بورهان شێخ ڕەئوف: جینۆسایدى ئەرمەن، پەیوەندییەکانى تورکیاو ئەمریکاى ئاڵۆزتر کرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ناکرێ و ناتوانرێت تا ئەبەد بەرى خۆر ى ڕاستیەکان بگێرێت، بەڵکو بە تێپەڕبوونى کات و ڕۆژگار زۆر ڕاستى ڕوون و ئاشکرا دەبنەوە و پەردەیان لە سەر هەڵدەماڵرێت، دەردەکەوێت کێ تاوانبارەو و کێ قوربانى .تەنانەت هەندێک لەوکارو تاوانانەکاریگەرى و زیانەکانى بۆ نەوەکانى داهاتووش دەمێنێتەوە.
بۆیە تورکیاش ناتوانێت تا کۆتایى دنیا نکووڵى لە جینۆسایدو قڕکردنى یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنى بکات و پەنجەرەو دەرگاکانى مێژوو کڵۆم بدات کە لە لە ساڵى 1915 و ساڵانى دواتریش ئەنجامى داوە، چونکە ئەوە ڕاستیەکى بەڵگە نەویستەوە دەیان دۆسیە و دۆکۆمینتى بەهێز هەن دەیسەلمێنن.
دوا هەنگاوى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا لە 29 تشرینى یەکەم 2019 بە کۆى دەنگ 405 دەنگ بەڵێ بەرامبەر 11 دەنگ ناڕازى دانیان نا بە جینۆسایدو قەتڵ و عام و قڕکردنى گەلى ئەرمەن لە سەردەمە دەوڵەتى عوسمانى ، لە سادەترین واتادا ئەم مەسجە ماناو مەدلوولى ڕاشکاوانە بۆ دەوڵەتى تورکیا و سەرۆک کۆمارەکەى ڕەجەب تەیب ئەردۆگان هەیە ئەویش ئەوەیە کە هەڵەکانى ئێستا دەفتەرى تاوان و قەرزە کۆنەکانى ڕابر دوو هەڵدەداتەوە.
بەڵێ کوشتارى ئەرمەن پەڵەیەکى ڕەشە بەناوچاوانى تورکەوە لە هەموو کاتێکدا، چونکە ئامارەکان و سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە پتر لە یەک ملیۆن و نیو هاوڵاتى ئەرمەنى سڤیل و بێتاوان قڕکراوان و ژنى سکپڕ ورگیان دڕاوەو دەستدرێژى کراوەتە سەریان، پیاوانى پیرو پەککەوتەو و مناڵ و پیرەژن لەسەر ڕێگاو بانەکاندا لە خاچ دراون.
ئەگەرچى لە ڕابردوودا بە هۆى سیستمى دوو جەمسەرى جیهان و جەنگى ساردەوە ئەمریکاو ئەوروپیەکان و ناتۆ گرنگیەکى زۆریان بە تورکیا دەداو وەکو هێڵى پێشەوە بەرامبەر بە یەکێتى سۆڤیەتى جاران لێى دەڕوانرا، بەڵام ئێستا ئەو دیدە گۆڕانکارى گەورەى بەسەردا هاتووەو دەرهەق بە تورکیا لە لایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى لە ناتۆ بەهۆى کۆمەک و هاریکارییەکانى ئەردۆگان بۆ تاقم گروپە تیرۆریستەکان، زۆر لە قەبارەو گرنگیەکەى دابەزیووەو تەنانەت باسى ئەوە دەکەن کە کاتى ئەوە هاتووە تورکیا لەو هاوپەیمانێتیە وەدەرنرێت.
هۆڤیەتى و دڕەندەیى تورکیا بەرامبەر کەمینە نەتەوەیى و ئتنیکیەکان هەرلە کۆنەوە تا ئێستا و بە تایبەتى ئەوەى لەم دواییەدا بەرامبەر بە کوردەکانى سوریا کردى یان، هانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریکا ى دا بە هەردوو پارتى گەورەى دیموکرات و کۆمارییەکانەوە کە هەوڵى سزادانى تورکیا بدەن ئەگەر لە ڕووى مۆراڵیشەوە بێت.

کاردانەوەکانى تورکیا بەرامبەر بەم بڕیارە
لە 30 تشرینى یەکەم 2019 واتە هەر ڕۆژێک دواى بڕیارەکەى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا، وەزارەتى دەرەوەى تورکیا باڵوێزى ئەمریکاى لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد تاوەکو نیگەرانى و ناڕەزایەتى حکومەتى تورکیا بە ئەمریکا بگەیەنێت بەرامبەر بەو بڕیارەى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا کە بە فەرمى جینۆسایدى ئەرمەنەکانى لە لایەن دەوڵەتى عوسمانیەوە ناساند بوو لە سەدەى پێشوو.
ئاژانسى ئەنازۆڵى تورکى فەرمى لە زارى بەرپرسانى پایە بڵندى وڵاتەکەیەوە ئەوەى ڕاگەیاند بوو کە ئەم بڕیارە هیچ بنەمایەکى یاسایى و مێژوویى نیەوە کە لە ساڵى 1915 ڕویداوە. بەڵکو ئەمە کاردانەوەیە بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنى کانى ئاشتى لە باکوورى سوریا دەخوازن سزامان بدەن.
هەروەها گلەیى ئەوەیان لە ئەمریکا کردووە کە ئەم بڕیارە لە گەڵ گیانى هاوپەیمانێتى نێوان ئەمریکاو تورکیا ناگونجێت بە تایبەتى هەردووکمان ئەندانى پەیمانى ناتۆین، لە هامان کاتدا دژ بە ئەو ڕێکەوتننامەیەیە کە لە 17 ئۆکتۆبەر 2019 لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە ئەنقەرە واژۆکرا سەبارەت بە دۆخى باکورى سوریا.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەئەوەش بکەین سەرەڕاى بڕیارى بە فەرمى ناسینى جینۆسایدى ئەرمەن لە لایەن تورکیاى عوسمانیەوە ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریکا بڕیارێکى تریشیان دەرکردووە ئەویش سزادانى ئەو کاربەدەست و بەرپرسە باڵانەى حکومەتى تورکیاو ئەو بانکانەى کە پشتیوانى حکومەتى تورکیایان کردووە لە ئۆپەراسیۆنى کانى ئاشتى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت