كەمال محەمەد: خۆپیشاندانەكانی عێراق لە نێوان ئاییندەیەكی كۆمیۆناڵ و زەمین لەرزەی سیاسیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر ورد ببینەوە لە كتێبی ”ئارینت لینهارت ” كە باس لە دیموكراتی و سەركردەی سیاسی و پرسە سیاسییە گرنگەكان ئەكات، ناتوانێرێت لە عێراقی ئەمڕۆدا ئەو باسە بە واقیعی بیبینرێت. بەڵكو ئەوەی كە هەیەو ئەبینرێت، پیادەی هەژمونێكی مۆنۆپۆلیانەیە لە نێوان هێزە ئۆڵیگاریشییەكاندا. نەوەك پاراستنی هاوسەنگی نێوان هێز و پێكهاتەكان لە سیستەمی سیاسی و حكومڕانیدا، كە دواجار سەرچاوەی كێشەكان لێرەوە سەرهەڵ ئەدات و، بەردەوامی هەیە. بۆیە خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەحریر و، پارێزگاكانی خواروی عێراق، زادەی ئەم جۆرە لە حكومڕانییەی سیاسییەكانن، كە كاریگەری لەسەر كۆی سیاسەت و هاوڵاتیان و، بەتایبەت گەنجان لە بەشدارییان و، سود وەگرتنیان لەسێكتەرەكانی ژیان كردوەو، كۆت و بەندیانی كردوە. عێراقی دوێنێ و ئەمڕۆ، هەمیشە كێبڕكێی تێدا بینراوە لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات و، داهاتەكانی هەمو ئەمانەش لە ئەنجامدا هۆكار بوە بۆ شكستهێنان لەبەرێوەبردنی دامەزراوەكانی دەوڵەتدا.
عێراق وڵاتێكی فرە نەتەوەو ئایینە و، كێشەو ململانێكانی بەرەدەوامی هەبوە. ئەگەر لە سیاسەتی عێراق بگەین و بگەڕێینەوە مێژوو، ئەمەش وایكردوە هەرگیز ئیرادەیەكی سیاسی و ئایدۆلۆژی و مەعریفەی بۆ سەر لەنوێ بنیاتنانەوەی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و، دادوەری و یاسادانانی نەبێت و هەمیشە بەدەست فرە نەتەوەییەكەی و نەوت و توندوتیژی و جەنگەكانییەوە ناڵاندویەتی. بۆیە سیاسەتمەدارەكانیشی هیچ لەململانێكانی نێوانیان نەكردوە بۆ گۆڕانكاری و، بونیادی عێراقێكی خاوەن سیستەمێكی دیموكراتی و فرەیی و هاوڵاتیبون. بەڵكو بە پێچەوانەوە هەوڵەكانیان بۆ پاكتاوی سیاسی و حكومڕانی ئەوی دی بووە.
لە لایەكی دیكەوە بەفیڕۆدانی ملیارەها دۆلار لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقدا و، بڵاو بونەوەی گەندەڵی دارایی و كارگێری، هۆكاری تێكشانی پێكهاتەو پەیكەری دەوڵەتی عێراق بوە لە ئێستادا. كۆی ئەم سیستەم و سیاسەتەش بەتەنها كاری نەكردۆتە سەر داهات و سامانی وڵات، بەڵكو ڕژاوەتە ناو تاكەكان و ڕۆڵەكانی ئەم وڵاتەوە. بۆیە بەم شێوەیە، عێراق بەرەو كۆمەڵایەكی تراژیدی دروستكراو بۆ گەلەكەی هەنگاوی ناوە، هەتا ئەمڕۆكەش بەردەوامی هەیە.
ئەوەی، كە بۆتە هۆی ڕەشبینی زیاتری هاوڵاتیان سیاسەتی پشك پشكێنەیە، كە باڵی كێشاوە بەسەر زۆربەی لایەنەكانی ژیانی سیاسی و ئابوری و نیشتمانیدا، لەلایەن سەركردەو حیزبە سیاسییەكاندا، كە هۆكاری چارەسەری نەكردنی تەنگەژە سیاسی و ئیداری و ئابورییەكانی عێراقی بەدواداهاتوە. بۆیە گەلی عێراق بەبێ گوێدانە مەزهەبییەكانی سەركردەكانیان، ڕژاونەتە سەرشەقامەكان و لە ماوەی چەندین ڕۆژدا ناڕەزایی خۆیان سەبارەت بە جۆری حوكم و، شێوازی حكومەتكردن خستۆتە بەرچاوان و. خوێنێكی زۆریان لەو پێناوەدا بەخشیوە و، ئامادەی بەخشینی دیكەشن لە پێناو ئاییندەی كۆمەڵگایەكی كۆمیۆناڵ و یەكسان. تا بتوانن مافی بەشداری یەكسان و بڕیاردانی پەیوەست بەخۆیان هەبێت لەتەواوی سێكتەرەكاندا.
خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی عێراق ئەگەر لەسەر بیری پێشكەوتووخوازی و ڕیفۆرمی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و مەزهەبی بێت، ئەوا ئەتوانێ تروسكەی هیوا لەشەوەزەنگی لایەنە سیاسییەكان بە زیندوویی ڕابگرێت و، دواجار خۆیان و مافەكانیشیان بەدوور بگرن لەیۆپۆپیا و زەمین لەرزەیەكی سیاسی، كە دیسانەوە دۆخی كائیۆس بكاتەوە بە بەریاندا.
وەك ئەزانین عێراق بەدەر نەبوە لە دەستێوەردانە دەرەكییەكان، كە هۆكارێكی سەرەكی بە هۆی ڕێكنەخستنی نێوخۆیی حیزبەكان خۆیانەوە بوە كەهەمیشە هۆكارێك بوون بۆ ئاڵۆزی و بەیەكداچویی زیاتركە كاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمی سیاسی عێراق بەجێهێشتوە و ناسەقامگیری و فشۆڵی كارەكتەری لە جومگەكانی دەوڵەتدا دروست كردوە، كە دواجار ئیفلیجی سیاسی و حكومداری بەرهەم هێناوە و، زیاتر لاوازی دەسەڵاتی یاسادانانی بەسەر جێبەجێكردندا بەدەرخستوە. بۆیە ئەگەر خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی عێراق سەربكێشێت بۆ ململانێكان و جیاوازە مەزهەبی و ئەتنییەكانی لایەنە سیاسییەكان بەدەستی زلهێزەكان، ئەوا پێشینەی خوێناوی عێراق بەس ئەبێت بۆ دووبارە ناسەقامگیری و خوێنڕێژییەكی زیاتر و ناجێگیرییەكی دیكەی گەلەكەی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت