مورەی بوكچینە: گوێڕادێرە ئەی مارکسیست! بەشی یازدە.

زمانزا/ زاهیر باهیر وەهم و ئەفسانەی پارت/ حیزب شۆڕشەکان و ڕاپەڕینەکان بایاخی تێبینی و سەرنجدانن نەك بە تەنها لەبەر ئەوەی قۆناخێکی سەرەتاییان هەیە کە زۆر دیارە بێ سەروبەرەیە، بەڵکو ڕەوتێکی […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

زمانزا/ زاهیر باهیر

وەهم و ئەفسانەی پارت/ حیزب
شۆڕشەکان و ڕاپەڕینەکان بایاخی تێبینی و سەرنجدانن نەك بە تەنها لەبەر ئەوەی قۆناخێکی سەرەتاییان هەیە کە زۆر دیارە بێ سەروبەرەیە، بەڵکو ڕەوتێکی خۆڕسکیشی هەیە لە ئافراندنی شێوەکانی خۆبەڕێوەبەریی شۆڕشگێڕانە کە خۆی دەیەوێت. کەرتە پاریسییەکانی 1793-1794 بەرچاوترین فۆرمەکانی خۆبەڕێوەبەریی بوون کە توانرا لە لایەن هەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە لە مێژوودا، ئافریندەبکرێت. [15*]. لیژانەکان یاخود ” سۆڤێتاتەکان”ی کرێکارانی پترۆگراد کە لە ساڵی 1905دا دروستیانکرد زۆر نزیکییان لە فۆرم و شێوازدا لە تەك ئەواندا، واتە کەرتە پاریسییەکاندا، هەبوو. گەرچی ئەم لیژان و سۆڤێتاتانە کەمتر دیمۆکراتی بوون لە کەرتە پاریسییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە لە ژمارەیەك لە شۆڕشەکانی ئەم دواییەدا دەردەکەوتنەوە. ئەوەتا دەبینین کە فۆرمێك لە شۆڕشی خۆبەڕیوەبەریی، ئەنجوومەنەکانی کارگەکان بوون کە ئەنارکیستەکان لە شۆڕشەکەی ئیسپانیای 1936 دا، دروستیانکردن. دواتریش کەرتەکان وەکو ئەنجوومەنەکانی قوتابییان و کۆمیتەکانی چالاکیی لە ڕاپەڕین و مانگرتنە گشتییەکەی مانگی ئایار و حوزەیرانی پاریسی 1968 دا دەرکەوتنەوە. [16*].
ئا لەم بارەدا دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین کە پارتی ” شۆڕشگێڕ” لەم ئاڵوگۆڕ و گەشەکردنەدا چ ڕۆڵێك یاریدەکات. هەروەکو لە سەرەتادا بینیمان ڕۆڵێکی سەرکوتکەریان بینیوە، ئەوەش ڕۆڵی ” پێشڕەو” نەبوو. ئەم پارتە لە هەر شوێنێکدا هەژموونی خۆی بەکاربهێنێت ئامانجی هێواشکردنەوەی تەوژمی ڕووداوەکانە، نەك ” کۆمەك و هاوکاریی” هێزە شۆڕشگێڕەکان، ئەمەش بە ڕێکەوت نییە. خودی پارتیی خۆی پێكهاتەیەك یاخود قەوارەیەکی قووچکەیانەیە و هێڵێكە کە ڕەنگدانەوەی تەواوی ئەو کۆمەڵەیە کە خۆی بانگەشەی دژبوونی دەکات. گەرچی بە تیئوریی بانگەوازێکی یاخود ئیدیعایەکی دیکە دەکات بەڵام ئۆرگانێکی بورجواززییە، دەوڵۆتکەیەکی بچوکە، لەگەڵ هەبوونی جیهاز و کادیرەکانیا کە وەزیفەیان گرتنەدەستی دەسەڵاتە، نەك هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات. ڕیشەی پارتیی لە قۆناخی پێش شۆڕشدایە، هەموو ئەو فۆرمانەی کە بەخۆیەوە دەیگرێت و تەکنیکەکان و عەقڵییەتیی، بیرۆکراتیانەیە. ئەندامەکانی لە قوتابخانەی گوێڕایەڵیی و چەمك و فکرە بەسەرچوەکان لە عەقیدەی وشكهەڵاتوو لەتەك ڕێز و سەرسامبوون بە سەرکردە، دەخوێنن. سەرکردەکانی پارتیی-ش بە ڕۆڵی خۆیان زادەی قوتابخانەی خوو و نەریتی کۆماندارانن [ ئەوامیر] ، ڕابەرێتی، دەسەڵاتدارێتی، گەمە و نێرجسییەتن. ئەم بارودۆخە خراپتردەبێت کاتێك کە پارتی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەماندا دەکات. لە سەروبەری کەمپەینەکانی هەڵبژاردنا پارتی پێشڕەو لەسەر مۆدێلی فۆرمی بورجوازیی مەوجود دەڕوات، تەنانەت هەمان ئامراز و جیهازیش بۆ هەڵبژاردنی بەکاردەهێنێت. کاتێکیش کە بەرەو هەڵمەتی [کەمپەینی] هەڵبژاردنەکان دەچێت لە ڕاستیدا بارودۆخەکە ڕووبەڕوی مەترسییەکی ئێجگار گەورە دەبێتەوە لە کاتێکدا کە حیزب دەبێتە خاوەنی چاپەمەنییەکی بەرفراوان، چەند بنکەیەکی گرانبەها، کۆمەڵێك بڵاوکراوەی دەوریی بە سەنتراڵی کۆنترۆڵکراو لە گەڵ پێکهێنانی ئامێرێکی مووچەخۆردا- بە کورتیەکەی. بیرۆکراتیەتێك کە هەڵگری بەرژەوەندی مادییەکانە.
کاتێکیش کە پارتیی گەورە و بەرفراوان دەبێت مەسافەی نێوانی سەرکردایەتی و خوارییەوە هەڵدەکشێت و گەورەتردەبێت، سەرکردەکانی نەك بە تەنها دەبنە ” شەخسیات” بەڵکو پەیوەندییان لەتەك باری ژیانی ئەوانەی خوارەوەدا، نامێنێت. گروپە لۆکاڵییەکان کە دروست زروفی خۆیان باشتر لە سەرکردە دوورەدەستەکانیان،دەزانن، ناچارن کە بۆچون و ڕوانگەی خۆیان بکەنە قوربانی وەرگرتنی ئامۆژگاری و ڕێنمایی لە سەرەوەی خۆیان. سەرکردایەتی بێئاگاش لە هیچ زانیارییەکی ڕاستەوخۆ و لە گرفتە لۆکاڵییەکان، بە هێواشی و بە حیکمەتەوە وەڵامدەداتەوە. گەرچی داخوازیەکەی ئەوان لە لایەن سەرکردەکانەوە ” گەورە دەبیینرێت” بۆ نیشاندانی ” کارامەییەکی گەورەی تیئوریستیانە” بەڵام کارامەیی و لێهاتوویی سەرکردە کە بەسەر پەیژەی هەرەمییدا بۆ سەرکردایەتی سەردەکەوێت، کەمدەبێتەوە. چەندێك زیاتر نزیك لەو پلەیە دەبیتەوە کە بڕیارە سەرەکیی و گرنگەکانی تیادا دەدرێت، ئەوەندە زۆرترین تەحەفوز لە سروشتی پرۆسەی بڕیاردانەکانا دەکرێت، چەندێك زۆر بیرۆکراتییەت و ناپەیوەستبوونەوە دەبنە ئەو فاکتەرانەی کە ڕۆڵی خۆیان دەبینن، ئەوەندە زیاتر لەبەرچاوگرتنی هەیبەت و شەخسییەت دەبینرێت و ئەمەش زیاتر جێگای دەستپێشخەریی و ئەندێشە دەگرێتەوە، هەروەها زیاتریش خۆتەرخانکردن بە شتی بێبایاخەوە لە جێگای ئامانجەکانی شۆڕش، جێی سەرنج دەبێت.
کاتێك کە پارت-حیزب لە ڕوانگەی شۆڕشگێڕییەوە بێتوانا و ناچالاک دەبێت، ئەوەندەش زیاتر لە ڕێگای قوچکەیی و کادیرانی و نێوەندەوە [ مەرکەز] بەدووی کەفائەت و چالاکییەوەیە. گەرچی هەمووکەس لە حیزبدا لەشانی یەکەوە هەنگاودەنێن، بەڵام فرمانەکان [ئەوامیرەکان] ئاسایانە هەڵەن، بە تایبەت کاتێك کە ڕووداوەکان بە پەلە دێن و دەڕۆن و دەچنە پێشەوە و شێوازێكی چاوەڕواننەکراو وەردەگرن، هەر وەکو چۆن لە هەموو شۆڕشەکانا ڕوودەدەن. پارت تەنها لە یەك ڕووەوە چالاك و کارایە ئەویش لە قاڵبدانی کۆمەڵە لە ڕوانگەی شێوازی قووچکەیی خۆیەوە ئەگەر شۆڕش سەرکەوتو بێت. بەوەش بیرۆکراتیتەت، مەرکەزییەت و دەوڵەت دروستدەکات و کار لەسەر چەسپاندنیان دەکات. لە هەوڵی بیناکردن و ڕاهێنانی ئەو زەمینە کۆمەڵایەتییانەدایە کە پاساوی بوونی ئەم جۆرە کۆمەڵانە دەکات. لەبری ئەوەی کە ” هەڵوەشێتەوە” کەچی دەوڵەت کە لە لایەن ” پارتی شکۆدارەوە” دەپارێزرێت، پارێزگاری لەو هەموو بارودۆخە دەکات کە “دابینی” وجودی دەوڵەت و هەروەها ئەو پارتی-یەی ” پاسەوانێتی”، دەکات.
لە لایەکی دیکەشەوە ئەم جۆرە پارتە لە کاتی سەرکوتکردنا زۆر باریخوارە، بورجوازییەت تەنها ئەوەندەی بەسە کە سەرکردایەتییەکەی دەستبەسەر بکات بۆ تێشکانی بزوتنەوەکەی. بە گرتنی سەرکردەکانی یاخود خۆشاردنەوەیان پارتی توشی شەلەل دەبێت و کەس نامێنێت بۆ ئەندامانی گوێڕایەڵ و وەلاکارانیی تاکو وەلای بۆ بەرن، ئیدی وەکو ئەو ماسیانە کە بە هۆکارێك دەکەونە قەراخی ڕوبارەوە سەرگەردان و سەرلێشێواو و بارخوارن. ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە نەك بە تەنها لەبەر هۆکاری سەرکوتکردن بەڵکو لەبەر هەژاریی و نەبوونی سەرچاوەکانی ناوخۆش. .
ئەو باس و خواسانەی کە پێشتر باسکران سەرەنجامی گریمان نیین ،بەڵکو ئەوە وێنەیەکی ئاوێتەی سەراپای حیزبە مارکسییە جەماوەرییەکانی چەرخی ڕابوردووە هەر لە پارتە سۆشیالدیمۆکراتەکان و کۆمۆنیستەکان و هەروەها حیزبە ترۆتسکییەکەی سیلۆن ( کە پارتێکی جەماوەری کەم هاوتا بووە) [ لەوە ناکات بوکچین زانیاری لەسەر حیزبە شیوعییەکان، کۆمۆنیست و دیمۆکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەبووبێت، دەنا دەیتوانی ئەمانیش بۆ بەڵگەکانی زیاد بکات- وەرگێڕ] .
قسەکردن لەسەر ئەوەی کە شکستی ئەم پارتانە لە وەرنەگرتنی جددیانەی مەبادیئە مارکسیەکاندایە، تەنها داپۆشینی پرسیارێكە: بۆچی ئەم شکستە هەر لە یەکەم جاردا، لە سەرەتادا ڕوویدا؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم پارتانە هاوبەشیی کۆمەڵی بورجوازییان هەڵبژاردووە و لەبەرئەوەی کە لەسەر هێڵ و بنەماکانی بورجوازیی، پێکهاتبوون یاخود ڕێکخراو بوون، هەر لە دروستبوونیانەوە میکرۆبی خیانەتیان هەڵگرتووە.
درێژەی هەیە
…………………………………………
15*- بڕوانە ” شێوازەکانی ئازادیی” [نیویۆرك ، جێنیوەری 1968 ]
16*- لەتەك بەخۆنازینێکی زۆردا، کە بەشێکی بە هۆکاری بێدەربەستییەوە [ ئیهمالییەت] بوو، ژمارەیەك لە گروپە مارکسییستەکان بەکردەوە ناوی یاخود لەقەبی ” ” شووراکان/ سۆڤێتاتەکان”یان، بەسەر ئەو شێوازانەی سەرەوە لە خۆبەڕێوەبەریی، دەردەبڕی. هەوڵدان بۆ دانانی هەموو ئەم شێوازە جیاوازانە لەژێر تاکە ناوێکدا یاخود تاکە لەقەبێك تەنها کارێکی نەزانانە و کوێرانە نەبوو، بەڵکو بە مەبەستیش بوو. لە ڕاستیدا شووراکان ئاستی کەمی دیمۆکراتی بووون لە شێوازە/ فۆرمە شۆڕشگێڕەکان، بەلشەفیکەکان زیرەکانە بەکاریانهێنان بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دەستی پارتەکەیان. شووراکان وەکو کەرتە پاریسییەکان یاخود ئەنجوومەنەکانی قوتابییانی ساڵی 1968ی فەرەنسا لەسەر بناخەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ نەبوون. نەک هەر ئەوە بەڵکو لەسەر بناخەی خۆبەڕێوەبەریی ئابووریانەش، وەکو لە کۆمیتەکانی کارگە ئەنارکیستییەکانی ئیساپانیا [ بوکچین مەبەستی ئیسپانیای 1936 بۆ 1939یە- وەرگێڕ] نەبوون. لە هەقەتا شووراکان پەڕلەمانی کرێکاران، ڕێکخراوێکی قوچکەیانەیان دروستکرد کە نوێنەرەکانیان لە کارگەکانەوە و دواتر لە یەکینەکانی میلیتەرییەوە هەروەها جوتیارانی گوندەکانەوە دەهێنا.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
زاهیر ىاهیر

ئەرشیڤی بەڕێز: زاهیر ىاهیر