سامانی وەستا بەکر: باشترین خۆ پارێزی هێرشکردنە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عەرەب و تورک و فارس، هەمیشە لەهەموو کات و زەمەنێکدا نەیارێکی سەرسەختی میللەتی کورد بوون، هەموو کات دەستی داگیرکاریی و قۆرخکارییان درێژکردۆتە سەر موڵک و ماڵ و مێژوویی کورد. زۆر لە مێژەوە کەرەستە بەنرخ و گرنگ و بەبەهاکانی کوردییان بردووە و بە ناوی خۆیانەوە لە مێژوودا یادداشتیان کردوون. هەمووکاتێکیش ویستووسیانە، ناوی کورد و کوردستان لەسەر نەخشەی جیهان بەتەواوەتی بسڕنەوە، هەوڵیشیاناوە مێژوو و زمانی کورد لەناو بەرن و بەتەواوەتیی ناوی کورد نەمێنێ و تەفرو تونا بکرێن.
ئەوەی ئێستا وە پێشتریش ڕووبەڕووی کورد ئەبێتەوانێ هەر درێژکراوەی ئەو مێژوویە کە تا ئێستا ڕێگربووە لە دروست بوونی کیانێکی کوردی سەربەخۆ، خۆ ئەگەر لە هەر کوردێک بپرسی هۆکارەکەی چیە ئەوا بێ سێ و دوو پێت ئەڵێ، ئاخر ئێمە دۆستمان نیەو دۆستی ئێمە تەنها چیاکانە! وەڵامێکی هەڵەو داماڵراو لە هێز و ترسنۆکانەو خۆ بەدەستەوەدان زیاتر هیچ واتایەکی تری نیە.
پێشتر هۆکارەکان هەرچیەک بووبن لە ڕێگری دروست بوونی کیانێکی سەربەخۆی کوردی ناگەڕێینەوە سەری چونکە زۆر باس کراوە، بەڵام بەداخەوە لە باس کردن تێنەپەڕیوەو تا ئەمڕۆش هیچ زانکۆیەک یان هیچ دەزگایەکی لێکۆڵینەوە هەڵنەساوە لێکۆڵینەوە بکات و هۆکارەکان بخاتە ڕوو پاشان چارەسەر و پێشنیار لە دوو توێی پەرتوکێکا بخاتە بەردەست خوێنکاران و لە فێرگەکانا وەک وانەیەک سودی لێوەرگیرێ یان لایەنی کەم لە پەرتوکخانەکا دانرێت و سودی لێوەرگیرێ.
بەڵام گرنگە لە ئێستایا سود لە هەڵەکانمان لە سەدەی بیست و یەکا وەرگرین وەک نزیکترین مێژوو، کە ئایا هۆکار چیە هەر کاتێک لە سەربەخۆی نزیک ئەبینەوانێ ئەوا پلانگێڕی لە دژمان ئەکرێ و بە چەندین ڕێگە ڕێگریمان لێئەکرێ تا کار ئەگاتە خاک داگیرکردن و کۆمەڵکوژیش.
ئەوەی ئاشکرایە کورد وەک نەتەوە هەر وەک چۆن خاکەکەی بەش بەش کراوە هەرواش زمان و کلتوری بەش بەش و لێکدابڕینراوە هەروەک چۆن هیچ بەروبوومێکیشی نەماوە کە یەکێک لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان سودیان لێوەرنەگرتبێ بە سودی نەتەوەکانی خۆیان لە ژێر ناوی تورکی و عەرەبی و فارسیا نەیخەنە ناو بازاڕەکانیانەوە وە هەندێ جاریش بازاڕی جیهانەوە.
لەوانەیە ئەم کارە بۆ هەندێ کەس سانا و ئاسان لێی بروانرێ بەڵام لە ڕاستای یەکێکە لە کۆڵەکە بنچینەیەکانی هێشتنەوەی هەر نەتەوەیەک و هەر ئەوەش وای کردووە ئێمە هەمیشە وەک بەرخۆرێک تەماشا کرێین و هیچ کاڵایەکی وامانەبێ کە لە ژێر ناوی کورد یان کوردستانا تەنانەت لەناو بازاڕە ناوخۆییەکانیشا بفرۆشرێ هەڵبەتە مەبەستم میوەو سەوزە نیە کە ئەمانیش گرنگی خۆیان هەیە.
هەر لەو ڕوانگەیەوە ئەبینین کاتێ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باس لە بوونی کورد ئەکا لە باشترین پیاهەڵدانا ئەڵێت (کورد شەڕکەرێکی باشن) کە لە ڕاستیا ئەمە نەک پیاهەڵدان نییە بەڵکو وەک بێ ڕێزیەکیش وایە چونکە ئەگەر ئەم پیاهەڵدانە بۆ نمونە لە پاڵ چەندین ووشەی وەک نەتەوەیەکی زیرەک، داهێنەر، بەرهەمهێن، زانست دۆست، ژیان دۆست ….هتد بهاتایە ئاسای بوو بەڵام ناساندن و پیاهەڵدانی کورد تەنها وەک شەڕکەر، ئەوا وەک یەکێک لە خێڵە سەرەتاییەکان کە لە جیهانی دەورووبەر دابڕاون تەنها توانایان پەلاماردان و شەڕکردنە کاتێک لێیان نزیک ئەبیتەوانێ ئەمانشوبهێنێ، هەر بۆیە کاتێک سەرۆکی ئەمریکا دووبارە ئەڵێت کورد شەڕکەرێکی باشە بەڵام بەرامبەر چەک و پارە شەڕیان بۆکردووین ئیتر بێ ڕێزی و بەد ڕەوشتی بەرامبەر کورد وەک نەتەوە ئەگاتە ترۆپک، بۆیە ئەبێت کورد بگەڕێ بەدوای ئەوەی کە ناسنامەی خۆی لە جیهانا بە جۆرێکیتر داڕێژێتەوانی.
ئەوەی ئاشکرایە تورکە بە ئەسڵ مەنگۆلێ و تەتەرەکان کاتێ لە چینەوە ڕووینا کردە میزۆپۆتامیا و یۆنانستان لەگەڵ خۆیانا لە چەند ئەسپێک و تفاقی شەڕنەبێ هیج شتێکیان نەبوو بگرە خاوەنی هیچ جۆرە خواردنێکی تایبەت بەخۆشیان نەبوون لە ڕاوشکارو کۆکەدنەوەی سەوزو و گژو گیانەبێ بەڵام بەهۆی داگیرکاری و دەستگرتن بەسەر چەندین وڵاتای جیاجیایا توانیان بەدزی کردن لە کلتوری نەتەوە جیاوازەکان شتێک بۆ خۆیان دروست بکەن بەناوی تورکیەوە کە سەرچاوەکەی داگیرکاری و دزیکردنەوە لە نەتەوەکانی تر کە کورد لەمەیا وەک نەتەوەیەکی بێخاوەن پشکی شێری بەرەکەوێ.
بۆ نمونە لەکۆی دنیایا زۆر خواردن هەیە کە بە خواردنی تورکی ناسێنراوە، بەڵام لە ڕاستیا مافی بە تورکەوە نیە وەک نەتەوەی مەنگۆلی و تەتەری بگرە تا ئێستاش پێی ئاشنا نین، بەڵام ئەوانەی کە ئێستا پێیان ئەوترێ تورک و لە خاکی کورد و یۆنانا دەوڵەتێکیان بەناوی تورکیاوە بۆخۆیان دروست کردووە هەستاون پاشگری (تورکی)ان لکاندووە بەو خورادن و کاڵایانەوە وە لە ئاست بەرگری نەکردنی کوردا کە زۆرترین دزی لە کلتورو مێژووی کراوە تورکە مەنگۆلی/تەتەرەکان ئەو کارەیان بۆ چۆتە سەرو چەسپاندوشیانە.
بۆ نمونە زانراوە کە سەرچاوەی قاوە بەزۆری وڵاتی بەرازیلە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوینیش وڵاتی یەمەن کەچی کاتێک ئەچی بۆ وڵاتێکی عەرەبی لێت ئەپرسن ئەتەوێ قاوەیەکی تورکی بخۆیتەوە! یان تەنانەت لە هەندێ وڵاتی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیش لە قاوەخانەکان ئەڵێن قاوەی تورکیمان هەیە، کە ڕاستەوخۆ بیر بۆ داگیرکاری و دزی کلتوری نەتەوەکانیتر ئەچێ لەلایەن مەنگۆلی/تەتەرەکانەوە(تورک). ئەم قاوەیەی پێی ئەوترێ قاوەی تورکی، قاوەی داری قەزوان و بەنی کوردییە.
بەسەرهاتی سڕینەوەی ناوی یەكێك لە بەناوبانگترین قاوەكانی جیهان (قاوەی کوردی) لە ساڵی 1850ز بۆ 1930ز ئەم قاوەیە هی کوردە. ئەم قاوەیە لەناوچە شاخاویی و ناوچەو کوردییەکانی باکوری کوردستانەوە بەرهەم دەهێنرێت و هەناردەی وڵاتی فەرەنسا کراوە، پاشان بووە بە قاوەیەکی براندی جیهانی. پێکهاتەی قاوەکەکە لە دارەبەن دروستدەکرا و تاموو بۆن و بەرامێکی بێشومار خۆش و سەرەنجڕاکێش و سروشتی هەبووە.کورد پێیان دەگوت قاوەی (قەزوان) و فەرەنسی و وڵاتانی تریش پێیان دەگوت (قاوەی کورد)ی. قاوەکە لە دارەبەن ئامادەدەکرا، دارەبەن بێجگەلە بنێشت قاوەشی لێدورست دەکرێت کە بۆ ئەو سەردەمە شتێکی دەگمەن و بیرۆکەیەکی تازە و ناوازە بوو،کە قاوە لەدارەبەن ساز بکرێ، هەر ئەم هۆکارە بوو کە قاوەکە بەزوویی برەوی سەند و هەناردەی هەموو وڵاتانی جیهان کرا.
کەمال ئەتاتورک هەشت ساڵ پێش مردنی، زۆر بەخراپی دژایەتی کورد و ئەرمەن و تەنانەت عەرەبیشی ئەکرد. ناوی (قاوەی کورد)یشی وەکو سەرجەم ناوی گوند و ناوچە کوردییەکان بۆ ناوی تورکی گۆڕی. سەرجەم کۆمپانیا و کارگە بیانیەکانی بەزۆر ناچار کرد ئەو قاوەیە بەناوی قاوەی تورکییەوە رەوانەی وڵاتانی تری جیھان بکەن. ئیتر لەدەمەوە قاوە کوردییەکە کرا بەقاوەی تورکی. هەر ئەوش نا بەڵکو کەمال ئەتاتورک بڕیارێکی دەرکرد بە سڕینەوەی کلتور و مێژووی گەلانی ژێردەستیان هەروەک چۆن فەرمانی کرد بە توانەوەو بە تورک کردنی فەرهەنگی گەلان دیسانەوە لەوەشا کورد پشکی شێری بەرکەوت و تا ئێستاش زۆربەی فەرهەنگی تورکی مەنگۆل/ تەتەری خاوەنێتی بۆ کورد ئەگەرڕێتەوانێ.
ئەوەی ئێمە لێی دڵنیاین ئەوەیە کە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دوژمنەکانمان توانای ئابوری بەهێز و ‌هێزی سەربازی و سوپا و چەک و جبەخانەی پێویستمان لەبەردەستا نیە بۆیە بۆ دروست کردنی کیانێکی سەربەخۆ و خۆپاراستن لە دوژمن پێویستە هێرش بکرێتە سەر دوژمن دوور لە جەنگ چونکە جەنگ تەنها ڕێگە نیە بۆ ئەو مەبەستە.
لێرەوە گرنگە بۆ شوێن پێ قایم کردن و وابەستە کردنی ئابوری و بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی تردا جگە لە نەوت بەدوای کاڵای تایبەت بەخۆمان و پیشەسازی و کشتوکاڵ و بەرهەم هێنانی خۆماڵیەوە بین بە جۆرێک لایەنی کەم بازاڕی ناوخۆو پێویستییە هەنوکەییەکان لەناوخۆیا دابینکرێ پاشان بیر لە هێرشکردنە سەر بەربوومی دەرەکی بکرێتەوە بەجۆرێک بەرامبەر هەر بەرهەمێک بەرهەمێکی خۆماڵی جێگەی بگرێتەوانێ و لەوەش گرنگتر پاشگرێکی پێوەبلکێنرێ کە وەک ناسنامەیەکی کوردی یان کوردستانی بناسرێتەوە.
تورکی ڕەچەڵەك مەنگۆلی تەتەر زۆرترین دزی لە کاڵاو فەرهەنگ و کلتوری کورد کردووە هەربۆیە وەک سەرەتایەک گرنگە بەرامبەر هەر خواردن و هەر کاڵایەک کە پاشگری تورکی پێوەلکێنراوە بەرهەمێک و کاڵایەکی خۆماڵی کوردی ڕەسەن جێگەی بگرێتەوەو مارکێتینی بۆ بکرێ و زۆرترین هەوڵبدرێ بگەیەنرێتە بازاڕەکانی جیهان تا لەو ڕێگەیەوە هەم ئەوەی دزراو شێوێنراوە بگەڕێنرێتەوە وە هەم ناو ناوبانگیش دروست بکات و لەبری ئەوەی کورد وەک شەڕکەرێکی باش ناوزەندبکرێ وەک بەرهەم هێنەر بناسرێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت