بورهان شێخ ڕەئوف: بۆشایى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە یەکەم جار نیە، ئەمریکا هێزەکانى لەم ناوچە هەستیارو گرنگە کە پێى دەبێژن ڕۆژهەڵاتى ناوین پاشەکشە پێ بکات، ساڵى 2011 کە سەرۆکى پێشوو باراک ئۆباما هاتە سەرکار وەکو بەڵێنى بە دەنگدەرەکانى دابوو هێزەکانى ئەمریکاى لە عێراق بە خێرایى برق کێشایەوە، سەرەڕاى ئەوەى بارودۆخى عێراق ئارام و سەقامگیر نەبوو، ئەمریکا خۆیشى هەزاران سەربازى بوون بە قوربانى و تریلیۆنەها دۆلاریشى خەرج کردبوو لە پرۆسەى ئازادى عێراقدا. بەڵام لە عێراق هەر زوو ئێران ئەو بۆشاییەى پڕ کردەوەو، ئێستا خۆى بڕیاربە دەست و فیگەرێکى کاراو بەرجەستەى سەر گۆڕەپانى سیاسى عێراقە، ئەمە ڕاستیەکە وەکو ڕۆژ بە بەرچاوانەوەیە کەس ناتوانێت نکووڵى لێبکات، بە تایبەتى عەرەبەکان هاواریان دەگاتە کەشکەڵانى فەلەک لە داخا.

کشانەوە لە سوریا
ئەوەى مەبەستمە لەم باسە کورتەدا شەن و کەوى بکەم کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا یە لە ڕۆژئاواى کوردستان واتە لە باکورى ڕۆژهەلاتى سوریا، ساڵانێکیشە لە گەڵ هێزەکانى سوریاى دیموکراتدا کە کوردەکانى سوریا بڕبڕەى پشت و زۆرینەى پێک دەهێنن هاوپەیمانن و بە یەکەوە شەڕى تیرۆر و دەوڵەتى ئیسلامى یان لە عێراق و شام کرد، دواتر پایتەختەکەى کە ڕەقە بوو ئازاد کرا لە سەردەستى ئەم هێزە هاوپەیمانانە.
بەڵام ئەوەى جێگەى نیگەرانى و مشتومڕى گەرمە، ئەوەیە سەرۆکى ئەمریکا لەناکاودا بڕیار ى کشانەوەى هێزەکانى دا، هەرچەندە تا ئێستا بە تەواوى نەکشاونەتەوەهەرچەندە جێ گۆڕکێ یان پێ کراوە، بەڵام ترەمپ دەڵێت دەیان کشێنمەوە ئەوە بڕیارى کۆتاییە.
تا ئێرە تەواو ، من باسى خیانەتى ئەمریکا لە هاوپەیمانە کوردەکەى ناکەم چونکە هەر لە ئەمریکا خۆى قسەى زۆرى لە سەر کراوەو ، ترەمپیش بەرشاڵاوێکى چڕوپڕى میدیاکان و سیاسیەکان و کەسایەتیەکانى وڵاتەکەى خۆى کەوت.
ئێستا گۆڕەپانى سوریا چۆڵکرا لە لایەن ئەمریکاو ە و ئەو تاکە پێگەو هاوپەیمانەى کە هەیبوو کوردەکانى ڕۆژئاواى کوردستان جێ ى هێشتن و ئێستا لەلایەن تورکیاوە بەر شاڵاوێکى دڕندانە کەوتوون، کێ ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە؟
1- ئەگەرچى ڕوسیا هەرلە سەرەتاى قەیرانى سوریاوە هاتۆتە ئەوە وڵاتەو بەو پێ یە کە بەندەرى تەرتوسى سورى لە بندەستدایە زۆر بە ئاسانى کۆنترۆڵى بارودۆخى سوریاى کردو نەیهێشت دوا پێگەى ڕوسیا لە سەر ئاوى گەرمى لە دەست دەربچێت بۆیە ورچى ڕوسى ئێستا خاوەن بڕیارى سەرەتاو کۆتاییە لەو وڵاتەو هەر دواى بڕیارەکەى ترەمپ خێرا کوردەکانى سوریاى لە گەڵ ڕژێمى بەشار ئەسەد کۆکردەوەو گەیشتنە جۆرێک لە ڕێکەوتن، کە سوپاى عەرەبى سورى بگەڕێتەوە بۆ سەر سنوورە نێودەوڵەتیەکان و بەر بە پەلامارو هێڕشەکانى تورکیا بگرن.
دواتریش هەوڵى چارەسەرى سیاسى مەسەلەى کورد لە سوریا بدەن و بە تایبەت کوردەکانى سوریا کە خوازیارى پێکەوە ژیان و مانەوەن لە سوریادا و داواى جیابوونەوە ناکەن لەو وڵاتە، ئیتر لە ڕێگەى نووسینەوەى دەستوورى نوێ ى سوریا و بڕیارى 2554 ى ئەنجوومەنى ئاسایش کە دەکرێت بکرێتە بنەما بۆ هەر چارەیەکى داهاتوو، ڕووسەکانیش لەم ڕێکەوتنەدا گرەنتى یان کردووە.
بۆیە پێدەچێت ئەمریکا لە زۆر شوێنى تریش هەمان هەنگاو بنێن بکشێتەوە چۆن لە سوریا لە ژێر فشارى تورکیادا کشایەوە، لەوەیە ڕووسەکانیش هەمان فشار بکەن لە ئەمریکا بۆ کشانەوە لە کوێ مەبەستیان بوو.
2- هێزى دووەم ئێرانە کمە پێشتر ئاماژەم پێ دا کە بۆشایى عێراقى پڕ کردەوە لە ساڵى 2011 دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا، ئێستا هەمان وڵات لە سوریاش ئامادەگى هەیە و ڕۆڵى کاریگەرو بزوێنى لەشەڕو ململانێکانى ئەو وڵاتەدا هەبوو لە هەشت ساڵى ڕابردوودا لە هەموو بوارەکانى سەربازى ئابورى و ئاسایش و قوربانى گەورەشى لەو پێناوەدا داوە.
بۆیە ئێرانیەکان کە ئێستا هیلالى شیعیان تەواو کردووەو لە تارانەوە بۆ بەغداد و دیمەشق و بەیروت بە ئاسانى دەجووڵێن. زۆر ئاسانە بۆیان جڵەوى زۆرێک لە ڕوداوەکانى بگرنە دەست خۆیان و لە کاتێکدا لە گەڵ ڕوسیادا پەیوەندى باشیان هەیە.
ماوەتەوە بڵێم ئێرانیەکان دەتوانن کارى گەورە بکەن بە تایبەتى لە دۆسێ یەى کوردا چ لە عێراق و سوریا بەو پێ یەى دۆستایەتى و هاوپەیمانى باشیان لە گەڵ بەغداو دیمەشق هەیەو دەتوانن ڕێ لە زۆر پیلان و پلان بگرن بە تێچوویەکى زۆرکەم ئارامى و سەقامگیرى بکەنە دیارى بۆگەلانى ناوچەکەو پێگەى خۆیشیان بەهێزتر بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت