نەوزادى موهەندیس: ئەو ( 7) ڕۆژەى عێراقى هەژاند!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراق لەدواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى صدامیەوە لەساڵى 2003وە، کە تائێستا 16 ساڵى ڕێکى تێپەڕاندوە. هیچ کات و سات و ساڵێکى تێپەڕنەکردوە بە ئارامى و خۆشگوزەرانى، دوور لە کێشە و شەڕى ناوخۆیى و ئاینى و مەزهەبى و نەتەوەیى ، دوور لە جەنگى دژى تیرۆریستانى داعش، دوور لەململانێ لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ لە ئێران و تورکیا و سعودیە و سوریاو…هتد. دوور لە ململانێکانى وڵاتە زلهێزەکانى ئەمریکا و ڕوسیا و ئەوروپیەکان. دوور لە ململانێ ناڕەواکانى نێوان سەرکردە سیاسى و حیزبە سیاسیەکانى عێراق، دوور لە ململانێ و کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغداد. بەمشێوەیە عێراقى نوێ تەنها دوور بووە لە وێنە و بڕیارەکانى صدام حسێن. ئەگینا زۆرجاران لە سەردەمى بەعسیەکان خوێناویتر و مەترسیدارتر بووە بۆ سەر هەموو پێکهاتەکانى عەرەبى (سونە و شیعە) و کورد و تورکومان و مەسیحى و… ئەوانى تریش.
عێراق وەک ئەوەى، کە نەفرەتى ئەزەلى لێکرابێت لەلایەن پەروەردگارەوە، کە بەم شێوەیە گیرۆدەى جەنگە یەک لەدوایەکەکان و جەنگ و ململانێ نەبڕاوەکان بێت، هەر لەسەرەتاى مێژووى دروستبونیەوە لە سۆمەریەکانەوە تاکو ئێستا کە زیاتر لە 5 هەزار ساڵە.
عێراق لەگەڵ ئەوەى وڵاتێکى دەوڵەمەندى نەوت و کانزا و سەرچاوەسروشتیەکان و، خاک و ئاوێکى بەپیت و سازگارە و، وڵاتى دوو ڕووبارى بەناوبانگە. بەڵام هیچ کات خۆشگوزەرانى و ڕەفاهیەتى تەواوى بەخۆیەوە نەبینوە و، هەمیشە گەندەڵى و هەژارى و دواکەوتویى و بێکارى و نەخۆشى و نەخوێندەوارى بەرۆکى تاک و کۆمەڵگاکەى بەرنەداوە.
لەم هە فتەیەى، کە ڕابوورد و بەدیاریکراوى لە 1 تا 7تشرینى یەکەمى 2019،عێراق و بەتایبەتیش بەغدادى پایتەخت و شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق بە مەترسیدارترین و هەژاوترین ڕۆژدا تێپەڕبوون بەهۆى خۆپیشاندانە جەماوەریە فراوانەکانەوە، کە لەئەنجامى نەبوونى کار و تەشەنەسەندنى گەندەڵى و نەبوونى خزمەتگوزاریەکانەوە سەریان هەڵداوە، کە بەدرێژایى 16 ساڵى ڕابووردوە بەردەوامیان هەیە و، کە وەک ڕاگەیەنراوە لەو ماوەیەدا زیاد لە 800 ملیار دۆلار لەداهاتى عێراق بەهەدەر دراوە و لەلایەن دەستە و تاقمێکى بچوک و کەمى دەسەڵاتدارانى عێراقەوە بەقازانجى حیزب و سەرکردە و بنەماڵە و، تەنانەت وڵاتانى دەرودراوسێشەوە بەکارهاتوە و کۆمەڵگاى عێراقیشى لێبێبەشکراوە.
ئەم 7 ڕۆژەى عێراق ڕۆژانێکى پڕ مەترسیبوون بۆ سەر تەواوى دەوڵەت و سیستەمى حوکمڕانى لەعێراقدا، چونکە داواى هەڵوەشانەوەى حکومەتى عادل عبدالمهدى دەکرا و داواى پێکهێنانى حکومەتێکى نیشتیمانى دەکرا،داواى دەستلەکارکێشانەوە و چۆڵکردنى کورسى حوکمڕانى هەرسێ سەرۆکایەتیەکەیان دەکرد.ئەم 7 ڕۆژە بەهەق و هەقیقەت بنەماى زۆرێک لە بیربۆچونەکان و تەختى حوکمڕانى عێراقى هەژاند و خستیە لەرزین، بەڕادەیەک وڵاتانى ناوچەکەش مەترسیان لەسەربوو بەهۆى تێکچوون و لێکهەڵوەشانى حکومەتى عێراقیەوە.
سیناریۆکان زۆرن کە کێ و چ لایەن و کام حکومەتى ناوچەیى و زلهێز و سەرکردە و حیزبى سیاسى ناوخۆیى و ناوچەیی و دونیاش لە پشت ئەم خۆپیشاندانەوەن؟ ئایا خۆپیشاندانەکان خۆڕسک بوون و لەئەنجامى پەنگخواردنەوەى توڕەیى و بێزارى و ناڕازیبونى جەماوەر خۆیەوە سەریانهەڵدا و تەقینەوە ؟ یان حیزب و سەرکردە و دەزگاى جاسوسى و وڵاتانى دەوروبەر و دونیاى لەپشتەوە بوون؟ ئایا خۆپیشاندان و ناڕەزایى دەربڕین مافێکى یاسایى و دەستورى نین لە عێراقدا بۆ داواکارى مافە ڕەواکانیان؟ و زۆر پرسى تریش.
زۆر قسەدەکرێت لەسەر ئەوەى کە دەزگا جاسوسیەکانى ئێران و تورکیا و سعودیە و کوێت و ئەمریکا و… هتد. لەپشت جوڵاندان و هاندانى جەماوەرى توڕەى عێراقەوەن لە بەغدادى پایتەخت و 9 گەورە شارى ترى ناوەڕاست و باشووریش. زۆرێکیش واى بۆدەچن ململانێ حیزبى و تایەفیەکانیش ڕۆڵیان هەبوە لە تەقینەوەى خۆپیشاندانەکان لەلایەک لەنێوان حیزب و سەرکردە سیاسیەکانى شیعەکان خۆیان و لەلایەکى تریشەوە کۆنە بەعسیەکان و سونەى عەرەبیش ڕۆڵى کەمیان نەبوە، بەم شێوەیە هەموان و هەریەکە بەشێوەیەک بەشدارن لەو هاندان و تەقینەوە جەماوەریەدا، بەڵام تاکو ئێستاش هیچ کەس و لایەن و سەرکردەیەکى ناوخۆیى و وڵاتانى ناوچەکە و دونیاش بوێرى ئەوەیان نەکردوە کە خۆیان بە لێپرسراو و جوڵێنەرى خۆپیشاندانەکان دەربخەن، هەربۆیەش دواى 7 ڕۆژ لە خۆپیشاندان و وەڵامدانەوەى تاڕادەیەک توندى هێزە سەربازى و ئەمنیەکان و نەبونى سەرکردایەتیەکى دیار و بەهێزیش بۆ خۆپیشاندانەکان، هێواش هێواش بەرەو هێوربونەوە چوو و لەئێستاشدا بەهۆى هەندێ بڕیار و بەڵێنى پەڕلەمان و حکومەتەوە تاڕادەیەک خۆپیشاندانەکان خاوبونەتەوە، بەڵام ماناى کۆتایهاتنیان نیە، چونکە هەموو ئەو بەڵێنانە سەرزارەکین و لەسەر زەمینەى واقع ماوەیەکى لانى کەم 3 بۆ 6 مانگیان دەوێت، کە هاوڵاتیان هەستى پێبکەن و بەقازانجیان بشکێتەوە.
ئاشکراشە هەرچەندە داواکارى خۆپیشاندەران ڕەوایەتى زۆرى تیادایە کە بەشێوەیەکى سەرەکى داواى ( نەمانى گەندەڵى، نەمانى بێکارى، پێشکەشکردنى خزمەتوگوزارى) یان بەرزکردبۆوە و بەشێوەیەکى هێمنانە بەڕێوە دەچوون و هیچ توندوتیژیەکیان لێنەکەوتەوە تا ئەوکاتەى دەستى دەرەکى و پیلانى ناوخۆیش هانیدان بۆ سووتاندنى بارەگاى حیزبە سیاسیەکان و دامودەزگاى حکومى و کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و دواتریش سەرکێشان بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و هێزەکانى پۆلیس لەلایەن قەناێ بەدەستە نهێنى و شارەواکان و لەئەنجامیشدا وەک ڕاگەیەنرا زیاد لە 200 قوربانى و 6 هەزار بریندارى لێکەوتۆتەوە کە ڕەنگە زۆر زیاتریش بێت، جا تا ئەو کاتەى کە خۆپیشاندانەکان هێمن و ئارام بن و دووربن لە توندوتیژى مافى تەواوى هاوڵاتیانە کە داواى مافە زەوتکراو و پێشێلکراوەکانیان بکەن. بەڵام کاتێک کار گەیشتە توندوتیژى و مەترسى گەورەى لێکرا ناکرێت بەخوێنساردى و بەکەمیەوە لێیان بڕوانرێت، هەربۆیە نەدەکرا حکومەت و هێزەکانى سوپا و ئەمنیەکانى تر بێدەسەڵات و تەماشاکەر بوەستانایە.
خۆشبەختانە لە ئێستادا و دواى تەنها 7 ڕۆژ هەموان تێگەیشتن کە لەدەستدانى دەوڵەت و حوکمڕانیە لەرزۆکەکەى بەغداد بەزیانى هەموان تەواو دەبێت، شیعەکان خۆیان گەیشتنە ئەو بڕوایەى ڕووخاندنى حکومەتەکەى عادل عبدالمهدى زیانى گەورە لەپێش هەموانەوە بەخۆیان دەگەیەنێت و زۆر نزیکیشە بۆ هەتاهەتایى دەسەڵاتیان لەدەستبچێت یان لانى کەم بۆماوەیەکى زۆر نەگەنە ڕێکەوتن و عێراق و بەتایبەتیش ناوەڕاست و باشورى شیعەنشین لە هەڕەج و مەرەجێکى بێکۆتادا بمێنێتەوە و ئەوەى 16 ساڵى ڕابوورودشە وەدەستهاتوە لەکیس بچێت، سونەى عەرەبیش هیچ کات عێراقى پڕ کێشە و فەوزا لە قازانجیاندا نیە. چونکە هێندەى تر ڕووبەڕووى مەرگ و کوشتن و بچوکبونەوەى زیاتر دەبنەوە، کوردیش زیانى گەورەى پێدەکەوێت لە ڕووى ئابورى و نەدانى بودجە و موچە و ڕووبەڕووى قەیرانێکى دارایى تر دەبۆوە لەکاتێکدا هێشتا پێویستى زۆرى بەعێراقە و دۆخە ناوچەیى و دونیاییەکەش پشتیوانى لەجیابونەوەى کورد ناکات، کەمینەکانى تریش بەهەمان شێوە زیانى گەورەیان پێدەگایشت.
بۆیە هەموان و هەریەکە لەلاى خۆیەوە بە ئاشکرا و نهێنى کەوتنە خۆ بۆ کۆتایهێنان بەو ئاریشە ئاڵۆزە و هەموان پشتیوانى خۆیان بۆ حکومەتەکەى عادل عبدالمهدى دەربڕى و گەیشتنە ئەو بڕوایەى کە کەسێکى هێمن و لەسەرخۆ و خۆنەویست و پۆست نەویستى وەکو مەهدیان بەزوویى دەستناکەوێتەوە تا کەشتیە شەپڕیوەکەى عێراق لە ناو ئەو دەریا سەرکێشەى پڕ ئاژاوە مەترسیدارەدا بەرەو کەنارى ئارامى ببات. بۆیە بەهەق دەبێت دەسەڵاتدارانى عێراق بەهەرێمى کوردستانیشەوە پەندى گەورە لە توڕەبوون و ناڕەزایى و خۆپیشاندانەکانى هاوڵاتیان وەربگرن و بکەونەوە خۆ بۆ چێکردنى پڕۆسەیەکى چاکسازى ڕاستەقینە و نەهێشتنى دیاردەکانى گەندەڵى و بێکارى و هەژارى و نەبوونى خزمەتگوزارى.ئەگەرنا لە کاتى دووبارەبونەوە و سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکاندا زۆر گەورەتر و فراوانترو مەترسیدارتریش دەبێت و ئەوکاتیش عێراق لەدەست هەموان و بەتایبەتیش عێراقیەکان دەچێت و دەبێتە گۆڕەپانێکى کراوە لەبەردەم یار و نەیارى ناوچەیى و نێودەوڵەتیدا و ئیدى عێراقێکى بەهێز و دەوڵەمەند و خاوەن سەروەرى بونێکى ڕاستەقینەى نامێنێت و دەبێتە بەشێک لەمێژوویەکى ڕەشى درێژکراوەى خوێنڕشتن و کاولکارى و نەفرەتبارانکراو. زۆر دووریش نیە کە هەرێمى کوردستانیش پڕیشکى ئەو ئاگرە بێئامانە بیگرێتەوە و هەمان چارەنوسیش ڕووبەڕوى ببێتەوە و خۆپیشاندانەکانى ساڵانى 2011و دواترى کوردستانیش سەرهەڵبدەنەوە. کە نە عێراق و نەهرێمى کوردستانیش چیدى بەرگەى دۆخێکى ترى نەخوازراو و مەترسیدار ناگرن لەکاتێکدا ناوچەکە بە مەترسیدارترین قۆناغدا گوزەر دەکات بەهۆى ملانێکانى ئەمریکا و ئێران و تورکیا و کورد و عەرەب و ئیسڕائیل و ئەوانى تریشەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت