ئارام عەلی عەزیز: مرۆڤایەتى سەرلەنوێ دەبووژێتەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خۆپیشاندانە جەماوەریەکانى عیراق، لوبنان، جەزائیرو سودان و چیلی و چەندین دەوڵەتى دیکەى ئەوروپایی دەیسەلمێنن، کە ئەو خۆپیشاندانانە سەرهەڵدان و بەهارى ئینسانن. داواکاریی و دروشمى خۆپیشاندەرانیش وەکو یەکن، کە خۆى دەبینێتەوە لە کۆتایی هێنان بە نادادپەروەریی و راماڵینى گەندەڵکاران.
ئەم بەهارە لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست هەڵقوڵا، هەنگاو بە هەنگاو گەورەو فراوان بوو، هەڵە نیە ئەگەر پڕۆسەکە بە مەنجەلێک بشوبهێنین ، کە لە بنەوە بڵق دەدات و دەکوڵێت تا دەگاتە سەرەوە. بنەوەى سەرهەڵدانەکە لە تونس و میسر دەستیپێکردو گەیشتە لیبیاو یەمەن و سوریا، قۆناغی دوەمى بەهارەکە گەیشتە فەرەنساو ئەوروپاو بوە بەهاری فەرەنسایی، قۆناغی سێیەم گەیشتە سودان و جەزائیرو باکورى ئەفریقیاو بوە بەهارى ئەفریقایی، ئەمڕۆیش گەیشتە عیراق و لوبنان و بوو بە جیهانیی. داواکاری تەواوى خۆپیشاندەرانیش هێنانە کایەى دادپەروەریە، لە ناوەڕۆکی خۆیدا گەڕاندنەوەى شکۆمەندیە بۆ ئینسان. ناسنامەى ئینسان بوون تیایدا زاڵە بەسەر هەموو ناسنامە ناڕەسەنەکان.
گەندەڵکارو کەرەستەکانى سیستەمى ستەمکاریی، ئینجا چ حکومەت بێت یان پەرلەمان، چ حزب بێت یان دیکتاتۆرەکان بەم سەرهەڵدانانە هەڵدەوەشێنرێنەوەو دەنیشێنرێن و دواتر فڕێدەدرێنەدەرەوە، لە جێگاى ئەوانیش سیستەمى دادپەرەوەریی تازە دادەمەزرێنرێت.
بەو واتایە ئەم پرۆسەی بەهارە گێژەنێکى مێژووکردە، بە شەپۆلەکانى کۆن قووتدەدات و لە هەناوى خۆیدا نوێ دێنێتەکایەوە. کۆن هەڵدەوەشێنێت و لە گەرمەى جەنگ و ململانێشیدا لە گەڵ ئەم کۆنە، بابەتیانە پێداویستیەکانى سیستەمى نوێ وەکو پرۆسەیەکی دیالێکتیکى فەراهەم دەکات. بەو مانایەى پرۆسەى رووخاندن و بنیاتنانەوەى لە یەک کاتدایە. بە هەموو ماناکانى وشە شۆڕشە. شۆڕشێک کە سیستەمى جیهانیی کۆتایی پێدێنێت و فڕیی دەداتە ناو زبڵدانی مێژوو.
ئەم بەهارە، سایکس پیکۆو سیستەمە دیکتاتۆریەکانى خۆرهەڵاتى ناوەراستى لەناوبرد، زەمینەى بیروبۆچوون و ناسنامە ناڕەسەنە رەگەزپەرستەکانى بە هەموو جۆرەکانیەوە نەهێشت، ئاسۆیەکی فراوانى ئینسانبوون و هاووڵاتیبوونی کردەوە، کە لە ژێر سایەى دەوڵەتى قانوندا، ناوکى ئایدۆلۆجیی یەکەى نوێی سیستەمى جیهانی پێکدەهێنێت.
لەو روەوە ئەو رووداوو گۆڕانکاریانە، ئەو بەهارو سەرهەڵدانانە لە کەسایەتى نەخشەى خاکى پیرۆزى نێوان فورات و نیلدا، کە لانکەى شارستانیەت و سەرەتاى دەستپێکردنى مێژووە، وەردەچەرخێن بۆ بووژانەوەى شارستانیی و، دواجار کۆتایی بە تەواوى سیستەمیی ستەمکاریی جیهانی دێنێت، کە لە رووداوەکانى رۆژگارى ئەمڕۆماندا ئاوابوونى خۆرەکەى دەبینین. بەمەیش نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنى ئاسایش هەڵدەوەشێنەوە، سیستەمى نوێ لە جێگەى ئەوان دێتەکایەوە، بەمەیش شکۆمەندی بۆ ئینسان دەگەڕێنرێتەوەو سیستەمێکی دادپەروەر دادەمەزرێنرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت