عیماد عه‌لی: مه‌لا به‌ختیار و پلاتفۆرمی دابڕان و خودپارێزی.

كاك مه‌لا به‌ختیار به‌مه‌به‌ست بێت یان بارودۆخی سیاسی شه‌خسی خۆی وا فه‌رزده‌كات، زۆر جار قسه‌ی واده‌كات سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ تێكه‌ڵ ده‌كات و بۆچونه‌ سیاسیه‌كانی زیاتر به‌سه‌ر راوبۆچونه‌ فه‌لسه‌فیه‌كانی زاڵ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

كاك مه‌لا به‌ختیار به‌مه‌به‌ست بێت یان بارودۆخی سیاسی شه‌خسی خۆی وا فه‌رزده‌كات، زۆر جار قسه‌ی واده‌كات سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ تێكه‌ڵ ده‌كات و بۆچونه‌ سیاسیه‌كانی زیاتر به‌سه‌ر راوبۆچونه‌ فه‌لسه‌فیه‌كانی زاڵ ده‌كات. له‌ به‌رچاوگرتنی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و خۆپارێزی له‌ بابه‌ته‌ بڤه‌كان له‌ هیچ فه‌لسفه‌یه‌كدا نیه‌ و له‌سه‌ر حسابی فه‌لسه‌فه‌ی راسته‌قینه‌ ده‌كه‌وێت و سیاسه‌تێكی روته كاكه‌ برا.‌
ئه‌وه‌ی تێبینیم كردووه‌ و كاك به‌ختیار دوباره‌ی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: ( لەلای من خواو قورئان‌و پێغەمبەر هێڵی سورن‌ و هەركەسێكیش دژی ئەمانەبێ‌، ئەوا من بەجاهیلیان دەزانم‌ و تێناگەن، بۆ؟ چونكە كاتێك تۆ دژی عەقیدەی خەڵكیت، ئەوا خەڵك ئیهانە دەكەیت‌و هەستی بریندار دەكەیت. برینداركردنی هەستی خەڵكیش، پەیوەندی بەئازادیی‌و دیموكراسییەوە نییە، بەڵكو دژایەتیكردنی ئازادی، لەدژایەتیكردنی عەقیدەی خەڵكیشەوە سەرچاوە دەگرێت).
ده‌بێت كاك به‌ختیار باش بزانێت، كه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر فه‌لسفه‌ و جه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌ چه‌واشه‌كاری و دژی عه‌قیده‌ی خه‌ڵك نیه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی باسی خودی ناوه‌رۆك و بابه‌ته‌ فه‌لسه‌فیه‌كه‌یه‌. ئه‌ی بۆچی له‌ وڵاتانی ئۆرپا باسی ئایین و مه‌سیحیه‌ت و عیسا به‌ دژی كه‌س حساب ناكرێت و رێگه‌پێدراوه‌ و له‌ ئازادیه‌ بنه‌ره‌تیه‌كانه‌. تۆ كه‌ پلاتفۆرمی دابڕان به‌ رێكخراوێكی رۆشنگه‌ری ده‌زانیت، ده‌بێت هیچ كۆتوبه‌ندێكت بۆ ئازادی رۆشنكه‌ری و بیكردنه‌وه‌ و رای خه‌ڵك نه‌بێت، خه‌ڵك ئازاده‌ قسه‌و باس له‌ هه‌ر بابه‌تێك بكات كه‌ به‌وه‌ی بزانێت له‌ قازانجی كۆی گشتی بیركردنه‌وه‌ و راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی مێژوویی فكر و فه‌لسه‌فه‌ی خه‌ڵكه‌ و هه‌نگاوی ده‌رخستنی حه‌قیقه‌ته‌كانه‌، ئه‌و خه‌ته‌ سووره‌ جگه‌ له‌ سیاسه‌ت له‌ ناخی بیركردنه‌وه‌ی خۆشتدا هیچی تر نیه‌. ئه‌ی بۆ ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكه‌ عه‌لمانیه‌كه‌ له‌باری فه‌لسه‌فیدا باسی سێ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی‌ ئیسلام بكه‌ن به‌جاهیل ده‌زانیت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ سیاسه‌تی دوور له‌ فكر و فه‌لسه‌فه‌ نه‌بێت هیچی تر نیه‌. یان هه‌وڵدان بۆ پاكانه‌ هێنانه‌وه‌ و تێكه‌ڵكردنی دابڕان له‌گه‌ڵ ململانێ سیاسیه‌كان به‌وه‌ی كه‌ ده‌ڵێیت: دابڕان هیچ پەیوەندییەكی بە دروستكردنی حزبەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەململانێی هزر‌و بەرپەرچدانەوەی رەشەكوژییەوە هەیە. ئێ باشه‌ كه‌س هه‌یه‌ خوانه‌خواسته‌ باسی ئه‌وه‌ی كردبێت كه‌ په‌یوه‌ندی به‌حزبه‌وه‌ هه‌یه‌ و تۆ حزب دروست ده‌كه‌یت كاك به‌ختیار، چونكه‌ هه‌موو ده‌زانن به‌ شكستهێنانی ئاڵای شۆرش و گه‌ڕانه‌وه‌ت بۆ ناو یه‌كێتی ئه‌وه‌ گوزه‌شت كه‌ كه‌س حزبت له‌گه‌ڵدا دروست بكات یان دوات بكه‌وێت به‌رێزم و هه‌مووانیش ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ ته‌مه‌ن و بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان رێگه‌ت لێده‌گرێت و، ئه‌وه‌حاڵی گۆڕانه‌ كه‌ حزبی دروستكرد چی لێهاتووه‌.
بۆیه‌ ده‌ڵێم دابڕان له‌ رووی فه‌لسفیه‌وه‌ كارێكی گه‌وره‌ی كردووه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا و رۆڵی مێژوویی تۆ له‌مب اره‌وه‌ قه‌ت له‌بیر ناكرێتو ئه‌وانه‌ی گومانی لێناكه‌ن و به‌ رێكخراوێكی رۆشنگه‌ری روون ته‌ماشای ده‌كه‌ن و له‌ رێكخراوێكی فه‌له‌سفی رووت زیاتر كه‌س مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كردووه‌ و نایكات، چونكه‌ بارودۆخ و زه‌مینه‌ی دروستكردنی حزبی تازه‌ له‌ كوردستان نه‌خوازه‌ڵا له‌ رێگه‌ی پاسه‌وانه‌ كۆنه‌كانیشه‌وه‌ بێت ئه‌وه‌ هه‌ر نه‌ماوه‌.
ئه‌م رێكخراوه‌ رۆشنگه‌ریه‌ مه‌هامی فه‌لسه‌فی قازانجبه‌خشی له‌ هه‌زار حزب زیاتره‌، گه‌ر وه‌كو خۆی و تا ئێستا و دوور له‌ سیاسه‌ت كاربكات و ببێته‌ زانكۆیه‌كی فه‌لسه‌فی و پێگه‌ی زانستی خۆی توندتر بكات و دوور بێت له‌ ململانێ سیاسیه‌كان و هه‌ر ئه‌مه‌شت بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ جوانی كاك به‌ختیار، ئه‌گینا خۆنه‌دان له‌ ترۆپكی فه‌لسه‌فه‌ و خۆدپارێزی وه‌كو هه‌ندێك قۆناغی میژووی كۆنی ئیسلام له‌به‌رخاتری رای گشتی و سیاسه‌ت و خاترجه‌می خه‌ڵكی ساده‌ی كوردستان له‌ دابڕان داتده‌بڕێت، هیچ شتێك له‌ رۆشنگه‌ری و فه‌لسه‌فه‌دا خه‌تی سور نیه‌.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
عیماد عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: عیماد عەلی