ئارپاك سه‌رگه‌تی: خۆپیشاندانه‌كانی عێراق، هۆكار و ئه‌نجام.

ماوه‌ی سێ حه‌فته‌یه‌ كه‌ خۆپیشاندانه‌كان له عێراق به‌ هۆی ناره‌زایه‌تی له‌ گه‌نده‌ڵی و بێكاری و خراپی جۆری گوزه‌ران ‌و ژیان، سه‌رهه‌ڵداوه‌و به‌رده‌وامی هه‌یه‌. به‌پێی ئاماره ‌فه‌رمیه‌كان له‌م‌ ماوه‌یه‌دا، نزیك به‌ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ماوه‌ی سێ حه‌فته‌یه‌ كه‌ خۆپیشاندانه‌كان له عێراق به‌ هۆی ناره‌زایه‌تی له‌ گه‌نده‌ڵی و بێكاری و خراپی جۆری گوزه‌ران ‌و ژیان، سه‌رهه‌ڵداوه‌و به‌رده‌وامی هه‌یه‌. به‌پێی ئاماره ‌فه‌رمیه‌كان له‌م‌ ماوه‌یه‌دا، نزیك به‌ 150 كه‌س كوژراون. به‌رده‌وامی ئه‌م خۆپیشاندانه، مقتدی صدر و هادی عامری وه‌كوو دوو پشتیوانی عادل عبدالمهدی له‌ یه‌كتر نزیك كرده‌وه‌ تا سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دوور بخرێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئارامی نه‌گه‌رانده‌وه‌ بۆ وڵات و تا دێت گرژیه‌كان فراوانتر ده‌بن.

خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ جارێكیتر نیشانیدا، كه عێراقی دوای سه‌دام، وڵاتێكی لاوازه‌ و توانایی ئیداره‌كردنی نیه‌. هه‌روه‌ها ئابووری ئه‌و وڵاته‌، ناجێگیره‌ و له‌ژێر فشاری كوتله‌ سیاسیه‌كانی عێراقدا به‌ره‌و پووكانه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت. جه‌ماوه‌ری عێراق هاوشێوه‌ی ساڵه‌كانی 2011، 2015، 2016، 2018، داوای خزمه‌تگوزاری گشتی، فراوان كردنی هه‌ل و ده‌رفه‌تی ئابووری و پیشه‌یی، بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئابووری و نه‌هێشتنی ململانێی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێقلیمی و ناوچه‌یی له‌ گۆڕه‌پانی عێراقدا ده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی پێشووه‌وه‌‌، شه‌پۆلی ئه‌م ناره‌زایه‌تیه‌ به‌رفراوانه‌و، پێده‌چێت ببێته‌ هۆی گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له‌ شێوازوجۆری سیسته‌می حكومڕانی و ده‌سه‌تدارێتی له‌ وڵاتی عێراق.

یه‌كێ له‌ گرنگترین هۆكاره‌كان بۆ سه‌رهه‌ڵدان و به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق، خراپی سیسته‌می ئابووری و لاوازی شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌كردنی ولاته‌. ئابووری عێراق به‌ ته‌واوه‌تی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ نه‌وت و گازه‌وه‌ و هه‌نارده‌كردنی وزه‌ له‌ سه‌دا 99 ی هه‌نارده‌كردنی عێراق له‌ خۆ ده‌گرێت و له‌سه‌دا 84 ی داهاته‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌رنه‌وت و گازه‌. له‌م داهاته‌، نیوه‌ی بودجه‌ی وڵات بۆ خانه‌نشینی و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت و هه‌روه‌ها نه‌سریه‌گه‌لێكی جۆراوجۆر ته‌رخان كراوه‌. به‌ پێی ئاماره‌كان، ڕێژه‌ی فه‌رمانبه‌ری حكومی له‌ ساڵی 2014 نزیك 900 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر بووه‌ و له‌ حاڵێكدا له‌ ساڵی 2019 ئه‌م رێژه‌یه‌ ده‌گاته‌ سێ ملیۆن فه‌رمانبه‌ر، واته‌ له‌ ساڵی 2014 له‌ سه‌دا 7ی بودجه‌ی بۆ ته‌رخان كرابوو، ئه‌مه‌ له‌ حالێكدایه‌ كه‌ ئێستا له‌ سه‌دا 40ی بودجه‌ی وڵاتی بۆ ته‌رخان كراوه‌. ئه‌م خه‌رجیه‌ قورسه‌ گه‌شه‌و بوژاندنه‌وه‌ی ئابووری وه‌ستاندوه‌و، كه‌رتی تایبه‌تی لاواز كردوه‌و هه‌موو جه‌ماوه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی خزمه‌تگوزاری فراوانی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن. ده‌وڵه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراق بۆ ده‌ربازبوون له‌م‌ دوخه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی بۆ وڵات، هه‌وڵیانداوه‌ كه‌ رێژه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان به‌ شێوازێكی نایاسایی زیادبكه‌ن. ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه خه‌رجیه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌ داهاتی زیاتر بێت، بۆیه‌ له‌م چه‌ن ساڵه‌دا ده‌بینین كه‌ قه‌رزێكی زۆر له‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ت كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ و دواتر تووشی كورتهێنانی بودجه‌ ده‌بێت.

لاوازی سیسته‌می سیاسی و كلتووری عه‌شیره‌تی و تایفی له‌ عێراق یه‌كێ له‌ هۆكاره‌ گرنگه‌كانی توڕه‌بوونی جه‌ماوه‌ری عێراقه‌. له‌ 2003وه‌ تا ئێستا هیچ كام له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی عێراق نه‌یانتوانیه‌وه‌ خه‌ون و ئاواته‌كانی گه‌لانی عێراق به‌ دیبهێنن ووڵات له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌ ئیقلیمی و ناوچه‌ییه‌كان رزگار بكه‌ن. به‌ هۆی ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌وه‌، گه‌نده‌ڵی سیاسی هه‌موو جه‌سته‌ی ئه‌م ولاته‌ی داگرتووه، بۆیه‌ هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان توانایی چاره‌سه‌ری دۆخی ناله‌باری سیاسی عێراقیان نیه‌‌. له‌م ڕوه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری نارازی عێراق له‌م ده‌مووچاوه‌ سیاسیانه‌ توڕه‌ن و داوا ده‌كه‌ن چیتر به‌شداری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌كه‌ن. ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ زۆر ترسناك ده‌بێت. له‌ ئه‌گه‌ری به‌رده‌وام بوونی ئه‌م ناره‌زایه‌تیانه‌دا، ئه‌گه‌ری دروست بوونی شه‌ڕی ناوخۆ یان به‌ لاڕێدا بردنی هه‌یه‌. خۆپیشاندان به‌ هه‌ر ئاراسته‌یه‌كدا بڕوات، هه‌ریمی كوردستان زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی ده‌بێت. به‌ره‌ی كوردستانی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ڕووی ناخۆوه‌ لاوازه‌،هیچ قورساییه‌كی له‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند نه‌ماوه‌. ته‌نیا دبلۆماسیه‌تی به‌هێزو لێزانانه‌ ده‌توانێت ڕێگر بێت له‌ نوقم بوونی كه‌شتی ئارامی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
ئارپاک سەرگەتی

ئەرشیڤی بەڕێز: ئارپاک سەرگەتی