ئازاد بەرزنجی: مەرگی شاعیرێکی پاییزی لە پاییزێکی زوودا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەیر نییە خوێنی خۆت بە پاییز بەخشی، چونکە تۆ زۆر لە مێژە پێشبینیی پاییزی نیشتمانت کردبوو، نیشتمانێک عاشقی هەموو شتەکانە جگە لە شتە جوانەکان، نیشتمانێک شەیدای هەموو ناشرینییەکانە جگە لە شیعر و داهێنان، نیشتمانێک هەموو شتێک بە مرۆڤە دزێو و قێزەون و ژیانکوژەکان ڕەوا دەبینێت، جگە لەوانەی ستران بۆ باڵای شیعر و جوانی و ژیان دەچڕن.
تۆ لەمێژە پەیمانت بە پاییز داوە گەر سەنگەری خۆی بۆ بەهاری سەوز چۆڵ نەکات، ژیانی خۆتی پێ دەبەخشیت، ئەی ئەوە نییە دەڵێیت:
داوای شیعرێکی سەوزم لێ مەکە
بەهار لە عومری من بێ بەرییە
بڕوانە قژی ماشوبرنجیم
کە دەفتەرێکی کوێرەوەرییە

ڕاستە، تۆیەکی نەوەی ژان و مێژوویەکی پڕ لە شکست و نائومێدی، شیعری سەوز لەکوێ بهێنیت؟ تۆیەکی نەوەی دوای هەرەس و ڕۆژگاری جەنگ و شەڕی ناوخۆ و زەلکاوی سیاسەتی بەناو کوردایەتی، باس لە کام بەهار بکەیت؟
تۆیەک کە شار پەنجەرەکانی خۆیان خڕ داخستووە بۆ نەڵێیت:
ئەمشەو خەڵکی شار پەنجەرەکانیان خڕ داخستووە
تەنها من نەبێ پەنجەرەکەمم خستۆتە سەر پشت
کێ وەک من پێکی
لە غەمی گەڵای زەرد لێوڕێژ ئەکا
هاکا بە باڵای دارێکی ڕووتا
خوێنی خۆمم ڕشت.

بەڵێ، شارێک پەنجەرەکانی بەڕووی ژیان و جوانیدا خڕ داخستبێت، هەر دەبێ تۆ بە باڵای دارێکی پاییزیدا خوێنێ خۆت بڕێژیت.
ڕۆژگارێکی چەند دڵڕەقە حەمە عومەر
ڕۆژگارێکە نابێ خۆت بیت
ڕۆژگارێکە نابێ یەک ڕوخسارت هەبێت
ڕۆژگارێکە دەبێ تێیدا پاڵەوانی هەزار ڕوو بیت
ئینجا تۆ بۆت هەیە بژیت
شیعر چییە
شیعر چیی پێ ئەکرێ لەئاست
ئەم بازاڕە بێ ڕەحمەدا؟
بەڵێ، تۆ خۆرێک بووت بۆ شیعر و جوانی، بەڵام خۆشت دەتزانی کە خۆری شیعر و جوانی لەم دەڤەرەدا دەمێکە ڕوو لە ئاوابوونە، بۆیە دەستت چوو گەرووی شیعرچڕینت و وتت:
لۆمەی من مەکەن
بەر لە ڕۆچوونم
خۆم کوشت کە زانیم
خۆرێکم نزیک لە ئاوابوونم
بەڵام بەر لەوەی پەپوولەی ڕۆحم
گڕی مۆمی مەرگ بەربا لە گیانی
ئاگرم لەسەر بەفر کردەوە و
گەرووم لێوڕێژی بەستەی گۆرانی
هەر بەڕاستی تۆ گەرووت لێوڕێژ بوو لە بەستەی گۆرانی، بەڵام گۆرانییەک جیاواز لە گۆرانییە باوەکانی ئەم ڕۆژگارە، گۆرانییەک نامۆ بە گوێی مرۆڤەکانی ئەم ڕۆژگارە، چونکە تۆ “با”ت دەخوێندەوە و ئاگری عەشق چووبووە خوێنتەوە، بەڵام کوان ئەو مرۆڤانەی ئەمڕۆ لە زمانی “با” و “عەشق”دەگەن؟ بۆیە تۆیان بە شێت لەقەڵەم دەدا:
خەڵکی بە شێتم ئەدەنە قەڵەم
نازانن کە من “با” ئەخوێنمەوە
تنۆکی باران حەرفی شیعرمە و
ئاگری “عەشق” چۆتە خوێنمەوە.
بۆیە پەنات بۆ مردن برد، گەرچی مردنیش هەر بە شێتی زانیت:
مردن پێم ئەڵێ تۆ تەواو شێتیت
وشە جێی ژانتی تیا نابێتەوە
سەرخە سەر سنگم، چاوانت لێک نێ
کێ هەیە فرمێسک بخوێنێتەوە.
گەلێ پەیڤ ماون بۆ وتن سەبارەت بەم مەرگە ڕۆحتەزێنەت حەمە، بەڵام با جارێ بەس بێت.
ماڵی شیعرت ئاوا و ڕۆحت ئاوا.

وێنەکە: چایخانەی شەعب، ناوەڕاستی هەشتاکان
لە ڕاستەوە: بەختیار عەلی، محەمەد عومەر عوسمان، ئازاد بەرزنجی، گۆران بابا عەلی