كەمال محەمەد: مەرجەع و مۆدێلی هەژمونی ئۆتۆكراسی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم مۆدێلە لە سیاسەت و حكومڕانی كە ساڵانێكی درێژە بەرێوە ئەبرێت بە بێ بونی دەستور، كە بەرزترین یاسای وڵاتە بواری بۆ سوڵتان و رەعییەتەكانی رەخساندوە كە مومارەسەیەكی نادیموكراسییانە بە سیاسەت و حكومڕانییەوە بكەن و دەسەڵاتی خۆسەپێنی خۆیان بەسەر تەواوی دام و دەزگاكان و پەرلەمانیشدا جێبەجێ بكەن. ئەو ماشێنەی دەسەڵات كە پەرلەمانی كردووە بۆ بەناو یاسایی كردنی بڕیارەكانی حیزب و كۆنتڕۆڵی تەواوی كراوە لەلایەن پارتییەوە درێژەدانە بەو هەژمونە ئۆتۆكراسییەو بە پراكتیك نەكردنی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن دادوەرییە. ئەم عەقڵییەتە حیزبییە دور لە جیهان بینییە، كە دۆخی ئێستای دروست كردوەو، هیچ جۆرە فەلسەفەیەكی سیاسی تێدا نییەو، توانای دابینكردنی حكومڕانییەكی تەكنۆكراتی نییە، جگە لە دروستكردنی سەرمایەیەكی سیاسی و ئابوری خێزانی زیاتر نەبێت، بە بێ ترس و لێپرسینەوەی دەزگایەكی باڵای شەرعی وەك پەرلەمان.
نەبونی بیركردنەوەیەكی جیهانی بۆ سیاسەت و بەرێوەبردنی وڵات لەسەر مۆڕاڵێكی گشتی و ڕیفۆرمێكی راستینەیی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و بەهێزەوە هەمیشە دەرگای بەڕوی حكومڕانییەكی ئۆتۆكراسی كردۆتەوە و دواجار خۆشیان بون بە بەشێك لەو ماشێنە حیزبییەی كە پارتی بەگەڕی خستوە، لە سایەی ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنانەدا جوڵەكانی شەقام و داینەمۆی بزوتنەوە جەماوەرییەكان نەیتوانیوە ببێتە خاوەن پرۆژەیەكی سیاسی بۆ دەربازكردنی ئەو دۆخە نەرێنییەی، كە لەئارادا بوەو بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەكانی خۆیان بەكاریان هێناوە بیرۆكەی سیاسی خۆیان گواستۆتەوە بۆ ناو خەڵك و لەوێشەوە بۆ دەسەڵات!
سەرقاڵكردنی شەقام و كۆمەڵگا بە ڕیفۆرمەوە لەلایەن ئەم حیزبانەوە هۆكار بوە بۆ بەلارێخستنی شۆڕشێك، كە دیدێكی جیهانبینی ئەڵتەرناتیڤ بهێنێتە كایەوەو كۆتای بەو دیدە سیاسییە شكستخواردوەی عەقڵییەتی حیزب بهێنێت لە ڕێگەی پرۆتێستكردن و داهێنانی نوێی سیاسی كە لەگەڵ سەردەمدا گونجاو بێت.
ئەم جۆرە لە سیاسەت و بیركردنەوەی حیزبەكانی دەرەوەی پارتی وایكردوە، كە هەم پارتی و هەم خۆشیان توانای بیركردنەوە داهێنانی نوێیان نەبێت، توانای بەرگەی ئەو شۆكەیان نەبێت، كە هەڵگەڕانەوەیە لەم دۆخە سیاسییەی ئێستایان لەرێگەی ئەڵتەرناتیڤێكی سیاسییەوە، كە تەواو پێچەوانەی مۆدێلی ئۆتۆكراسییە.
پارتی ئەیەوێ بەسودوەرگرتن لەو خولگەو ململانێیەی حیزبەكانی دەرەوەی خۆی، كەبۆ بەرژەوەندی حیزبی لەدەوەی كۆبونەتەوە بەتەواوەتی ڕەگی خۆی لە سیاسەت و حكومڕانی دابكوتێت و بۆ ئەم هەنگاوەش پڕۆژەیەكی سیاسی هەیە لەسەر بنەمای عەقڵییەتی حیزب و خێزانی، كە ئەویش دانانی مەرجەعێكە لەسەرو هەمو سەرۆكایەتیەكان و ئەیەوێت سەرجەمی مێژووی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی ئێستا لە مێژودا داگیر بكات و، زیاتر وڵات وابەستەی عەقڵییەتی پاوانكاری و موڵكدارێتی ئەكات لەلایەن پارتێكی سیاسییەوە. ئەمەش بەتەواوی دەرچونە لەو دیدە جیهانبینییەی دنیای سیاسی ئەمڕۆ.
دانانی ئەنجومەنی حیزبی هێنانە پێشەوەی داڕزانێكی نوێی سیاسییە، هەنگاونان بەم هەژمونگەراییە ئۆتۆكراسییە سیاسییە عەقڵ و میتۆدێكە بۆ كۆكردنەوەی دەسەڵاتێكی میرنشینی و راستتر كۆكردنەوەی چەقی دەسەڵاتە لەلایەن پارتێكی سیاسییەوە، كە دواجار بەرپرسیار نییە بەرامبەر بەیاسا چونكە لەدەرەوەو بان یاساو دەزگا یاساییەكان خۆی ئەبینێتەوەو سەرەنجام بە خێڵەكیكردنی دەسەڵاتی سیاسیش كۆتایی دێت.
دانانی مەرجەع و ئەنجومەنی سیاسی حیزبەكان لەسەرو پەرلەمان و سەرۆكایەتیەكان و دەستور داگیركردنی حیزبییانەی كایەی سیاسی و ئابورییە و دواجار رەنگدانەوەیەكی نێگەتیڤی ئەبێت و لەگەڵ چەمكەكانی دیموكراسیشدا ناژێیت. بۆیە دانانی مەرجەع و ئەنجومەنی حیزبی دەست پێكردن و جێبەجێكردنی بریارەكانی حیزبە بەسەر بریارەكانی یاسا و دەزگا یاسایی و سەرۆكایەتییەكانی مۆدێلێكی نوێی هەژمونی ئۆتۆكراسی پارتییە و بێ دەنگبونی پارتەكانی دیكەش لەبەرامبەریدا، واتای ڕازیبون و سواربونی ئەو ماشێنە سیاسییەیە كە پارتی لێخورییەتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت