رەزا شـوان: منداڵان و مردن و مردن لە ئەدەبی منداڵان دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دایکان و باوکان بە رەمەکی دەیانەوێت منداڵەکانیان بپاڕێزن، لە هەموو زیان و ئازار و ناخۆشی و کەسەر و خەمێک دووریان بخەنەوە، نەک تەنیا لە ئازارە جەستەییەکان، بەڵکو لە ئازارە دەروونییەکانیش. گەلێ لە راستییەکان و رووداو و کارەساتەکانیان لێدەشارنەوە، یان بە شێوازێکی هەڵە هەواڵەکانیان تێدەگەیەنن. بۆ ئەوەی ئەو هەواڵە ناخۆشانە، نەبنە هۆی ناخۆشی و خەم و دڵتەنگی و خەمۆکییان. بە بیانووی ئەوەی کە هێشتا منداڵن و بچووکن، بەرگەی هەواڵ و کارەساتی ناکاوی وا ناخۆش و جەرگبڕ ناگرن. یا هێشا لە چەمک و راستی ئەو رووداوە ئاڵۆزانەی وەکوو: مردن، کۆچکردن، بێ سەرشوێن کردن، جیابوونەوەی دایک و باوک، دابڕان، تینەگەیشتوون.
بەڵام لەم سەردەمەدا، کە پڕە لە ئاژاوە و لە شەڕ و کوشتن و بڕین و لە وێرانکردن و لە کارەساتی تراژیدی.. کە رۆژانە بە دەیان منداڵ و گەنج و ژن و پیری بێتاوان دەبنە سووتەمەنی شەڕ و ستەم و زۆرداری و داگیرکردن و شەهـید دەبن. مردن بووە بە هەواڵ و بە دیمەنی رۆژانەی بەرچاویان.. ئەگەر بە چاوەکانی خۆشیان نەیان بینن، لە کەناڵە تەلەفزیونییەکاندا دەیان بینن، یان لە خەڵکییەوە دیان بیستن.
بۆیە منداڵانی کورد لە کوردستان و منداڵانی سوریا و عێراق و فەلەستین و یەمەن و ئەڤغانستان و چەندین شوێنی تر، هەر لە تەمەنێکی منداڵی بچووکدا لە چەمکی مردن تێگەیشتوون و بە هەواڵی مردن راهاتوون و ئاشنابوونە لە چاوی منداڵانی جیهانەوە.
مردن لە زماندا، بە واتا جیابوونەوەی رۆح لە جەستە و لە کارکەوتنی ئەندامانی لەش. مردن وشەیەکی کورت و سووک و ئاسانە لەسەر زمان، بەڵام ئەو راستییە ترسناک و تاڵەیە، کە منداڵان و گەورەکانیش، هەر بە ناوهێنانی دەترسن و خورپە دەکەوێتە دڵ و هەناویان و تەزوو بە ئازای لەشیاندا دێت.. گەر گەورەکان لە ئاستی مردندا، بترسن و بلەرزن، ئەی منداڵانی هەست ناسک چۆن لە مردن و لە دەستدانی ئازیزانیان ناترسن.
هەندێک لە دەروونناسان، پێیان وایە کە کارتێکردن و کاردانەوەی مردن لەسەر هەر هەرکەسێک، دەگەڕێتەوە بۆ رەگەز و رادەی رۆشنبیری و پەروەردەیی و تێگەیشتنی ئەو مرۆڤ لە چەمکی مردن و ژیان.. هەرکەسێک بڕوای بە راستی دینامیکی سوڕی ژیان هەبێت: لەدایکبوون، گەشەکردن، گەورەبوون، پیربوون، مـردن. دەتوانێت بە خۆشی بژێت وەکو ئەوەی کە مردن دیارەیەکی ئاساییە و بەشیکە لە ژیان.
تا ئێستا گەلێ راڤە و لێکدانەوە و را و بۆچوونی جیاواز دەربارەی مردن هەن.. بەڵام هەموویان گەیشتوونەتە ئەو راستییەی کە مردن ئەو راستییەیە، کە هیچ گیانلەبەڕێک، هەچ رێگا و چارسەرێک بدۆزێتەوە لێی رزگار نابێت.. هەر وەکوو چۆن لەدایکبوون سەرەتای ژیانە، مردنیش کۆتایی ژیانە.
بێگومان هەموو منداڵێک لەم جیهانە بەرینەدا، ئەوە دێتە رێی کە کەسێکی زۆر نزیک یا ئازیزێکی یا خۆشەویست و زۆر لەدڵ شیرینێکێ، بە شێوەیەک لە شێوەکانی مردن لە دەست بدات و هەرگیز جارێکی تر نەیبینێتەوە.
کەسیشمان حەزناکەین، باسی مردن لەگەڵ منداڵاندا بکەین، وامان پێ باشترە، منداڵان بە مردنی کەسێکی لەدڵ شیرینیان، هەستی ناخۆشییان تاقی نەکەنەوە.. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەوە دەزانین، کە ئەستە بۆ ماوەیەکی درێژ مردن لە منداڵان بشارینەوە.
(فۆرتش) ئامۆژگاریمان دەکات و دەڵێت:”پێویستە بە زمانێکی روونی بێ پێچ و پەنا، لەگەڵ منداڵاندا، باسی مردن بکرێت، پێیان بوترێت: داپیرە گیان زۆر زۆر نەخۆشبوو، پزیشکەکان درێغیان نەکرد و زۆر بە دڵسۆزی و پەرۆشەوە، هەوڵی چارەسەرکردن و چاکبوونەوەیان دا، بەڵام لە توانایاندا نەبوو کە بتوانن چاکی بکەنەوە.. بۆیە مـرد”.
پێویستە وشەی”نەخۆش”بە جوانی بۆ منداڵان روونبکەنەوە، کە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی کە کەسێک سەرمای بووە و قۆڵنجی کردووە و تووشی کۆکە و سەر ئێشە و سک ئێشە و تای لێهاتووە، پێی دەڵێن نەخۆشە.. بە جوانیش تێ بگەیەنن، کە هەموو نەخۆشێک نامرێت، مەرجیش نییە کە ئەوەی پیربێت بمرێت.
پسپۆرانی دەروونناسی وایان پێ باشترە، منداڵان ئامادەبکرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەی مردن، پێش ئەوەی کە بە راستی رووبدات.. باسکردنەکەش بە راشکاوی بێت و بەو زمانە بێت کە منداڵ لێی تێدەگات.. ئەو راستییەشی پێ بڵێن، کە هەموو مرۆڤێک دەمرێت، دایک، باوک، برا، خوشک. مردنێش بە واتا ئەو کەسە دەڕوا و ناگەڕێتەوە.
ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت، کە بیر لە مردووەکانتان نەکەنەوە و باسیان نەکەن.
پسپۆرە دەروونییەکان، کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستە، یارمەتی منداڵان بدرێن بۆ ئەوەی رووبەڕووی مردن ببنەوە.. بواریان بدەن با گوزارشت لە هەست و سۆزیان بکەن و مەستی حەزی خۆدەرخستن ببن. مەستی وەڵامی پرسیارەکانیان بن لە بارەی مردنەوە.. پرسیار گەلێکی وەکوو: مردن چییە؟ ئایا مردوو هەموو هەستییەکانی لە دەست دەدات؟ مردوو لە دوای مردنی هەست بە چی دەکات؟ ئەی لە نێو گۆڕەکەیدا هەست بە چی دەکات؟ ئایا رۆژێ لە رۆژان دەگەڕێتەوە؟ …هتد.
پێویستە منداڵ تێبگەیەنین، کە مردن لە دەرەوەی دەسەڵات مرۆڤ دایە. لە دەرەوەی خواستی خودی مردووەکەش دایە.
لە لێکۆڵێنەوەیەکدا کە لە لایەن زانکۆی (کوینزلاند) لە ئوسترالیا ئەنجام درا، کە (90) منداڵ تێیدا بەشدار بوون، تەمەنیان لە چوار ساڵەوە بۆ هەشت ساڵان بوون. هەریەکە لە (فێرجینیا سلایت) و ( ماریا گریڤس) ئەویان سەلماند، کە گفتوگۆکردنی مردن لەگەڵ منداڵاندا، لە رووی بیۆلۆژییەوە، لە جیاتی شێوازی واتایی و نەستی.. ترس لە مردن لە لای منداڵان پاشەکشێ دەکات.
خاتوو (سلاوتەر) دەڵێت:”باشترین رێگا ئەوەیە، کە مردن بخرێتە چوارچیوەی تەوای سوڕی ژیانەوە ـ لەدایکبوون، گەشەکردن، پیربوون، مردن ـ ئەمەش راستیی هەموو گیانلەبەرانە و شتێک نییە کە ترس و تۆقین بورووژێنێت”
کاتێ کە باوکان و دایکان، لەم راستییە و لە مردن خۆیان بەدوور دەگرن.. خراپ تێگەیشتنیان زیاتر دەبێت و بابەتەکەش ئاڵۆزتـر و قورستر دەکەن.
گۆمان لەمەدا نییە، کە دایکان و باوکان لای منداڵان، جوانترین و خۆشەویسترین و شیرینترین و سۆزدارترین و دلۆڤانترین و دڵسۆزترین و نزیکترین کەسن. بەرزترین پێگە و پایەیان لە دڵ و دەروون و خەیاڵی منداڵانـدا هەیە.
لەدەستدانی دایک یا باوک یا هەردووکیان، بە لای منداڵانەوە زۆر سەخت و هەست تەزێنە.. بە تایبەتیش ئەو منداڵانەی کە مەست و دەستەمۆی خۆشەویستی و سۆز و زیادەنازی دایک و باوکیانن.. بە مردنیان، منداڵەکانیان دووچاری خەم و ئازار و داخ و سوێ و کەسەرێکی زۆر دەبن.. گەر فریاڕەسێکی دلسۆز و هۆشیار و خەمخۆر فریایان نەکەون و یارمەتییان نەدات و قەرەبووی خۆشەویستی مردووکەیان بۆ نەکاتەوە و لەسەر دۆخێ تازە رایان نەهێنن بۆ ئەوەی درێژە بە ژیانیان بدەن.. تووشی کێشەی دەروونی و جەستەیی و سەرگەردانی و بەرەڵایی و رەفتاری نەخوازراو دەبن.
لەو بڕوایەشدا مەبن، کە باسکردن لە چەمکی “ژیـان” و “مـردن” بۆ منداڵان، هێندە قورسبن، کە لە تواناتاندا نەبێت، کە خۆتانی لە قەرە بدەن.. دەتوانن لە رێی گفتوگۆی رۆژانەتاندا، لە ماڵ و لە باخچەی ساوایان و لە قوتابخانەی بنەڕەتی و لە بەرنامەکانی منداڵان لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا، بە پێی تەمەنیان، بە هەستیاری و هۆشیارییەوە، باسی ژیان و مردنیان بۆ بکەن و رایان بهێنن.. دەتوانن سوود لەو پەرتووکانەش وەربگرن، کە بە شێوازێکی ئاسانی ئەدەبی، چیرۆکی مردنیان لەخۆگرتوون.
دەشتوانیت لە کاتی پاکرنەوەی باخچەی ماڵەکەت، لە گەڵا وەریوەکان و لە لق و چڵە وشکەوەبووەکان، کە منداڵەکەت لەگەڵدایە، لەوانەیە چۆلەکەیەکی مردوو، یا هەنگێکی مردوو، یا پەپوولەیەکی مردوو ببینن.. ئەم هەلە بقۆزەوە بۆ راڤە و روونکردنەوەی ژیان و مردن بۆ منداڵەکەت.. لە رێی ئەم چۆلەکە، یا پەپوولە مردووەوە، باسی مردنی مرۆڤـیشی بۆ بکە.. پێویستیش بەوە ناکات کە زیادەگۆیی بکەیت و بە دوورودرێژی باسی مردنی بۆ بکەیت.. باشترین شت ئەوەیە کە چاڵێک بۆ ئەو چۆلەکەیە یا پەپوولەیە پێکەوە هەڵبکەنن و تەرمەکەی بنێژن و بە خۆڵ دایپۆشن. دەتوانیت بیرۆکە و مەبەست لە ناشتنی مردوو بۆ منداڵەکەت باس بکەی. تێی بگەیەنە، ناشتن یا لە گۆڕنانی مردوو، رێزگرتنە لە مردووەکە، بۆ ئەوەی کەسانێکی بەدکار سووکایەتی بە تەرمەکەی نەکەن.
پێویستە ئەوەش بزانن، کە ترس رەمەکێکە لە دەروونی هەموو مرۆڤێکدا بوونی هەیە، وەکوو هەموو رەمەکەکانی تر.. ترسیش چەکێکی دوو دەمییە.. ئەگەر بە شێوەیەکی سروشتی و ئاسایی درێژەی هەبێت.. مرۆڤ لە مەتررسییەکان دەپارێزێت. بەڵام گەر ترس سنووری تێپەڕاند و بوو بە نەخۆشییەکی دەروونی، واتا بوو بە (ترسەنەخۆشی ـ فۆبیا) ئەوسا ترس دەبێت بە کۆسپ و بە گرێ کوێرەیەکی دەروونی لە رێی ئازادیی ترسنۆکدا. بێ دەسەڵاتیش دەبێت لە روووبەڕووبوونەوەی گرفت و کێشەکانی ژیانی.
خێزان بە لای منداڵانەوە، سەرچاوەی متمانە و بڕواپێکردنە، هەر درۆ و هەڵەیەک و هەڵخەڵەتاندنێکیان لێبدۆزنەوە.. متمانەیان بە خێزانەکەیان نامێنێت.. لە جیاتی کەم کردنەوە و سووک کردنی کێشەکانیشیان، زیاتر و گەورەتر و قووڵتر دەبنەوە.. بۆیە پێویستە خێزانەکان لەگەڵ منداڵەکانیاندا راسگۆبن و راستییەکانیان لێ نەشارنەوە.
مندالانی تەمەن سێ ساڵان، واتای مردن نازانن، لەوەش تێناگەن کە ئەو کەسەی بمرێت ناگەڕێتەوە.. بەڵکو وا تێدەگەن، کە دیارنەمانی ئەو کەسە جۆرێکە لە کۆچکـردن و دوورکەوتنەی کاتی و مردووەکە دەگەڕێتەوە.
پاراستنی رۆتینی ژیانیان و دابین کردن و مەستکردنیان بە پێویست و پێداویستییەکانیان و سۆز و خۆشەویسی و دڵنیایی بەخشین پێیان، دەشێ قەرەبووی شوێنی مردووەکەیان بۆ بکاتەوە و هاوسەنگی ژیانیان بپارێزێت.
منداڵان تا تەمەنی حەوت ساڵان، کاری واتایی (مجرد) و بێ هەستی تێناگەن، نازانن کە ئایین و خودا و مردن و بەهەشت چـین و چـینین.. چونکە هێشتا ئەو بەشە بەرپرسەی مێشکیان کامڵ نەبـووە.. ئەوە راست نییە کە هەڵیان بخەڵەتێنن و راستییەکانیان لا چەواشە بکەن و پێیان بڵێن مردووەکە:”چووە بۆ بەهەشت” منداڵان لەم تەمەنەدا لەم قسەیە تێ ناگەن.. زانایان لەو باوەڕەدان، کە بیرکردنەوە و روانینی منداڵان بۆ مردن، دوورە لە باوەڕی ئایینییەوە.. باشتر وایە پێیان بڵێن:”گیانی لە کارکردن کەوت” یا ” ئێستا ئەو مردووە و لە گۆڕدایە”.
بەڵام منداڵانی تەمەن دە ساڵان و بەسەرەوە، دەزانن کە مردن چییە، ئەو شتانەش کە پەیوەندییان بە مردنەوە هەیە، وەکوو دەرچوونی رۆح و شتی تر.. لەوانەیە لە سوێی لە دەستدانی ئەو کەسە ئازیز و خۆشەویستانەیان. هەست بە ترس و گرژی و توڕەیی و دڵتەنگی و خەمباری بکەن و گۆشەگیر ببن، لە قوتابخانەشدا دوابکەون، تووشی هەڵە و رەفتاری نەخوازراوی زیان بەخش ببن.. پێویستە، بارودۆخێکی دڵنیایی بۆ منداڵانی یەتیمی ئەم تەمەنە بڕەخسێنن.. پشتیان بەرمەدەن و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن.. هانیان بدەن لە رێی (وێنەکێشان، نووسین، ژەنینی ئامێرێکی موزیک، وەرزش)ەوە گوزارشت لە هەستی خۆیان بکەن. یادگارییەکان و بیرەوەرییە جوانەکانی مردووەکانیشیان بێننەوە یادیان.. بیان بەن با سەردانی گۆڕەکانیشیان بکەن.. هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن بۆ تێپەڕاندنی ئەو دوخە تاڵە و ئەو بارە ناخۆشە دەروونییانەیان و بۆ درێژە بە ژیانیان.
گەر پێویستیشی کرد، بۆ ئەوەی دووچاری نەخۆشی دەروونی قووڵ نەبن، بیانبەن بۆ لای پزیشی پسپۆری شارەزای دەروونی.. تا چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە.
پێویستە بە پێی تەمەن و هەستی ناسکی منداڵان، بە ئەوپەڕی هۆشیارییەوە یارمەتی منداڵانی باوان مردوو بـدەن، نەشارەزایی و هەڵەکـردنتان لە بارەی تایبەتمەندیەکانی قۆناغەکانی منداڵی، رەنگە کارەساتی تراژیدی نەخوازراویان لێبکەوێتەوە. بۆ نموونە:
چیرۆکی دڵتەزێن و جەرگبڕی راستیی جوانەمەرگبوونی کاکەلەی جوان و هەست ناسک و سۆزدار (بـڕیـار)ی جگەرگۆشەی پێشمەرگەی شەهید (ئاسۆی مام جەلال مسۆیی).
کاک ئاسۆی مام جەلال، لێپرسراوی بەشی ئۆپراسیۆنی گەرمیان، لە رۆژی ( 31ی/ یوولی/2019 ) دا، لەگەڵ سێ پێشمەرگەی تردا، لە شارۆچکەی (کۆڵەجۆ)ی سنووری گەرمیان، لە لایەن تیرۆریستانی داعـشی بەکرێگیراوەوە شەهیدکران.
ئەم هەواڵە ناکاوییە جەرگبڕە، کسپە و برینێکی قووڵ و سوێ و کەسەر و ئازارێکی زۆری خستە دڵی خانەوادەکەی کاک ئاسۆ و هەموو کوردێکی دڵسۆزەوە. بە تایبەتیش دڵە قنج و ناسکەکەی کاکە (بڕیار)ی تەمەن چوار ساڵانی کوڕە بچکۆلەی شەهید ئاسۆ، کە ئەو و کاک ئاسۆی باوکی زۆر هۆگـری یەکتری بوون.. بڕیـار تەرمەکەی باوکی و ریۆڕەسمی بە خاک سپاردن و گۆڕەکەی بە چاوی خۆی بینی.. بەڵام تا مردیش، بڕوای نەدەکرد کە باوکی شەهـید بووبێ، بڕوای بە مردن نەبوو، هەر دەیووت:”کوا باوکم..”
خاتوو (هەیفا ئیسماعیل)ی دایکی وتی:” دوای چەند رۆژێک باران باری.. بڕیار وتی: دایکە با نایلۆن بەرین و بیدەینە سەر گۆڕەکەی باوکم، با تەڕ نەبێ و سەرمای نەبێت” بڕیار دەشیوت:”ئێوە راست ناکەن باوکم نەمردووە”
کاکە بڕیاری بچکۆلە لە سوێی لە دەستدانی، خۆشەویسترین و شیرینترین کەسی، بەو هەواڵە ناکاوییە، تووشی نەخۆشی شەکرە بوو، رێژەکەشی زۆر بەرز بوو. بۆ ماوەی (23) رۆژیش خواردنی نەخوارد و ئاوی نەخواردەوە، قسەی لەگەڵ کەس نەکرد. باری تەندروستی و دەروونی زۆر تێکچوون.. دڵە قنجەکەی وەستا و چەڵتەی مێشک لێیدا، پزیشکەکان توانیان دڵی بخەنەوە کار، بەڵام مێشکی نەکەوتەوە کار.. بەداخاوە کە کاکە بڕیاری پەپوولە ئاسا لە رۆژی یەکشەممە (25ی/ ئاوگوست/ 2019) لە نەخۆشخانەی سلێمانی، کۆچی دوایی کرد. لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە شاری سلێمانی لە تەنیشت شەهید کاک ئاسۆی باوکییەوە بە خاک سپێررا.
دەبوایە بەو ناکاوییە و راستەوخۆ ئەم هەواڵە دڵتەزێنەـ کەس هەواڵی وای پێ نەدرێت ـ بە بڕیار نەوترایە.. کە زانیشیان باری دەروونی تێکچووە، رەنگە دایکی و مامەکانی بە هۆی شین و خەم و سەرقاڵبوونیان بە پرسەی ماتەمینی شەهید ئاسۆە، وەکوو پێویست نەپەرژابێتنە سەر کاکەلە بڕیار، لەو باوەڕەشدا نەبوونە، کە تێکچوونی باری دەروونی بیگەیەنێت بەو ئەنجامە جەرگبڕە.. دەبۆایە مامێکی یا خزمێکی نزیکی هۆشیار، بە شێوازێکی جوان و بە زمانی ئەو تەمەنەوە دڵی کاکە بڕیاری بدایەتەوە و کارەساتەکەی بۆ بچووک بکردایەتەوە، یا گەر هیچیشی پێنەکرایە، بڕیاری ببردایە بۆ لای پزیشکێکی پسپۆری دەرونناسی منداڵان لەوانەبوو لەژێر چاودێریدا بیتوانیایە چارەسەری دەروونی بۆ بکـردایە.. زۆر بە داخەوە بۆ جوانەمەرگبوونی کاکە بڕیار و بۆ شەهیدبوونی کاک ئاسۆی پێشمەرگە و بۆ هاوڕێکانی.. کەسیش ئەو دەسەڵاتەی نییە، کە بتوانێت پێش لە مردن بگرێت.
نموونەیەکی تری دڵتەزێن دەخەینە پێش چاوتان، کە لە تاوان و کارەساتێکی جەرگبڕدا. کاک (مستەفا گەرمیانی) نووسەری ناسراوی کوردمان، کە باوکی خونچەگوڵ (شاکار) و هاوسەری دڵسۆزی شاعیر و نووسەر و راگەیاندکار و چالاکوانی بواری ژنان مامۆستا (مەهـاباد قـەرەداغی) یە، لە تەقینەوەی لۆرییەکی بۆمب رێژکراو لە شاری کەرکووک کە رۆژی (١٦ی/ یوولی/ ٢٠٠٧) لەلایەن داعـشی تیرۆریستەوە، لە بەردەم بنکەی (کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکووک) لە پشتی قەڵا سەرکەش و دێرینەکەی شاری کەرکووکی کوردستانی، تەقـێنرایەوە.. ژمارەیەکی زۆر کوردی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.. یەکێک لە شەهیدەکان، شەهیدی جوانەمەرگ کاک مستەفا گەرمیانی یە.
با لە دەمی مامۆستا (مەهاباد قەرەداغی) خۆیەوە بزانین، کە زۆر بە هۆشیاری و دانایی و بە شێوازێکی زیرەکانە و گونجاو لەگەڵ شیکاری تەمەن هەشت ساڵانی کچیان دا، کە هەر ئەو شەوە، هەواڵی شەهیدبوونی کاک مستەفای بە کچۆڵە شیرینەکەی دەگەیەنێت، کە ئەوسا و ئێستاش باوکی زۆر لە دڵ شیرین بوو و لەدڵ شیرینە.. ئەمەش دەقی گڤتوگۆی مامۆستا مەهاباد قەرەداغی یە.. کە لە ژمارە (28)ی گۆڤاری(شیکار) لەژێر: ناوی: چۆن منداڵان لە مەرگی باوان ئاگادار بکرێنەوە؟ بڵاوی کردۆتەوە.. هەر خۆشی سەرنووسەری شیکارە.
“کچە تاقانەکەم هەشت ساڵ بوو، لەو هەشت ساڵەدا خاوەنی باوکێکی نموونەیی بوو، خۆشەویستییەکی کەم وێنەی نێوان ئەم باوک و منداڵە بۆ ئەوە دەشێت ببێتە جوانترین چیرۆک و نایابترین دەقی ئەدەبی. لەناکاو؛ لە تەقینەوەیەکی تیرۆریستیدا، ئەو باوکە نایابە، کە هاوسەرێکی نایاب و نموونەییش بوو، شەهید بوو، هەواڵێکی جەرگبڕ لە ناکاو بگات، مرۆڤ چی لەبیر دەمێنێت و چۆن رەفتار دەکات؟ راستە مرۆڤ هاوسەرێکی باش لە دەست بدات وەک ئەوە وایە کۆتایی دنیای بە چاوی خۆی دیبێت، بەڵام ئەو ژنەی کە دایکە و مرۆڤێکی ئازیز و گرنگی لەدەستدایە، دەبێت لەو ساتەدا لەبیری بێت کە کەسی ئازیز و گرنگی تر لە ژیانیدا هەن و ماون و دەبێت بیانپارێزێت، ئەویش منداڵەکانە.
دەبوایە هەر یەکەم شەو بە شاکار بڵێم کە باوکی شەهید بووە و ژیانئاوایی کردووە. وەک شەوانی تر کە رامهێنابوو چیرۆکی بۆ بگێڕمەوە تا دەخەوێت، بە دەم دەستبەسەرهێنانێکی نەرمەوە کەوتمە گڤتوگۆوە لەگەڵی و سەرەتا پێم گوت:
ـ شاکار گیان ئەمشەو چیرۆکی مردنت بۆ دەگێڕمەوە. مردن شتێکی زۆر ئاساییە و هەموو کەسێک و هەموو گیاندارێک رۆژێ بێتە ژیانەوە، رۆژێک لە رۆژانیش دەمرێت. هەر کەسێ بمرێت رۆحی دەبێتە ئەستێرە و دەچێتە ئاسمان.
ـ ئەزانم، لە باخچەش دادەکەمان ئەوەی باس کردبوو بۆمان.
ـ ئافەرین. زۆرم پێ خۆشە ئەوە دەزانی و لە بیرت ماوە دادەکەت بۆی باس کردوویت.
کەواتە ئەمەوێ ئێستا پێت بڵێم ئەمڕۆ شتێک رووویداوە لە کەرکووک!
شاکار کەمێک شڵەژا و بە سەرسامییەوە تەماشایەکی کردم، چونکە دەیزانی باوکی لە کەرکووکە و ئێمەش باسی مردن دەکەین. نەرمتر دەستم بە پرچیدا هێننا و نەمهـێشت فرمێسک و خەمە قووڵەکەی خۆم ببینێت. چاوەڕێ بوو باسی رووداوەکەی بۆ بکەم.
ـ تەقینەوەیەک لە کەرکووک رویداوە و خەڵكێکی زۆر بوون بە ئەستێرە. بابە گیانیش لەگەڵیاندا بووە.
ـ باوکم مردووە؟<< فرمێسک لە چاوەکانی رژا و دەنگی کەوتە لەرزین>>. ئەی دوێنێ قسەمان لەگەڵ نەکرد بە تەلەفۆن؟
ـ وتمان ئەوەی بمرێ رۆحی دەچێتە ئاسمان و دەبێت بە ئەستێرە و تۆش وتت ئەوە دەزانم. بابە ئێستا ئەستێرەیە.
ـ ئاخر من دەمەوێ بابە ببینم، ئیتر بابە نابینم؟>> بە دەم هەنیسکەوە ئەوەی گوت و منیش وەختبوو دڵم لە قەفەزی سنگم بێتە دەرەوە، بەڵام دەبوایە دان بە خۆمدا بگرم و شاکار لە زەبری ئەو کارەساتە بپارێزم.
ـ بەڵی دەیبینی و منیش دەیبینم. ئەی کە شەوان سەیری ئاسمان بکەین ئەستێرە نابینین؟
ـ بەڵێ دەیبینین.
ـ کەواتە بابە دەبینین، بەڵام نەک وەک ئەوەی تا ئێستا دەمانبینی، وەک ئەستێرە دەیبینین.
ـ ئەی بە رۆژ نایبینین؟
ـ نا خۆت ئەزانی ئەستیرە بە شەو دەردەکەوێت. ئێمە ئەگەر بمانەوێت بیبینین بە شەو سەیری ئاسمان ئەکەین.
ـ ئەستێرەکان هەموویان لە یەکتری ئەچن، کامیان باوکی منە؟
ـ سەیرکە حەیاتم، هەر منداڵێک باوکی بووبێت بە ئەستێرە دەتوانێ لەناو هەموو ئەستێرەکاندا بیدۆزێتەوە. کام ئەستێرە پرشنگدارترین بێت لەبەر چاوی ئەوە باوکی ئەوە. هەر منداڵێک ئەستێرەی باوکی خۆی ئاوا دەدۆزێتەوە.
من و شاکار لە سوید بووین و باوکی لە کەرکووک شەهید بوو. سبەینێ گەڕاینەوە هەولێر و خۆم راستەوخۆ چووم بۆ کەرکووک و شاکارم نەبرد و پرسەی ماتەمینی نەبینی. لە هەولێریش پرسەم دانا و نەمهێشت هیچ خەم و ماتەمینییەک ببینێت.
نەمبرد بۆ سەر قەبران. ئەو تێگەیشت و زانی باوکی لە ژیاندا نەماوە، بەڵام ئەو ئەستێرە گەشەی لە خەیاڵی ئەودا دروستم کرد، بە درەوشاوەیی مایەوە. ئەو منداڵەی کە خۆشەویستییەکی بێپایانی هەبوو بۆ باوکی، ئەو مردنەی قبووڵ کرد. نەمهێشت کەسوکار بە هۆی مردنی باوکییەوە وەک یەتیم و گوناه تێی بڕوانن و رەفتاری تایبەتی لەگەڵدا بکەن کە هەست بکات ئەو بێ باوکە و گوناهە و جێی بەزەییە. خۆشم نە وەک تاقانە رەفتاری جیاوازم لەگەڵ دەکرد و نەش وەک باوکمردوو. بە تەواو ئاسایی و وەک پێشتر. لە چەندین ساڵی دواتریشدا لە رۆژی لە دایکبوونیدا دوو دیاریم پێشکەش دەکرد یەکێکیان هی خۆم و ئەویتریان هی باوکی. ئەو ئێستا بیست ساڵە و دوانزە ساڵ تێپەڕیوە بەسەر مەرگی باوکی و بۆ یەکەمین جار مانگی پێشوو چووین و لەگەڵ خۆمدا بردم بۆ گۆرستان. بەڵام زۆر پەشیمانم و نەدەبوو بیبەم، چونکە زۆر ناڕەحەت بوو بەوە. بە گفتوگۆیەک ئەو هەڵەیەی خۆم چاک کردەوە و پێم گوت:
ـ پێویست ناکات ناڕەحەت بیت، خۆت دەزانیت و منیش دەزانم، ئەوەی دەمرێت تەنیا بە جەستە بە جێمان دەهێڵێت و رۆحی لە دڵماندایە.
ـ دزانم. ”
هیوادارین کە هەموومان سوود و وانە، لەم نووسین و گفتوگۆیە بەسوودەی مامۆستا مەهـاباد قـەرەداغی وەربگرین، کە بە شێوازێکی گونجاو و سەرکەوتووانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو هەواڵە ناکاوییە جەرگبڕەدا کردووە، ژیرانە و زانستییانە هەواڵی ناکاوی شەهیدبوونی هاوسەرەکەی بۆ خونچەگوڵە شیرینەکەی باس کردووە، ئەمەش ئەو شێوازە راست و دروستەیە کە زانایانی دەروونناسی منداڵان جەختی لەسەر دەکەن. بێگومان منداڵان لەو قۆناغەدا، هێشتا دەستەمۆی خەیاڵن و بڕوایان بەوە هەیە، کە رۆحی هەر مردووییەک، ببێت بە ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمان و بە شەوان بدرەوشێتەوە، کە قۆناغی خەیاڵییان تێپەڕاند ئەوسا لە چەمکی راستی مردن تێدەگەن.

مردن لە ئەدەبی منداڵان:
مردن بابەتێکی ئاڵۆزە، لەبەر هەستیاری و تایبەتمەندی مردن، زۆربەی نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان خۆیانی لێنادەن.. لە لایەکی کەشەوە دەزگاکان و خانەکانی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی پەرتووک، زۆر بە کەمی ئەو پەرتووکانە چاپ دەکەن کە بابەتی مردنیان لەخۆگرتوون، رەنگە بازاڕی فـرۆشتن و کڕینیشیان گەرم نەبن.
خوێنەران و کەسوکاری منداڵانیش، بە دوای ئەو چیرۆک و رۆمانانەدا دەگەڕێن کە بیان خوێننەوە، کە باس لە ژیان و گەشبینی و هـيوا و داهاتوو و خۆشەویستی و شادی و پاڵەوانێتی و سەرکێشی و سەرکەوتن و بەختەوەری دەکەن و بە هـیوابەبەخشین و خۆشی کۆتاییان هاتوون.. بۆ هاندان و بەرزکردنەوەی ورە و تواناکانی منداڵەکانیان و پێکهێنانی کەسایەتی دروستیان.
نابێت ئەدەبی منداڵان، لە خستنەڕووی ئەو کێشانە خۆی بدزێتەوە، کە رووبەڕووی منداڵان بە تایبەتی و کۆمەڵگه بەگشتی دەبنەوە.. یەکێک لەو کێشانە مردنە. ئەدەبی منداڵانی کورد، لەم رووەوە هەژارە، ئەو چیرۆکنووسانەمان کە چیرۆک بۆ منداڵان دەنووسن، بە دەگەمەن باس لە مردن دەکەن، یان بە سەقەتی و نابەڵەدی باسیان لێکردووە، ئەگەرچی لە ئەدەبی جیهانیشدا، لەچاو ژانرەکانی تیری چیرۆکی منداڵان، ژمارەی ئەو چیرۆکانەی کە بۆ منداڵان نووسراون و بابەتی چارەسەری مردنیان لەخۆگرتوون، ناگەنە دوو سەد چیرۆک.
لێکۆڵینەوەکان دەربارەی مردن لە ئەدەبی منداڵاندا، گەیشتوونەتە ئەو ئاکامەی، کە بۆچوونی منداڵان لە بارەی مردنەوە، بە پێی جیاوازی تەمەنیان، لە قۆناغی منداڵیی بەرینییەوە تا قۆناغی تەمەنی ناوەندی، روویان زۆرە، لەم رووە زۆرانەش وەکوو لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان پێکـردوون، سێ رووی گرنگ هەن، کە ئەمانەن:
1- منداڵان درک بەوە راستییە دەکەن، کە ئەو شتانەی دەمرن ناگەڕێنەوە بۆ ژیان.
2- هەموو گیانلەبەرەکان دەبێت بمرن و لە مردن رزگـاریان نابێت.
3- لە کاتی مـردندا، هەموو چالاکییە جەستەییەکان دەوەستن.
چیرۆکی ئاراستەکراوی مەبەستداری منداڵان دەربارەی مردن، چارەسەری کێشەیەک دەکات، کە زۆربەی خەڵکی لێی هەڵدێن، فـێری منداڵان دەکات کە چۆن خۆڕاگربن و رووبەڕووی مردنی کەسە خۆشەویست و لەدڵشیرین و ئازیزەکانیان ببنەوە و مردن قبووڵ بکەن، دان بەم راستییەشدا بنێن کە ژیان دێـژەی هەیە و درێـژەی دەبێیت.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک کە لە لایەن زانکۆی (ئـۆهـایـۆ) وە ئەنجام دراوە، کە لەسەر ژمارەیەکی زۆری چیرۆکە وێنەدارەکان و بێ وێنەدارەکانی منداڵان ئەنجامیان داوە. ئەوەیان بۆ دەرکەوت، کە ئەو بابەتە سەرەکییانەی ئەو چیرۆکانە دەربارەی مردن لە خۆیان گرتوون. زیاتر لە رووی سۆزداری و خەمبارییەوە لە مردن دەڕوانن. کاتێ کە کەسانێکێ خۆشەویست و نزیکی منداڵان دەمرن، داخ و خەم و کەسەر دەچێتە دڵیانەوە.
لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە چیرۆکە وێنەدارەکانی منداڵان، بە شێوەیەکی گەورەتر و زیاتر لە هۆیە بیۆلۆژییەکانی مردنی کەسەکان وردبوونەتەوە.
لە وڵاتانی رۆژئاوادا ژمارەیەک لێکۆڵینەوە هەن، کە باس لە مردن لە ئەدەبی منداڵاندا دەکەن.. باسیش لە کاردانەوەی مردنی کەسانێکی نزیکی منداڵان دەکەن، کە مردن چ کاریگەرییەکی لەسەر هەست و دەروونی منداڵان هەیە.. لە پەرتووکخانە گشتییەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا، گەلێ پەرتووکی وێنەداری منداڵان هەن، کە بەشێوازێکی ئاسان و لۆژیکی و بەزمانێکی نزیک لە زمان و لە تێگەیشتنی منداڵان. باس لە مردن بۆ منداڵان دەکەن. بۆ ئەوەی ببنە سەرچاوەی یارمەتیدەری دایکان و باوکان و دادەکان و مامۆستایان بۆ گڤتوگۆکردنی یەکەمین جار دەربارەی مردن لەگەڵ منداڵانی بچووک و منداڵانی تەمەنی قوتابخانەی بنەڕەتی.. ناوی دووان لەو پەرتووکانە:(دڵ و شووشە) نووسینی (ئۆلیڤەر جێڤرس)، (هاری و هۆبەر) نووسینی (مارگرێت وایڵد). باسکردنی مردن بۆ منداڵان لە رێی خۆێندنەوە یا گێڕانەوەی چیرۆکی منداڵانەوە، باشترە لە باسکردنی راستەوخۆی مردن بۆ منـداڵان.
زۆر لە نووسەرانی ئەم بوارە، کارتێکرردنی مردن لەسەر خۆێنەران کەمتر دەکەنەوە. بۆ نموونە، لە رۆمانی (تۆڕی شارلوت) دا، کەمکردنەوەی خەم و کەسەری مردن، لە رێی کارەکتەرەکانەوە کەم دەبنەوە، کە مرۆڤ نین.. بۆ نموونە، جاڵجالـۆکەیە.
چیرۆکی هیچ نووسەرێکی کوردیشیم لەلا نیە کە بۆ منداڵانی کوردمان نووسرابێت و چارەسەری کێشەی مردنی بۆ منداڵانی کوردمان کردووبن تا ئاماژەی پێیان بدایە. لەوانەشە کە هەمان بێت و بەرچاوی منی دوورە کوردستان نەکەوتوون.

مردن لە چیرۆکە میللییەکاندا:
چیرۆکە میللییەکان و ئەفسانەییەکان، بەشێکی گرنگن لە چیرۆک ولە فۆلکلۆر و لە کولتووری هەر نەتەوەیک.. گەلێ چیرۆکیان تێدان، کە بە تایبەتی بۆ منداڵان دانراون.
ئەم چیرۆکە میللییانە، منداڵان ناخەڵەتێنن و راستییەکانیان لێ ناشارنەوە، زیدەڕۆییش لە پاراستن و چاودێری منداڵان ناکەن، تەواوی راستییەکان دەخەنە بەرچاوی پاڵەوان و کاراکتەرەکان لە رێی سۆڕێکی ژیانەوە بە شێوازێکی ساکار و بەبێ ترس.
لەم چیرۆکانەدا، پاڵەوانە گەشبین و ئازا و سەرکێش و چاونەترسەکان، کە لە پێناوی ئامانجێکی تایبەتی یا گشتیدا، بە متما نەبەخۆبوونەوە رووبەرووی مەرگ دەبنەوە. ئەنجامی چیرۆکەکانیش بە سەرکەوتن و بەخۆشی و شادی کۆتاییان دێت. بۆ نموونە، چیرۆکی (کوڕە ئازاکە و ئەژدیها) کە چیرۆکێکی رەسەنی ئەفسانەی میللی کوردییە.
(ئەژدیهایەک كانی و چەمێک، لە خەڵکی دێیەکی کوردستان داگیرکردبوو.. ژمارەیەک گۆلک و مەڕ و بزنی دێیەکەی خوارد.. چەند کەسانێکی دێیەکە چوون بیگوژن، بەڵام دەرەقەتی نەهاتن. کۆرێکی لاوی ئازا و دلێر و خوێنشیرین، بڕیاری دا کە دێیەکەیان لەو ئەژدیها دڕندەیە رزگار بکات.. خۆی ئامادەکرد و خەنجەرە دەبانە تیژەکەی لەگەڵ خۆی برد. لە شەڕێکی دژواری کەم وێنەدا، کوڕە لاوەکە توانی ئەو ئەژدیهایە بکوژێت و خەڵکی دێیەکەیانی لێ رزگـار بکات و بە کانی و چەمەکەیان شادببنەوە.. ناوبانگی ئازایەتی و پاڵەوانێتی ئەم لاوە، گەیشتە لای كچە پاشاکەی وڵات.. ناردی بە شوێن لاوەکەدا.. سەرسام بوو بە ئازایەتی و جوانی و ژیری.. شووی پێکرد و بوون بە دوو هاوسەری دڵسۆز و بە خۆشی و شادی دەژیان)
لەم چیرۆکەدا متمانە بەخۆبوون و ئیرادەی بەهێز بەسەر ترس و مردندا، رزگاریخوازی بەسەر داگیرکرداندا سەردەکەون، کۆتایی چیرۆکەکەش بە خۆشی هاتووە” ئەگەرچی لە بنەڕەتدا ئەم چیرۆکە بۆ منداڵان دانەنراوە، بەڵام زۆر چیرۆک و رۆمانی جیهانیش هەن درێژن و بۆ گەورەکان نووسراون. بەڵام نووسەرانێکی شارەزای بواری جیهانی ئەدەبی منداڵان، کورتیان کردوونەتەوە و بە شێوازێکی سووک و ئاسان، بە زمانێکی منداڵانەی شیرین و رەوان، دووبارە بۆ منداڵان دایان رشتوونەتەوە. لە ئەمڕۆدا بوونە بە بەشێک لە ئەدەبی منداڵان. بۆ نموونە، چیرۆکی (رۆبنسن کـرۆزو) لە نووسینی (دانیال دیڤـۆ).
کە لە ئەنجامی کۆڵنەدان و ژیانخوازی و رووبەرووبوونەوەی تەگەرە و کۆسپەکان، ژیان بەسەر مردن و شێنەیی بەسەر تەنگانەدا سەردەکەون. بە خۆشیش کۆتایی دێت.
چیرۆکی (تیتیلە و بیبیلە) ش کە چیرۆکێکی ئەفسانەیی رەسەنی کوردییە بۆ منداڵان، کە گورگە (هێمای ستەمکارییە) هەردوو کارژۆڵەکە قووت دەدات، کە بزنە خانی دایکیان دێتەوە و نایانبینێت، دەزانێت کە گورگە بۆر خواردوونی، بە گیانێکی لەخۆبوردن و بە سۆز و خۆشەویستییەکی دایکانەوە، لە شەڕێکی دەستەویەخەی مردن و ژیاندا، بزنەکە بەسەر گورگە بۆرەکەدا سەردەکەوێت و سكی هەڵدەدڕێت و بە زیندووی تیتیلە و بیبیلە لە سکیدا دەردەهێنێت.
مەبەست لە زیندووکردنەوە لەم چیرۆکەدا، بۆ ئەوەیە کە بۆ جاری دووەم تیتیلە و بیبیلە وانە و پەند وەربگرن و زیاتر وریا و هۆشیاربن و دەرگـا لە نـامۆ و نەناس نەکەنەوە.
لە چیرۆکی (دەنکە هەنارە) شدا، کە چیرۆکێکی فۆلکلۆری تری کوردیمانە و بۆ منداڵان و مێردمنداڵان لەبارە. دەنکە هەنارە لە دوای مردنی دایکی دەبێتە ژێرچەپۆکەی باوەژنە دڵـڕەق و جادووبازەکەی، ئیرەیی بە جوانی و بە شۆخ و شەنگییەکەی دەنکە هەنـارە دەبات. بۆیە چەند جادوو و پیلانێکی بۆ داڕشت کە دووری بخاتەوە و لە ناوی بەرێت. دوای چەند پیلانێک، لە رێی سێوێکی ژەهراوییەوە دەیمرێنێت.. بەڵام مردنەکەی کاتی بوو، کوڕە پاشای وڵاتێکی تر دەیبینت و لەتە سێوە ژەهراوییەکەی لە دەم دەردەکات. دەنکە هەنارە زینددوو بۆوە.. شازادە سەرسام و هۆگری جوانی دەنکە هەنارە دەبێت. خواستی و شایی و زەماوەندێکی خۆشی هاوسەرگیرییان سازکرد.. ئەم هەواڵە گەیشتە باوەژنەکەی.. زۆری پێ ناخۆش بوو، لە داخا مـرد.
دەنکە هەنارە، کە کچۆڵەیەکی بێتاوان و دڵپاک بوو، شایەنی ژیانێکی ناخۆش و مردن نەبوو، بۆیە کورە پاشا بوو بە فریاڕەسی و لە چەوسانەوە و لە مردن رزگاری کرد.
لەم چیرۆکەشدا بێتاوانی بەسەر تاوانباری، خۆشەویستی بەسەر رق، ژیانیش بەسەر مردندا سەردەکەون. کۆتایی چیرۆکەکەش، بە خۆشی بۆ دەنکە هەنارە بە مردنیش بۆ باوەژنەکەی کۆتایی هاتووە.. ئەم کۆتاییە چێژ و خۆشی بە منداڵان دەبەخشێت.
کۆتایی هێنانی چیرۆکی منداڵان، بە سەرکەوتن و خۆشی و شادی و بەەختەوەری و بە گەیشت بە هـیوا و ئامانج.. یەکێکە لە بنەماکانی چیرۆکی سەرکەوتوو بۆ منداڵان.
گەلێ نەزیلە و هەقایەت و چیرۆکی میللی و فۆلکلۆریی رەسەنی کوردیمان هەن، بە تایبەتيش چیرۆکی ئەفسانەیی، کە بە شێوازێکی جوانی ئەدەبی و هونەری و راستی، بابەتی مردنیان لەخۆگرتوون، دەکرێ سوودیان لێوەربگرن بۆ ئامادەکردن و راهێنانی منداڵان، بۆ تێگەیشتنیان لە چەمکی مردن و بە دروستی رووبەڕووبوونەوەی مردن و قبووڵکردنی.. ئەم چیرۆکانە دەبنە یارمەتیدەرێکی باش و بە هاندەر، بۆ خۆڕاگرتنی منداڵان، لە کاتی لەدەستدانی کوتوپڕی خۆشەویستێکی نزیک لە ژیانیاندا. ئەم چیرۆکە میللییانە ئەو راستییە بە منداڵانن دەگەیەنن، کە مردن بەشێکی سروشتییە لە ژیان.. بە بیرکردنەوە و خۆڕاگری و رووبەرووبوونەوە دەتوانن بەسەر تەنگانە و ناخۆشییەکاندا سەربکەون و درێژە بە ژیانیان بدەن.. پێویستە لەم جۆرە نەەزیلە و چیرۆکانە بخرێنە پرۆگرامەکانی باخچەی منداڵان و کتێبەکانی خووێندنەوەی کوردی لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی کوردستاندا.. تا منداڵانی کوردمان لە منداڵییەوە لە چەمکی مردن تێبگەن و دەروون ئامادەبن و بتوانن رووبەڕووی مردنی باوانیان ببنەوە و قبووڵی بکەن.
(بتلهایم) دەڵێت:”بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەسەری مردنی هاوڕێ یا دایک و باوک، یەکێک لە رووەکانی بەرنگاربوونەوە لە ژیاندا، ئەو بیرۆکانەن کە چیرۆکە میللییەکان پێشکەشیان دەکەن، بە کورتی واتای ژیان، تەنیا لە رووبەڕووبوونەوە و لە خەبات و کۆڵنەدانـدا دێتەدی”
زۆر لە چیرۆکە میللییەکان، هانی منداڵی بچووکی باوکمردوو دەدەن و پێی دەڵێن: گەر ئازا و خۆڕاگر و کۆڵنەدەر و گەشبین بیت و متمانەت بە تواناکانی خۆت هەبێت و پشت بەخۆت ببەستیت، بێ ترس و ژیرانە رووبەڕووی کێشەکان و بەرهەڵستییەکانی رێگەی سەرکەوتنت ببیتەوە، سەردەکەویت و دەگەیت بە هیوا و بە ئامانجەکانت و بە خۆشی و بە کامەرانی دەژیت.. ئەگەر هەڵەشت کرد، دوای ئەوەی کە باجی هەڵەکانت دەدەیت، دەرفەتی راستکردنەوەی هەڵەکانت هەیە و دەتوانیت دوبارە درێژە بە رێڕەوی خەبات و تێکۆشان بدەیت و کۆڵنەدەیت و سەربکەویت و بگەیت بە خەون و هـیواکانت.
بەڵام گەر هاتو هەڵەکەت تاوانێک بێت دەرهەق منداڵێکی تر، یا تاوانێکی بەدڕەوشتی گەورە بێت و زیان بە کەسانی تر و گشتی بگەیەنێت، ئەوە بزانە کە لە سزادان دەرباز نابیت و دادپەروەری رێی خۆی دەگرێتەبەر.
لێکۆڵینەوە تازەکان، لە بارەی چیرۆکە میللییەکانەوە، ئەوە دەخەنە روو، ئەگەرچی چیرۆکە میللییەکان، لە فۆرم و لە بەرگێکی ئەفسانەییدان.. بەڵام لە ناوەڕۆکەکانیاندا رەنگدانەوەی تاقیکردنەوە راستییە مرۆییەکانیان لەخۆگرتوون. گەلێ راستی و بەهای مرۆڤایەتی و وانە و پەندی جوان و رێنمایی و ئامۆژگاری بەسوودمان فێردەکەن.

سەرچاوەکان:
1- تهـاني مهـدي : المـوت.. کیف تخـبر الاطـفال عـنە.. دیـوان العرب.
2- مەهـاباد قـەرەداغی : چـۆن منـداڵان لە مەرگی بـاوان ئاگـادار بکـرێنەوە؟
گۆڤـاری شیکـار.. ژمارە (٢٨) ساڵی (٢٠١٩)
3- انـس سمحـان : ان تناقـش الموت معهـم.. موقع جـیل.. ٢٠١٥
4- دکتورە فاطـمە انـور االلواتي: الموت في ادب الاطـفال.. مجلة القـافلة..٢٠١٩
5- سهـیـل ابراهـیم عـیساوي : الموت في قـصص الاطـفال.. موقع دیوان العرب.
6- حنـان کـرکبي جـرایسي و رافـع یحـیی: التعامل مع الموت في قـصص الاطـفال.
مجلة اللغـة العـربیة.. العـدد (٤) لسنة ٢٠١٣
7- دکتورە امیـمة جـادو : قـراءة حـول المـوت في الادب الشعـبي للاطـفال.
موقـع نافـذة العـرب.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت