رەزا شـوان: زووبێت یا درەنگ ئەردۆگانیش گۆڕبەگۆڕ دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەر لاپەڕەکانی دوور و نزیکی مێژوو هەڵبدەینەوە، بە لیستی ناوەکانی ئەو دیکتاتۆرە داگیرکەر و خوێنڕێژ و ستەمکارانەدا بچینەوە، سەرگوزشتە و رەفتار و کار و تاوانە قێزەوەنەکانیان بخوێنینەوە.. ئەم راستییەمان بۆ دەدەکەوێت کە هەموویان لە خۆبایی و خۆبەزلزان و بە زۆر خۆسەپاندن و قورخکردنی دەسەڵاتەکان و تاکڕەوی لە بڕیاردان و پێشێلکردنی دەستور و یاساکان و زەبر و زەنگ و توندڕەوی ستەمکاری و زۆرداری و سەرکوتکردن و خوێنڕشتنی بێتاوان و دزینی سامانی وڵات و خۆدەوڵەمەندکردن و رابواردن و داوێن پیسی و درۆ و دووڕوویی و ناپاکی، لە خەسڵەتە هاوبەشەکانیانن.
ئەم دیکتاتۆر و ستەمکارانە وایان دەزانی تا هەتایە دەمێننەوە و نامرن. وایان دەزانی بە برسیکردن و سەرکوتکردن و دەمگرتن و بەندکردن و تۆقاندن و تیڕۆرکردن و کوشتن، دەتوانن گەلانی ژیانخواز و ئازادیخواز و ئاشتیخوازان سەرکوت و دەمکوت بکەن، ملکەچیان بکەن و کڕنۆشیان بۆ بەرن.. بەڵام نیازە گڵاوەکانیان بردنە گۆڕەوە.

(عەبدوڵڵا پەشێو) دەڵێ:
ئاغا گوتی: من پەیکەری خوام کوتومت
دەبێ گشت لا بمپەرستن هەر وەکو بت!
راستبوونەوە مۆسۆلینی و هیتلەر لە گۆڕ
گوتیان: راستە! ئێمەش دوێنێ وامان دەگوت

هەر دەسەڵات و حوکمڕانییەک، لەسەر بنەمای ستەمکاری و زۆرداری خۆسەپاندن و خوێنڕشتن و گەندەڵی و نادادپەروەریی بنیات بنرێت.. تەمەنی کورتە و دەڕووخێت.
دیکتاتۆرە داگیرکەر و ستەمکارەکان، کە نوقمی تاوان و خوێنن، دڵڕەق و لەخۆبایین.
خۆیان لە سەرووی یاساکانەوە دەزانن. لە زمانی چەک زیاتر نازانن، بڕوایان بە زمانی وتووێژ و چارەسەی دیموکراتییانە و ئاشتییانە نییە.. رەخنە و ناڕەزاییش لە کەس قبووڵ ناکەن.. درێژە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بە ستەم و تاوانەکانیان دەدەن.
(عەلی کوڕی ئەبو تالیب) دەڵێ:”گەر ستەمکارت بینی کە درێژە بە ستەم دەدات، ئەوە بزانن کۆتایی مسۆگەرە.. گەر ستەملێکراویشت بینی کە درێژە بە بەرگری دەدات، ئەوە بزانە کە سەرکەوتنی مسۆگەرە”
سەدام حوسێنی دیکتاتۆری دڕندە و خوێنڕێژ و رژێمە فاشست و رەگەزپەرستەکەی، چی ناشێت بە بە کوردیان.. کیمیابارانی شاری هەڵبجە کە بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج هەزار و برینداربوونی دە هەزار کورد، لە شاڵاوەکانی ئەنفالی بەدناویشدا، نزیکەی دووسەد هەزار کوردیان زیندەبەچاڵکرد، پێنج هەزا گوندی کوردستانیشیان وێرانکرد، بە هەزاران کوردیشیان زیندانی کرد، بە سەدان کوردیان لە سێدارەدا.. بەڵکوو نیازی گڵاوی سەدام حوسێن، قڕکردن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد بوو.
هێندە لە خۆی بایی بوو، نەوەت و نۆ نازناوی بۆ خۆی دانابوو، دەیوت: من پاڵەوانی عەرەب و من تەنیا سەرۆکی عەرەب، من ئیسرائیل لەناودەبەم و من.. من و… هتد.
بەڵام ئەم فسفس پاڵەوانە، کە رۆژی رەشی هات، لە چل و پێنج سەخترین قایمترین لە کۆشکەکانی جێی نەبۆوە، کەسیش نەیگرتە خۆی، بە هەزاران پاسەوانیشی هەبوو، کەسیان بە دەورییەوە نەمان.. کوشتنی کوڕەکانیشی بە چاوی خۆی بینی.. ئەم پاڵەوانە بێغیرەتەی عەرەب، کونەمشکی لێبو بە قەیسەری.. وەکوو جرج لە کونێکدا دەریان هێنا و رەشمەیان کرد. شایەنی باسیشە، سەدام لە لایەن دوو دادوەری کوردەوە دادگایی کرا. دادوەرێکی کوردی خەڵکی شاری هەڵبجەی شەهید، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرکرد و جێبەجێ کرا.. هێیندە تاوانی قێزەوەنی دەرهەق بە گەلی کوڕد و شیعە کرد.. داخلەدڵان لە گۆڕەکەشیدا لێی نەگەڕان و سوکایەتییان بە تەرمەکەشی کرد.

سەدام گۆڕبەگۆڕبوو و نەما.. بەڵام کورد ماوە و دەمێنێت.
بە چاوی خۆشمان دیکتاتۆر و ستەمکار (موعەمەر قەزافی) یشمان بینی، کە چۆن لە ناو زێرابێکی چڵکاودا خۆی شاردبۆوە، بە چ رەزالەتێکیش کۆتاییان بە ژیانی هێنا.
پێشتریش بە چاوی خۆمان بینیمان، کە چۆن گەلی رۆمانیا، دیکتاتۆر چاوچیسکۆ و ژنەکەیان گوللـەباران کردن.
ئەی ئەردۆگانی دیکتاتۆر و ستەمکار، تاوانباری خوێنڕێژ، رەگەزپەرستی دڵڕەق و توندڕە و ویژدان مردوو، تۆش تا تەپڵاکی سەرت بە خوێنی منداڵانی بێتاوان و سڤیلی گەلی کوردمان نوقم بووە.. تۆش وەکوو سەدامی هاوتاوانت، بە چەکی کیمیاوی و فسفۆری و بە بۆمبی لەرینەوەی کاولکردنی قەدەغەکراوی نیودەوڵەتی، لە رۆژئاوای کوردستاندا بەکارهێنا، بە دەیان منداڵ و ژن و پیر و گەنجی کوردت شەهيدکرد.. هەڕەشەی کۆمەڵکوژی و سەرپان کردنەوەی کورد دەکەی.. بەڵام بەم نیازە گڵاوەتەوە سەر دەنێیتەوە.. تۆ تاوانبارێکی جەنگیت، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیت ئەنجام داوە.. پێویستە بتگرن و لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای دادگایی بکرێیت و سزای تاوانەکانت وەربگریت.. بکرێت بە پەند بۆ هەموو تاوانبارێک و سیکۆپاتییەک.
ئەردۆگانی لەخۆبایی، هەش بەسەرت.. دڵنیابە کە رۆژی رەشی تۆش نزیک بۆتەوە. چارەنووسی تۆش، لە چارەنووسی ستالین و مۆسۆلینی و هیتلەر و چاوچیسکۆ و سەدام و قەزافی باشتر نابێت.. چونکە کورد وتەنی:”هەموو شتتێک لە باریکی دەبچڕێت.. تەنیا ستەم لە ئەستووری دەبچڕێت”
بەوەوە دەنازیت و تڕت زل بووە، کە بە هەزاران ماستاوساردکەر و تەشیرێس و شانتەکێنت بە دەورتەوەن.. بەوەوە دەنازیت کە زەبەلاحترین سوپا و کوشندەتری چەکت هەیە.. بە هەزاران جاشی بەکرێگیراوی داعش و بەرەی نوسرەت هەیە.. خۆ سوپاکەی سەدام لەوەی تۆ زەبەلاحتر بوو، پێنج بە قەی پاسەوانەکانی تۆش، پاسەوانی هەبوو، کەچی فریای خۆی و ماڵ و منداڵەکانی نەکەوت.. رسوایان کرد بوو بە پەندی زەمانە.
ئەردۆگانی ملهوڕی خەیاڵ خاو، وا دیارە پەند و وانەت لە چارەنووسی رەشی ئەو دیکتاتۆرانە وەرنەگرتووە و درێژە بە تاوانەکانت دەدەیت و دەست لە کوشتنی کوردی بێتاوان هەڵنەگرتووە.. گێلەپیاو باش بزانە، کە کورد ماوە و دەمێنێت و هەرگیز لەبن نایەت. بەڵام هاکا تۆ رسوا و گۆڕبەگۆڕت بکەن و فڕێت بدەنە سەر زبڵخانی مێژوو .
خوشك و برایانی کوردمان، لە رۆژئاڤا و باکوور و رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. کوردستان پەروەرانی دڵسۆز، شەڕڤانانی ئازا و خۆڕاگر و کۆڵنەدر و قارەمانی بێوێنە، پێشمەرگە دلێر و نەبەزەکانمان.. گەشبین بن، متمانەتان بەخۆتان هەبێت و هیواداربن.
راستە کە بە پیلانێکی قێزەوەنی تری ناوچەی و نێودەوڵەتی، بە گەلەکۆمەیەکی ناڕاوا، کە دەوڵەتە داگیرکەرانی کوردستان و ئەمریکا و روسیا، لەم پیلانە چەپەڵەدا بەشدارن و رۆڵێکی ناڕەوا و گڵاویان هەیە. بێ شەرمانە پشتگیری لە داگیرکەران و ستەمکاران دەکەن و پشتیان لە ئێمەی کوردی کوردستان داگیرکراو و ماف زەوتکراو کردووە.

بەرژەوەندییەکانیان خستوونەتە سەرەوەی رەوشت و یژدان و مافەکانی مرۆڤەوە.
ئێمە نابێت کۆڵبدەین و لە خەبات و تێکۆشان ساردبیننەوە.. گرنگ کەوتن نییە.. هەڵسانەوە گرنگە. ئێمە گەلێکین پێمان باشترە بە پێوە بمرین، نەک بە ملکەچی بژین.
ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکگرتن و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی هەیە.. تەنها بە یەکێتی و یەکدەنگی دەتوانین هەڵبسینەوە و سەربکەوین.
ئەی نووسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندانی کوردستانی شیرین.. ئێوەش ئەرکێکی پیرۆزی نیشتمانی گەورەتان لە ئەستۆدایە.. پێویستە بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبن.. بە ئەوپەڕی تواناتانەوە.. بەرگری لە کورد و کوردستان بکەن.. مەترسن و بنووسن.. سروود و هۆنراوەی نیشتمانی ببهۆننەوە.. بە راشکاوی گوزارشت لە بیر و سۆز و هەستی ناختان بکەن. دەشێت، چیرۆکێک، هۆنراویەک، سروودێک، شانۆیەک، یا وێنەیەکی کاریکاتێری لە فیشەکێک زیاتر دڵ و هەناوی دوژمنانی گەلەکەمان بپێکێت.
هونەرمەندانی دڵسۆز، بێگومان هونەر بە هەموو لقەکانییەوە چ وێنەی فۆتۆگرافی و فیلمی سینەمایی و درامای تەلەفزیۆنی و تابلۆی وێنە و کاریکاتێر یا شانۆ یا موزیک و سروود و گۆرانی.. چەکی بەهێزی بەرگرین و کارتێکردن و کاردانەوەیەکی ئەرێنی گرنگیان هەیە.. چەکن لە بەرگری و لە رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان. گۆرانیبێژان، سروودچڕان، دەی پڕ بە گەرووتان، سروودی نیشتمانی تۆماربکەن.. سروود بۆ رۆژئاوای کوردستان بچڕن.. بەسەر شەرڤانانی پاڵەوانماندا هەڵبدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت