نەوزادى موهەندیس: با ئەردۆگان ئیسلامەتی بە کورد نەفرۆشێتەوە.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک کورد ئیسلام بوە .. تورک هەر ئیسلامیشی نەناسیوە.
سەرەتا دان بەو ڕاستیەدا دەنێم کە هەڵبژاردنی دین و مەزهەبەکان کارێکە هیچ تاکێک خۆی لە هەڵبژاردنیدا ئازاد نەبوە بەڵکو لە دایک و باوکەوە بۆی ماوەتەوە. هەروەها بەشێوەیەک لەشێوەکان دەچنە ‌چوارچێوەی ئازادی تاکەکەسیەوە کە مافی هیچ کەس نیە ڕەخنەی پێ‌ لەکەسانی تر بگرێت.بەڵام کاتێک کار گەیشتەوە ئەوەی بەرامبەرەکەت کە خۆی بە ئیسلا م دادەنێت و تۆش بە کافر و سوپایەکیش بەناوی ((سوپای موحەمەدیەوە و بەدەسپێکی سورەتی فەتح ))ەوە دەنێرێتە سەر خاک و گەلەکەت و قەتڵ و عامت دەکات وەکو ئەوەی جیهادی کردبێت دژی کافران و لەدەرەوەی خاکی ئیسلام.ئیتر هیچ بوارێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی کە قسەنەکەیت و وەڵام نەدەیتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ ئەردۆگان و حیزبەکەی ئاکەپە بەناو ئیسلامەوە دەیکەن بەرامبەر هەموو کورد و بەتایبەتیش لە ڕۆژئاوی کوردستان، تەنانەت لەلایەن مەسیحی و جولەکەکان و بێ ‌دینەکانیشەوە مایەی قبوڵکردن نیە. بۆیە حەزمکرد بە داتاو زانیاری و ئامار جیاوازی لەنێوان ئێمەی کورد و تورکدا بکەم و پیشانی بدەم، کە چۆن کورد دڵسۆزترین جەنگاوەری ئیسلام بون و چۆنیش بونەتە ئیسلام:
1- کورد لە سەردەمی خەلافەتی عومەری کوڕی خەتابدا بونەتە ئیسلام و کوردستان کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامەکانەوە لەساڵی 16 بۆ 20 کۆچی و تەنانەت بێ‌ بەرەنگاری و شەڕێکی قورسیش.
2- لە ئێساتای هەرێمی کوردستاندا بەنزیکەیی 5500 مزگەوت هەیە و لەو ژمارەیەش نزیکەی 1000 مزگەوت نوێژی هەینی تیادا دەکرێت کە دەگاتە 1 ملیۆن نوێژکەر. لەکۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم کە نزیکەی 5 ملیۆن کەسە. هەر یەک کەس ((0،001)) مزگەوتی بەردەکەوێت.
3- سەدان و هەزاران کەڵە پیاوی ئاینی و نوسەر و شاعیر و ئەولیا و پیاوچاک و زانا لەکوردا هەڵکەوتون کە بونەتە نمونەی زیندوو گەشاوەی هەموو دونیای ئیسلام.
* تورکیا لە سەردەمی خەلیفەی ڕاشدی عوسمانی کوڕی عەفاندا ئیسلامی پێگەیشتوە، واتە لەدوای کوردەوە تورک بونەتە ئیسلام و تورک بە شەڕ و جیهاد بونەتە ئیسلام.لە ئێستادا کە ژمارەی تورکیا 80 ملیۆن کەسە، تەنها 84684 مزگەوت هەیە. واتە هەر یەک کەس ((0،001)) مزگەوتی بەردەکەوێت.کە لێرەدا دەردەکەوێت کورد بەهێندەی تورک و بگرە زیاتریش مسوڵمانترە.
* لەبەرامبەریشدا و لەساڵی 2002وە کە ئاکەپە و ئەردۆگان بونەتە دەسەڵاتدار لە تورکیادا کە بەناوی حیزبێکی ئیسلامی و ئیخوانیەوە هاتونەتە سەر حوکم، بەم شێوەیە دینی بەکارهێناوە بۆ خزمەتی مانەوەی خۆی و حیزبەکەی و لەهیچ کارێکی ناشەرعی و ناڕەوا و بەدڕەوشتیش سڵی نەکرۆدۆتەوە ئەوەتا:
1- لەدەستوری نوێی تورکیادا دینی ئیسلام دینی ڕەسمی نیە کە کمال ئەتاتورک دایناوە،تاکو ئیستا و لەو هەمواری دەستورەی کە ئەردۆگان کردی نەیتوانی یان نەیکرد کە ئەو مادەیە هەموار بکاتەوە و ئیسلام بکاتە دینی ڕەسمی.
2- بەپێی مادەی 227 لە یاسای ژمارە 5237ی تورکیا کە لە 26/9/2004 پەڕلەمان پەسەندی کردوە و لەساڵی 2005دا کەوتۆتە واری جێبەجێکردنەوە دەڵێت (( حوکمی بەندکردن بۆ ئەوکەسانەی کە بەدڕەوشتی دەکەن لەنێوان 2-4 ساڵدایە،بەڵام ئەو کەسانەی کە بەویستی خۆیان ئەو کارە دەکەن هیچ سزایەکیان بۆ نیە)). ئەمەش دوو ڕوویی ئەردۆگان و ئاکاپە دەردەخەن کە چۆن ڕێگەیان بەبەدڕەوشتی داوە لەکاتێکدا خۆیان بە ئیسلام و موسڵمان دادەنێن.
3- بەپێی چەند ئامارێک: لەماوەی 13 ساڵی دەسەڵاتی ئاکاپە و ئەردۆگاندا ڕێژەی بەدڕەوشتی لە تورکیادا بە ڕێژەی 1680% زیادیکردوە.بەشێوەیەک :
15هەزار ماڵی بەدڕەوشتی مۆڵەتپێدراو هەیە جگە لە بێ مۆڵەتەکان.تەنها لەشاری ئەستەمبوڵدا 3 هەزار کچ و ژن ئەو کارە دەکەن.کمال اورداک سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و تەندروستی جنسی دەڵێت ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەبواری بەدڕەوشتیدا کاردەکان دەگاتە 300هەزار کەس لەژن و لە پیاو.
4- تەمەنی خانەنشینی بەدڕەوشتکار بە 60 ساڵ دیاریکراوە بە پێی یاسای تورکیا و تائێستاش کاری پێدەکرێت.
5- تورکیا لەسەر ئاستی دونیادا 14 هەمین وڵاتە کە کاری بەدڕەوشتی تیادا دەکرێت بەناوی گەشتوگوزاریەوە.
6- داهاتی ساڵانەی تورکیا لەکاری جنسی و بەدڕەوشتیەوە دەگاتە 4 ملیار دۆلار.
7- لەساڵی 2002دا 2669 کەس تۆتمەتبارکراون بە کاری بەدڕەوشتی و لەساڵی 2007دا بۆتە 4494 کەس و لەساڵی 2011دا بۆتە 8409 کەس.
8- لەوڵاتی تورکیای ئیسلامی ئەردۆگان و ئاکەپەدا،بەدڕەوشتکاران لە پیاو و لە ژن بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە داواییان کرد کە ((سەندیکایەک))یان بۆ دابمەزرێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لەمافەکانیان بکات.ئەوەبوو لەساڵی 2013دا ئەو ئاواتەیان هاتە دی و سەندیکایەکیان بۆ دامەزرا لەسایەی دەسەڵاتی خەلیفە ئەردۆگانەوە بەناوی((سەندیکای چەتری سوور))وە.
* کەچی لە ئێستادا ئەردۆگان و بەناو پیاوە ئاینی و مەلاکانیەوە جیهاد ڕادەگەیەنن دژی کوردی مسوڵمان و سورەتی فەتح لەهەموو نوێژێکی بەیانیاندا دەخوێنن بەدرێژایی هێرشەکەیان بۆ سەر ڕۆژئاوا. بۆیە دەڵێم کورد چەندە دڵسۆز و ساویلکە بوە لەوەرگرتن و جێبەجێکردنی دینی ئیسلامدا بەڵام سەد ئەوەندەش بەناوی دینەوە ئەنفال و جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی و کیمیاویباران کراوە و قەتڵ و عامکراوە لەسەر دەستی بەناو برا مسوڵمانەکانیەوە.
*بۆیە ئەردۆگان هیچ کات ناتوانێت ئیسلامەتی ڕاستەقینە بەکورد بفرۆشێتەوە و خۆیمان لێبکات بە خەلیفە و کوردیش بەکافر.تاوانی کورد تەنها ئەوەندەیە کە خاوەنی دەوڵەت و هێز ودینێکی تایبەت بەخۆی نیە.گەر ئەوانەی هەبوایە سەدانی وەک ئەردۆگانی لەگۆڕدەنا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت