بەهرۆز جەعفەر: بەرەو دروستکردنی ڕووداوە گەورەکە: ئێستا کاتی سەربەخۆیی کوردستانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەبارەی دروستبونی « ڕووداو- Event» ەوە کە چی یەو بۆچی دروست ئەبێت!؟. مارکس ئەڵێت، هەندێ ڕۆژ هەیە ڕووداوێک رووئەدات، کە ئاوسە بە گرمۆڵەبونی سەت ساڵی پێش خۆی، هەندێ جاریش لە سەت ساڵدا تەنها ڕووداوێک رووئەدات. تێگەیشتنی ئەم نوسینە بەرانبەر مێژوو وەهايه، کە ڕووداوەکان خانە پێکهێنەرەکانی مێژوون. مێژوو جەنگ و ململانێیە لە پێناو بون و مانەوەدا. ئەمە ساتەوەختێکی مێژووییە، کە هەستەکەم بەم دێڕانە گڕی هەزاران ساڵەی گەلێکی بێدەوڵەت دائەمرکێنینەوە:

بە تەڵە شقارتەیەک دارستانێک گڕ ئەگرێت
کورد پێویستی بەوەیە هەرچی ڕق و کینەو بوغزی ساڵانی ڕابردووە بیخاتە لاوە. لەسەر پێ بێت بۆ سەندنەوەی ئەو حەقەی، کە ئێستا کاتیەتی.. ئەمە کاتە ڕاستەقینەکەیە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و هەڵسانەوەی کوردستان. دەوڵەتی عێراق هەرگیز نابێتەوە ئەو دەوڵەتەی کە لە پێش 1 تشرینی یەکەمی 2019 هەبو. مرۆڤ ئەگەر ناحەزێکی هەبێت لەکاتێکدا ئیشی لەسەر ئەکات کە لاوازە نەک ئەو ڕۆژ دوای ڕۆژ بەهێز بێت و تۆش ئیدارەو ئامادەکارییەکانت وەک پێویست نەبێ. ئیمڕۆکە لە دەشتی نەینەواوە تا ئەگاتە خانەقین خامۆشە. لە بەغداوە تا ئەگاتە بەسرە حکومەت نەک هەر لاوازە بەڵکو نەماوەو، گەلێکی توڕە شەقامەکانی داگیرکردووە. لەناو خۆپیشاندانەکانیش هێزی دیکە هەن بۆ ئامانجی خۆیان.
ئێستا کاتیەتی گەلی کورد، هاوڵاتیان شەقامەکانی کوردستان بتەننەوە داوای سەربەخۆیی بکەن، بۆ ئەوەی ئەو سەرکردایەتیە دوو حیزبیەی لە کوردستانی باشور هەیە ملکەچ بن بە داواکانی خەڵک و، بێنە ژێربار. ئەمە ساتە وەختێکە کە بە تەڵە شقارتەیەک دارستانێکی گەورەو بەرین ئاگر ئەگرێت. یەکپارچە کوردی ڕۆژئاواو باکووریش ئەبنە پشتیوانی ئەم دەوڵە سەربەخۆیە. ساتەوەختێکە ئەردۆگان لەشەڕێک ئەگەڕێ لە دەوروبەر کە کەوتن و لەرزینی خۆی لەناوخۆی تورکیادا بیر بباتەوە. ئەردۆگان هەرچی بباتەوە ئەوە ناباتەوە کە بێتە ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە بڕیاری کۆتایی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی دەریای سپی: ئیسرائیل و میسر و قوبرس و یۆنان بەپاڵپشتی ئەمریکاو ناتۆ وایە کە تورکیا هیچ ڕۆڵێکی نابێت لە هیچ سوچێکی دەریای ناوەڕاست دا.
لەم ساتەوەختەدا بۆ ئێران، بەغدا گرنگە، بەسرە گرنگە یان گرنگترە لە هەرێمی کوردستان، کە ئێستا تەواوی فۆکەسی ئێران لەسەر بردنەوەی بەغدایە.
گەورەترین مەغزای پشت بەیاننامەکەی کۆشکی سپی کە لە کاتژمێر 11ی شەوی 6 ی ئۆکتۆبەری 2019 ترامپ بەناڕاستەوخۆ بڕیار ئەدات ڕۆژئاوای کوردستان بداتە دەست هێزەکانی تورکیاوەو داگیری بکات. ئەمە تەنها کارتێکی کاتیە وەک کاردانەوەو هەڕەشەیەکی ئەمریکا بەرانبەر سەرکەوتنەکانی ئێران لە بەغدا و لە ئاڕاستەکردنی خۆپیشاندانەکان. چونکە تورکیاو ئێران بەرژەوەندییان هەیەو، بۆیە ئەمریکا ئەم کارتە نیشانی ئێران ئەدات.
دووریش نییە ئەگەر ئێران لەبەغدا سەربکەوێت و حکومەتەکە بڕوخێ و، تورکیا ڕۆژئاوا داگیر بکاو، داعش بگەرێتەوە. بۆیە ئەمە ساتەوەختێکی ترسناک و پڕ تەحەددایە، بەهەمان ئەندازەش دەرفەتێکی گەورەی لەگەڵ خۆی هێناوە.
وتویانە « تا ئاقڵ بیری کردەوە شێت لە ئاوەکە پەڕییەوە» تا ئێران و تورکیا وان، تا عێراق ئەمە دۆخەکەیەتی، با لەم ئاوە بپەڕینەوە.
میللەتی کورد پێویستە ڕاپەڕێت بۆ سەربەخۆیی، سەربەخۆیی کات و تەوقیتی خۆی هەیە، ئەمە فاکتەری یەکبونە، فاکتەری چاکسازی ڕاستەقینەیە، ئەگەر میللەت ئێستا ئەمە ناکات ئەبێ چاوەڕێ بێت ڕۆژانە کوڕی بەرپرس و سەرکردایەتیەکان بە کیلۆ تلیاک و ماددەی هۆشبەری لە سنورەکانەوە بۆ بهێنن و، خەریکی تەخدیرکردنی کۆمەڵگاکە بن، ئەبێ چاوەڕێ بکا سبەی داعش بێتەوەو بە ئیرادەیەکی تێکشکاوەوە کەس لە ڕقی ئەوەی تر ڕووبەڕووی نەبێتەوە.
تا ئێستا دەوڵەت لە زانست و تیۆری ناو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا بەهێزترین ئەکتەرە، یانی ئەوەی دەوڵەتی نەبێت ڕۆڵ ناگێڕێت. ئەگەرچی جێی داخیشە ئەوەنە ساڵە کورد وەک نەیتوانی دەوڵەت وەک ئەکتەر بەرجەستە بکات، تەنانەت نەشیتوانی چوار دەستگای لێکۆڵینەوە وەک ئەکتەری – نادەوڵەتی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهان بخاتە سەرپێ و ڕۆڵ بگێڕێت، لۆبی بۆ بکات، لە مەترسی و دەرفەتەکان ئاگاداری بکاتەوە، ڕای گشتی جیهانی ختوکە بدات و…تادوایی.
لەبارەی نەوتەکەی کوردستانەوە، هەرێمی کوردستان لەپاڵ شاخەکانەوە ئەتوانێت لەسیاسەتی هەرێمایەتی دا ڕۆڵ بگێڕێت، باشور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕێگەی ئایندەی بۆڕی کوردستانن بۆ سەر دەریای ناوەڕاست.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت