عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: لە ئێستادا چ کارێک پێویست و بە پەلەیە، کە بکرێت؟

دۆخی ڕۆژئاوا سات لەدوای سات بەرەوئاڵۆزی زیاتر دەچێت ودووریش نیە کارەساتی گەورەی مرۆیی لێبکەوێتەوە، بەپێی لێدوانی هەندێ بەرپرسی تورکی و نزیک لەئەردۆغان و پارتەکەی، حکومەتی تورکیا نەلەڕۆژئاواو نە لەهیچ شوێنێکی […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

دۆخی ڕۆژئاوا سات لەدوای سات بەرەوئاڵۆزی زیاتر دەچێت ودووریش نیە کارەساتی گەورەی مرۆیی لێبکەوێتەوە، بەپێی لێدوانی هەندێ بەرپرسی تورکی و نزیک لەئەردۆغان و پارتەکەی، حکومەتی تورکیا نەلەڕۆژئاواو نە لەهیچ شوێنێکی تریش دروستبونی کیان و دەوڵەت و هەرێمێکی کوردی قبوڵ نیەو، کاریش دەکات بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی، بەکوردی و بەکورتی گەر لەپلانی یەکەم سەرکەوتووبێت، کە ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئێستایە، ئەواپلانی دووەمی کارکردنە بۆ لە ناوبردن و سڕینەوەی ئەوهەرێمەی، کە لە باشورهەیەو، ناوی هەرێمی کوردستانی عێراقە.
بۆیە ئەوەی پێویستە بەزوویی بکرێت بۆ بەرگرتن لەو ئۆپەراسیۆن و قەتل و عامەی دەوڵەتی تورک دەیکات لەڕۆژئاوای کوردستان و نیازە شاراوەکانی بریتین لە:
1ـــ خۆپیشاندان و کۆبونەوەو گردبونەوە ناڕەزاییەکان چڕترو فراوانتر بکرێت لەهەموو شارو ناوچەو بەشەکانی کوردستان بەگشتی و شارەکانی باکوری کوردستان و ڕەوەندی کوردی بەتایبەتی، چونکە خۆپیشاندان لەباکورو وڵاتانی دەرەوە کاریگەری زیاتری دەبێت و سەرنجی وڵاتان زۆرتر و زووتریش ڕادەکێشێت.
2ـــ واباشە لەهیچ خۆپیشاندان و گردبونەوەیەکدا نەوێنەی سەرکردە، نەلۆگۆو ئاڵای پارتەسیاسیەکان بەرزنەکرێتەوە، بەڵکو لەبری ئەوانە وێنەی قوربانیەکانی ڕۆژئاواو بۆردومان و کارەقێزەونەکانی دەوڵەتی تورک بەرزبکرێتەوەو نمایشبکرێت، کە بەرامبەر گەلێکی ستەم دیدە ئەنجامی دەدات.
3ـــ کارێکی باشە کەوێنەو ڤیدیۆو بەڵگەکانی هاوشێوەیان کۆبکرێنەوەو لەلایەن ئەو کەس و ڕێکخراوانەی، کە کەم تازۆر پەیوەندییان لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانیەکان ،و سیناتۆرو پەرلەمانتاران و دونیای دەرەوە، و ڕاگەیاندنە دیارەکان بە بەبینراو، بیستراو،خوێنراوەوە هەیە بنێردرێن تاکو هەموو دنیا بهەژێنرێت و ببێتەفشارێکی بەهێزوکاریگەر.
4ـــ ئێستا لە هەموو کات زیاتر کورد پێویستی بەیەکڕیزی و یەکگرتوویی هەیەو کاتیەتی هەموو ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکان وەلابنێین ،و بەیەک دەست و بەیەک دڵ کاربکەین و هەوڵەکانمان چڕتروپڕتر بکەینەوە لە بەگژاچونەوەی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایەی دەکرێتە سەربەشێکی گرنگی کوردستانەکەمان کەڕۆژئاوایە.
5ـــ تکایە با وازلە لێکدانەوەوشیکاری جۆراوجۆرو ناپێویست بهێنین ،و بابەتی دین و ئیسلام و موسڵمان و عیلمانی نەخزێنرێتە بابەتەکەوە، چونکە نەئاکپارتی و ئەردۆغان نوێنەرایەتی دین و موسڵمانان دەکەن، نەترەمپیش نوێنەری لیبڕاڵ و بەرەی عیلمانیە، ئەردۆغانێک ئۆپەراسیۆنەکەی ناونابێت کانی ئاشتی ،و مناڵ و پیروپەککەوتەخەڵتانی خوێن بکات ئیتر هیچ پێناسەو خوێندنەوەیەک هەڵناگرێت.
6ـــ پێویستە هەموو پارت ولایەنەسیاسیەکان لەمپەڕی ڕاستەوە بۆئەوپەڕی چەپ لەهەربەشێکی کوردستان یان دەرەوەن بڕیاری کۆبونەوەیەکی فراوان و باڵابدەن بۆچۆنیەتی داڕشتنی بەرنامەومیکانیزمێک کەچۆن ڕووبەڕووی ئەم هێرش وپەلاماردانەی سەر ڕۆژئاوا ببینەوە، و کارکردن بۆبەرفراوانکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان بەتایبەت لەدەرەوە ،و بوونی گوتارێکی هاوبەش و یەکگرتوو، سەرەڕای بەشداری فراوانی بەرپرسانی باڵای پارتەسیاسیەکان لەگردبونەوەو ناڕەزایەتیەکاندا.
7ـــ بانگهێشتکردن وئەنجامدانی کۆبونەوەلەگەڵ نوێنەرایەتی هەموو ئەوکونسوڵگەرییانەی لەهەرێمی کوردستان بونیان هەیە لەلایەن هەرسێ سەرۆکایەتیەکانی هەرێمەوە،و باسکردن لەمەترسیەکانی بەردەوامبونی ئەو ئۆپەراسیۆنە هەر لەسەر هەڵدانەوەی داعش و ڕودانی کوشتنی بەکۆمەڵ و کارەساتی مرۆیی و ئاوارەبونی ملیۆنان هاوڵاتی ئەوناوچانە، وەپێویستە حکومەتی هەرێمیش پابەندبێت بەو بڕیارانەی پەرلەمانی کوردستانەوە کەلەساڵانی ڕابردوو دەرکراون چ ئەوانەی تایبەتن بەڕۆژئاوا، و چ ئەوانەشی باس لەدەرکردن و چۆڵکردنی بنکەو بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات لەنێوخاکی هەرێمی کوردستاندا.
8ـــ حکومەتی عێراق و بەرپرسانی کوردو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەموو هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆبەرگرتن لەوئۆپەراسیۆنە، چونکە سەرهەڵدان و بونی گروپگەلێکی توندڕەو،و جێگیرکردنیان لەڕۆژئاوا ئەوامەترسی دروست دەکات لەسەر ئاسایشی عێراق کەخۆی لەئێستادا دۆخی زۆرسەقامگیرو پارێزراو نیە.
9ـــ بەداخەوە ئابوری وژێرخانی ئابوری هەرێم هێندە لاوازە، کە ڕەنگە نەتوانین بۆ چەند هەفتەیەک بەبەرهەمی ناوخۆ خۆمان بژێنین و بەڕێوەبەرین، گەرنا بایکۆتکردنی کاڵاوشمەکی دەوڵەتی تورکیا یەکێکە لەفشارە بەهێزەکان، چونکە هەرێمی کوردستان بازاڕێکی بەهێزو گەورەی ساخکردنەوەی کاڵاوشمەکی تورکیایەو ساڵانە بەبڕی زیاترلە (10) دەملیار دۆلار کاڵاوشمەک تەنها هەناردەی هەرێم دەکرێت لەتورکیاوە جگەلەهەبونی زیاتر لە هەزار کۆمپانیای هەمەجۆری تورکی لەهەرێمی کوردستاندا .
10ـــ باواز لەتانەوتەشەروگاڵتەکردن بەیەکدی بێنین لەسەر شێوازی نواندنی هەڵوێستەکان، چونکە لەدنیادا هەڵوێست شێوازی جۆراوجۆری هەیە، هەندێ کەس هەیەبەرخۆدان دەکات و لەسەنگەری بەرگریدایە، هەیە بەبەشداریکردن لەخۆپیشاندانێکدا هەڵوێست دەنوێنێ، هەشە بەهاوکاری مادی و مەعنەوی هەڵوێستی خۆی نیشاندەدات، لەهەمووی گرنگتر دەربڕینی ناڕەزاییەدژی تورکیاو پشتیوانیکردنی شەڕڤانانە ئیتر بەچ جۆرێک و میکانیزمێکە ئەوەگرنگ نیە.
11ـــ بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپ و نەخوازراوەی بەسەرڕۆژئاوادا هاتوە دەکرێت لەشوێنەجیاوازەکان، کە مپەین دروستبکرێت بۆکۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ لێقەوماوو ئەوانەی ماڵ و حاڵیان لێتێکچوەو ئاوارەو دەر بەدەربوون، بەتایبەت، کە نزیک دەبینەوە لەوەرزی سەرماوسۆڵە.
12ـــ دەکرێت حکومەتی هەرێم لەکاتێکی نزیکدا ڕۆژێک دیاری بکات و ناوی لێبنێ (لەپێناوی ڕۆژئاوا)داو بەفەرمی خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەورە لەو ڕۆژەدا لەهەموو شاروشارۆکەکاندا بەبەشداری هەموو دام و دەزگاحکومیەکان ئەنجامبدات بەشێوەیەک دەنگدانەوەی گەورەی هەبێت.
13ـــ سودوەرگرتن لەهەموو ئەو سیاسەتمەدار، کەسایەتی، هونەرمەندونوسەرەبیانیانەی، کە دژی ئۆپەراسیۆنەکەن و بەجۆرێک لەجۆرەکان سەرکۆنەیانکردوە، وەهەوڵبدرێت بەرەی دژەئۆپەراسیۆن فراوانترو گشتگیرتر بکرێت تاکو ببنەفشاروکاریگەری دروستبکەن لەسیاسەت و گۆڕینی بڕیاردانی حکومەتەکانیان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە.
14ــ لەهەمووی گرنگتر ڕۆڵبینی دەزگا ڕاگەیاندنەکانە لەچۆنیەتی ڕووماڵکردنی ئەو پەلاماردان و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورک دەرهەق بەخاک و خەڵکی ڕۆژئاوا دەیکات.
کاریترو پیشاندانی هەڵوێستی تر زۆرن، کە بکرێن یان هەوڵی کردنیان بدرێن و کاریگەری ئەرێنیشیان دەبێت، وە ئەم ڕوداوو پێشهاتانەی لەسەرزەمینی واقیعدا هەن و ڕوودەدەن، هیچ موزایەداتێکی حیزبی و کەسی هەڵناگرێت.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ئەرشیڤی بەڕێز: عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا