عەتا قەرەداخی: عێراق بەرەو کوێ؟

ئاشکرایە ئەو دەوڵەتە نوێیەی کە بە بەرنامەی دوژمنی گەلان ئیمپریالیزمی بەریتانیا بەناوی عێراقەوە پێشی سەدەیەک درووستکرا، هیچ بنەمایەکی پێکەوەژیانی تێدا نەبوو، چونکە لەسەرەتاوە لە دوو پێکهاتەی دژو دوژمنی یەکتر پێکهێنرا […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئاشکرایە ئەو دەوڵەتە نوێیەی کە بە بەرنامەی دوژمنی گەلان ئیمپریالیزمی بەریتانیا بەناوی عێراقەوە پێشی سەدەیەک درووستکرا، هیچ بنەمایەکی پێکەوەژیانی تێدا نەبوو، چونکە لەسەرەتاوە لە دوو پێکهاتەی دژو دوژمنی یەکتر پێکهێنرا کە زۆرینەی شیعەو کەمینەی سوونە بوون، پاشانیس لەبەر چەند هۆکارێک کە سەرەکیترینیان درووستکردنی هاوسەنگی بوو لە نێوان شیعەو سوونەدا، ولایەتی موسڵی پێوە لکێندرا کە پێشتر لە رێکەوتننامەی سیڤەردا لە بەندەکانی ( 61 ، 62 ،63) مافی سەربەخۆیی بۆ ئەو بەشەی کوردستان دیاریکرابوو کە لە سنووری ولایەتی موسڵدا بوو. باشووری کوردستان کە کوردی سوونەی شافیعی مەزهەبن، بە پیلانی بەریتانیا خرایە سەر ئەو عێراقە نوێیەی کە درووستکرا، ئەویش بە مەبەستی دروستکردنی هەسەنگی مەزهەبی. لێرەدا جیاوازی ئیتنیکی لە پێناوی جیاوازی مەزهەبیدا پشتگوێخراو بەوەش کورد لە باشووری کوردستان لەو کاتەوە بۆ ئێستا باجی ئەو پیلانە دژ مرۆییە دەدات کە بەریتانیاو فەرەنساو دەوڵەتانی تری بڕیاربەدەست لە سایکسپیکۆوە تا دروستکرنی دەوڵەتی عێراق و لەوێشەوە تاکو ئێستا بەدژی کورد جێبەجێی دەکەن.
بێگومان ئینگلیزەکان لە رێگای میشنەرەکانیانەوە لێکۆڵینەوەی کەسێتی و ئاستی پێگەیشتن وتێگەیشتن و تواناو لێهاتوویی و شیان بۆ بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری شیعەو سوونەی عێراقیان کردبوو، باش لەوە تێگەیشتبوون کە شیعە هەرچەندە زۆرینەش بن بەڵام نوێنەرایەتی بەدووی عەرەبی و خێڵایەتی سەرەتایی عەرەبی دەکەن، دیارە سوونەش لەو دەمەدا زۆر لە شیعە باشتر نەبوون، رەنگە هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی بووبێت کە ئینگلیزەکان لە حیجازەوە مەلیک بۆ دەوڵەتە نوێیەکەیان هاوردە بکەن، کە دیارە ئەویش سوونە مەزهەب بوو. هەر لە دروستکردنی ئەم دەوڵەتەوە سوونەی عەرەب و تەنانەت هەندێ کوردیش لە پنتە سەرەکیەکانی ئەم دەوڵەتەدا بەشدار بوون. لە دوای روخاندنی پاشایەتیش تا ساڵی 2003 سوونە دەسەڵاتداری عێراق بوون. واتە ئەوەی لە عێراقدا دەوڵەتداری کردووەو تا ئەندازەیەک بووەتە خاوەنی کەلتووری بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری سوونە بوون نەک شیعە. تەنانەت ئەو کەسێتیە شیعانەشی وەکو تاکەکەس پێگەیان لە دەوڵەتی عێراقیدا هەبووە شیعەی ئەفەندی یان عیلمانی بوون نەک شیعەی تەڕبووش بەسەرو پاشکۆی مەرجەع و ئەوانەی تاکو ئیستا بۆ کوشتنی حسەین دەگرین و لەخۆیان دەدەن.
کاتێ ئەمەریکیەکان رژێمەکەی سەدام حسێنیان روخاند، بنەمای هەشتا ساڵی دەوڵەتداری عێراقیان هەڵوەشاندەوە کە ئەوەش تەنیا لە هەڵوەشاندنەوەی سوپاو ئاسایش و هەواڵگری و هێزە چەکدارەکانی تری عێراقدا کۆتایی نەهات، بەڵکو تەنانەت دەزگاکانی بەرهەمهێنانی کارەباو پرۆژەکانی ئاوی خواردنەوەو خزمەتگوزارییەکانی تریشی گرتەوە. واتە ئەوەی ئەمەریکیەکان کردیان راستە رزگارکردنی عێراق بوو لە کوشتوبڕی سەدام حسەین، بەڵام وێرانکردنی عێراقیش بوو، هەڵوەشاندنەوەی بنەمای بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری ئەو دەوڵەتە ناچیزەیە بوو کە بەریتانیەکان دروستیان کرد. لەم رووەوە ئەمەریکیەکان هیچ شارەزاییەکیان نەبوو سەبارەت بە عێراق و کەلتووری شیعەو سوونەو لەسەر بنەمای ئەو بەناو دیموکراتیەی کە ئەمەریکا بۆ جیهان داوای دەکات کە دەنگی زۆرینە بڕیار دەدات، عێراقیان دایە دەستی شیعەو وایانزانی ئیتر هەموو شتیک تەواوە، ئەگەرچی گومانی ئەوەش دەکرێت کە لە بنەوە ئەمەریکاو ئێران رێک بن و جوڵەکانی ئێران لەسەر داخوازی ئەمەریکا بێت بۆ پێدانی پاساو بە ئەمەریکا هەروەک ترامپ گوتی بۆ دۆشینی سعودیەو دەوڵەتانی تری کەنداو. بەڵام ئەگەر ئەم گریمانە لەبیر بکەین، ئەوا دەبێ وەها بڕوانین کە پێدەچیت دوای پانزە ساڵی فەرمانڕەوایی شیعە لە عێراقداو دوای تاقیکردنەوەی سێ سەرۆک وەزیرانی شیعەی خاوەن لیست و دەنگ کە هەرسێکیان سەربە حیزبی دەعوەی ئیسلامی بوون، عێراق بەتەواوەتی کەوتە ژێر هەژموونی ئیرانەوەو ئەمەریکا رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەما لە عیراقدا.
دیارە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دەدا، سەرباری هەوڵی زۆری ئەو لیستانەی کە زیاترین کورسییان هێنابوو بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیران و تەنانەت سەروک پەرلەمان و سەرۆک کۆماریش، بەڵام هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق درا بە سێ کەس کە یەکەمیان واتە سەرۆک وەزیران نە لیست و نەکورسی هیچیانی نەبوو، دوو سەرۆکایەتیەکەی تریش بەهەردووکیان ژمارەی کورسیەکانیان بەقەد کورسیەکانی نەوەی نوێ بوو. کەواتە کێ ئەمانەی دانا؟ لێکدانەوەکان پێمان دەڵێن ئەوە ئەمەریکیەکان بوون ملیان بە مالیکی و عامری و سەدر و عەماری حەکیم و عەبادی رەجیم و جبوری و نوجەیفی و ساڵحی موتڵەگ کەچکرد. ئەوەی گوێرایەڵی ئەمەریکیەکان نەبوو، یان لە قسەو ئیشارەتەکانیان تێنەگەیشت یان نەیویست تێبگات، پارتی بوو کە بەربژێرەکەی بۆ سەرۆک کۆمار بەدۆڕاوی هۆڵی پەرلەمانی بەجێهێشت. کەواتە ئاشکرایە چۆن ئەو سێ سەرۆکایەتیە هەڵبژێردران. دیارە ئەگەری زۆریش هەیە کە ئێرانیش وەکو دەوڵەتی خاوەن هەژموون بەسەر عێراقدا سەری بۆ دانان ئەم سێ کەسە لەقاندبێت.
هەڵبەت مەبەستی ئەمەریکیەکان لەم کارە بەحیسابی خۆیان دەرهێنانی عێراق بووبێت لەژێر هەژموونی ئێران، بەڵام لەم رووەوە عەقڵی ئیرانی خاوەن کەلتوورو شارستانێتی ساسانی و ئەخمینی کە توانیوێتی شیعەگەرێتی بخاتە خزمەتی ئێرانچێتیەوە، لە عەقڵی هەمەجێتی و پراگماتیکانەی ئەمەریکیە بێ رەگورێشەکان وردتر بوو بۆ پاراستنی هەژموونی خۆیان بەسەر عیراق و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراستدا. ئێستا پێدەچیت ئەمەریکا گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی کە عادل عەبدولمەهدیش کە دوا ئومێدی ئەمەریکیەکان بوو بۆ دەرهێنانی عێراق لەژێر هەژموونی ئێران، ئەو توانایەی نەبێت و لە راستیشدا عادل عەبدولمەهدی لە ماوەی ساڵێکی سەرۆک وەزیریدا لە هیچ ئاستێکدا نەیتوانیووە هەنگاوێکی لەبەرچاو بنێت، لە رووی خزمەتگوزارییەوە عێراق وێرانەیە، لە رووی سەروەریشەوە ئەمەریکیەکان چەند جاریک رایەنگەیاند بەغدا وەکو پایتەختی دووەمی ئێران وایە، واتە ئێران عێراق بەڕێوەدەبات و عیراق هەرچی سەروەری بێت نیەتی.
ئەگەر پشت بەم بۆچوونانەی سەرەوە ببەستیەن ئەوا دەبێ وای لێکبدەینەوە: راستە خەڵکی عێراق بێزارن لە کەموکورتیەکان و لە ناکارایی حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان، بەڵام لەوە ناچیت ئەم خۆپیشاندانانەی ئێستا عەفەوی بن، بەڵکو پشت و رێکخەرو رێنیشاندەریان هەیە کە ئەویش پێدەچیت ئەمەریکا بێت! ئایا ئەگەر ئەمەریکیەکان لەپشتی ئەم خۆپیشاندانانەوە بن مەبەستیان چیە؟ ئاماژەکانی پشتی پەردە کە هێشتا ئاشکرا نین پێمان دەڵێن لەوە دەچێت ئەمەریکیەکان گەیشتبنە ئەو بۆچوونەی کە کاتی خۆی حوسنی موبارەک بە پریمەری گوتووە ” عێراق نابێت بە دیموکراسی، بەدوای دیکتاتۆرێکی عادیلدا بگەڕین بۆ عێراق”. هەروەک ئێستا گوێمان لەوە دەبێت باسی گۆڕینی سیستێمی فەرمانڕاوایی عێراق لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی دەکرێت. ئەمەس بۆ ئەو بۆچوونەمان دەبات کە ئەگەری ئەوە هەیە ئەمەریکیەکان هەمان سیناریۆی هێنانی سیسی بۆ شوێنی محەمەد مورسی لە عێراقدا دووبارە بکەنەوە. بەوەش سیستێمێکی بەهێز لە عێراقدا دروست بکەن و کۆتایی بە ئەزموونی شکستخواردووی تائیفی و مەزهەبی پرۆئێرانی بە ناوی سیستێمی پەرلەمانیەوە بهێنن. هەر ئێستا دەرکردنی ساعیدی و گەورەکردنی ناوی وەکو ئەفسەرێکی پلەبەرز بەرەو ئەو بۆچوونەمان دەبات کە دەشێ ساعیدی ببێتە سیسی عیراق. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە وەکو کورد ئەگەر رەوتی رووداوەکان بەم شێوەیە رۆیشت ئایا کورد وەکو خۆی دەمێنیتەوە یان کاریگەری ئەم رووداوانە لەسەر کورد چی دەبێت و دەبێت کورد چی بکات؟

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
عەتا قەرەداخی

ئەرشیڤی بەڕێز: عەتا قەرەداخی