بەهرۆز جەعفەر: دەوڵەت و ئارگیۆمێنتسازیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەمیانەی پرۆگرامەکانی ساڵی 2018 و 2019 ی فرانسیس فۆکۆیامادا و ئەو ئارتیکەڵانەی بۆ پاساودان ئەیوەشێنێت، دەرئەکەوێت کە چەند فیگەرێکی بێ بازاڕە:
A- فۆکۆیاما لە تێزەکانیدا «پێی وابوە» ئەوەی دوای لیبرالیزمی سەرمایەداری بە سەرکردایەتی خۆرئاوا نەکەوێت، ئەوە ئەبێت دواجار لەو کێوانە لە سارادا بەجێ بمێنێت. وەک کۆتەرە لەسەرئاو دیارە بەشە باشوری و ڕۆژھەڵاتیەکەی گۆی زەوی تێکڕا ڕوویان لە « چین» ـە نەک ویلایەتە یەکگرتوەکان و کەنەداو بەریتانیا. چونی سەرۆکوەزیرانەکەی عێراق عادل عەبدولمەهدی بە وەفدێکی (56) کەسی باڵاوە بۆ وڵاتی چین و پێ وابونی ناوبراو، کە پێویستە عێراق خێرا بەرەیەکی ئابوری و سیاسی لەگەڵ چین بکاتەوە ئەمە ئەسەلمێنێت.
B- فۆکۆیاما ئەیوت دەوڵەتێکی بەهێز زامنی بەرجەستە بونی دیموکراسیەتە… دەی باش، ئەمە یانی ئەوەی دەوڵەتێکی بەهێزی هەبێت دیموکراسیەتێکی بەهێزی هەیە، ئەپرسین ئەی ئەوانەی دەوڵەتیان نییە لەم سەردەمی پۆست ئیندوستریالیزەیشنەدا!؟. ئێمە بۆ دەوڵەت مان نییە!؟.
ئەی ئەوە نییە یابان، هیندستان، چین، باشوری ئەفریکا، بەرازیل، ئێران، کۆریای باکور، تەنانەت بەشێکی تر لە پاشخانی سیستەمە ترادیسۆنیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێن لیبرالیزمی سەرمایەداری نەکەوتوون و، لە سەر زەوییەکی تەخت ئەژین و دیموکراسیەتێکی ڕێژەییشیان بەرجەستەکردووە و، لەدەرەوەی سیستەمی بلۆکبەندی ئەمریکایین!؟. لە هندستان نزیکەی 122 زمانی سەرەکی هەیە 1099 زمانی دیکە یان لاوەکیش هەیە، نزیکەی 200 جۆر ئاینزاو نەتەوەی جیاوازیش هەن لەو وڵاتەدا، کەچی سێهەم گەشەی ئابوریی جیهان هیندستانەو، لەو کێوانەش جێ نەماون!؟. ئایا بۆچی لە لوبنان دیموکراسیەتی دەستوری- Constitutional Democracy سەرکەوت، بەڵام دەوڵەتە بەهێزەکان پشتیان تێکرد!.

دەوڵەت: دیموکراسی یان دۆلارۆکراسی؟
لەیۆنانی کۆنەوە تا ڕۆژگاری ئیمڕۆ باشترین فۆڕمێک کە مرۆڤایەتی پێی گەیشت بێت بۆ حوکمڕانی دیموکراسیەتە، فۆکۆیاما بەو پەڕی توانایەوە ئەم پرسە تەتەڵە ئەکات، تەنانەت زۆرینەی ئارگیۆمێنتەکانی لەم بوارەشدا بۆ ڕادەی هۆمۆسێکچواڵیزەیشن « شزوزی جنسی- هاوڕەگەزبازی» تەرخان ئەکات لە خۆرئاوادا کە توانای هارمۆنی بون و گونجاندنیان هەیە. بەڵام هەمیشە خۆی لە پرسیارە ئابوورییەکان ئەدزێتەوە، با نمونەیەک بهێنیتەوە:
بانکی فیدراڵی، هیچ کەسێک دەستەڵاتی نیە بەسەریدا، نە حکومەت، نە دادگا، نە کۆنگرێس، نە سندوقی قەرز. ئەمانە پارە چاپ ئەکەن و ئەیدەن بە حکومەت بە قەرز، ئینجا سوو ئەخەنە سەر قەرزەکانی حکومەت، حکومەتیش بۆ ئەوەی قەرزەکان بە «سوو» ەوە بداتەوە، باج ی جۆراوجۆر ئەخاتە سەر خەڵک… ئایا ئەمە ناو ئەنێت چی؟!.
لەم ماوەیە بەووردی تەماشای فیلمێکم ئەکرد، کە سەبارەتە بە چەتە بانکیەکان، باوکێک دەستی منداڵەکەی گرتوەو ئەچێت بۆ بانک، ئەبینێت دوو ڕیز وەستاون، یەکێکیان پارە لەبانک دائەنات « ايداع»، ڕیزەکەی تریشیان هاتون قەرز لە بانک وەرئەگرن. منداڵەکە دوای تەماشاکردن پرسیارێکی سادەو سەرسوڕھێنەر لە باوکی ئەکات، باوکە ئەتوانی ئەمەم بۆ ڕوون بکەیتەوە ئەم ڕیزە پارە دائەنەن و ئەو ڕیزەی تریش پارە وەرئەگرن؟!.
با نمونەیەکی تر وەربگرین، ئەویش زۆرجار بانکەکان هۆکارن گرفتێک لە وڵاتێک دروست بکەن بۆ ئەوەی پشکەکانی ئەو وڵاتە هەرزان بێت ئینجا بیکڕن.!. ئەمە نمونەیەکە لەسەردەمی ناپلیۆنەوە تا کۆماری مۆز، تا دارستانەکانی ئەمازۆن، گرفتەکانی سەردەمی هۆگۆ- شاڤێز لە ڤەنزەویلای ساڵی 2001 و تادوایی دا هەیە.

سەردەمی ناسنامە: ئایا کورد ناسیۆنالیزمی هەیە!؟
ئەم زەمەنە زەمەنی ناسنامەیە، زەمەنی گەرانەوەیە لە گڵۆباڵەوە بۆ لۆکاڵ، زەمەنی ناسیۆنالیزمی ئابورییە، زەمەنی کزبونی چرای لیبراڵیزمی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە. هەمیشە جەخت کردنەوە لەمە مەبەست لێی ئەوە نییە وەسفێکی خاسی ناسیۆنالیزم بکرێت، بەڵکو ماتریاڵێکەو هەیە.
لە کوردستان، نوسەرو نیشتیمانپەروەری وەک « جەمال عیرفان» کە ساڵی ( 1921) تیرۆرکرا، تیرۆرکردنەکەشی لە نێوان ئاغاو دەرەبەگی کورد لە لایەک، تورکەکان و ئینگلیزی ئەوکاتە لە سولەیمانی لەلایەکی تردا بزربو. جەمال عیرفان تەمەنی تەنها (41) ساڵ بو، ئەو سەردەمە تەنها ووتی « ئێمە نابێت دەست لە خودا بەرز بکەینەوە، ئەبێت خۆمان لەسەر زەوی خەریکی بونیادنانی سەرچاوەی ئابوری و داهاتی خۆمان بین… ئیتر کەوتە بەر توڕەیی لێشاوی خەڵک و دەرەبەگ و ئاغاو مەلا. زیاتر لە سەت ساڵ تێپەڕیوە بەسەر جموجوڵە نیشتیمانیەکانی جەمال عیرفاندا هێشتا کورد نەیتوانیوە ژێر پیاڵەیەک دروست بکات تا بۆخۆی چا ی تیا بخۆنەوە.!؟.

لێرەدا بە کورتیەکەی ئەگەین بەو دەرەنجامەی کە:
یەکەم/ دەوڵەت وەک ئاوی حەیات وایە بۆ کورد، بۆ ئەوەی ئەم دەوڵەتە دروست بێت ئەبێت ئارگیۆمێنتەکان ئامادە بن. بۆ نمونە ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نازانێت کورد چی ئەوێت؟. مەسەلەن ئەوە هەموو سەرکردایەتی کورد ڕیز بکە لەبەردەم هەر پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دا بپرسن ئێوە چیتان ئەوێ ؟. کەس ئارگیۆمێنتێکی وەهای نییە. ئەڵێ کەرکوک قودسە، کەچی ئەم قودسیەتە کورد ئەتکی کرد. ئەڵێ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە کەچی لە ئەنجامەکەی پاشگەز ئەبینەوە. ئەڵێین نەوت خۆمان ئەیفرۆشین کەچی داوای بودجە لە حکومەتی مەرکەزی ئەکەین. ئەوەتا بە یەک ڕاپۆرتی سەنتەرێکی لێکۆڵینەوە لە ئەمریکا تەواوی ئابوریی نەوتێ هەرێم لە دادگای شاهانەی لەندەن کەوتۆتە لەرزە. !. بۆچی؟ چونکە بەشداری لە ئارگیۆمێنسازیی زانستی لەسەر ئاستێکی گڵۆباڵ نییە.
دووەم/ دروستکردنی دەوڵەت و بیناکردنی ئابوری کارێکی هێندە قورس نییە لەسەدەی بیست و یەکدا، ئەوەش لەبەرئەوەی تیۆرەی ناو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان چیتر خۆیان بە بابەتی کوانتەم و بۆشایی گەردوونەوە سەرقاڵ ئەکەن. سەیرکە چەند بە سانایی تۆ ئەتوانی براندێک بۆ ئابوریی کوردستان لە ڕێی نەرمە هێز- Soft Power ەوە دروست بکەیت. ساڵی 2017 ئەستێرەی بەناوبانگی جیهانی «ویل سمیس» بانگهێشتی میسر کرا سەردانی ئەبوهول و ئەهرامەکانی کرد. دوای ئەو سەردانە هەفتانە لە جیهانەوە 200.000 دووسەت هەزار گەشتیار سەردانی ئەو دوو شوێنەیان ئەکرد.
سێهەم/ ناسیۆنالیزم کاتێک ئەبێتە بابەتی دەوڵەت کە تێکەڵ بە پیشەسازی بکرێت. ئێمە لە کوردستان دا هێشتا باسی پیشەسازیی فیلمسازیمان نەکردوە کە ئەوەتا فلیمکارێکی فەرەنسی دوای سی ساڵ دێت ئەنفال ئەکات بەفلیمێک و بە کوردی ئەفرۆشێتەوە. بەڵکو باسی پیشەسازیی پیترۆ کیمیاوی و ئەلکانات و نەوت و غازو کانزاکان ئەکەین، کە تا هەنوکە هەرێم بە پێی گرێبەستە نەوتیەکان لە رێگەی کۆمپانیا نەوتیەکانەوە لە بواری تەکنیکیدا کادر پێدەگەیەنێت. تەنانەت نەوتی خاو و مامناوەندی ئەنێرن بۆ ئێران و تورکیا ئەیپاڵێون و بە نرخی چەند قات لە وڵاتانی دراوسێی ئەکڕنەوە، لەبەر ئەوەی کوڕی ئاغاو دەرەبەگەکان گواستنەوەی نەوتەکەو هەناردەکردن و هاوردەکردنەوەکەی ئەگرنە ئەستۆ، ئەمەش ئارگیۆمێنتسازی ئەکوژێ، چونکە ناکرێ کەسێک ئارگێومنتسازی بۆ دەوڵەت بکا هیچ سەپۆرتێک نەکرێت، کەسانێکیش ئارگیۆمێنت ئەکۇژن ملیار دێربن.. هەروەها ئەمە وەک ئەوە وایە مێیشکێک هی خۆت بێ و هێڵکەت بۆ بکات تۆ بیدەیت بە دوژمنەکەت ئەو بۆت بکوڵێنێ و دواتریش بە چەند قات پارە پێت بفرۆشێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت