‎ژیار ئەحمەد: ئەبوبەکر بەغدادی بەرهەم هێنەر یان جێبەجێ کاریی تیرۆر؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ هەڵاتنی گزنگی خۆر، هەواڵی ئاوابونی خۆری خەلافەتەکەی داعش بە مردنی خەلیفەکەیان کەوتە بەرگوێی زۆرینەی دانیشتوانی جیهان. هەرچەندە لەمەوبەریش، لەچەند کات و چەندین جوگرافیای جیا جیا، گوێ بیستی هەواڵی لەو چەشنە بوین. بەڵام تائێستاشی لەگەڵ دابێ و، لەداهاتوشدا نابێتە هۆی بنبڕکردنی ڕێکخراو و گروپی لەو جۆرە. چونکە کۆی وڵاتان لەکاتی سەرهەڵدانەوەی گروپ و ڕێکخراویی لەوشێوەیە، هەڵناستن بە نەهێشتنی ئەو چەمک و پڕەنسیپەی، کە کۆمەڵ گەلێکی وەهای لێ دروست دەبێ. نایێن بە کرداری شەڕی فیکری ئەو گروپ و مەدرەسە فیکریانەی، کە بەفریی تیرۆر دەپەستن و ناوە ناوە بوکەڵە بەفرینەیەکی ڕەنگ ڕەشی تیرۆر دەخزێنە نێو وڵاتێکی داخراو دواکەوتوو، کە سەرەنجام ئەو کۆمەڵگانەی فریوی ئەو جەنەتول مەئواییەی ئەوان دەخۆن و، دەبێتە تاڵاوێک لەقورگیان، کە هەم خۆیانی پێ لەناو دەبەن هەمیش وڵاتیان.
‎بۆیە دەبێ گۆمەڵگای ئیسلامی سەرەتا پێش وڵاتانی دیکەی جیهان، وەچەرخانێکی گەورە بەسەر فیکرو، ئەو خوڕافەتە دینیەی، کە موفەسیرە عەرەبەکانی کۆن لەسەریان کردۆتە دین، قبوڵ بکات.
‎دەبرێ بوێری ئەوەمان تێدابێ، ڕەئی و بۆچونی خەڵکی لە کەلام و وتەی ئیلاهی جیابکەینەوە. دینێک دروست بکەین، کە لەسەر چەمکی قبوڵ کردنی ڕەهای هەموبۆچونێکدا بگونجێ. دەبێ کار لەسەر پاکژ کردنەوەی هەمو ئەو تولە ڕێگایانەی، کە تیرۆر و بەغدادیەکی تری لێدروست دەبێ، لە تەفسیرەکانی قورئانی پیرۆزدا بکەین. چونکە سەرەنجام تەفسیر و بیروبۆچونی کەسێکە بۆ دەقێکی ئاینیی. هەرگیز سەوابت و نەگۆڕ نیە لە دیندا،
‎گەر دینێکمان دەوێ، کە دونیامان لێنەکاتە دۆزەخ لەپێناو بەدەست هێنانی بەهەشت، وەهمی ئەو موفەسیرانەی، کە بانگەشەی بۆدەکەن، کە بەدەرە لەو ڕێگایانەی، کە خودا لە کەلامی خۆی بۆی بەیان کردوین. دەبێ لە هەموو سەردەمەکان کار بە تێگەیشتنی ئەوسەردەمە بکەین لە سروود و دەقە ئاینیەکان. دەبێ پێداچونەوە بەسەرجەم تەفسیر و فەرمودەو تێگەیشتنی یاوەران و، ئیجماعی کۆنو نوێ بکەین. چونکە داعش بەرهەمی تەفسیری ئەو دەقو تێگیشتنانەیە، کە لەڕابردوو دا لە عەقڵێکی تەسکو نا سەلیمی وەک ئیبن و تەییمیەو ئیبن کەسیرو محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب و شێخانی ئێستای ئەزهەرو سەلەفەیەکانن.
‎گەر ئێمەبە هەموو توانایەکمان ڕووبەڕووی ئەو فیکرە ڕەشە وێرانکەرە بوینەوە و، ئیستێک و ستۆپێکمان بە بازرگانانی دینەوە کرد، ئەوا گرەنتی دوبارە نەبونەوەی کۆمەڵ و گروپی تیرورستی لەو چەشنە دەبینین. بەڵام گەر ئێمە و ڵاتان تەنها کارمان لەسەر ئەنجام دەرانی ئەو فیکرە کرد، ئەوا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەبێ چاوەڕوانی هێرشی دڕندانە تری لەو چەشنانە بین. خەلیفەیەکیان بکوژین سەدان خەلیفەی تری جۆشدراو بەو تێگەیشتنە توندو تیرۆرەی، کە باسمان کرد، دەبنەوە شوێنگرەوەیان. بەڵکو زیاتریش دەکەن لەوانەی پێشوتریان. بۆیە دەبێ بە ئاگابێینەوە کار لەسەر نەهێشتنی بەفریی لاوازی تێرۆر بکەین، نەک تێکشکاندنی بوکەڵە بەفرینەکان. چونکە سەرەنجام بە شێوەیەکی گەورەترو فراوان تر دروست دەبنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت