زانا عثمان: بایکۆت – یەکبوونێک بۆ ئێمەو، وەفاو سۆزێک بۆ ڕۆژئاوا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەرووی ئەوەی ھێرش و پەلامارەکانی ئەم جارەی تورکیا بەکشانەوەی بەشێک لەھێزەکانی سوپای ئەمریکا لەچەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان/ سوریا، خێراو جیاوازبوون، لەھەمان کاتدا کارو کاردانەوەکانیش خێراو جیاوازبوون و ھەن، لەڕووی ھەمەلایەنەی پلان و پیلانەکان.
جیاوازی ھەمەلایەنیەکەی پلان و پیلانەکان ئەوەیە کە تەنھا ڕووی سەربازی ئیفێکت و گرینگی پێدانەکەی لەسەر نەکەوتۆتەوە وەک کات و ساتەکانی تری ئەو جۆرە لەھێرش و ھەڕەشە بەردەوامیەکانی تورکیای داگیرکارو دوژمنی نەتەوەیی کورد.
بەڵکو پلان و پیلانەکان و ڕووبەڕووبوونەوەکانی ھێزی داگیرکاری تورک یەک پارچەییەکی گەورەو فراوانی ھەم لەئاستی ناوخۆیی کورد ھێناوەتە بوون و ئاراوە،کە زۆر گرینگە، ھەمیش چەند وڵاتێکی ناوچەیی دۆست ڕابردووی تورکیای کردووە بەدوژمن و (نا)لەگەڵ نەبوونی تورکیا لەو ھێرش و داگیرکاریەی سەر ڕۆژئاوا دروستبوە، لەئاستی جیھانیش لایەنێکی تری گەرموو گەورەی باس و خواسەکانی ئەو ماوەیەی گۆڕەپانەکەی داپۆشیوە، لەسەرووی کارەساتە گەورە مرۆییەکان بەسەر (ڕۆژئاوا) ئەم باس و خواس و کەوتنە گفتوگۆکان بۆ کورد گرینگ و پڕ بایەخە بەم چەشنە لەنێوەندە جیھانیەکانی سیاسەت.
ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمەی کورد گرینگە ئەوەیە؛ ئەگەر تائێستا حیزب و حیزبایەتی و شەڕەپەڕۆو و کەوتنە ژێر کاریگەری ھەر ھێندێک و بۆ سەرکردەیەک ئێمەی لێک دورو جیاو لەگەڵ یەک بەدوژمن کردبێت لەناوخۆدا، ئەوە ھێرشی دوژمنکارانەی ئەم جارەی تورکیا کەخواستی لەناوبردنی نەتەوەییمانی لەخۆگرتووە، زۆرینەیەکمانی لەتەواوی ڕەنگ و دەنگەکان کردۆتە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست.
یەک دەنگی و یەک ھەڵوێستیەک کەدوژمن نەک بەتەنھا زیانی سەربازی و مرۆیی لەئێستاو لەمێژوو تۆمار دەکات، بەڵکو زیانی ئابوریش بەرکەوتەو بەربەشیەتی کەئەمە لەپێشوو نەبوە بەڵام ئەمجارە بەھۆی گرتنەبەری بایکۆتکردنی کاڵاو کەل و پەلی تورکی ئەم زیانەی بۆ سەرباری زیانەکانی تری تورکیاو ھاوڵاتیانی بووە، زیانێک ئەمجارەیان تورکیا بەئاسانی دەربازی نابێت، لەکەڵەکەبوونی زیاتری قەرزەکان و ناشیرینی زیاتری سەربار لەئێستاو بۆ مێژوو.
زیانەکانی دەرچەی ئەو (بایکۆت)ەی کەماوەیەکە دەستی پێکردووە لەباشور لەتەک کەمپەینی کۆکردنەوەی ھاوکاریەکان و گەیاندنیان بە ڕۆژئاوا، گرینگە، چونکە سودو زیانەکان ھەمەلایەنەو فرەییەکی گەورەی لەخۆگرتووە، بەوەی تەواوی سودەکان بەسەر خۆماندا شکاوەتەوەو دەشکێتەوە تەواوی زیانەکانیش بەدوژمن(تورکیا) شکاوەتەوەو دەشکێتەوە،
بۆیە ئەگەرچی ئێمەی باشوری ناتوانین لەڕووی ھێزی سەربازی پاڵپشت و لەگەڵ ڕۆژئاوابین لەگۆڕەپانی جەنگ، با زیاترو زیاتر بتوانین ھاوکاریەکان بۆ ڕۆژئاوا زیاترو زیاتر بکەین و بایکۆت تۆکمەترو زیاتر بکەین، بەوەی ئەوانەی تائێستا بایکۆتی کەل و پەلی تورکیان نەکردووە بیکەن، ئائەمە لەئێستایا گەورەترین کارو ئەرکە کەئێمە لەسەرمانە بیکەین وەک ھاوسۆزیەک بۆ ڕۆژئاوا، گەرموو گوڕتربین، ساردنەبینەوە.
بۆیە؛ بەڵێ بۆ بایکۆتکردنی کاڵاو کەل و پەلی تورکیای دوژمنی نەتەوەیی و داگیرکاری نیشتیمان و قەتڵ و عامکاری ھاونیشتیمانیانمان، بەڵێو بەڵێ بۆ بایکۆتکردن، بەڵێ بۆ وەفاو سۆز بۆ ڕۆژئاوای نیشتیمان، بۆ یەکبوون و یەکخۆشویستن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت