هیوا خۆشناو: لە ڕۆژی ئاشتی نێودەوڵەتیدا، خوێندنەوەیەک بۆ قەیرانەکانی دەوڵەتی – نەتەوەیی و شەڕ.

ئەوڕۆ ٢١ی سێبتامبەر ڕۆژی ئاشتی نێودەوڵەتیە. ئەو ڕۆژە لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکان وەک ڕۆژی ئاشتی ڕێکخراوە، ئەوڕۆ بێچارەیی و قەیرانەکانی دەوڵەت لەهەر سەردەمێکدا زیاتر بەدەردەخا. دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئەوڕۆ ٢١ی سێبتامبەر ڕۆژی ئاشتی نێودەوڵەتیە. ئەو ڕۆژە لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکان وەک ڕۆژی ئاشتی ڕێکخراوە، ئەوڕۆ بێچارەیی و قەیرانەکانی دەوڵەت لەهەر سەردەمێکدا زیاتر بەدەردەخا. دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ١٩٤٥ لە دایکبو و ٥١ دەوڵەتی-نەتەوەیی دەستیان لە دامەزراندنیدا گێڕا، جیهانێکی نوێ کە بە بەهەشتی دەوڵەتی- نەتەوەیی دەناسرا هاتە ئاراوە. لەو بەهەشتەدا کەمینەکان، نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە گۆڕنران و دەیان جار جینۆساید کران. لە هەندێک شوێنی جیهانیشدا وەک ئەمریکا، ئەوروپا و ئوستورالیا، دەوڵەتی-نەتەوەیی بانگەشەی باوکێکی باش، دادوەر و مژدەبەخش خۆی نمایش کرد. یەکێتی ئەوروپا تەقینەوەی پیشەسازی، ئابووری و زانستی بەخۆیەوە بینی. ئیتر لەوکاتەوە تا ئێستا هەر ڕەخنەیەک لەو باوکە مژدەبەخشە بە گوناح و شێتی دەزاندرا. هەژموونگەرایی خۆرئاوا توانی لە ژێر سێکوچکەی نەتەوە یەکگرتوەکان “ڕێکخستنەکەی”، ناتۆ “‌هێزە سەربازییە تۆقێنەرەکەی” و ئای ئێم ئێف -“سندوقی دراوی نێودەوڵەتی” هەمو جیهان بخاتە ژێر سێبەری خۆی.

٢٠٠٨ بەدەرکەوتنی پیساییەکانی دەوڵەتی-نەتەوەیی
ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ قەیرانی بانکەکانی نێودەوڵەتی لە ئەمریکا کە دوایی جیهانی گرتەوە، نیشانەکانی نەخۆشی دەوڵەتی-نەتەوەیی ئاشکراتر لە پێشو بەدەرکەوتن. ئیتر ئەوکاتە کەم نەبوون ئەو زانایانەی دەیانگووت “سەرمایەداری و پارە، ئابووری نیە”. ئەوکاتە ئاشکراتر دەرکەوت کە سەرمایەداری “باوکی دەوڵەتی-نەتەوەیی” ناتوانێ ئابووری ببوژێنێتەوە، بەڵکو سیستەمێکی لەناوبردنی ئابووریە و بەیەک ڕۆژدا ملیۆنان کرێکار، کارمەند، کرێکاری نەخۆش و لاوازی، بێکار و نان کرد. سەرمایەداری کە ئابووری سروشتی مرۆڤی تێکداو بەهۆی شەڕ و گەورەکردنی شار، دێهاتیەکانی بردنە شار و لە شاردا کردیە قەحپەی شارستانی و کۆیلەی سمارت فۆن، خۆی لە قەیرانێکی گەورەتردا بینیەوە بۆیە پێویستی بە شەڕ و وێرانەیەکی دیکەی جیهان بو بۆ ئەوەی خۆی بشارێتەوە.

بەهاری عەرەبی
ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ هاتنی بەهاری عەرەبی، نیشانەیەکی دیکەی نەخۆشیەکانی دەوڵەتی-نەتەوەیی بەدەرکەوت. ملیۆنان هاوڵاتی بێ نان و ئاو هاتنە سەر جادەو دەوڵەتی شمولی و دیکتاتۆرییان ڕوخاند و لە جیاتی ئەوە دەوڵەتێکی دیکەیان دروستکرد کە سەرەتا ئیخوانەکانی هێنا سەر دەستەڵات و دوای ئەوە، واتە ئەوڕۆ لە میسڕ بۆ نمونە “عبد الفتاح سعيد حسين خليل السيسی” بەڕێوەی دەبات و دەبینین کە هیچی نەگۆڕیوە.

شەڕکردن لەسەر زبڵدانی دەوڵەتی-نەتەوەیی لە عێراق، یەمەن، سوریا، لیبیا و سۆماڵ؛
ئەگەرچی بەهاری عەرەبی، بەهاری ئازایەتی و مەردایەتی بو دژ بە دکتاتۆرەکان، بەڵام لە بواری فکرییەوە، خوێڕیترین بەهاری ئەو سەدەیە دەرچو. بەهار، جگە لەوەی لە هەندێک ووڵاتدا حوسنی موبارەکێکی ڕوخاند و یەکێکی دیکەی هێنا شوێنی، هاوکات لە هەمو کات زیاتر طائیفیەت و مەزهەبیەتی زیندوکردەوە کە لە سەردەمی دڕندەیی بیابانی خەلیفەکانی ڕاشیدەینیشدا نمونەی نەبوە.

چەقی قەیران لە کوێ دایە؟
نەتەوە یەکگرتوەکان کە پیرۆزترین ڕێخراوی دەوڵەتی-نەتەوەیییە و بانگەشەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی جیهان و کێشەکانی نێوان دەوڵەتانی دەکرد، ئەوڕۆ ناتوانێ لە دێیەکی ئیدلیب ئاشتی و ئارامی بێنێتە ئاراوە. نە ئەمریکا ئەو هێزەی جارانی ماوە بە ئارەزووی خۆی جیهان وێران بکات و چاکی کاتەوە، نە ڕوسیا و ئەوروپا. قەیرانەکانی بریکسیت دەبینین کە چۆن باس لە بێکاریگەرکردنی پارلمان و دیموکراسیەتی بریتانیا دەکرێ. گەمژەییەکی گەورەیە ئەگەر بڵێین ئەو قەیرانە، بەتەنیا قەیرانی دەوڵەتی-نەتەوەییی دکتاتۆر، گەندەڵ و پاشکەوتوە. نەخێر قەرانەکە سەرەتا قەیرانی دەوڵەتی-نەتەوەییی پێشکەوتوە وەک ئەمریکا، ئەوروپا و…هتد، ئینجا قسەیەک بۆ دەوڵەتی-نەتەوەییی خۆرهەڵاتی ناوین نامێنێتەوە. هیچ جیاوازیەک لە نێوان دەوڵەتە-نەتەوەییەکانی پێشکەوتو و پاشکەوتو نیە. ئەسەد و سیسی بە قامچی خەڵکەکەیان ناچاری سەرشۆڕی دەکەن، لە ئەوروپا و ئەمریکاش بە ئابووری، بەرزکردنەوەی تەمەنی کارکردن تا دەگاتە ٧٠ ساڵ، کەمکردنەوەی موچەی خانەنشینی و مافەکانی دیکە، هێنانی ملیۆنان پەنابەر و خستنەکاریان لە فابریکە/کارگەکان لە هەڵومەرجێکی ناچێگیری کۆمەڵایەتی/کولتوری و ئابووری، خەڵک کۆیلە دەکەن. بەرزبوونەوە و گەورەبوونی پارتە نەژادپەرستەکان و هاتنیان بۆسەر دەستەڵات، بەڵگەی پێویستن کە دەوڵەت لە بنچینەوە نەخۆشە بە پێشکەوتو و پاشکەوتوویەوە.
هەر ئەوەیە بۆتە هۆی نە نەتەوە یەکگرتوەکان کە بەتەنیا نوێنەری دەوڵەتی-نەتەوەیی دەکات، نە وڵاتانی زلهێز ناتوانن گۆڕانکاری و ئاشتی بێننە ئاراوە، چونکە خۆیان سەرچاوەی کێشەن. کێشەکانی دەوڵەتی-نەتەوەیی بەتەنیا شەڕیش نیە، بەڵکو پیسکردنی ژینگە و بڵاوبونەوەی پلاستیکە بە هەموو جیهان. ئەوانە کێشەگەلێکن کە ڕزگاربوون لێیان ئاسان نیە، ئەگەر مرۆڤایەتی دەستبەرداری کۆیلایەتی نەبێ بۆ دەوڵەت.

ئەنجام؛
تەواوی کاییەکانی دەوڵەتی-نەتەوەیی و میکانیزمەکانی ئەوڕۆ لەکارکەوتوون. باسمان لە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد، باسمان لە ناتۆ کرد کە بۆتە دڕندەترین ڕێخراوی جیهان و باوکی شەڕ. باسمان لە قەیرانی دەوڵەتی-نەتەوەیی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە هەمووی گرینگتر باسمان لەو ئەقڵیەتە خوێڕییە کرد کە پێیوابو دوای ڕوخانی دەوڵەتێک و ئاواکردنی دەوڵەتێکی دیکە، دنیا دەبێتە شامی شەریف، کە لە ئەنجامی ئەو بیرکردنەوەیەدا، دەیان ڕێکخراوی داعشی لێ کەوتەوە. ئێستا لە هەموویان خراپتر ئەوانەی درێژە بە ئەقڵیەتی دەوڵەتی-نەتەوەیی دەدەن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستیان کردۆتە کارگەی “درۆنەکان” فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و نەوەک بەتەنیا دەوڵەت، بەڵکو زۆربەی زۆری ڕێکخراوەکانیش خەریکی بەرهەمهێنانی ئەو چەکە وێرانکەرەن.
لە کوردستانەکەی ئێمە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕەوشەکە زۆر لەوە خراپترە. هێشتان دەنگی تەپوتۆزی رێفراندۆم و دەوڵەتە مورتەزەقەکەی کوردایەتی لەبەر گوێماندا دەلەرێتەوە. ڕۆژانە دەیان ئەکادێمیسیەنی ستۆک، سەدان نوسینی بێکەڵک و دەیان بەرنامەی تەلەفزیۆنی و کۆنفرانس دەبینین بۆ سپیکردنەوەی ڕووی ڕەشی دەوڵەت و ناسیۆنالیزم کە پێیان وایە ئەگەر دەرفەتیان پێ بدەن، ئەو ئەفەندیانە دەتوانن دەوڵەت و نەتەوەی باشتر بئافرێنن!! ئەوە لەکاتێکدا وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە کە دەوڵەتێکی کوردی ئەگەر ببێ، دەبێتە مورتەزەقەی هێزە ئیقلیمیەکان و دڕندە بۆ تاکی کورد، چونکە ئەوانەی دەوڵەتەکە دادەمەزرێنن، لە خۆرئاواییەکان بەئاقڵتر و دیموکراتتر نین. ئەوان لە سەرەتادا بە ئەقڵیەتی میرنشینی تاڵانکار و ڕێگر گەورەبوون و دوایی واتە لە سەدەی بیستەم حزبی سیاسی کوردیان دامەزراند.
ئەوڕۆ لە جیهاندا کەسە ئەحمەقەکانی وەک دۆناڵد ترامپ، بینیامین ناتانیاهو و بۆریس جۆنسۆن سەرۆکی بەهێزترین دەوڵەتی-نەتەوەییی جیهانن. پارتە ڕاسیستە دژەپەنابەرەکان دێنە سەر دەستەڵات و لای ئێمەش پارلمان بۆتە قەشمەرخانەو سوکترین/ئەحمەقترین دەزگای دەوڵەتی- نەتەوەیی، کە کەسە ڕانتخۆرەکان جێی تێدا دەگرن و داوا لە ژنە خێر لەخۆ نەدیوەکانی کورد دەکەن ژمارەی منداڵەکانیان بگەیەننە زیاتر لە پێنج منداڵ بۆ ئەوەی بەغدا پارەی زیاتریان بۆ بنێرێ.
ڕەنگبێ ئۆجالان تاقە کوردێک بێ لەو لایەنە کۆمەکێکی گەورەی پێشخستبێ لە پێناوی بەڕێکردنی قەیرانەکان کە قەیرانی شارستانی و سەرمایەدارین، بەڵام نە پکک، وە نە هەڤاڵانی هەنگاوێکی جدییان نەناوە. نەوەک بەتەنیا بۆ جێبەجێکردنی بەشێکی کەم لەو پارادێگمایە، بەڵکو بۆ تێگەیشتنیشی. لە غیابی ئەودا، تا ئێستاش سیستێمەکە حزبیە، “حزبیش کەرەستەیەکی دەوڵەتی-نەتەوەیییە”، تا ئێستاش کولتووری مەکتەب سیاسی هەیە کە دەتوانێ دەستەڵاتی بڕیاردان قۆڕخ بکات، توێژێک بە بنەما بگرێ و توێژێک پەراوێز بکا یان هەرهیچ نەبێ کولتووری مەکتەب سیاسیەکان کە نوخبەیە، ناتوانێ دیموکرات بێ و لە هەمووی خراپتر تا ئیستا کوولتوری سیاسی و ڕێکخراوەیی ستالینیزم بەلاوە نەنراوە لە ئاستی کەسە باڵاکان و کادیرانی ناوەڕاستدا.
بۆ بەلاوەنانی ئەو قەیرانانە، پێویستە مرۆڤ لە سفرەوە دەستپێبکات و لە دەروازەیەکی دیکەوە تەماشای جیهان بکات. ئەو سیستێمەی جیهان، ئەو زانست/زانکۆیەی جیهان کە لەژێرکاریگەری پارە/سەرمایەداری و لیبرالیزم دایە، لەگەڵ ئەو مێژووە نوسراوە و خوێندەوە کۆمەڵناسیە، وەڵامی قۆناغەکە ناداتەوە.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
هیوا خۆشناو

ئەرشیڤی بەڕێز: هیوا خۆشناو