ئارام عەلی عەزیز: ترەمپ، چى گوت و چۆن گوتى؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە ئاماژەدان بەوەى، کە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر جۆرە دابەشبوونێک لە جیهاندا هەیە، لە نێوان ئەوانەى، کە وابیردەکەنەوە فەرمانڕەواییان بەسەر ئەوانى دیکەدا کارێکى قەدەریەو، ئەوانەیشی (میللەت و نەتەوانەى)، کە دەیانەوێ خۆیان حوکمڕانی خۆیان بکەن. ترەمپ لە وتارەکەیدا، لە خولی 74 مینى کۆبوونەوەى ساڵانەى نەتەوەیەکگرتوەکان، کە 38 دەقیقەى خایاند. سەرگوزشتەى ململانێی مێژوویی نێوان خێروشەڕو قۆناغە جیاجیاکانى بەبیرهێناینەوەو. خۆیشی وەکو فریادڕەس نیشانداو، تەئکیدى لەوەیش کردەوە، کە ئەو وەکو سەرۆکێکى هەڵبژێردراوى ئومەتەکەى ئازادیی و سەربەخۆیی و خۆبەرێوەبردن لەسەرووى هەموو شتێکەوە دەبینێت. ترەمپ کاتى ئێستاى بە کاتى تەحەدیات و گرەوە گەورەکان و ئەگەرە روونەکان وەسفکردو، تیایدا (لە دواساتەکاندا ) وەکو سەرەتا پێداگری لەسەر درێژەدان بە شێوازى ژیان و پاراستنى بەهاو دابونەریتە ئەمریکیی و خۆرئاواییەکان کردەوە، کە دواتر لە ژێر ناوى ئازادیی و دیموکراسیدا چریکردەوە لە پێویستى بە تاوان دانەنانی رەگەزبازیی لە ئاستى گڵۆباڵ و شەرعیەتدان پێی و پاراستنى پیاوانی ئایینی و ئازادیی ئایینیی و موعتەقەدو تواناسازیی ئابووریی ژنان و لەبارنەبردنى منداڵ.
ترەمپ لە وتارەکەیدا راشکاوانە شکستهێنانى عەولەمەى ئەمریکاى راگەیاند، کاتێک ئاماژەى بەوەدا کە ئایندە بۆ گلۆبالیستی نیە، بەڵکو بۆ نیشتیمانیی و( پاتریۆتیک)یەو گەڕانەوەى وڵاتەکەیشى بۆ ناسنامە نیشتیمانیەکەى ئەمریکا تەئکیدکردەوەو، گڵۆبالیزمیشی وەکو هۆکار لە ڕووى بازرگانیەوە بۆ قازانجی چین و زەرەری ئەمریکا گەڕاندەوە. لەو بارەیەوە گوتى: ( ئەگەر تۆ ئازادیت بوێت، پێویستە شانازیی بە وڵاتەکەتەوە بکەیت، ئەگەر دیموکراسیشت بوێت پێویستە سەروەریت بپارێزیت، ئەگەر ئاشتیشت ویست ئەوە دەبێت نەتەوەکەى خۆت خۆشبوێت ).
ترەمپ ئێرانى تاوانبارکرد بە پەلاماردانى ئارامکۆى سعودیەو، هەڵگیرسیاندنی جەنگى یەمەن و، پشتیوانى تیرۆرو سوریاو. داواى لە دەوڵەتە عەرەبیەکان کرد ببنە هاوپەیمانى ئیسرائیل. تەئکیدیشیکردەوە، کە ئەوان هەرگیز رازی نابن بە سیاسەتى ئەنتى سامیتیک و، رووبەڕووى دەبنەوە. بە تایبەت، کە ئێران – ئیسرائیل بە دوومەڵێکى شێرپەنجەیی وەسفدەکات و، 40 ساڵیشە داواى مەرگی ئەمریکا دەکات و، هەوڵى بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمیش دەدات. لەبەر ئەوە داواى لە هەموان کرد رێگری لە ئێران بکەن.
چین ئامانجێکى دیکەى وتارەکەى ترەمپ بوو، کە بە دزینى مافی خاوەندارێتى فکریی و، یاریکردن بە دراوو تۆمەتبارى کردو، داواى گۆرینى رێکخراوى بازرگانى جیهانی کرد. هەروەها بە هۆکاریى داخستنى 60 هەزار کارخانەى ئەمریکیشی دانا.
ترەمپ لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا پەلامارى فەنزوێلاى داو، کوباى بە پشتیوانیکردنى تۆمەتبار کرد. هەروەها دواتریش تەئکیدى لە گرنگى سیاسەتى قەدەغەکردنى کۆچبەریی لە مەکسیک و دەوربەری کردەوە.
ترەمپ هەموو ئەمانەى لە وتارەکەیدا گوت، بەڵام ئەوەى، کە نەیگوت: ئیعلانکردنی جەنگێکی سەربازیی گەورەیە دژ بەخۆرهەڵاتى ناوەڕاست و گەلانى ناوچەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت