نەوزادى موهەندیس: هاوپەیمانى ناتۆ و تورکیا، کامیان ئەویتریان تەڵاق دەدات؟

پێشەکى: ڕێکخراوى هاوپەیمانى باکورى ئەتڵەسى ناسراو بە ((ناتۆ)) بە ئینگلیزى ((North Atlantic Treaty Organization)) کورتکراوەکەى ناسراوە بە NATO))، بە فەڕەنسیش (organisation du Traité de I’Atlantique Nord) و کورتکراوەکەى (OTNA) : […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

پێشەکى:
ڕێکخراوى هاوپەیمانى باکورى ئەتڵەسى ناسراو بە ((ناتۆ)) بە ئینگلیزى ((North Atlantic Treaty Organization)) کورتکراوەکەى ناسراوە بە NATO))، بە فەڕەنسیش (organisation du Traité de I’Atlantique Nord) و کورتکراوەکەى (OTNA) : بریتیە لە ڕێکخراوێکى سەربازى نێودەوڵەتى کە لە ساڵى 1949دا دامەزراوە،لەسەر بنەماى هاوپەیمانێتیەکى باکورى ئەتڵەسى کە لە شارى واشنتۆن واژۆکرا لەهەمان ساڵدا،ئەرکى ئەم هاوپەیمانێتیە لەسەرەتادا بریتى بوە لە بەرگریکردن لە ئەوروپاى ڕۆژئاوا لە دژى یەکێتى سۆڤێتى جاران و ئەو وڵاتانەى کە هاوپەیمانى وارسۆیان پێکهێناوە لەسەردەمى جەنگى سارددا. ئەم هاوپەیمانێتیە سیستەمێکى بەرگرى بەکۆمەڵى دامەزراند کە وڵاتانى ئەندام تیایدا ڕێکەوتوون لەسەر بەرگریکردن لە یەکترى دژ بەهەر هێرشێکى دەرەکى. هەموو ئەندامانى ئەم هاوپەیمانێتیەش بەشدارن بە پشکى خۆیان لە هێز و کەلوپەلى سەربازى.بارەگاى سەرەکى سەرکردایەتى ناتۆ لە پایتەختى بەلچیکایە لەشارى بڕۆکسل. 3 لە وڵاتانى ئەندام لە ناتۆدا کە بریتین لە هەریەکە لە ((ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا))ئەندامى هەمیشەیى ئەنجومەنى ئاسایشى سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکانن و مافى بەکارهێنانى ڤیتۆشیان هەیە و بە ڕەسمیش وڵاتانێکن کە خاوەنى چەکى ئەتۆمین.

ئەندامانى ناتۆ
ناتۆ پێکدێت لە 29 وڵاتى ئەندام لەهەموو ئەمریکاى باکور و ئەوروپادا و 21 وڵاتى تریش هاوکارى دەکەن لە پێناو ئاشتى جیهانیدا و 15 وڵاتى تریش بەشدارى گفتوگۆى دامەزراندن دەکەن.
سەرەتا 12 وڵات ئەم ڕێکخراوەیان پێکهێناوە کە بریتیبوون لە هەریەکە لە وڵاتانى ((بەلچیکا و کەنەدا و دانیمارک و فەڕەنسا و ئایسلەندا و ئیتالیا و لۆکسۆمبۆرگ و هۆڵەندا و نەرویج و پورتوگال و بەریتانیا و ئەمریکا ))کە هەموانیان لە 4/4/1949 پێکەوە ڕێکخراوەکەیان دامەزراند.دواتر و لە 18/2/1952دا هەریەکە لە ((یۆنان و تورکیا))بوونە ئەندام، لە 9/5/1955دا ئەڵمانیاش بوە ئەندام،لە 30/5/1982دا ئیسپانیاش بە ئەندام قبوڵکرا، لە 12/3/1999دا هەریەکە لە (( چیک و مەجەڕ و پۆڵەندا))بونە ئەندام،دواتریش لە 29/3/2004دا هەریەکە لە (( بولگاریا و ئیستونیا و لاتڤیا و لیتوانیا و ڕۆمانیا و سلۆڤاکیاو سلۆڤانیا ))بونە ئەندام و لەکۆتایشدا لە 1/4/2009 دا هەریەکە لە(( ئەلبانیا و جەبەل ئەسوەد))یش بونە ئەندامى ناتۆ.

پێکهاتەى پەیکەرى ناتۆ
بارەگاى سەرەکى ناتۆ دەکەوێتە ناوچەى هارن سەر بە شارەوانى بڕۆکسلى پایتەختى بەلچیکا، بیناى بارەگاکە بە تێچووى 750 ملیۆن یۆرۆ لەساڵى 2010 دەستکرا بە دروستکردنى و لەساڵى 2016دا تەواوکرا،و کۆمەڵگایەکە لەسەر ڕووبەرى 25هەزار مەتر چوارگۆشە کە جێگەى 3800 فەرمانبەرى تیادا دەبێتەوە.فەرمانبەرەکانى پێکدێن لە:
• شاندى نیشتیمانى وڵاتانى ئەندام، کە نوسینگەى پەیوەندى مەدەنى و سەربازى لەخۆدەگرن.
• فەرمانبەران یان نێردەى دیپلۆماسى لە وڵاتانى هاوبەشەوە.
• فەرمانبەرانى نێودەوڵەتى و فەرمانبەرە سەربازیە نێودەوڵەتیەکان کەلە ڕیزى هێزى چەکدارەکانى وڵاتانى ئەندامدا کاردەکەن.
1.ئەنجومەنى ناتۆ
ئەم ئەنجومەنە لە ئەندامە هەمیشەییەکان پێکدێت کە نوێنەرى هەر 29 وڵاتە ئەندامەکەن،و هەفتەى جارێک کۆدەبێتەوە،دەسەڵاتى بڕیاردانى کارا و وەرگرتنى بڕیارى ڕێکخراوەکەى هەیە.ئەم ئەنجومەنە کاتى تریش کۆدەبێتەوە کە وەزیرانى دەرەوە یان بەرگرى یان سەرۆکى وڵات یان سەرۆک حکومەتەکان بەشدارى تیادا دەکەن.لەو کۆبونەوانەدا بڕیارە گرنگەکان تایبەت بە سیاسەتى ناتۆوە وەردەگیرێن.لەم ئەنجومەنەدا هەریەکە لە ((ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و ئیتالیا و ئەمریکا)) ناودەبرێن بە ((کوینت)) کە بریتین لە گروپی گفتوگۆى ناڕەسمى لەناو هاوپەیمانێتیەکەدا.هەروەها کۆنگرەکانى ناتۆش جێگەیەکى ترە بۆ وەرگرتنى بڕیارەکان دەربارەى مەسەلە ئاڵۆزەکان وەکو فراوانبوونى ڕێکخراوەکە.کۆبونەوەکانى ئەنجومەنەکە لەلایەن ئەمیندارى گشتى ناتۆوە سەرۆکایەتى دەکرێت و بڕیاردانیش بە کۆى دەنگ و ڕێکەوتنى هاوبەش دەبێت،دەنگدان یان بڕیار بەزۆرینە نیە،هەر وڵاتێکى ئەندام خاوەنى ئازادى و سەربەستى خۆیەتى لە بڕیارەکاندا.
2.کۆمەڵەى پەڕلەمانى ناتۆ
ئەم دەستەیە ئامانجە ستراتیژیەکانى ناتۆ دیاریدەکات کە لە خولى ساڵانەدا کۆدەبێتەوە وساڵى یەک جارى تریش کۆدەبێتەوە.ئەم دەستەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندى هەیە بە پەڕلەمانەکانى وڵاتانى ئەندامەوە کە ئەندامى هەمیشەیى یان سەفیرى ڕێکخراوەکە دیاریدەکەن، ئەم کۆمەڵەیە یاسادانەرانى تیادایە لە وڵاتانى ئەندام و 13 ئەندامى دانراویش لەخۆدەگرێت.
ئەم کۆمەڵەیە هەڵدەستێت بەدانانى خشتەى کارەکانى سیاسەتى ئەنجومەنى ناتۆ لەڕێگەى 5 لیژنەکەیەوە:
• لیژنەى تایبەت بە مەوداى شارستانى بۆ ئاسایش.
• لیژنەى بەرگرى و ئاسایش
• لیژنەى ئابورى و ئاسایش
• لیژنەى سیاسى
• لیژنەى زانست و تەکنەلۆجیا
• ئەو جەنگانەى کە ناتۆ بەشدارى تیادا کردوون:
ناتۆ لەهەموو ماوەى جەنگى سارددا بەشدارى هیچ جەنگێکى نەکردوە،بەڵام دواى ئەو جەنگە :
• لە ساڵى 1990 و 1991 بەشداربوو لە جەنگى ڕزگارکردنى کوێتدا.
• لە ساڵى 1993 بەشدارى جەنگى بۆسنە و هەرسکى کردوە.
• لە ساڵى 1999دا بەشدارى جەنگى ێربیاى کرد بۆ ماوەى 78 ڕۆژ.
• لە ساڵى 2001دا بەشدارى جەنگى ئەفغانستانى کردوە.
• لە ساڵى 2004دا بەشدارى لە نێردەیەکى ڕاهێنان لە عێراقدا کردوە.
• لە ساڵى 2009 دا بەشدارى نەهێشتنى چەتەگەرى لە کەنداوى عەدەندا کردوە.
• لە ساڵى 2011دا بەشدارى جەنگى لیبیاى کردوە.
• توانا سەربازیەکانى ناتۆ
ئاشکرایە ناتۆ لە 29 وڵات پێکهاتوە و هەریەک لەو وڵاتانەش خاوەنى سوپاى نیشتیمانى خۆیانن کە پێکەوە هەموانیان لەژێر فەرمانى سەرکردایەتى باڵاى سەربازى ناتۆدان،هەربۆیە لە ئێستادا و دواى هەڵوەشاندنەوەى هاوپەیمانى وارسۆ لەساڵى 1991دا کە سەر بە یەکێتى سۆڤێتى جاران بوو کە لەبەرامبەر ناتۆدا گەورەترین هاوپەیمانى سەربازى بوو، بەڵام لە ئێستادا ناتۆ بەو توانا سەربازیە گەورە و فراوانەى کەهەیەتى لە(( هێزى وشکانى و ئاسمانى و دەریایى و بەرگرى ئاسمانیدا))بۆتە گەورەترین و بەهێزترین هاوپەیمانى سەربازى لەهەموو جیهاندا ،چ لەڕووى ژمارەى سوپاوە و سەربازەوە چ لە ڕووى کەلوپەل و تەکنەلۆجیاى پێشکەوتوى سەربازیەوە و چ لەڕووى چەکى ئەتۆمیەوە کە 3 وڵاتى ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا خاوەنى چەکى ئەتۆمیشن. بەتایبەتیش دواى هەڵوەشاندنەوەى یەکێتى سۆڤێتى جاران و هاتنە ناوەوەى وڵاتانێکى سەر بەو یەکێتیە و هاوپەیمانى وارسۆ بۆ ڕیزەکانى ناتۆ ،ناتۆ فراوان و گەورەتر و بەهێز تر بوو.ئەمە و لەکاتێکدا لەساڵى 2018دا لەناو 10 بەهێزترین سوپاى جیهاندا 5 وڵاتیان ئەندامى ناتۆن کە بریتین لە هەریەکە لە (( ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و تورکیا)) کە تەنها بەم پێنج وڵاتەى ناتۆ ژمارەى سەربازەکانیان بریتیە لە 2169000 سەرباز.و خاوەنى تازەترین و پێشکەوتووترین چەک و تەقەمەنى و فڕۆکە و تانک و پاپۆڕ وژێر دەریایى وتەکنەلۆجیاى سەربازیشن.

تورکیا و هاوپەیمانى ناتۆ
ئاشکرایە تورکیا لە 18/2/1952 دا بۆتە ئەندامى ناتۆ لەدواى 12 ئەندامە دامەزرێنەرەکەى ناتۆوە کە لە 4/4/1949وە دایانمەزراندوە لەگەڵ یۆناندا کۆنترین ئەندامى ناتۆیە، هەربۆیە تورکیا کاریگەرى و ڕۆڵى گرنگى لەناتۆدا هەیە،چ لەڕووى ژمارەى سوپا و توانا سەربازیەکانیەوە و چ لەڕووى تەکنەلۆجیا سەربازیە پێشکەوتوەکانیەوە،لەکاتێکدا لەناو ناتۆدا زۆرجاران بە دووەم سوپاى بەهێز دادەنرێت لەدواى ئەمریکاوە و هەندێک جاریش بە چوارهەم سوپا دادەنرێت لەدواى هەریەکە لە ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیاوە. بۆیە ناتوانرێت بەئاسانى واز لەتورکیا بهێنرێت لەلایەن ناتۆوە،لەکاتێکدا هەڵکەوتەى جیۆپۆلەتیکى تورکیاش لە ناوەڕاستى هەر سێ کیشوەرى ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقادایە و سنورەکانى بەسنورى ڕوسیاوەیە کە هەمیشە ناتۆ بەئێستاشەوە بێت ڕووسیا و لە ئایندەشدا چین وەکو دوو وڵاتى زلهێز و بەهێزى ئابورى و سەربازى بە ڕکابەرى خۆى دەزانێت و بەدرێژایى جەنگى سارد و تائێستاش تورکیا وەک دیوار و بەربەستێکى بەهێز و بەرگریکار وابوە بۆ هەموو ئەوروپا و ناتۆش.لەبەرامبەریشدا سوپاى تورکیاش بە بونە ئەندام لە ناتۆدا گەلێک دەسکەوتى مادى و لۆجستى و ڕاهێنان و چەک و چۆڵ و تەکنەلۆجیاى سەربازى نوێى وەدەستکەوتوە،بۆیەش تورکیاش لەبەرامبەردا نایەوێت لە ناتۆ دووربکەوێتەوە یان دەربکرێت یان ئەندامێتى هەڵبپەسێردێت.بۆیە پەیوەندى تورکیا و ناتۆ پەیوەندیەکى دوو جەمسەرەیە و هەردوولایان پێویستیان بەیەکتر هەیە.
سوپاى تورکیا بەم شێوەیە لە ڕیزبەندى 10 سوپاى بەهێزى هەموو جیهان لە پلەى 9 هەمدایە لەدواى هەریەکە لە سوپاکانى ((ئەمریکا و چین و هند وفەڕەنسا و یابان و کۆریایى باشور و بەریتانیا))دایە.و بەهێزترین سوپاشە لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە پێش ئیسڕائیلیشەوەیە، بەم شێوەیە:
• ئاماژەى هێز :0.2089
• ژمارەى دانیشتوان :81 ملیۆن کەس
• ژمارەى سەرباز:355هەزار سەرباز
•کۆى هێزى فڕۆکەکانى:2000 فڕۆکە
• فڕۆگە جەنگیەکان :207 فڕۆکەى ئێف 14 و 15 و 16 زۆر پێشکەوتوون و لەگەڵ 880 هەلیکۆپتەرى سەربازى و 100 فڕۆکەخانەى سەربازى و تورکیا دەیەوێت پشکى لە هەناردەکردنى پیشەسازى سەربازى بگەیەنێتە 25 ملیار دۆلار ساڵانە.
• دەبابە شەڕکەرەکان:4500 و 6300 مودەڕەعە و 1800 تۆپهاوێژ
• کۆى هێزە دەریاییەکان:300 پاپۆڕى سەربازى
• بودجەى وەزارەتى بەرگرى :18ملیار دۆلارى ئەمریکى
• بۆمبى ئەتۆمى: 100 بۆمبى ئەتۆمى ناتۆ لەسەر خاکى تورکیا بڵاوکراوەتەوە
بەم شێوەیە هاوپەیمانى ئەتڵەسى((ناتۆ)) لە ئێستادا بۆتە هێزێکى گەورەى سەربازى لەهەموو دونیادا و دەتوانێت و لەتوانیدایە دەستوەربداتە هەموو کونجێکى دونیاوە بە بەرژەوەندى ئەندامەکانى و دروشمەکەى خۆیان کە دەڵێت ((یەک لەپێناو هەمواندا و هەموانیش لە پێناو یەکێکدا))ى خۆى پیادە دەکات هەر کات ئەندامێکى تووشى هەڕەشەى دەرەکى بۆوە،بەڵام نەک ئەندامێکى هێرشبکاتە سەر لایەنێکى تر و هەموانى تریان پشتیوانى لێبکەن.
بۆیە لەم هێرش و پەلامار و داگیرکاریەى تورکیا بۆ ڕۆژئاواى کوردستان لە باکورى سوریادا کە دەوڵەتێکى خاوەن سەروەرى و سنورى نێودەوڵەتى و ئەندامى نەتەوە یەکگرتوەکانە، بە نیاز و لەژێر ناوى ڕاوەدوونانى تیرۆریستانەوە جەنگێکى مەترسیدارى هەڵایساندوە لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کە گرنگە بەلاى زلهێزەکانى دونیا و ناوچەکەوە بەهۆى بوونى یەدەگێکى زۆرى نەوتى خاو وگازى سروشتی کە بزوێنەرى ماکینە زەبەلاحەکانى پیشەسازى وڵاتە پیشەسازیە گەورەکانى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتى دونیان و ڕێگەنادەن کە ئەو سەرچاوە گرنگەى وزەیان لێببڕدرێت.
تورکیا بەناوى ئەوەى کە ئەندامى ناتۆیە و گەورە و کاریگەر و بەهێزیشە ،گەرەکێتى ناتۆ بخاتە دواى سیاسەتە هەڵەکانى خۆیەوە و مەرجەکانى خۆى بسەپێنێت ،ئەوەش بەوەى کە هەوڵ دەدات کە خۆى لە ڕوسیا و چینى دوو زلهێزى ئایندەى دونیا نزیک بکاتەوە لەڕێگەى مامەڵەى بارزگانى و کڕینى چەک و چۆڵى سەربازى پیشکەوتوو لێیان وەک ئەوەى لە ڕوسیاى کڕى کە بریتی بوو لە ڕۆکێتى بەرگرى S-400 و بەمەش خاوبونەوە و دڕدۆنگى و درز کەوتە نێوان ناتۆ لەلایەک بەگشتى و ئەمریکاش بەتایبەتى لەگەڵ تورکیاداو کار گەیشتە ئەوەى کە ئەوروپیەکان و ئەمریکاش سزاى ئابورى بسەپێننە سەر تورکیا و هەمیشە ڕەخنەى توندى لێبگرن دەربارەى پیادەنەکردنى دیموکراسى و پێشێلکردنى ئازادیەکان و مافى کەمینە و مرۆڤ بەتایبەتیش کوردەکان.
بۆیە لە ئێستادا ئەو پرسیارە هاتۆتە ئاراوە، کە ئایا ناتۆ دەتوانێت یان دەیەوێت تورکیا لەڕیزەکانى دەربکات و یان ئەندامێتى هەڵپەسێرێت؟ئایا بەدەرکردنى تورکیا لە ناتۆ کام لایان زیانى گەورەیان بەردەکەوێت ؟ ناتۆ یان تورکیا؟ئایا تورکیا بەو هێز و سوپا گەورە و بەهێزەوە و لەناوچەیەکى گرنگى وەک ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەروا بە ئاسانى و بەبێدەگى دادەنیشێت؟ یان سەرکردایەتى پێکهێنانی هێزێکى هاوشێوەى ناتۆ ناکات لەوڵاتە عەرەبى و ئیسلامیەکان؟ یان بەتەواوەتى ڕووناکاتە ڕوسیاو لەگەڵیدا هاوپەیمانێتیەکى نوێى سەربازى هاوشێوەى هاوپەیمانى وارسۆى هەڵوەشاوە دروستناکاتەوە بۆ دژایەتى ناتۆ؟دەیان پرسیارى تریش.
لەوەڵامى هەموو ئەو پرسیارانەدا، بە ڕاست و ڕەوانى ناتۆ ناتوانێت هەروا بە ئاسانى دەست لەتورکیا هەڵبگرێت و لەڕیزەکانى دەریبکات لەبەر گرنگى جیۆسیاسى پێگەکەى و هێز و توانا سەربازیە بەرزەکەى سوپاکەى لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە بەهۆى ئەوەى کە دەرکردنى تورکیا لەناتۆ بە بەرژەوەندى ڕوسیا دەشکێتەوە. بەدڵنیاى هەردوولایان زیانیان بەردەکەوێت،بەڵام پێم وایە زیانى ناتۆ گەورەتر دەبێت چونکە دووەم هێزى سەربازى لەدەستدەدات بەڵام تورکیا سەرەڕاى زیانەکانى بەڵام دەتوانێت لەگەڵ ڕووسیا قەرەبوى بکاتەوە،و تورکیاش دواى دەرکردنى لەناتۆ چاوەڕوانناکرێت بەهێمنى و دەستەوستان دابنیشێت بێ کاردانەوە و گەلێک ئەگەر و ڕێگاچارەى لەبەردەستدایە وەک پێشتر باسمان کردوە.
بەم شێوەیە هەم ناتۆ تورکیاى بەلاوە گرنگە و هەم تورکیاش مانەوەى لەناو ناتۆدا بێ باشترە چونکە نزیکەى 70 ساڵى تەواوە ئەندامە لەو هاوپەیمانێتیەدا و کار و ئەرک و چالاکى گەورەى نواندوە و بەشداریەکى کاراشى هەبوە و ناتۆش هەموو ئەمانە زۆر باش دەزانێت، هەربۆیە ڕۆڵ و کاریگەرى ناتۆ بۆ ئێستا و ئایندەش بەسراوەتەوە بە یەک و یەکگرتوویى ڕیزەکانى و پاراستنى تەبایى نێوان ئەندامەکانى و دەکرێت کێشە و گرفتە سیاسى و ئابوریەکانى نێوانیان بەگشتى و بەتایبەتیش لەنێوان تورکیا و ئەمریکادا لەڕێگەى گفتوگۆوە چارەسەر بکەن بە بەرژەوەندى هەردوولا و ناتۆش تەواو ببێت،ئەگیناچارەنوسى ناتۆش وەکو چارەنوسى هاوپەیمانى وارشۆى هەڵوەشاوەى لێبەسەردێت و ڕۆڵ و کاریگەرى بچوک دەبێتەوە و بەرەو نەمانیش دەچێت کە بۆ خۆى بوونى هێزێکى وەکو ناتۆ لەم قۆناغ و سەردەمى ئێستاى پڕ ململانێ و ناکۆکى و جەنگە نەبڕاوەکاندا گەلێک پێویستە بۆ فشاردروستکردن و دەستێوەردان بە بەرژەوەندى گەلان و وڵاتانى لاواز و بێدەسەڵات و بچوکەکان وەکو کوێت و کورد و ئۆکرایناو ..هتد.بەبێ بوونى هێزێکى وەها دونیا دەبێتە دارستانێکى مەترسیدار کە تیایدا بەهێزەکان لاوازەکان هەڵدەلوشن.هەربۆیە نە ناتۆ دەتوانێت تورکیا تەڵاق بدات و نە تورکیاش بەو تەڵاقدانە ڕازى دەبێت بە ئاسانى،و پەیوەندیەکانى ناتۆ و تورکیا وەکو هاوسەرگیرى مەسیحیەت وایە کە تا لە ژیاندا بن ناتوانن یەکدى تەڵاق بدەن و لێکجیاببنەوە.

سەرچاوەکان:
=========
.1https://ar.wikipedia.org.
.2https://www.emaratalyoum.com
.3https://arabic.rt.com/world/
.4https://arab-turkey.com.tr

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
نەوزادی موهەندیس

ئەرشیڤی بەڕێز: نەوزادی موهەندیس