عوسمان عومەر: ئایا ئیسراو میعراج داستان و ئەفسانەیە یا ڕاستى؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر لەمناڵیمانەوە تاکو ئەمرۆ، دەڵێین: ئێمە موسلمانین و شانازى بەموسلمان بونى خۆمانەوە دەکەین. بەلام بەدەستى موسلمانان زۆر ئازار بە گەلەکەمان گەیشتووە، چ لەسەردەمە کۆنەکان و چ لەسەردەمی نوێ، لەسەردەستى فەرمانرەوا رەگەز پەرست و درندەکان، کە تا ئیستا کورد بە موسلمان نازانن و بە کافرو ئاگر پەرست لەقەلەمى دەدەن و، بگرە هەزاران کتێبى گرنگى میژویی و کلتورى و زانستى و ئەدەبى گەلى کورد بەدەستى موسلمان فرێدراوەتەوە ناو ئاوى زێ و ڕوبارەکان بە بیانوى نەگونجانیان لەگەل ئاینى نوێ. بەمەش گەنجینەیەکى مێژویی کورد لەناوچووە، مەلاى زۆرێک لە وولاتان کورد بە جنۆکەو درندە لە قەلەم دەدەن،لەگەل ئەوەش رۆژانى هەینى بە هەزاران کەس روو لە مزگەوتەکان و، رۆژانى تریش پێنج فەڕزە سوژدە بۆخوداو سەلاوات لە پێغەمەبەرى موسلمانان دەدەن!؟
زۆر بابەت هەیە ئێمە هەر لە باب و باپیرانمانەوە وەرمان گرتوە بێ ئەوەى پرسیار بکەین ئەو بۆچى یا چۆن هاتوە؟ کە ویستراوە پرسیار گەلیک بکەى بە ووشەى گوناهە یا کافر دەبی وەلامت دراوەتەوە بۆیە زۆر شت وەک دەلێن: بەردێکى لەسەر دانراوەو، کەس خۆى لەقەرە نادات.
وەک خۆم پێش ئەوەى موسلمان بم کوردم، چونکە عەرەب پێش ئەوەى بڵێ موسلمانم دەلێت عەرەبم. پرسیار ئەوەیە بۆچى موسلمانین و بەچى موسلمان بونمانەوە شانازى بکەین؟ ئاینى ئیسلام کۆمەلگاى موسلمانانى خستۆتە ناو بۆکسێکەوە واتە سندوقێک تەنها لە کونێکى ئەو سندوقەوە ڕوانیومانە. بەلام کاتێ لەو بۆکسە دێیتە دەرەوە، بیرۆکەى تر لەگۆشە نیگایەکى ترەوە دەڕوانیتە بابەتەکان. چونکە ئێمە پێشتر لەو بۆکسە ئاخنرابوین و بە تاریکى و نەزانیەوە شتەکانمان دەبینى. بەلام، کە باسێک لەسەر ئیسلام دەکەى یا شـتێک یا پرسیارێکت بە بیروهزردا دێت. ئەوە مەبەست تانەو تەشەر نییە لە ئاینى پێرۆزى ئیسلام، راستى بشێوێنى. چونکە ئیسلام ڕەگ و رێشەى داکوتاوە لەناو کۆمەلگا. تەنها بۆ ئەوەیە ڕاستى و ناراستى هەندێ بابەت دەربکەوێ، چیتر لەتاریکیدا مەلە نەکەین و نەمێنینەوە. دواى ئەو هەزارو ئەوەندە سالەى پەیدا بونى ئەو ئاینە، زۆر شتى نارون هەیە بۆ ئەوکات و سەردەمەى پەیدابونى چۆتە سەر. بەلام ئیستا بەهۆى پێشکەوتن و گەشەسەندنى زانست و زانیاریى. ئەوە دەبێتە جێگەى گومان یا وەک خورافەیەک دێتە بەرچاو. هەندێ بابەت بوروژێنى سەبارەت بەو ئاینەى ئیمە پەیرەوى دەکەین، لەولاوە بەشتى تر بۆت لێکدەدرێتەوەو بەدەرچوو لەو ئاینە دەژمێردرێی. ئەمرۆ دونیایەک یا رەوتێک هاتۆتە ئاراوە کۆمەلگا یا کەسەکان کوێرانە پەیرەوى رەوتیکى سیاسى ناکەن. ڕەوتێک هەیە و هاتۆتە پێش ئەوە دەخاتە ڕوو ئایا ئەو ئاینەى پێش هەزارو ئەوەندە ساڵە پەیدا بووە پێویستى بەنوێکردنەوە، یا پێداچونەوە بە گوتارو بیروڕاکۆنەکانى و هەندێ بابەتى نەهاتوە؟
بەڕاى من زۆر ئەستەم و گرانە هەر لەمنالیمانەوە تا ئیستا وابەستەى بیروباوەرێکى ئاینى یا نەتەوەیی بوبین بتوانین وا بەئاسانى بیرى نەتەوەیی لەخۆمان داماڵین وزۆریش قورسە وا بەئاسانى بتوانى لە بیروباوەرێک پێوەى راهاتوین و پەیرەویمان کردوە، دەرچىن و بچیتە سەر بیروباوەڕیکى دیکە. چونکە بەڕاى من هەندێ جار عەقل لە ئاست بیروباوەردا پەکى دەکەوێ.
یەکێ لەو بابەتانە، کە تاکو ئیستا کۆمەلگاى موسلمان یادى دەکەنەوە وەک بۆنەیەک ساڵانە، تەم و مژێکى زۆرى لەسەرە ئەویش بابەتى ئیسراو میعراجە کەپێغەمبەرمان محەمەد (د.خ)، کە ئیسراى کردووە لە مەککەوە بۆ مەسجد الاقصى لەسەر پشتى گیاندارێک بەناوى بوراق، کەگەیشتۆتە مەسجد الاقصی ئەو گیاندارەى بەئەلقەیەکەوە بەستۆتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، کە خوداى پەروەردگار ئەو گیاندارەى فەرمان پێکردوەو بۆى ڕەوانە کردوى بۆچى دەبەستریتەوە؟ لەترسى ئەوەى بروات؟ ئەو فەرمانپێکراوە چۆن دەڕوات؟ دەگوترێ لەوێ پێشنویژى یا ئیمامەتى بە پێغەمبەرانى پێش خۆى کردووە ئایا ئەو پێغەمبەرانە بەجەستە ئامادەبون یا تەنها روحیانەتیان یا هەردوکیان پێکەوە؟ بابەتێکى تریش، کە دەگوترێ نوێژى پێکردوون چ جۆرە نوێژێک بەپێى رەوت و بیروباوەرى پێغەمبەرمان (د. خ ) یا هەریەکە بەپێى بیروباوەرو نەریتى خۆى؟ تاکاتى گەیشتنە حەوت تەبەقەى ئاسمان و گەیشتن بە ( سیدرەت المنتها) و قسە کردن لەگەل خوداى پەروەردگار نوێژکردن فەڕز نەکرابوو، دواى ئیسراو میعراج نوێژ فەڕزکرا ئەى، کە فەرز نەکرابێ چۆن نوێژى پێکردون؟

بەشى دووەم/ سەرچاوە مێژوویەکان ئەوەمان پێ دەلێن محەمەد تاکە کەس نەبووە، کە ئیسراو میعراجى کردبێ، بەلکو کلتورى ئیسراو میعراج لاى گەلانى نیمچە دورگەى عەرەب زانراو بوەو گوێیان لێ بوەو داستانى زۆرى لەسەر بیستراوە لەلایەن گەلانى ئەو ناوچەیە.

ئیسراو میعراج لە رۆشنبیرى و کلتورى نیمچە دورگەى عەرەب دا. 
1-  ئیسراو میعراج لاى جولەکەکان وەک:
• ئیسراو میعراجى ئەخنوخ
• ئیسراو  میعراجى ئیبراهیم گەر لە گوگل بنوسرێ میعراج ئیبراهیم (کتێبى عهد ئیبراهیم )دەردەچێ باس لەوە دەکات.
• ئیسراو میعراجى یەعقوب
• میعراجى ئەشعیا
• میعراجى ئیلیا
• ئیسراى حزقیال لەکتێبى عهد القدیم باسى لێکراوە
• میعراجى رابى ئیسماعیل، کە دەگوترێ ئەویش ئیسراو میعراجى کردوەو گەیشتۆتە شەشەم تەبەقەى ئاسمان و دواتر تەبەقەى حەوتەم و خوداى پەروەردگارى دیوە ئەم داستانە لەسەر زاران بووە لە کلتورى جولەکە.

2- ئیسراو میعراج لە ئینجیل دا
• بەرزبونەوەى یەسوعى مەسیح بۆ ئاسمان زۆربەى مەسیحیەکان باوەڕیان پێیەتى لە قورئانى پیرۆزیش دا باسى لێوەکراوە.
• ئیسراى فیلیبس یەکێ لە خوێندکارانى مەسیح لە ئەشدود دۆزراوەتەوە.
• میعراجى نێردراو پۆلص بۆ چینى سێەمى ئاسمان، بەلام نازانرێ ئایا بەجەستە بووە یاڕوحیانەت دیارنەکراوە، لە ئینجیل باسى لیوە کراوە.

3- ئیسرا و میعراج لە ( ژیارى یا شارستانیەتى – حضارە) بابلى دا
• میعراجى پادشا ئادابا بۆ حەوت تەبەقەى ئاسمان و چاوکەوتنى بە خوداوەند (ئانو) ئەو میعراجە بە میعراجى محەمەد دەچێ، کە گەیشتۆتە سدرەت المنتهى و فەرمانى نویژى لەخواى پەروەردگارەوە پێدراوە، کە بیگەیەنێ بە ئۆمەتەکەى.
• ئیسراو میعراجى پادشا ئیتانا یا ئەننانا پادشاى کیش لەسەر پشتى دالێک، ئەو پادشایە نەوەى نەبووە حەکیمەکانى ئەو کات و سەردەمە ڕینماییان کردووە کە لە ئاسمان بەرى داریک هەیە گەر بەرى ئەو دارە بخۆى ئەوا نەوەت بۆ پەیدا دەبێ بەپێى نوسراوە قورینەکان نەوەکانى بونەتە پادشا، ئەو میعراجە زۆر لە میعراجى پێغەمبەرمان (د.خ) دەچێت. چونکە فەرمویەتى کاتێ لە ئاسمان گەرامەوە چومە لاى خەدیجە دواتر فاطیمەى بووە بەپێى ڕیوایەتە ئیسلامیەکان فاتیمە مرۆڤى و فریشتەیی بووە.

4- ئیسراو میعراج لاى غەنوصیەکان

• میعراجى زۆستریانۆس

5- ئیسراو میعراج لاى ئاینى زەردەشتى
ئیسراو میعراجى ئەردەویراف یا بە ئۆرتوراف نانک ناسراوە، ئەویش جۆرە شەرابیکى پێ دراوە بۆ ئەوەى ئامادەبێ بۆ ئەو ئیسرایە وەک تاقى کردنەوەیەک بووە. بەپێى گێرانەوە ئیسلامیەکان کاتێ پێغەمبەرمان (د.خ) گەیشتۆتە مەسجد ئەقصى فریشتەکان بۆ تاقیکردنەوەى جامێ شەراب و جامێ ماستاو جامێ ئاویان پێ داوە، بێ ئەوەى بیبینێ و بزانێ چیە جامە ماستاوەکەى هەڵبژاردووە لە (خۆیەوە واتە بالفطرە) و دەلێن گەر جامە ئاوەکەى وەرگرتایە هەموو ئۆمەتەکەى بەئاو دەخنکان و لە ناودەچون.
ئیسراو میعراجى خودى زەردەشت لەسەر پشتى گیاندارێک بەناوى بەرق و ئیستاش وێنەکەى ماوە پەیوەندى لەگەل خوداوەند ئاهورامزدا کردووەو راسپاردەى لێوەرگرتوەو گەیاندویەتى بە پەیروانى ئاینەکەى.

6- ئیسراو میعراج لاى ئاینى مانیەکان
• میعراجى شازادە موهر شا.
• ئیسراو میعراجى مانى، کە خۆى بەپێغەمبەرى مانیەکان داناوە.
موهر شا دژى مانى بووەو چەوساندویەتەوە، متبونێکى بەسەردا هاتوە لەو مت بونەى میعراجی کردووە. گوایە زۆر شتى دیوە لەوانە بەهەشت. کە وەخەبەر هاتۆتەوە باوەرى بە پێغەمبەرایەتى مانى هێناوەو، گوتویەتى هەرچى مانى باسى لێوەدەکات هەمویان راست و دروستن.
بابەتێکم سەبارەت بە مانیەکان و ئاینى مانى لە 23ى نیسانى 2018 لە ووتارى کورد بلاوکردۆتەوە و، ئاماژەم پێداوە، کە مانى خەڵکى عیراق بووەو، لە سالى 216 زاینى لەدایک بووەو، لە تەمەنى 24 ساڵى دا ئیدیعاى پێغەمبەرایەتى کردووە و، پێغەمبەرمان محەمەد لە سالى 750 ى زاینى و لەتەمەنى 40 سالى دا سروشى بۆ هاتووە. ئیسراى کردوە بۆ ئاسمان و پەیرەوى لەخودا وەرگرتوە. مانى خاوەنى چەند کتێبیک بووە لەوانە کتێبێکى مسجع وەکو قورئان خوێندراوەتەوە. ئاینى ئیسلام و ئاینى مانیەکان لیک نزیکن لە هەندێ بابەتى ئاینى وەک نوێژ و زەکات و حرام و حەلال و هەندێ شتى تر. ئایا بەرێکەوت بووە یا بەمەبەست ئەو شتانە وەرگیراون و ئیسراو میعراجیش هەر لەوەوە وەرگیراوە. ئاینى مانى گەیشتۆتە قورەیش ئیبن قوتەیبە جەخت دەکاتەوە لەناو قورەیشیەکان هەبوەو بە زەندەقە ناوبراوە.
کەواتە بیرۆکەى ئەسرا بلاوبووەوە پێغەمبەرمان محەمەد(د.خ) تاکە کەس نەبوە، کە ئیسراى کردبێ. بۆیە ئەوانەى لەپێشتردا ئاماژەم پێداون هەمویان ئیسرا یا میعراجیان کردووە. پێ دەچێ لەهەر شتێ لەوانەى گوێیان لێى بووە ئەو ئیسراو میعراجە هۆنرابێتەوە. چونکە ئەوانەى ئەسراو میعراجیان کردوە ئەو شەرابەیان پیدراوە، بەهەمان شیوە چونەتە خزمەتى بارەگاى خواى تەعالاو پیرەویان لێ وەرگرتوە.

7- ئیسراو میعراج لاى صابئە مەندائیەکان
لەبابەتێکم، کە لەوتارى کورد بلاوکراوەتەوە بەناوى صابئە مەندایەکان، بە 7 بەش بەدورودرێژى باسم لە ئاینى صابیئە مەندائیەکان، هەروەها باسم لە میعراجی ئیدریس دەنانوخت لاى سابیئەکان و، ئەخنوخ لاى جولەکەو لاى ئیسلامیش ئیدریس کردوە.
• ئیسراو میعراجى دەنانوخت، ئەخنوخ، ئیدریس
• ئیسراو میعراجى زیوا، کە گەشتى حەوت تەبەقەى ئاسمانى کردووە و، نامەو پێرەوى لەخواى پەروەردگار وەرگرتوە بۆ ئەوەى بیگەیەنێ بە پەیرەوانى ئاینى سابیئەى مەندائى.

بەشى سێهەم
ئیسراو میعراج لاى هیندیەکان
ئیسراو میعراجى ئەرجەنە، داستانى ئەرجەنە لیکچونێکى هەیە وەک ئەوەى (سدرەت المنتهى). چونکە باس لە دارێک دەکات، کە ناوى (حەوابە) بووە زۆر گەورەیە لە ناوەراستى بەهەشتە بەرەکەى وەک دڕو یاقوت وایە، چۆتە بارەگاى تبارک و تەعالاو، راسپاردەى لێوەرگرتووە.
ئەم هەمو شتانەى لەسەرەوە ئاماژەى پێدراوە گواستراوەتەوە بۆ نیمچە دورگەى عەرەب. چونکە فارسەکان یەمەن و عیراقیان داگیر کردبو. بازرگانیەکى بەهێزیان هەبووە لەگەل عەرەبەکان بەهۆى کەنداوى عەرەبیەوە بۆیە عەرەبەکان زۆر بابەت لەکەلتورى گەلانیان پێ گەیشتوەو زانیوە. واتە ئەوەى کتیبە ئیسلامیەکان باسى دەکات لەسەردەمى جەهالەت دا ژیاون ڕاست نییە. بۆ نمونە پادشا نەبوناید یا نەبونایدسى بابلى ماوەى 10 ساڵ نیمچە دورگەى عەرەبى داگیرکردوەو، چى کلتورو پەرستشە ئاینیەکانى لەگەل خۆى بردووە بۆ ئەوێ. ئیبن قوتەیبە باس لەوە دەکات، کە (زەید بن عومەیر )گەشتى کردووە بۆ موسل و، هەروەها سەردانى کوردستانى کردووە. بیگومان کالاو کەل و پەل و هەندێ بیروباوەرو داستان و ئەفسانەى باسکردووە، کە گەراویشتەوە بەهەمان شیوە کەل و پەل و دەنگوباس و کۆمەڵێ بابەت و باسى لەگەل خۆى بردۆتەوە بۆ نیمچە دورگەى عەرەب. هەوەها، کە گەشتى شامیشیان کردوە ئەو روبارو سەوزایی و جونى سروشت و باخ و باخات شتەیان دیوە. دواتر رەنگدانەوەى هەبوە لە قورئانى پیرۆز دا، کە باس بەهەشت ئەعناب و ئەنهار و نەخیل بکات. کەواتە دەتوانرێ بگوترێ لەجەهالەت نەبون، چونکە پیک گەیشتنیان هەبووە لەگەل شارستانیەتەکانى دیکە بۆنمونە هاشمى باپیرى محەمەد (د.خ) بەپێى کتێبى سیرەت ئیبن هوشام دەلێت پەیماننامەى واژو کراوى هەبووە لەگەڵ ڕۆمانەکان بۆ پاستن و ئەمنیەتى بازرگانیەکەیان. ئیسراو میعراج لە قورئان و تەفسیرەکان:
• ئیسراو میعراجى پێغەمبەرمان محەمەد (د.خ) زۆر فەرمودەى لەسەر هێنراوەتەوە. نزیکەى 40 جیاوازى هەیە لەو فەرمودانەى ریوایەتیان کردوە لە کتێبى( الاسراء والمعراج حقيقة أم خورافة دراسة نقدية تحليلية) بەپێى سەرچاوە مێژوییەکانى ئیسلام، نوسەرەکەى خاوەن بڕوانامەيە لە مێژووى ئاینى ئیسلام و 15ساڵ خەریکى ئەو لێکولینەوەو کنەو پشکنینە بووە.
• ئیسراو میعراجى ئیدریس هەرچەندە لە قورئان دا باس لەوە ناکات، بەلام قورطبى دەلێت: ئەویش چۆتە ئاسمان.
• ئیسراو میعراجى ئیبراهیم، کە گالیسکەیەکى هەبووە ئەسراى پێکردوو، ئەوە لە کتێبى عەهدى ئیبراهیم دا هاتوە. بەلام سەرچاوە ئیسلامیەکان دەلێن: هەموو سالێ حەجى کردووە.
• ئیسراو میعراجى ئیبراهیم و ئیسحاق پێکەوە لەزۆربەى فەرهەنگە عەرەبیەکان دا ئەسرا واتە بەپێ رۆیشتن یا بەخێرایی بگاتە شوێنیک و بەکوردیەکەى خۆمان ڕێگا خۆى لەبەر ناگرێ.
• ئیسراو میعراجى یەعقوب

هۆکاریى ناوى یەعقوب بە ئیسرائیل
لە تەفسیرە ئیسلامیەکان دا، شەوێک لەشەوەکان دا یەعقوب گەشتى کردوە بۆ لاى خودا بۆیە ناونراوە ئیسرائیل بەواتاى گەشتنە لاى خوا بەپێى قورطبى بەشى 1 لاپەرە 331، المونناوى لە فیض القدیربەشى 5 ل 343 و طبرى بەشى 1 ل 191 ئەوانە هەمویان چیرۆکى یەعقوب ڕیوایەت دەکەن چۆن لە کتێبى تەورات دا هاتوە.
یاقوت حەمەوى لە معجم البلدان بەشى 5 ل 167 باس لەوە دەکات خودا چۆن لەگەل یەعقوب دەدوێ چیى پێ دەلێت” فاجعله بیتا تعبدنى فیه انت وذريتك، واتە: ئیسرائیل نەوەکانى لەوێ خوا پەرستى بکەن. چونکە لە عیسۆى براى هەلاتووە، کە هیلاک بووە بەردێکى کردوە بەسەرین. لەو کاتە فریشتەکان هاتونەتە خوارێ، بەپێى سەرچاوە ئیسلامیەکان ئەو بەردە، بەردى بناغەى پەیکەرەکە بووە. بەپێى پێناسەکان لەفەرهەنگە ئیسلامیەکان دا میعراج بەواتاى ئەو پەیژەیە دێت، کە لەسەر ئەرزەوە بۆ ئاسمان بەرز دەکرێتەوە، هەربەپێى سەرچاوە ئیسلامیەکان داود پەیکەرەکەى دروست نەکردوە، چونکە خودا بە خوێنرێژ لە قەلەمى داوە، بۆیە سولەیمان ئەو پەیکەرەى دروست کردوە، بەپێى سەرچاوە ئیسلامیەکان یعقوب بەردى بناغەى بیت المقدسى داناوە.
• ئیسراو میعراجى سلیمان بە گالیسکەیەک
• ئیسراو میعراجى ئیلیا (ئەلیاس )
• ئیسراو میعراجى مەسیح
• ئیسراو میعراجى ئەسکەندەرى مەکەدۆنى
شارى ئەسکەندەریەى بنیات ناوە، فریشتەیەک هەلیکێشاوە بۆ ئاسمان و لە ئاسمان پێى گوتراوە چى دەبینى. گوتویەتى ئەو شارە دەبینم، کە دروستم کردوە. گوایە خواى پەروەردگار پێى گوتوە ( وسخرنا لە النور و الظلام)
• میعراجى زوهرە بیزخت ئەوەیان لەبنچینەدا داستانێکى ئەرمەنى بووە و گەیشتۆتە لاى فارسەکان. چیرۆکى هاروت و ماروت گوایە ئەو زوهرەیە لەش فرۆش بووە کاتێ فریشتەکان هاتونەتە خوار گوێى لە ووشەو نهێنیەکانیان بووە، دواتر ئەویش هەلکشاوە بۆ ئاشمان. بەلام خواى پەروەردگار نەیزەکێکى لێداوە، گوایە ئیستا ئەو ئەسنیرەى زوهرەیە، کە سورە هى ئەوەیە.
• ئیسراو میعراجى مەهدى منتظر واتە چاوەرنکراو خۆى 313 لە هاوڕێیانى، گوایە هەندێ لەوانەى لەگەلین خۆیان دەفڕن و هەندێکى تریان لەسەر پارچە فەرشێک دەفڕن وەک ئەفلام کارتۆنەکە. لیرەوە بۆمان دەردەکەوێ، کە زۆر بابەت هەن داستان و خورافەیە. دواى ئەوەى ئیسراو میعراجمان لاى ئاینەکان و لە قورئان و تەفسیرەکان خستە ڕوو.

بەشى چوارەم/ ئیسراو میعراج لە ئیسلام دا لاى شیعە و سوننەکان:
• على کورى ابى تالیب و عمار لەسەر هەوریک چونە چین تەنانەت بەزمانى چینى قسەیان کردوە و وایان کردوە خەلک باوەر بە ئیسلام بێنێ. جارێکیان لە فاتیمەیان پرسیوە عەلى لەکوێیە, لەوەلامدا گوتویەتى فریشتەکان شەریان بوە، ئەو چووە ئاشتیان کاتەوە. بەپێى مدينة المعاجز و بحار الانوارى مەجالیسى.
• حسینى کورى على کورى ابوتالیب ئەویش لەسەر پشتى هەورێک ئەسراى کردووە.
• ئیمام باقر بە تفى خۆى قوڕیکى گرتۆتەوە, فیلێکى لێ دروست کردووەو بەو فیلە ئەسراى کردووە. بەلام (موڕە بن قبیصە ) باوەرى پێ نەکردوە، کە شتى وا ڕووى دابێ. ئەمجارەش دروستى کردۆتەوە و پارچەیەک لە کراسەکەى ئەوى لێ بەستوە، ئەوە بەپێى بیروباوەڕى شیعەکان
• ئیسراو میعراجى شیخ محەمەد بن على مەولا الدویلى گوتویەتى من لەگەل محەمەد ئیسراو میعراجم کردوە. ئەویش هەر شیعەیە.
• یەکێ مەرجەعەکانى سوننە بەناوى شیخ عەبدولا البونینى ئەویش ئیسراو میعراجى کردوە.
• یەکێکى دیکە لە مەرجەعیەتى سوننەکان بەناوى شێخ ئیبن المدین خاوەن کەرامەت بوە، لە چاو تروکانێکا لەبەرچاوان دیار نەماوەو لە شوێنێکى دیکە دەرکەوتۆتەوە.
• یەکێکى تر لە مەرجەعەکانى سوننە شیخ ابى الحمایل ئەو یش بە حساب کەرامەتدار بووە گوایە ئیستا لێرە بووە لەچاو تروکانیکدا لە شوێنێکى تر بینراوە، یا شاریکى تر. ئەوانە هەموى لە مدینة المعاجز، بحار الانوار سەرچاوەى شیعەن.
• میعراجى پیاوێک لەگەل شەیتان لەسەردەمى جەهالەت لەسەرپشتى بەرازێک، داستانەکە وایە گوایە شەیتان حەزى هاوسەرى ئەو پیاوە کردووە, لە هەیئەتى ئەو چۆتە لاى و کاریى خۆى لەگەل کردووە، کە زانراوە لەسەر پشتى بەرازێک میعراجى پێکردووە.
ئەو کەرامەتە شتێکى بیر خستمەوە لە شارى کۆیە پیاوێک هەبوو بەناوى سید ئەحمەدە شێتە بەردەوام پەرۆیەکى سەوزى لەسەر دەبەست. بەردەوام دارێک یا شیشێکى بەدەستەوە دەبو، پیاوێکى زۆر هێمن بوو، گەر توڕە نەکرایە. بەلام کە توڕە دەکرا دۆ و دۆشاوى تیکەل دەکرد. نازانم تاچەندە ڕاستە دەگێرنەوە هەرچەندە ئەوکات و سەردەمە ئۆتۆموبیل بۆ شاریى کۆیە نەفەراتى کەم بووە بەڕیکەوت لەسەر ڕێگاى کۆیە دەست لە یەکێ لە ئۆتۆمبیلەکان ڕادەگرێ/ بێگومان نەفەراتى تەواوى پێ بووە بۆى ناوەستێ، گوایە شیشێکى بەدەستەوە بوە سوارى بووە. کاتێ شۆفێر بەسەیارەوە دەگاتە ناو شارى کۆیە دەبینێ سەیید ئەحمەد لەوێیە، کەواتە سید ئەحمەدە شێتەى کۆیەش ئەسراى کردوە.
دواى ئەو خستنە ڕووى ئەو هەموو ئیسرا یە بۆمان دەردەکەوێ کە بابەتى ئیسرا لە رۆشنیبرى و کلتورى گەلانى ئەو ناوچەیە (نیمچە دورگەى عەرەب) پێش ئیسلامیش هەر هەبووە. کەس کێشەى لەگەل نەبوەوباوەڕییان پێکردووە، تەنها ئەوەى پێغەمبەرمان (د.خ) نەبێ باوەڕیان پێ نەکردوە و پێى گوتراوە، ئەوەمان زۆر بیستوەو ئەوە ئەساطیر و الاولینە.
سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلاً مِّنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ”
لیرەدا پرسیارێک خۆى دەهێنێتە پێشەوە ئایا مەبەست لە (بعبده )کێیە؟ مەبەستى محەمەدە یا کەسێکى تر؟ بەپێى بۆچون و سەرچاوە ئیسلامیەکان ئەو کەسە یەعقوبە نەک محەمەد بەپێى بەلگەنامە مێژوییەکان سورەتى ئەسرا لەپێشدا سورەتى بەنى ئیسرائیل بووە، دواى سەد سالێک ئینجا کراوە بە سورەتى ئەسرا. دواى وەفاتى پێغەمبەر و لەسەردەمى عبدوالملیک کورى مەڕوان زیاد کراوە. هۆکاریى هاتنە خوارەوەشى نییە. هەریەکە لە سیوطى لە الدر المنثور بەشى 3/ل 33، طبرى لە جامع البیان فى تاویل القران ل 15 بەشى 17 و صحیج بوخارى 4 ل 1741, تفسیر ابن کثیر 3 ل 23.
نیسابورى و سیوطى لە کتێبى اسباب النزول هیچ کامێکیان هۆکارى هاتنە خوارەوەى ئەو سورەتە باس ناکەن, هەروەها محەمەد سەعید العشماوى / لەاصول الشریعە ل 66و 67 دەلێت: کە هۆکاریى هاتنە خوارەوەى سورەتێک، کە جیاوازى لەسەربوو یا دیار نەبوو، دەرگاى ئیجتیهاد والایە. بەلام لەزۆر ئایەت و سورەتى تردا هۆکارى هاتنە خوارەوە دیارە وەک لاتعلوا أصواتکم فوق صوت الرسول، روداوى ئیفک ئایەتى دوورو درێژى لەسەر هاتوە. بەپێى هەندی زانیارى 67% ى سورەتەکان لە ئایەتى یەکەم یا دووەم یا سیەم وەرگیراوە، وەک سورەتى الماعون و الکافرون و والتین والزیتون.
عائشە رەزاى خواى لێبێ گوتویەتى” کاتێ پێغەمبەر پێش ئەوەى بیەوێ بخەوێ سورەتى بەنى ئیسرائیلى خوێندوە” کە پرسیارى لێکراوە فەرمویەتى ئەوە لەسورەتە کۆنەکانە، بۆیە وا پێدەچێ ئەو عەبدە ئیسرائیل بێ, بەجولەکە دەلێن بەنى ئیسرائیل, ئیسرائیل کێیە یەعقوبە,سورەتى ئەسرا زیاتر باس لەبەنى ئیسرائیل دەکات تەنها ئایەتى یەکەم نەبێ کە باسى ئەسرا دەکات, ئەویش نازانرێ باس لەکێ دەکات ؟ گەر بگوترێ سبحان الذى ئەسرا بخليله ئەوکات یەکسەر بە بیروهزرمان دا دێت کە ئیبراهیم خلیلوڵڵایە. گەر بگوترێ سبحان الذى اسرا بکلیمیه یەکسەر موسى بە بیرو هزرمان دا دێت، چونکە ئەو کلیموڵڵایە، کە ئایەتەکە دەلێت بعبده ئەوا رێک پەیوەستە بە یەعقوبەوە. چونکە نازناو و کونیەکەى عەبدوڵایە. ئیسرائیل ناوێکى ئەعجەمییە و ماناکەى عەبدوڵایە. ئیبن عەباس دەلێت إسرا بەعیبرانى واتە (عەبد) و (ئیل)یش بەواتاى خودایە ئەوە هەریەکە لە قورطبى ج1 ل 331 لە لێکدانەوە – تفسیر سورە البقرە، (فەیضى کاشانى لە الصافى فى تفسیر کلام اللە الوافى) لە لێکدانەوەى سورەتى بەقەرە، تەبەرسى لە مجمع البیان فى تفسیر القران، طوسى لە التبیان لجمع علوم القران و لێکدانەوەى سورەتى بەقەرە، هەم سوننەو هەم شیعە یەکگرتون لەوەى، کە ئەوکەسەى ئەسراى کردوە یەعقوبە نەک پێغەمبەر.
وەک بەڵگەیەکى تر لە ئایەتى دووەمەوە تاکۆتایی سورەتەکە هەر باسى بەنى ئیسرائیل دەکات و تەنها ئایەتى سەرەتا نەبێ زۆر بەکورتى باسى ئەسراى کردووە، کە مادەم موعیجرەیەکە لەموعیجزەکانى پێغەمبەر (د.خ) زیاتر لەسەرى بدوایە. چونکە پێغەمبەر و هەمو ئەوانەى ئەسرایان کردوە پێش ئەوە تاقى کراونەتەوە بۆنمونە پێغەمبەرمان بە شەراب و ماستاو تاقى کراوەتەوە، گوایە گەر ئاوەکەى بنۆشیایە ئەوا ئۆمەتەکە هەموى بەئاو دەخنکان. دواتر نۆێژکردن بە پێغەمبەرانى پێش خۆى گیاندارى بوراق، کە بوى تەرخان کراوە. لەهەموى سەیرتر مادەم لە گۆرەپانى مەسجد الاقصى نوێژى بەو پێغەمبەرانە کردوە بۆچى، کە چۆتە تەبەقەى یەکەم. پرسیار کراوەئەوەیە کێیە لەگەلت جوبرائیل، وەلامى داوەتەوە، کە ئەوە موحەمەدە (او بعث ئايا نێردراوە)؟ ئیستاشى لەگەل بێ ئیسراو میعراج پێکەوە بەستراونەتەوە. لەراستى دا میعراج لەسورەتى والنجم إذا هوایە.
هەر لە هەمان سورەتى ئەسرا ئایەتى 93 بەتەواوى ئەو بیروبۆچونەى ئەسرا لەناودەبات، کە قورئان دەفەرموێ” أَوْ يَكُونَ لَكَ بَيْتٌ مِّن زُخْرُفٍ أَوْ تَرْقَى فِي السَّمَاء وَلَن نُّؤْمِنَ لِرُقِيِّكَ حَتَّى تُنَزِّلَ عَلَيْنَا كِتَابًا نَّقْرَؤُهُ” کە قورەیشیەکان پێیان گوتوە دەبوایە ئیستا تۆ مالێکى لەرادەبەدەر جوانت هەبێ. گەر ئەوە نەبێ یا دوبارە لەبەرچاوى ئیمە ئەسرا یا میعراج بکەى ئینجا باوەرت پێ دەهێنین لەوڵامدا فەرمویەتى “قُلْ سُبْحَانَ رَبِّي هَلْ كُنتُ إِلاَّ بَشَرًا رَّسُولاً” من مرۆڤیکم نێردراوم چون دەتوانم ئەوکارە بکەم.
بەلگەیەکى دیکە کۆتایى ئایەتى یەکەم بە ( إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ”)، گەر بڕوانینە کۆتایی ئایەتەکانى تری سورەتى ئەسرا وَكِيلاً, شَكُورًا, كَبِيرًا, مَّفْعُولاً, نَفِيرًا,واتە قافیەى هەموان یەکە تەنها لەگەل ئایەتى یەکەم جیاوازە.
وەک دیاردەیەکى مێژویی هەر پادشادیەک لەو کات سەردەمە هەولى داوە لەسەر ئاسەوارى کۆن قەڵایەک یا شتێک بەناوى خۆیەوە بنیات بنێ. عبدالملیک کوڕى مەروان یەکێک بوە لەوانە، کە ( قوبەت الصخرە)ى دروست کردوە، کە پیرۆز بوە لاى جولەکەو مەسیحیەکان، لەهەمان کاتیش عەبدولاى کورى زوبەیر هانى ئەوانەى داوە، کە هاتون بۆ حەج دژى عبدالملیک کورى مروان مسجد الاقصاى دروست کردوە. بەپێى لیکۆلینەوەو پشکنینى لیکۆلەرى ئەلمانى گوستاف ڤایلى المسجد الاقصى دواى وەفاتى پێغەمبەر لەسەردەمى ئەودا زیاد کراوە. چونکە” سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلاً” زۆر گونجاوە لەگەل باقى دەقەکانى دیکەى سورەتەکە، تیۆدۆر نۆلدکەى ئەلمانیش هەروەها پشتگیرى لەو بۆچونە کردوە، مارى ئیداورد گالێى فرەنسى دەلێت” ئەو المسجد الاقصی یە دواتر زیاد کراوە”.

بەشى پێنجەم
دیسان دەگەڕینەوە سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلاً, رەنگبێ عیبادهى بێت. چونکە لەسورەتى طه ئایەتى 76 دەفەرموێ وَلَقَدْ أَوْحَيْنَا إِلَى مُوسَى أَنْ أَسْرِ بِعِبَادِي. لە سورەتى شعراء ئایەتى 52 دەفەرموێ وَأَوْحَيْنَا إِلَى مُوسَى أَنْ أَسْرِ بِعِبَادِي إِنَّكُم مُّتَّبَعُونَ، هەروەها لەسورەتى الدخان ئایەتى 22 دەفەرموێ فَأَسْرِ بِعِبَادِي لَيْلًا إِنَّكُمْ مُتَّبَعُونَ ” ئەوە لەگەل بەنى ئیسرائیل دێتەوە چ بەدەق و رەوتى سورەتەکە. بەلام خۆ لوطتیش ئەسراى کردووە بەشەو، بەلام لەگەل دەق و رەوتى سوررەتەکە ناگونجێ. چونکە باسى لوط ناکرێ تەنها باسى بەنى ئیسرائیل دەکرێ. وەک لەپێشەوە ئاماژەى پێدراوە یەعقوبە، کە بە ئیسرائیل ناسراوە بەشەو ئیسراى کردووە.
لەو سورەتە 3 جار جێناو (ضمیر)گۆڕدراوە، چونکە لەو ئایەتە قسەکەر خوداى پەروەردگارە و ئەو کەسەى مەبەستە کەسێکى ترە نەک پێغەمبەر، ئایاخواى پەروەردگار بەخۆى دەلێ سبحان؟ ئەوەش ئەوەمان پێ دەلێ، کە قورئان بەدەستى کەسانى تر نوسراوەتەوە. ئەوە باسیکى دیکەیە. لە ڕووى زمانەوانیەوە ئەسرا رۆیشتنە، بەپێ نەک سوار بونى گیاندارێک، چونکە یعقوب بەپێ لە بیرسەبعەوە دەرچوە، دواتر ئەسرا بەشەو دەبێ بەلام محەمەد لاى ئوم هانى بووە. دواى نوێژى عیشا. کە چووە بخەوێ دواتر فەرمویەتى ئوسریە بى و تەنانەت پێخەفەکەى هەرگەرم بووە، کەواتە ئەوەش ڕۆیا بووە یا خەوبینین.
وەک بەلگەى مێژوویی عبدالملیک کورى مەروان خەلیفەى ئەمەویەکان بووە، دواى 60 سال ئینجا مسجد الاقصاى دروستکردوە. پرسیار ئەوەیە، کە هیچ ئاسەوارى نەبوبێ ئەى چۆن پیغەمبەر ئەسراى بۆکردوە؟ زۆر شتى ئاینەکانى ترى لێیە. شتێکى تیدانییە باسى ئەسرا و میعراج بکات، بەوەدا دیارە ئەم زیادەیەى، کە خراوەتە سەرى دواى بنیات نانى مسجد الاقصى بووە.

ئەفسانەى بوراق لەکوێوە پەیدا بووە؟
لەکوتایی ئەو بابەتە باس لە ئەفسانەى بوراق دەکەم، کە ئەوە شتێکى خەیاڵی و ئەفسانەییەوبونى نییە. بەلام زانایانى میژوو ئاسەوار ناسى یۆنانى باس لە ئەسپێکى باڵدار دەکەن, بەناوى پیگاسۆس, کچێکی شۆخ و شەنگى جوان، کاتێ لە لەقەراغ دەریا خەریکى خۆشتن بووە. خوداى دەریا (پۆسیدۆم )دیویەتى ویستویەتى بچێ سێکسى لەگەل بکات. ئەویش هەلاتوەو چۆتە ناو پەرستگاى ئەسینای خواوەندى حیکمەت, خواوەندى حیکمەت یارمەتى (میدۆزاى) داوە. تا لەکانى قژى کردوە بە مار، هەرکەسێ لێى نزیک بوبێتەوە یەکسەر بووە بەبەرد، ئەو ئەفسانەیە بەردەوام دەبێ یەکێ لە پالەوانانى یۆنان، کە ناوى ( پیرسیۆس )بووە، داواى کچى پادشاى کردووە. مەرجى ئەوەبووە، کە بچێ سەرى (میدۆزاى) بۆ بهێنێتەوە. وەک پێشتر باسکرا، هەرکەسێ چوبێ بەلاى دا نەگەڕاوەتەوە. بەلام ئەو پالەوانە یۆنانیە قەلغانێکى هەلگرتووەو سەیرى قەلغانى کردوەو، یەکەیەکە مارەکانى کوشتوە. دواتر سەرى میدۆزاشى لیکردۆتەوە. خوێنى ( میدۆزا) بەگویرەى ئەفسانەکە بوە بە ئەسپێکى باڵدار (پیرسیوس) سوارى بووەو، فریوە بەئاسمان دا. هەروەها خواوەند (زیۆس) داواى لەو ئەسپە بالدارە کردووە لەجەنگەکانى هاوکاریى بێ لەگەل نەیارانى و پالەوانانى گواستۆتەوە بۆ شاخى ئۆلۆمپیا، کە دواتر بوە بە خواوەندى (برق)، کە بریتیە لە کۆمەلە ئەستێرەیەک لە ئاسمان. بوراق لە (برق)ەوە وەرگیراوە. زەردەشتیش ئەو گیاندارەى سوارى سەر پشتى بووە بۆ ئاسمان، چوە هەر بە (برق) ناوبراوە و پیکاسۆس هەمان ووشەى بۆراقە، کە گیاندارێکە و بالى هەیە و دەفرێ بە ئاسمان داو ئەفسانەیی و خەیالییە.
لە سنن ابى داود هاتووە لەدواى شەڕى خەیبەر پێغەمبەر چۆتە لاى عائیشە کاتێ بینیویەتى یارى بە بوکەلە دەکات لەناو بوکەلەکان دا ئەسپێکى بالدارى تێدا بووە، کە دیویەتى. گالتەى پێ هاتوە و زۆر پێکەنیوە تەنانەت ددانەکانى دەرکەوتون و سەرى لەوە سوڕماوە. وەک باسى دەکات عائیشە ئەوکاتە تەمەنى گەیشتۆتە 17 سالان. کەوا سەرى لەوە سورمابێ و گالتەى پێ هاتبێ، ئەى چۆن خوى بیریى بۆ ئەو بۆراقە چووە، کە بە سەر پشتى ئەو ئەسرایە بکات؟
هەر لەکۆتایی دا زانست ئەوەى سەلماندوە چەند بەرز بیتەوە لە چینەکانى ئاسماندا، هەوا نامێنێ. کەواتە باڵەکانى بۆراق چ سودێکى گەیاندووە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت