ئارام عەلی عەزیز: ئارامکۆ، 11 سێپتەمبەرى سعودیە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە بێ لەبەرچاوگرتنى ئەوەى، کە کێ لە کوێوە ئارامکۆى سعودیەى بۆردوومانکرد، پێناچێت ئەم رووداوە بێ کاردانەوەیەکى توندی سەربازیى بەرامبەر بە بەرەى ئێران و شیعە تێپەڕێت، چونکە ئامانج لە بۆردومانەکە هەڵگیرساندنى جەنگێکى ئیقلیمیە، کە چاوەڕواندەکرێت تیایدا هەرسێ بەرەى عەرەبیی و فارسیی و تورکیی لە ناوچەکەدا بەیەکدابدەن.
بۆردومانى ئارامکۆ هەنگاوێکى گەورەى کردنیى جەنگى حوسیەکان و حکومەتى یەمەنە بە جەنگى سعودیەو ئێران و لە مەوداى دووریشدا کردنیەتى بە جەنگى وەهابیی و شیعە.
رۆژێک دواى پەلامارەکانى سەر ئارامکۆ ئێران کەشتیەکى نەوتهەڵگرى لە هورمز گرت و فرۆکەیەکى بێ فرۆکەوانیش لە ناوچە سنوریەکانیی نێوان سوریەو عیراق لە نزیک ئەلبوکەمال حەشدى شەعبی عیراقیی و میلیشیا شیعەکانى بۆردومانکرد و زۆرى لێکوشتن. ئەمەیش گۆڕەپانى جەنگى عەرەب و فارس فراوانتر دەکات و دەیگەیەنێتە سنورى عیراق و سوریەو لوبنان و لەوانەیە لە ئایندەیشدا بگاتە کوەیت و ئیمارات و قەتەر. بە تایبەتى دواى ئەوەى کە دەزگا هەواڵگریەکانى ئەمریکا ئێرانیان بەو پەلامارانە تۆمەتبارکردو، ترەمپیش تەئکیدى لە ئامادەگی خۆیى و وڵاتەکەى بۆ یارمەتیدانى سعودیە بۆ تۆڵەسەندنەوە کردەوەو بۆریس جۆنسۆنی سەرۆک وەزیرى بریتانیایش زەرورەت و بایەخى گەورەى وەڵامدانەوەیەکى گەلەکۆمەکیانەى بەرامبەر بەلایەنى دەستدرێژیکار بە جێنشینى سعودیە راگەیاند. لەو روانگانەوە ئەگەرى ئەوە هەیە کە سعودیە لە عەرعەرەوە بە هێزى پیادە پەلامارى عیراق بدات و مەزارەکانیش ببنە ئامانجى سەربازی.
پەلامارى چاوەڕوانکراوى هێزى سەربازى تورکیایش بۆ سەر خۆرهەڵاتى فورات، کە ئەردۆغان ماوەى دوو حەفتەى بۆ داناوە، ئەگەر ناوچەى ئارام لە رۆژئاوا بە پێی مەرجەکانى ئەوان نەبێت ئەوە دەیکەن، تورکیا رووبەڕووى سوریاو ئێران دەکاتەوەو جەنگەکەیش لە جەنگى عەرەب و فارسەوە دەکات بە جەنگى عەرەب و فارس و تورک، کە ئامانج تیایدا پاراستنى ئیسرائیل و پێکدادانى گەلانى ناوچەکەو بەشەڕهێنانى رەوتە ئیسلامیەکانى ( وەهابیی و شیعەو ئیخوان ) و هەڵگیرساندنى جەنگێکی ئیقلیمیی و دووبارە دابەشکردنەوەى ناوچەکەیە، بەڵام شەپۆلەکانى ئەو گێژەنە مێژووکردەى کە لە ئەنجامى بوژانەوەى شارستانیی و نەمانى سەنتێزو هەڵوەشانەوەى سیستەمى جیهانیی و ئیقلیمیەوە هاتۆتەکایەوەو لە رووداوو گۆڕانکاریەکانى ناوچەکەدا بەرجەستەبوەو دەبینرێت، تەواوى دەوڵەت و هێزو لایەنە جیهانیی و ئیقلیمیەکان بە بێ ویستى خۆیان بەیەکدادەدات و هەمویان لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە. چونکە یەکەى پێکهێنەرى سیستەمى ستەمکاریی سەپێنراوى سەر ئینسان و کۆمەڵگاو سەر گەلانى ناوچەکەن و کاتى مانەوەیان تەواوبوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت