بورهان شێخ ڕەئوف: عێراق لە داخوازى خزمەتگوزارییەوە بۆ شۆڕش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچى لە عێراقى نوێ دا ئەمە یەکەم جار نیە خۆپیشاندان و ناڕەزایى لەلایەن کۆمەڵانى بەرینى خەڵکەوە بە شێوازى جیا جیا دەرببڕێت، بەڵکو ئەوە مافێکى دەستوورییەو دەستوورى عێراق ئەو مافەى بۆ گەلى عێراق فەراهەم کردووە. هەر بۆیەش پێشتریش سوونەکان و دانیشتوانى هەرێمى کوردستانیش پەنایان بۆ بردووە لە کاتى پێویستدا تەنانەت قوربانیشى لێ کەوتۆتەوە.
ئەوەى ئەمڕۆ لە شارە کانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق دەگوزەرێت سەرەتا داخوازییەکانیان لە چاکسازى و دابینکردنى خزمەتگوزاریدا کورت کردبووەوە، بەڵام ئێستا دواى ئەوەى خۆپیشاندانەکان درێژەى کێشا تا ئەم ساتەوەختەى من ئەم وتارە دەنووسم هەواڵەکانى باس لە کوژرانى 275 کەس و برینداربوونى 12 هەزار کەس دەکەن. داخوازییەکانى خۆپیشاندەران گۆڕانکارى بنەڕەتى و گەورەى بە سەردا هاتووە، باسى گۆڕینى دەستوور و دادگاییکردنى هەموو گەندەڵکاران و، دوورخستنەوەى ئەم تاقم و دەستانەى، کە ئێستا لە سەر شانۆى سیاسەت لە عێراقدا ڕۆڵى کارایان هەیە و، تا بینا قاقایان نوقم گەندەڵى و بێ دەربەسى یە بەرامبەر بە ئایندەى گەل و وڵات.
لە لایەکى ترەوە خوازیارى کۆتایى هێنان بە دەستوەردانى دەرەکین لە عێراق و بە تایبەتى ڕۆڵى ئێران، کە بە ئاشکرا لە دروشم و هتافى خۆپیشاندەراندا بە ئاشکراو بە دەنگى بەرز و بە بێ سڵەمینەوە دەبینرێت. ئەگەر شانازیى عێراقى نوێ، دیموکراسى و مافى ئازادى ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و مانگرتن بوو بێت. ئەوا ئێستا کە لوولەى چەکەکان ڕوو لە سینگى کچ و کوڕانى خێر لە خۆ نەدیووى عێراق بێت، ئەنجومەنى نوێنەران، کە بنەماى سیستمى دیموکراسى پەرلەمانى عێراق بێت، ئەو ژمارەى قوربانیەکان بێت، کە لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە. ئێستا ئیتر ئەمەى دەگوزەرێت ناکرێت ناوى لێ بنێین دیموکراسى، بەڵکو بارودۆخێکى فشۆڵ و لاوازو بێ هیچ بنەمایەک و پێگەیەکى جەماوەرییە. بەڵکو ئەوە کۆمەڵە هێزو تاقمێکى ناکۆک و وابەستەى وڵاتانى ئیقلیمى و نێو دەوڵەتین.

کابینەکەى عەبدولمهدى
ئەو کابینەى عادیل عەبدولمهدى سەرۆکایەتى دەکات و ساڵێک و چەند ڕۆژێک بە سەر تەمەنیدا تێ پەڕیووە، بە خراپترین کابینەکان دێتە ئەژماردن. چونکە کەموکورتى و کێشەى چوار کابینەى پێش خۆى کۆبووەتەوەو بەسەر ئەمدا شکاوەتەوە و ئەمیش هیچ پشتیوان و هێزێکى گەورەى لە پشت نیە تا بتوانێت ئەو بەرنامانەى، کە دایناوە جێ بە جێ یان بکات. بەڵکو دەستیى بە سراوەتەوە لە لایەن هەموو قەوارەکانەوە. هەرچەندە بەڵێنى ئەوەیان پێدا، کە دەستى واڵا بکەن. بەڵام نەیانکرد و تەنانەت بۆ دانانى وەزێرێک هەشت مانگ دەنگیان لە سەر نەدەدا.

ئایندەى لایەنە تائیفیەکان و ناسنامەى خۆپیشاندەران
کاتێک عەبدولمهدى کرا بە سەرۆک وەزیران، وەکو کاندیدى ڕێککەوتن و سازان بۆ رَێگرتن لە بەریەککەوتنى لایەنە شیعیەکان، کە دانیان بە ئەنجامى هەڵبژاردنەکاندا نەدەناو، بە تایبەتى گومانیان لە سەر دەنگدانى ئەلکترۆنى هەبوو، کە ساختەى گەورەى تێداکرابوو. پرسیارێک لێرەدا خۆى قووت دەکاتەوە، کە زۆر لۆجیکیە، کە ئایا هێزگەلێک بڕواى بە دۆڕان لە هەڵبژاردندا نەبێت و بڕواى بە گۆڕانکارى و دەستاودەستکردنى ئاشتیانەى دەستەڵات نەبێت؟ چۆن هەڵسووکەوت و گوێ ڕایەڵى داخوازییەکانى خەڵکى بێ کارو برسى دەبێت؟
لە کۆتاییدا ئەوەى تێبینى کراوەو ئامارەکانى چالاکوانان لە گۆڕەپانەکانى خۆپیشاندان ئەنجامدراوە 75% ئەوانە بێ لایەنن و سەربە هیچ حزبێکى سیاسى نین و 25% دەرچووى زانکۆو پەیمانگاکان و هەڵگرى بڕوانامەى بەرزن، ئەوانەن کە بەشدارى هەڵبژاردنەکانى 2018 یان نەکرد، هەموومان ئاگادارین، کە ڕێژەى بەشدارى کردن لەو هەڵبژاردنەدا زۆر لاواز بوو. ئەم خەڵکە ئێستا هاتوون داواى مافەکانیان دەکەن، بەڵام باشترە بە ئاشتیانەو دوور لە توندو تیژى بەردەوام بن و ڕێ نەدەن ئاژاوە گێڕو دەستى دەرەکى بەلا ڕێ ی دا بەرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت