بەهرۆز جەعفەر: سەر لەنوێ داگیرکردنەوەی عێراق” Towards Re-occupation of Iraq.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێوارەی 10 ی ئۆکتۆبەری 2019 ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر داوای فەڕەنساو ئەڵمانیاو هۆڵەندا تایبەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری خۆرهەڵاتی سوریا « ڕۆژئاوای کوردستان» کۆبونەوە. دەرەنجامی کۆبونەوەکە ئەوەیە ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا و ڕووسیا ڕەتیان کردۆتەوە ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر سوریا بکەن. لێرەوە ئاڕاستەی تێگەیشتنەکان بۆ « ڕووداوەکان» و بۆ ئەو سەری ڕێگاکە دیارە کە ئەمەیە:
یەکەم/ بەنیسبەت کوردەوە
لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کورد دەوڵەت نییە، کە « دەوڵەت» یش نەبوی وەک کرێگرتە ڕۆژێک ئێران، ڕۆژێک ڕوسیا، ڕۆژێک ئەمریکا پارەو چەکت ئەداتێ و شەڕی بۆ ئەکەی. پێشمەرگەو شەڕڤان وێنە ڕاستەقینەکەی ئاوایە لای ئەوانەی داڕێژەرو دروستکەری بڕیارن.

دووەم/ بەنیسبەت ڕووسیاو ئەمریکاوە
لەواقیعدا ڕووسیاو ئەمریکا لەسەرەتای قەیرانی سوریا و شەڕی داعشەوە لێک تێگەیشتنی هاوبەشیان هەیەو، بەرژەوەندی هاوبەش و پێکەوەییان لەناوچەکەدا هەیە. بڕیار نییە بەریەک بکەون تا ئەوکاتەی پێکەوە تەواوی هێزە هەرێمی و دەوڵەتەکانی ناوچەکە لە ڕووی ئابورییەوە لەت و پەت ئەکەن، بەتایبەت ئێران و تورکیاو سعودییە، کەی ئەمانە تەواو بون لە ڕووی هێزی ئابورییەوە، ئینجا ناکۆکی نێوان ڕووسیاو ئەمریکا دەرئەکەوێت.

سێهەم/ بەنیسبەت سوریاو ڕووداوەکانی عێراقەوە
بابەتی بونی هێزەکانی سوریای دیموکرات « قەسەدە» لە ڕۆژھەڵاتی فورات زیاتر لە چوار ساڵە تورکیا بە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەی ئەزانێ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی، دەیان جار لەم پێناوەدا ئەمریکا کاتی تورکیای کوشتوەو دەستی دەستی پێکردوە. ئێستا ئەمریکا لە سوریا ناکشێتەوە وەک چۆن ڕووسیاش لە « طرطوس » ی سوریایە. بڕیارەو ئەبێت بە درێژایی (30) کیلۆمەتر تورکیا بێتە ناو باکوری سوریاوە!. بۆچی؟. لەبەرئەوەی ئەمریکا ئەو گڵۆپە سەوزەی بۆ هەڵکردوەو، دەستی ئەردۆگانی واڵاکردوەو تورکیا ئەنێرێت تا داعش زیندوو بکاتەوە. بەتایبەتی (12.000) دوانزە هەزار دیلی داعش لەبەردەست هێزەکانی سوریای دیموکراتە لە ڕۆژئاوای کوردستان، جگە لە (70) حەفتا هەزار ژن و منداڵی داعش بەگشتی. ئەوەی جێی وەبیر هێنانەوەیە ئەم هێرشەی تورکیا بەگشتی کاتی و سنوردار ئەبێت لە سوریادا.

چوارەم/ بۆچی داعش زیندوو ئەکەنەوە؟.
لەبەرئەوەی ئەمریکا ویستی دەستی ئێران لە عێراق ببڕێت، سەرکەوتو نەبو، حیزبی دەعوەیان پەرتکرد مالیکی ڕوو لە ئێران و عەبادی ڕوو لە ئەمریکا، سێ سەرۆکایەتی تازەی لە عێراق (2018) دانا، ئەوانیش نەیانتوانی دەستی ئێران لە عێراق کەم بکەنەوە، لەکاتێکدا ئەو سێ سەرۆکایەتیە کۆتا کارتی ئەمریکا بو، ئینجا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانی حەشدی شەعبی و بارەگاکانی کرا، ئینجا ئەو خۆپیشاندانانەی بەدوادا هات کە لە (١ ی تشرینی یەکەمی 2019) ەوە هەرچی بارەگای حیزبە ئێرانیەکان و شیعەکان بو سوتاندیان، ئەوەش نەیتوانی ڕۆڵی ئێران لەعێراق کەم بکاتەوە. دواتر لەوپەڕی توڕەییدا ئەمریکا لەسەر مێزی بلاکجاکی قومارەکە قوتویەکی تری کردەوە تا یارییەکە بە قازانجی ئەو بێتەوە، ئەوەش بەو ئاڕاستەیەی کە تورکیا بێتە ناوەوەی سوریاو لەو دیلانەی کە هەیەو لەو داعشسازییەی کە تورکیا شارەزایەتی لەگەڵ قەتەر، داعشێکی ترسناکتر لەو داعشەی خولی پێشو زیندوو بکەنەوەو بیهێننەوە بۆ عێراق، بۆچی؟ بۆ ئەوەی بە بیانوی شەڕی داعشەوە ئەمریکا جارێکی تر سەرلەنوێ عێراق داگیربکاتەوەو، ئێرانی لێ بکاتە دەرەوە.
دۆناڵد ترامپ لە کۆتا تویتدا لە (10ی ئۆکتۆبەری 2019) دەڵێت، سێ ڕێگا هەیە، بەهێزەوە بگەڕێینەوە ناوچەکە، ئابوری تورکیا وێران بکەین، نێوەندگیری نێوان کوردو تورکیا بکەین…بژاردەی یەکەم هەڵدەبژێرن کە گەڕانەوەیە بۆ ناوچەکە کە سەراپا ئێران ڕۆڵی تیا هەیە. ئەگەرچی خۆی لەخۆیدا ئەم پرۆسەیە وێرانکردنی ئابوری تورکیای بەدواوەیە.
لە کۆتاییدا، بۆ کورد کێشەی هەرە گەورە نەبونی دەوڵەتە، چارەسەری ڕیشەییش بۆ کێشەی کورد تەنها دروستبونی دەوڵەتە، چونکە نەبونی دەوڵەت هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە وەک ئەکتەری پلە سێ و پلە چوار ڕۆڵ بگێڕێت. بە نیسبەت نەوت و غازەکەی کوردستانەوە، کورد ئەتوانێ نەوتەکەی بە بۆڕی بباتە دەریای ناوەڕاست بێ ئەوەی بەخاکی تورکیادا تێپەڕبێت، بەهەمان شێوە عێراقیش ئەتوانێ ئەو ڕێگەیە بەکاربهێنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت