھاتوو و نەجیبزادەن ئەم ھەموو پارەیە لەبودجەی گشتی گەل ببەن؟
خۆ ھێشتا باسی موچەو خانەنشینی پلە باڵاكی ناو سلكی سەربازیمان ھەر نەكردیە، ئاخر بۆچی دەبێ لەدۆڵی باڵەیان كە تەنھا 11 گوندە 24 خانەنشینی لیوا ھەبێت؟ جگە لەخانەنشینانی تری پلە باڵا كە خۆ دەبینێتەوە لە عەمیدو عەقیدو موقەددەم و ڕائید.
موچەی خانەنشینی ھەیە ھیچ وارسێكی سەڵت یان خوار تەمەن 18 ساڵی نەماوە كەچی پارەكە ھێشتا ھەر دەدرێت.
ئاخر بۆ دەبێ موچەی كەسێك كە لەژێر ناوی پەڕینەوە لەڕووباری ئاراس بەقەت موچەی شەش مامۆستا بێت و ژنەكەشی بەھاوسەفەر خانەنشینیەكی یەك ملیۆن و نیوی وەربگرێت؟
ئاخر چ ڕەوایە بەقەد ھەموو خانەنشینی سەربازی دەوڵەتێكی وەك توركیاو ئێران فەرماندەی خانەنشین لەو ھەرێمە گچكەیەدا ھەبێت؟
بۆچی دەبێ بۆ ڕۆژێك كاركردنی پەرلەمانتارێك 283 ھەزار دینار بێت و بۆ ڕۆژێكی مامۆستایەك 16 ھەزارو بۆ كرێكارێكی كشتوكاڵ 10 ھەزارو بۆ پاككەرەوەیەكی سەرشەقام و كۆڵانەكانیش 13 ھەزار دینار بێت، ئاخر بۆچی؟
بەڵێ ئەوە بەیاسا چەسپێنراوە، بەڵام خۆ ھەر ئەو یاسایەیە ئەو ھەموو جیاوازیەی دروستكردووە لەنێوانی چینی مشەخۆری حوكمڕان و چینی گشتی ھەژارو چەوساوەدا.
ئەرێ لەناو چینی پلەباڵاكان كەس ھەبووە بڵێ: من ئەو موچە زۆرە ڕەت دەكەمەوەو شەق لەو یاسا ھیچ و پوچە ھەڵدەدەم و وەریناگرم؟
دەی خۆ ھەر كەسێ ئەو موچە زۆرە وەربگرێت ڕازی بوونە بەو یاسایەی كە سوڵتە موتڵەقەكان دەریانكردووە.!
لێرە بەدواوە پێویستە چینی گشتی چەوساوە باش ئەوە بزانێت كە ھەرگیز موچەخۆرێكی موچەزۆر ئامادە نیە دژی ئەو یاسایە بێت و بەجددی كار لەپێناو ھەڵوەشانەوەی بكات ھەتتا بەكردار نەیسەلمێنێت و موچەكە ڕەت نەكاتەوە بۆیە دەبێ ھەر ئەو خەڵكە خۆیان لەدژی گشت موچەخۆرێكی موچەزۆر بوەستنەوەو بڵێن؛ ئەگەر شۆڕشی شاخ بۆ وەھا ڕۆژگارێك بووە نەفرەتی لێدەكەین و دژی دەوەستینەوەو چیتر حوكم بەپێوەری شۆڕشی شاخ قبوڵناكەین و ئیتر كاتی ئەوەیە لەدژی شۆڕشگێڕانی شاخ شۆڕشی شار ھەڵگیرسێنین و ئەوەی ئەوان بەپیرۆزی بزانن ئێمە بەرشەقی دەدەین چونكە ژیانی خەڵك لەدرۆی پیرۆزی خاك بەلامانەوە پیرۆزترە.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
کارۆخ عوسمان

ئەرشیڤی بەڕێز: کارۆخ عوسمان