بەهرۆز جەعفەر: دانیشتن لەبن دەوارى ڕەش. ئایا بەرهەم ساڵەح یەکێتیە؟ بەشى دووەم و کۆتایی.

لەکاتێکدا بە پاڵپشتى خەڵکى زەحمەتکێشى شارو گوندەکان یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە حەفتاو هەشتاکاندا بەرەنگارى بە زەبروزەنگترین سیستەمى دیکتاتۆریى لەناوچەکەدا ئەبویەوە، سەدان هەزار کورد کەوتنە بەرشاڵاوى کوشتن و قاتوقڕى ڕژێمەکەى سەدام، […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

لەکاتێکدا بە پاڵپشتى خەڵکى زەحمەتکێشى شارو گوندەکان یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە حەفتاو هەشتاکاندا بەرەنگارى بە زەبروزەنگترین سیستەمى دیکتاتۆریى لەناوچەکەدا ئەبویەوە، سەدان هەزار کورد کەوتنە بەرشاڵاوى کوشتن و قاتوقڕى ڕژێمەکەى سەدام، بەرهەم ساڵەح بۆ یەک چرکەش سەردانى بارەگایەکى پێشمەرگە یان ئۆپۆزسیۆنى عێراقى نەکردووە، هەموو تەمەنى خۆى لە ئەوروپاو ئەمریکا بەسەربردووە، لەنەوەتەکانیشدا لە سێبەرى کارەکانى ئەودا کوردو (ی،ن،ک) ڕووبەڕووى گەورەترین شکستى دیبلۆماسى بونەوە:
سەرەڕاى ئەوەش، ڕاستیەکەى بونى بەرهەم ساڵەح ( بە حورمەتەوە) گرنگ بو بۆ کوردو بۆ (ی،ن،ک)، چونکە لانى کەمى بەشێک بو لەو توخمە مەدەنیەتەى کە کۆمەڵگەى کوردى پێویستى پێیەتى، بۆیە لە پانزە ساڵى ڕابردودا بەبەراورد بەوانەى دیکە جۆرێک لە حەسانەو ڕێزى هەبو. لە (22ى ئایاری 2017 -بەدیاریکراوى یەک ڕۆژ دواى سەردانەکەى ترامپ بۆ سعودیە) لەگەڵ “د.پشتیوان فەرەج” لەماڵەکەى خۆیان سەردانم کرد، بەتەواوەتى لە ناخەوە بڕیاریدابو لە یەکێتى جیاببێتەوە، دواى شیکردنەوەو گفتوگۆیەک لەسەر سیاسەتى ناوچەکەو، یەکەم سەردانى ترامپ وەک سەرۆکى نوێى ئەمریکا بۆ سعودییە. پێمگوت ئەم چێشتە هێشتا لەناوچەکەدا پێ نەگەیوە، باشوایە بچیت لە بەریتانیا لەهوتێلێک دابنیشیت لۆبى بکەیت بۆ کوردو بۆ گۆڕانکارى لەکوردستان، دڵنیابە ڕۆژێک دێت وەک خومەینى بەشان ئەتهێننەوە و پێویستیان بە تۆ ئەبێت، ئیمرۆکە یەکێتى مێژووى هەیە، هێزى چەکدارى هەیە، پارەى هەیە، ئێرانى هەیە، هێشتا مام جەلالیش ماوە. تۆش و هەمو خەڵکیش ڕاى من ئەزانن لەسەر ئەم سەرکردایەتى و دۆخەى یەکێـتى هەیەتى… ئیتر گوتى بۆچونەکەت دەقیقەو بەڵام من جەماوەرى خۆم هەیەو خۆم ئەناسم و ئەبێت ئێوەش قۆڵى لێهەڵماڵن، چونکە من جارێکى تر ناگەڕێمەوە بۆ ناو ئەوانە و…دەستیان لێ بکەنەوە!. دواى ئەوە یەکمان بینیەوە، گوتم: دوا بڕیارى ژیانى من ئەوەیە بە هیچ جۆرێک تێکەڵ بە هیچ حیزبێک نابم، بەڵام هاوکارێکى بێ چەندوچون ئەبم و، زیاتر لەوانەى تۆ لەحیزبەکەدا کاریان پێ ئەکەى. ئەو چیرۆکانە دوورو دریژن و خەڵک و خواو خۆى ئاگەدارن مەردانە لەگەڵى چوین…!.من لەگەڵ هەموو ئەو قسەو گازندەو ڕەخنانەشى لەبەرهەم ساڵەحم گرتووە، زۆر نیگەرانم، ویژدانم ئازارم ئەدا کە پیاوێکى وا نازدار (بە قەولى خۆى وتەنى) ئاوها غەدرى لە خۆى، لە یەکێتى، لە کورد، لە دەیەها هاوڕێى نزیکى خۆى، لە سەدەها هەزار دەنگدەریش کرد!. لە پێناو چی دا!
هەروەک وردەکارى و کەموکورتیەکانى ئەم پیاوەم لە بەشەکانى پێشوترداو، لەماوەى ساڵێکى پۆستى سەرۆک کۆماریدا خستۆ ڕوو، لەم بەشەدا بە کورتى باسى ئەوە ئەکەین ئایا هەر لە بنەڕەتەوە بەرهەم ساڵەح یەکێتى بوە؟. یان بەدواى بازرگانى و ڕەتاندنەوەى حکومەت و حیزبەوە بوەو، بە قسەى لووس و درۆو دەلەسە بۆى چۆتە سەر:

یەکەم/ ئایا بەرهەم ساڵەح یەکێتیە؟
لەکاتێکدا ڕێککەوتننامەى ستراتیژى یەکێتى و پارتى ساڵى (2006) لەلایەن تاڵەبانى و بارزانیەوە واژۆکرا، سودمەندى یەکەم خەڵکى کوردستان بو کە لەلایەک لەبەغدا توانییان یەکدەنگ بن، لەلایەکى تر لە کوردستان بە فەرمى شەڕى ناوخۆ و ململانێ خوێناوییەکانى پەنجا ساڵى ڕابردوویان کۆتایی پێهێنا، هاوکات (ی،ن،ک) سەڕەڕاى ئەوەى لەساڵى (2009) بزوتنەوەى گۆڕانى لێ جیابویەوە، پارتى هەر بە هاوبەشى ستراتیژى یەکێتى مایەوەو، پۆستەکان پەنجا بە پەنجاو بگرە زیاتریش لاى یەکێتى بون.
بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى ساڵى (2013) هەموو پارتى بە زۆرینەى یەکێتی و تەنانەت ڕێنمایی و وەسیەتەکانى تاڵەبانیش کە تازە نەخۆشکەوتبو، داوایانکرد بە یەک لیست بەشدارى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى هەرێم بکەن و جیاخوازى دروست نەکەن، بەرهەم ساڵەح بە تاقى تەنها پێداگیرى ئەکرد کە یەکێتى ئەبێت بە لیستى جیا بەشدارى بکات. بەڵگەش بۆ ئەمە کۆنوسى کۆبونەوەکەى هەولێر لەگەڵ پەرلەمانتارەکان و کادرە پێشکەوتوەکانى یەکێتى ماوە.
سەرئەنجام بەرهەم ساڵەح بۆ یەکەمجار بو بە عەڕابى هەڵوەشاندنەوەى ڕێککەوتنامەى ستراتیجى یەکێتى و پارتى، دواتر دەرئەنجامى دەنگەکان لە (2013) وا کەوتەوە کە پارتى (743.984) حەوت سەت و چلوسێ هەزار و نۆسەت و هەشتاوچوار دەنگ بهێنێت، یەکێتیش تەنها (350.500) سێ سەتوپەنجاهەزارو پێنج سەت دەنگى بەدەستهێنا!. کە ئەکاتە نیوە کەمتر لەدەنگەکانى پارتى. دواى ئەوەش پارتى و بارزانى چەندین هەوڵیاندا دەست بەڕێککەوتنەکەى نێوانیانەوە بگرن و، لەسەردانێکى “نێچیرڤان بارزانى” دا بۆ مەکتەبى سیاسی یەکێتى ئەوەى دووپات کردەوە وەکو جاران پۆستەکان دابەش ئەکرێت لەنێوان هەردوولادا، کەچى “بەرهەم ساڵەح” بۆ ئەوەى ئەم هەوڵەش سەر نەگرێت بیانوى ئەوەى ئەهێنایەوە کە یەکێتى نابێت بە بێ بزوتنەوەى گۆڕان بەشدارى لە حکومەتدا بکات!. ئەمەش ئەوەندەى تر پارتى تووڕەکردو، ڕێککەوتننامەى ستراتیجى هەڵوەشاندەوە.
با نمونەیەکى تر وەربگرین، کاتێک ساڵى (2008) بۆ یەکەمجار خوالێخۆشبو تاڵەبانى سەرۆک کۆمارى ئەوکاتى عێراق نەخۆشکەوت و بۆ چارەسەر چوبو بۆ “مایۆکلینیک” لە ئەمریکا، ئەوکاتانە نورى مالیکى هێزى سەربازى ئامادەکردبو بۆ سەرکوردەکان لە کەرکوک و خانەقین، بەرهەم ساڵەح یش ئەوکاتە لە بەغدا بو پاڵپشتى سیاسەتەکانى ئەکرد، بۆ ئەمە پیلانى داڕشتبو جێگە بە تاڵەبانى لێژ بکات. تاڵەبانى لەنەخۆشخانە بەمەى زانى، خێرا پزیشکى نیورۆسورجنى خانەنشین “د. نەجمەدین کەریم” ى لە ئەمریکاوە هێنایەوە بۆ کوردستان، لەناو یەکێتى نیشتیمانى دا پلەى ئەندامى مەکتەبى سیاسی پێدا، پاشان کردى بە پارێزگارى کەرکوک. خێرا “بەرهەم ساڵەح” بو بە دوژمنى “نەجمەدین کەریم”. تاڵەبانیش لەهەمان کاتدا لە کۆنگرەى حیزب ساڵى (2010) بە بێ دەنگدان و بە چەپڵە “بەرهەم ساڵەح” وەک یەکێ لە جێگیرەکانى خۆى دەست نیشانکرد، کەچى هێشتا “بەرهەم ساڵەح” چەندین جار هەڕەشەى جێهێشتنى یەکێتى ئەکردو، لەهەر دانیشتنێکدا قسەى ناشیرینى بە تاڵەبانى ئەووت (دەقى ئەم قسانە لە لاى هەندێک لە دۆستە کۆنەکانى دکتۆر بەرهەم و، لە لاى پارتى دیموکراتى کوردستانیش هەیە کە ئەوکات بەرهەم ساڵەح کە چ دەستەواژەیەکى ناشیرین دژى تاڵەبانى و ماڵباتەکەى ئەڵێت).
لە ساڵى (2013) ەدا، ڕەفتارەکانى بەرهەم ساڵەح لێرەو لەوێ لە کۆبونەوەکاندا ئەبێتە هۆکارى سەرەکى بەریەککەوتن لەگەڵ هاوسەرى تاڵەبانى “هیرۆ برایم ئەحمەد”، بۆیە لە کێبڕکێ بۆ پۆستى سەرۆک کۆماردا ئەیدۆڕێنێت. چەند ڕۆژێک دواى ئەوە لەبەردەم حوسەینیەکەى شارى سولەیمانى بەرهەم ساڵەح بۆ میدیاکان گوتى ” من ئەم پلەو پایە حیزبیە بە خۆم ڕەوا نابینم، بۆیە واز لە پلەو پۆست ئەهێنم و وەک ئەندامێکى سادەى یەکێتى ئەمێنمەوە”. لەبەرانبەردا نەجمەدین کەریم فەرمانڕەوایەتى کەرکوکى ئەکرد بۆ ماڵباتى تاڵەبانى تا دواى کەوتنى داعش دەرکەوت داهاتى دەیان ملیۆن بەرمیل نەوتى کێڵگەى ئاڤاناو باى حەسەن دیارنەماوە!

دووەم/ بەرهەم ساڵەح و کەرکوک
باسى ئەوە ناکەم کە زیاتر لە سى ساڵە بەرهەم ساڵەح پەیوەندى لەگەلڕ هەندێ کۆنە بەعسى کورد لە کەرکوک هەیەو، لەڕێگەى ئەوانیشەوە یارییەکانى ئەکات و، بازرگانیەکانى پەرە پێ ئەدات. هەر زۆر بەکورتى لە (27ى نۆڤەمبەرى 2018) ئاگر لە قەیسەرى کەرکوک کەوتەوە!. نزیکەى (366) دوکان سوتان و هاوڵاتیان ملیارەها دینار زیانیان بەرکەوت. ئەردۆگان دووجار قسەى لەسەر ئەم بابەتە کرد، من دەجارم پێگوت بەیاننامەیەک دەربکات، یان پێشوازى لە نوێنەرێکى ئەو دوکاندارانە بکات وەک سەرۆکى ئەم عێراقە! پشتگوێى خست. تادواتر تورکەکان نۆژەنیان کردەوە. ئەوکاتە ئەمزانى بەرهەم ساڵەح بەڵێنى ئەوەى بە ئەردۆگان داوە کە نەهێڵێت هیچ یەکێتى و پارتى و کوردێک ببێـتەوە پارێزگارى کەرکوک. دواى ئەوەى ساڵێکى ڕێک کە یەکێتى ئەیانگوت پارتى زۆرینەیە لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک و ناگەڕێنەوە بۆ ئەوەى پارێزگارێکى کورد لەشارەکە دابنەین، ئێستا ئیمڕۆکە خۆ ئەنجومەنى پارێزگا هەر نەماوەو هەڵوەشاوەتەوە، ئەدى بۆ سەرۆک کۆمار لە بەغداوە پارێزگارێکى کوردو یەکێتى بۆ کەرکوک دانانات؟!.

سێهەم/ بەرهەم ساڵەح و پیلان بۆ دەستبەسەراگرتنى بزوتنەوەى گۆڕان
ساڵى (2016) ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ نەخۆشى چووە لەندەن، بەرهەم ساڵەح یش لە لوتکەى بێزارى و بێ پۆستى دا بو…ئەیویست لەڕێگەى کوڕەکانى نەوشیروان مستەفاوە دەست بەسەر بزوتنەوەکەى باوکیاندا بگرێت، بۆ ئەوەش هەوڵى دروستکردنى هاوسەرگیرى دا لە نێوان کوڕێکى نەوشیروان مستەفا (ه، ن، تاڵەبانى) کە ئەکاتە کچى خوشکى خێزانەکەى بەرهەم ساڵەح. تەریب بەمە یەکێک لە دەڵاڵەکانى ناو میدیاى ئەهلى کە نزیکە لەبەرهەم ساڵەحەوە خستەگەڕ تا لەڕووى سیاسی و میدیاییەوە ئامادەکارى ژێربەژێر بکات بۆ ئەوەى بەرهەم ساڵەح ببێتە ڕێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان. بەڵام هەر ئەونە بەس چەند کاراکتەرێک لە گۆڕان ئەمە درک بکەن ئیتر بابەتەکەش لەگەڵ ئەوەدا کوژایەوە.

چوارەم/ هەندێ بەدواداچون و دەرکەوتەى تر.
1-  پێش ئەوەى “بەرهەم ساڵەح” بگەڕێتەوە ئیدارەى حکومەت وەربگرێت لە سولەیمانى، هەرچى بەرپرسێک پارەى پێویست بوایە داواى لە خوالێخۆشبو “مام جەلال” ئەکردو ئەویش بۆى ئەنوسى بۆ “ئیدارەى گشتى” و بەمشێوەیە بەرپرسەکان لە یەکێتى سودمەند ئەبون. کە بەرهەم ساڵەح ئەبێتە سەرۆکى ئیدارەى سولەیمانى لە ساڵى (2001) ئیتر بەناوى کەرتى تایبەت و هێنانى کۆمپانیا گەندەڵى تەشەنە ئەکات و، هەموو بەرپرسەکان ئەبنە خاوەنى کۆمپانیاو، هێدى هێدى کەس پێویستى بەیەکێتى و ئیدارەى گشتى نامێنێت. مام لەساڵى (2002) دا فەرمان ئەکات هیچ بەرپرسێکى یەکێتى نەچێتە سەردەوڵەمەندو کۆمپانیاکان، ڕۆژى دواتر بەرپرسێکى عەشایەرى ئەوکاتى یەکێتى کە تا ئێستاش بەرهەم ساڵەح خوانى پێ گەرم ئەکات بە پرۆژەیەکەوە ئەنێرێتە سەر (ش،س، بەرزنجى) کە دۆستى تاڵەبانیە، بەرپرسە عەشایەرەکە ئەڵآ ئەم پرۆژەی قیرتاوکردنەم هەیە و خۆم لێى نازانم بایی (420000) چوارسەت و بیست هەزار دۆلارە، بۆئەوەى بیخەمڵێنى و جێ بەجێى بکەیت…!
2- بەرهەم ساڵەح ئەو کاتەى سەرۆکوەزیرانى هەرێم بووە دەیان دۆنم زەوى لە بنارى (جێ شانە) ى شارى سولەیمانى کردۆتە ناوى هاوسەرەکەیەوە، جگە لە دەیان دۆنم زەوى کە خستویەتیە سەر زانکۆى ئەمریکى بۆ خۆى و، هێنانى پارەى جیاجیا لە حکومەتى هەرێمەوە (بە نوسراوى جیاجیا) بۆ سەر زانکۆیەکى وا ئەهلى، کە ئیمڕۆکە یەکێکە لەزانکۆ ئاست خراپەکانى عێراق بە پێى ڕانکى ساڵانەى زانکۆکانى جیهان. پرسیارێکى زۆر سادە، ئێستا زانکۆى ئەمریکى (بەو کافتریا تازەیەشى کە دەیان ملیۆن دۆلارى تێچووە) بفرۆشێت، ئەیدات بەچەند؟. ئاخەر خێرە ئەو بەتەنها خاوەنى ملیارەها دۆلار بێت و گەنجێکیش ڕەگ و ڕیشەى باو باپیرى لە کوردایەتى دا تیاچوبێ نەتوانێ بچوکترین جوڵە بۆ خزمەتى میلەتەکەى بکات؟!خێرە ئێمە خەمى کەرکوکمان هەبێ و ئەویش لەگەڵ سەرۆکوەزیران ناکۆک بێ لەسەر کەشتیە نەوتیەکەى لە بەندەر عەباس!. کە خەریکە وڵاتەکە سەراپا گڕ بیگرێت سەرۆکى کۆمارەکە لە پێشەنگاى سەردار تازە (10) لاندگرۆزەرى مۆدێل (2019) و (2) مارسیدسی درعى کڕیوەو، کێشەشى هەیە نازانن بەناوى کێوە تۆمارو ئینتەرى بکەن!

پێنجەم/ هەندێک گفتوگۆ و دەرەنجام
1- لە ڕاى گشتى دا بەرهەم ساڵەح وەک کەسێکى بێ حورمەت لەمێژوودا ئەمێنێتەوە، لانى کەمى لەبەرئەوەى خەڵکى کوردستانى بێ ئومێدکرد لە ئۆپۆزسیۆن بون و حیزبێکى فرۆشت بە پۆستێک بۆ خۆى و، دواتریش غرور گرتى و درۆى لەگەڵ دەوروبەرەکەى خۆى کرد. لەڕاستى دا (ی،ن،ک) پێویستە وەڵامى ئەو پرسیارە بداتەوە چۆن ئەبێت کەسێک بڕواى بە حیزبێک نەبێت و لەسەرەوەى هەڕەمەکەش دابنیشێت؟!. لەوەش ڕاستى تر بەڵگەو دۆکیومێنتى بەرهەم ساڵەح لاى پارتى دیموکراتى کوردستانە و ڕەنگە چاوەڕێ بکەن تا ببێتە سکرتێرى یەکێتى ئەوکاتە وەک کارت دژى بەکاریبهێنن، یان ئەوەتا جارێکى تر بەرهەم ساڵەح یەکێتى بەجێدەهێڵێت و لەکۆتاییدا ئەبێت بە پارتى.
2- لە تەمموزى 2019 ەدا وەزارەتى خەزێنەى ئەمریکى ڕایگەیاند (67) بەرپرسى عێراقى ناوەکانیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە تا بخرێنە لیستى ڕەشەوە بەهۆى بە فیڕۆدانى پارەوە لە عێراق، ئایا ئیدارەى ئەمریکا ناوى بەرهەم ساڵەح یش ئەخاتە پاڵ ئەو ناوانە لە ئایندەدا؟
3- ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەى ئیمڕۆ لە عێراق هەیە بەرهەمى کەڵەگەبوى پانزە ساڵى ڕابردووى دواى ڕوخانى سەدامە، کە بەرهەم ساڵەح بۆ دوو خول لە بەغدا پێشوتر پۆستى هەبوەو جێگرى سەرۆکوەزیران و بەرپرسى مەلەفى ئابورى عێراق بوە. ئایا ئەنجومەنى باڵاى بەگژاچونەوەى گەندەڵى هیچ لێپرسینەوەیەکى وورد لەسەر بەرهەم ساڵەح دەست پێ ئەکەن لەبارەى گەندەڵى لەبوارى ئەو پارەو یارمەتیە داراییە دەرەکیانەى دراون (وە ئەدرێن) بەعێراق؟.

کۆتایی
ئەمەوێت لەگەڵ خوێنەر ئەوە ببڕێنمەوە کە هاوڕێیەتى بەندەو بەرهەم ساڵەح لەسەر بنەماى ڕێککەوتن بووە لەسەر دۆزێک، نەک بابەتى کەسیی، پێویست بەوە ناکات ناوى چەندین شایەتحاڵ ڕیزبکەین، بەڵکو خودى (بەرهەم ساڵەح) شایەتى ئەوە ئەدات کە داواى هیچ پلەو پۆستێک، هیچ خواستێکى تایبەتى، یان بۆندێکم نەکردوە، نەک هەر ئەمە بەڵکو بایی ئەوە ڕاستگۆیی لە کاک “د. بەرهەم” دا ئەبینم، کە ددانى پیا بنێت پێش چونى بۆ بەغداو لە بەغداش بەڵینى پێکەوە کارکردنمانى داوە لە تیمەکەیدا، لەوەش زیاتر دوو شەو پێش بونى بەسەرۆک کۆمار لە ماڵەکەى خۆیان لە سولەیمانى بەڵێنى ئەوەیدا بچێتە بەغدا تەنانەت نەک دەرفەت بۆ ناوەندى لێکۆڵینەوەکەى ئێمە بەڵکو زانکۆیەکیشمان بۆ ئەکاتەوە!؟. با ئیتر بەردێکى گەورە بخەینە بان ئەو قسەوباسانە، چونکە بەلاى کەمى نۆ کەسایەتى لە کەسە نزیکەکانى نێوانمان ئەزانن ڕاستیەکە چۆنە… بۆ یەکجار بەتوندى بەرگریمان لە کاراکتەرێک کرد و، دەستمان خستە سەر کڵاوێک کە “فت” دەرچوو!؟.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بەهرۆز جەعفەر

ئەرشیڤی بەڕێز: بەهرۆز جەعفەر