عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: ئەم پۆست داتاشینە بۆ، و لەپێناو چیدا؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تاکو ئێستا کەماوەیەکی زەمەنی زۆر نیە، سێ یاریدەدەر بەپلەی وەزیر بۆسەرۆکی حکومەتی هەرێم دیاریکراوە کەبریتین لە؛
1- ئاشتی هەورامی یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباریی وزە .
2- ڕێبازحەملان بۆ کاروباری وەبەرهێنان و ڕاژە .
3- محەمەد حاجی بۆک اروباری تەندروستی و کوالێتی خۆراک و دەرمان.
لێرەدا چەندپرسیارێک دێتەپێش وپێویستیان بەوەڵامە:
1- لەبری بچوکردنەوەی حکومەت و کابینەی نوێ، زیادکردن و داتاشینی ئەم پۆستانە بۆ ؟ و لەپێناوچیدا ؟
2- کەدەستەی وەبەرهێنان و دەستەی پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری و وەزارەتی تەندروستی هەبن ئەم پۆستانە چ خزمەتێک زیاتردەکەن و، چ داهێنانێک پێشکەش دەکەن.
3- باشە وڵاتێکی وەک تورکیا کەژمارەی دانیشتوانەکەی زیاترە لە (۸۰) ملیۆن کەس بۆبە (۱٦)وەزارەت بەڕێوەدەچێت، یان وڵاتێکی زلهێزوگەورەی وەک چین کەژمارەی دانیشتوانەکەی (۱٥۰۰۰۰۰۰۰۰) یەک ملیاردو پێنج سەد ملیۆن کەسە بۆبە (۲۱) وەزارەت وچەند دەستەیەک کاروبارەکانی بەباشی ڕاییدەکرێت، بەڵام لەم هەرێمی کوردستانە کەدانیشتوانەکەی ناگاتە (٦) شەش ملیۆن کەس نزیکەی (۲۰) وەزارەت وچەندین دەستەی هەیە و پۆستی هاوشێوەی دەستەی بەپلەی وەزیر بۆدادەتاشرێ، کەچی قەیران و تەنگەژەکان لەبری نەمانیان هەرزیاد دەکەن .
4- باشە دانان وفەرماندەرکردنی ئەم یاریدەدەرانە بۆ دەستبەکار بونیان لەنێو هیچ خاڵێکی ڕێککەوتنەکانی نێوان پارتی ــ یەکێتی ، و پارتی گۆڕاندا هەبوون ؟
5- ئەوەی لەنێوان ڕێککەوتنی پارتی ــ گۆڕاندا هەبوەوبەخاڵیش ئاماژەی بۆکراوە پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بوە بۆ چاکسازی، بەڵام وا سێ یاریدەدەر دانران و فەرمانی دەستبەکاربونیان بۆ دەرچوێنرا کە پێویست نین، کەچی پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری چاکسازی کەپێویستیەکی هەنوکەییەو پشکی گۆڕانە بێدەنگەی لێکراوەو فەرمانی دەستبەکاربونی بۆ دەرنەکراوە.
بۆیە ناکرێت بۆڕازیکردن ودڵنەوایی کردنی چەندکەسێک پۆستی جۆراوجۆرو ناپێویست زیادبکرێت و دابتاشرێت .
لەکاتێکدا چەندین ساڵە بڕیاری دامەزراندنی ئەنجومەنی پاراستنی مافی بەکاربەر دەرچوەو دانەمەزێنراوە، و نزیکەی پێنج ساڵیشە بەیاسا سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەکان لەپەرلەمان دەرچوەو هەر دروستنە کراوە.
وە پێویستە پەرلەمان و فراکسیۆنەجیاوازەکانی نێوپەرلەمان لەسەر ئەم بابەتە قسەیان هەبێت و بێنە دەنگ، چونکە هەرێمێکی بچوک بەڕووبەرو ژمارەی دانیشتوان چیدیکە پێویستی بەپۆستی ناپێویست و ڕێگر نیە. چونکە گەروابڕوات ئەوا ڕەنگە بۆ هەر وەزارەتێک یاریدەدەرێکی سەرۆکی حکومەتی بۆ دابنرێت و ئەوساش هێندەی تر ڕۆتینات و گەندەڵی زیاددەکات، لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە بودجەیەکی زۆریش بەهەدەر دەدرێت لەپێناویاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت