كەمال محەمەد: شەڕ لێوانلێوە لە شكستی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەروەك ”هانا ئارێنت ”دەڵی: توندوتیژی و جەنگ بێ زمانەو توانای گفتوگۆكردنی نییە، بۆیە كاتێك توندوتیژی دێتە ئاراوە ئیدی سیاسەت وەك هونەر و عەقڵییەتی سازش و بیركردنەوە كۆتایی دێت و ئەوەی، كە دێت بەدوایدا تەنها جەنگە بە نەفەسی لەناوبردنی بەرامبەر.
كاتێك بەقوڵایی لێكۆڵینەوە سەبارەت بە مێژوو بكەین، ئەبینین ئەوە كوردەكان خۆیانن، كە كین و توندوتیژییان كەڵەكە كردوەو، زۆر جاران ئەم نەفەسەیان تەقیوەتەوە. باسكردنی مێژووی شەڕی لایەنە كوردییەكان، ئەو راستییەیە، كە وەكو سەختترین و بێ خێرترین ڕۆژەكانی مێژوو هەژمار ئەكرێت، كە یەخەی گەلەكەمانی گرتوە و. بۆتە هۆی ئەوەی، كە گەورەترین شەڕەكانی مێژووی لایەنە كوردییەكان بەخێرایی ئەنجامگیر ببێت. ناشێ بیر لەوە بكرێتەوە، كە مافە هاوچەرخەكانی مرۆڤ و نەتەوەكەمان، مەزنایەتی ئومێدەكانی لەهەمو كات بەهێزتر بێت. شەڕەكان هەمیشە سەرچاوەی غەمگینی و، زیان بوە بۆ هاونیشتمانیان. جگە لەداڕمانێكی سیاسی و نیشتمانی و ئەخلاقی، كە هیچ كات سەركردەكانی ئامادەی ئەوەیان نەبوە خۆیان بە بەرپرسی ئەو شكستانە بزانن. ئەم دۆخە شكستاوییەی ئێستاش زادەی ئەو تەوژمە ناعەقڵانییەی سیاسی و حكومڕانییەیە، كە هەمیشە هۆكار بوە بۆ دروست نەكردنی هێزێكی نیشتمانی، كە وەك دامەزراوەك بێت بەپێی رێكخستنە یاسایی و دەستورییەكان. بۆ ئەوەی هەستی ئینتیما بونی بۆ پارێزگاری لەهەرێم و نیشتمان هەبێت، شكستی سیاسی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە و هەردو حیزبی پارتی و یەكێتی بەتایبەتی وەك دوهێزی خاوەن جوگرافیاو هێزی سەربازی و ئاسایش شۆكێكی دیكەی ئەم حكومڕانییەیە، كە لە پێناو ململانێی حیزبایەتی خۆیان من هەرێمەكەیان لەناو دەریایەك لەفەسادی سیاسی و ئابوری داناوە. لێرەدا گرنگە بەڕیشەی ئەو پرسیارانەدا بچینەوە، كە ئەو هۆكارانە كامانەن، كە ئەمڕۆیان دروست كردوە تا بتوانرێت وەڵامی هەر دۆخێكی نەخوازراوی پێ بدەینەوە، كە چۆن ئەم دو دەسەڵاتە بونەتە هۆكاربۆ مانەوەی سنورەكانی كەسك و نیلی بەشێوەیەكی پراكتیكی.
هەرە زێدە شیكردنەوەو پێش چاوخستنی خوێنی هاونیشتمانیان و، ماڵكاولیەكانی شەڕی ناوخۆ لە ئێستادا پێویستە كە چۆن كرۆكی ئەو دیمەنە تراژیدییە واقعیانەی، كە حكومڕانی كوردستانیان بەرەو داڕمان و، دابەشبونێكی هەژمونگەرایی دوحیزب برد، توندوتیژییە هیچ كات فۆرمێك نەبوە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان. كاتێك چەك بەدەستەكانی حیزب بڕیاری لەبارەوە بدەن. نادروستی و كورتبینی هەردو حیزبی پارتی و یەكێتی بۆ هەرێمەكە كاتێك ڕووئەدات، كە خۆیان بە بەرهەمهێنەری ئەو ئەركە نیشتمانی و نەتەوەیی و سیاسیە نەزانن، كە دەستەبەری دامەزراوە یاساییەكان و، هەرێمێكی خاوەن سیستەمێكی حكومڕانی پلورال و دیموكراسی ئەكات بۆ زامنكردنی. ئەمەش بێگومان، پێویستە سەرەتا هێزە چەكدارەكان لە قاڵبی دەستبەسەرداگرتنی حیزبی و كەسی بهێنرێتە دەرەوە.
ڕۆژ بەدوای ڕۆژ ناوچە دابڕێنراوە كوردستانییەكان هێندەی نەماوە مەحكومی نەبونی پلاتفۆرمێكی هاوبەشی سەركردایەتی كورد بێت بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا، ئەم شكستە سیاسییەیان لەباشترین رەنگدا خۆی پیشانداوە كاتێك لەبری پێكهێنان و سەرخستنی پڕۆژەیەك بۆ ئەو ناچانە هەریەكەیان خەریكی تاوانباركردنی ئەوی دیكەیانە. ئێستا، كە پێویستی لابردنی ئەوسنورانەی كە نیوەی خاكی پێ لەدەستدراوە لەلایەن ئەو هێزانەی، كە دروشمی سەربەخۆیی و دەوڵەتیان بەرز ئەكردەوە كارەساتە، كە خۆی مانفێست بكات بۆ دانان و تۆخكردنەوەی ئەوسنورانەی، كە دور نییە دەرەنجامەكەی دووبارە شكستی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەیی بێت. شۆكی ئەم دەسەڵاتەش ئەوەیە دوای زیاتر لە 28 ساڵ حكومڕانی هێشتا ترسی ئەوە مابێت لەهەر ساتێكدا هەرێمەكە بەرەو لێواری مەرگ و شەڕێكی ناوخۆیی و نابوتییەكی دیكەی سیاسی و مۆڕاڵی حیزكان هەنگاوبنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت