شەنگار سابیر: چوار بکوژ لە فیاتێکدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نیوەڕۆیەکی گەرم وەک ھەمیشە. نیوەڕۆیەکی مات و بێدەنگ، کە زیاتر لە تابلۆیەکی دزراوی ئێمپرسیۆنیستی دەکات و ھیچ بە ھانەیەک نادات بەدەستەوە، کە ھەستبکەیت دەبێت تیایدا بژی. نیوەڕوان دەبێت بەشەر بمرێت و ئێواران… شەوان زیندوو بێتەوە. بەڵام… نا… لێرە شەوان زیاتر گەرمتر و ترسناکترە، وەختێک گەرما و تاریکی و بێدەنگی پێکەوە کۆدەبنەوە جەھەنەم دەخوڵقێنن.
ئێستا بەناو ئەم شەقامە گەرم و بێدەنگەی ھاویندا، لەناو فیاتێکێکداین. فیاتێک، کە دەکرێت ھەرکەس بیبینێت ڕاستەوخۆ موسافیرانی جەھەنەمی بیر بکەوێتەوە. شۆفێرەکە زیاتر لە سیانەکەی ترمان ئارەقی دەردەدا. ھەموو کات ھەروا بوو، بەجۆرێک ئارەقی دەردەدا کە بەھانە بوو بۆ ھەر پۆلیسێک گومانی خراپ بکات و بتوانێت دەستگیرمان بکات!
نا. ببورن دەبێت بە جۆرێکیتر قسەکەم دەر ببڕم، ڕاستە ئارەق کردنەوەی بەردەوامی شۆفێرەکە بەھانەی گومانی ھەر پۆلیسێکی توڕە و برسی نیوەڕوان بوو، بەڵام ئێمە؟ نا. ئێمە لەو کەسانە نین ڕێگابدەین بگیرێین.
خێرا دەڕۆشتین. ئێستا لەسەر شەقامی سەرەکی < خیسۆس ماریاین> من لەنێو فیاتەکەدا جگەرەیەک دادەگیرسێنم، سێ کەسەکەی تر بەدوامدا جگەرە دادەگیرسێنن. دەستدەکەم بەناو ئێلەکە کاوبۆیەکەمدا و چارەکێک تەکیلا دەردەھێنم و دەینێم بەسەرمەوە، سێ کەسەکەی تر لە گیرفانی ئێلەکەکانیاندا چارەکێک تەکیلا دەردەھێنن و یەکراست فری دەکەن.
شۆفێرەکە دەڵێت: ئەو چوار کەسەی ئیمڕۆ کوژران دەبێت لە شوێنێکدا فڕێیان دەین. کەسی دووەم لە تەنیشت شۆفێرەکەوە دەڵێت، تا دەگەینە بیابانەکانی < سان خۆسێ کالیگوایی> باسی کوژراوەکان مەکە، لەوێ فڕێیان دەدەین. کەسی سێھەم لە پشتی کەسی دووەمەوە دەڵێت: پێش ئەوەی کوژراوەکان فڕێ بدەین دەمەوێت لە باری < دی لا ئیسیلا> لابدەێت، دەبێت جارێکیتر ئەو قەحپەیە ببینم!. ھەموومان
بێدەنگ بووین. جگەرەیەکی ترم داگیرساند و سێ کەسەکەی تر بەدوامدا جگەرەیەکیان داگیرساند. بیرم لە قسەکەی کەسی سێھەم دەکردەوە، دەبێت لە وەھا کاتێکدا کێ بیری لای سۆزانیەک بێت؟
گەرما تا دەھات زیاتر دەبوو، وەک ئەوەی شتێک بیەوێت ھێزی خۆی بەسەر ھەندێک بوونەوەری بێکەڵکدا تاقی بکاتەوە، گەرماکە وەھا تینی خۆی بەسەر ئێمەدا تاقی دەکردەوە.
دەگەیشتینە بیابانە پر لە کاکتۆزەکان. ئەو سەرزەمینەی لەھەر شت زیاتر دەتخاتەوە بیری ئەوەی کە تۆ تاوان باریت. پانتاییەکە، کە ھیچ یاساییەکی لێنیە جگە لە بێدەنگی و بەتاڵی. وەک بەتاڵی ناوەوەی مرۆڤ.
لە شوێنێک دەوەستاین. ھەرچوارمان پێکەوە دادەبەزین، وەک ئەوەی ھەرچوار مان یەک مەخلوق بووبین و بەھۆی ھەڵەیەکی ماترێکسەکەوە جیا بووبێتینەوە، لەبەردەم سندوقی فیاتەکەدا دەوەستاین.
شۆفێرەکە سندوقەکەی دەکردەوە و چوار تەرمی تێدا بوو. تەرمەکان تەرمی خۆمان بوو. یەکەم کەس شۆفێرەکە تەرمەکەی خۆی ھەڵگرت و بردی. پاشان کەسی دووەم و جا کەسی سێھەم و دواتریش من.
تەرمەکانی خۆمان فرێدا. تەرم گەلێک بوون، کە ئێمە بووین. خۆمان بووین خۆمان کوشتبوو. ئێستا داواکراوین لەلایان پۆلیسەوە. لەھەر شوێنێک بگیرین دەزانم لە سێدارە دەدرێن بە تاوانی ئەوەی خۆمان کوشتووە و تەرمەکانیشمان لە بیابانە ترسناکەکانی سان خۆسێ دا فڕێداوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت