لوقمان غه‌فوور: باجی بێعه‌قلی سه‌ركرده‌ شیعه‌كان.

كاتێك عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌یه‌وێت چاكسازی له‌پایه‌كانی ده‌وڵه‌تدا بكات ئه‌وا بۆ ئه‌مریكا گرنگه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا خۆشی ده‌زانێت شیعه‌یه‌ك عه‌قڵی سیاسی له‌ئه‌ژنۆی سه‌رناكه‌وێت چۆن ئه‌توانێت چاكسازی بكات!. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مریكییه‌كان پێیان باشه‌سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كان […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

كاتێك عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌یه‌وێت چاكسازی له‌پایه‌كانی ده‌وڵه‌تدا بكات ئه‌وا بۆ ئه‌مریكا گرنگه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا خۆشی ده‌زانێت شیعه‌یه‌ك عه‌قڵی سیاسی له‌ئه‌ژنۆی سه‌رناكه‌وێت چۆن ئه‌توانێت چاكسازی بكات!. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مریكییه‌كان پێیان باشه‌سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كان پیسخۆر و گه‌نده‌ل نه‌بن، به‌ڵام ئه‌مه‌هه‌موو خه‌ون و ئاواتی ئه‌مریكا نییه‌. ئه‌مریكا عیراقێكی ئه‌وێت وێنه‌ی كۆریای باشور و ژاپۆن و ئه‌ڵمانیا و سربیا و چیك، كه‌دوای جه‌نگ سیاسییه‌كانی به‌شێك بن له‌ئه‌جێندا و هاوپه‌یمانێتی ئه‌مریكا. نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌له‌دوای 2010ه‌وه‌ به‌ تۆخی ئێرانیزم له‌عیراق ئه‌بینرێت.
كۆریای باشوور بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ وڵاته‌كه‌ی ساڵی 2019 خه‌رجی هێزه‌كانی ئه‌مریكای له‌857 ملیۆن دۆلاره‌وه‌ گه‌یانده‌ 927 ملیۆن دۆلار. ئه‌ڵمانیا دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر به‌بۆنه‌ی روخانی دیواری به‌رلین و كۆتایی جه‌نگی سارده‌وه‌، پێشوازییه‌كی بێوێنه‌یان له‌مایكل پۆمبیۆ- ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا كرد. له‌ناوجه‌رگه‌ی به‌رلین-دا په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌رێكی رۆناڵد رێگان-ی 40مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا لادرا. چه‌ندین وڵاتی عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه‌وه‌ك سعودیه‌، ئیمارات، قه‌ته‌ر، میسر ساڵانه‌بودجه‌یه‌كی خه‌یاڵی جۆراو جۆر سه‌رفده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی عیراق له‌قۆناغی بنیاتنانه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا ته‌نیا مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌وێت له‌عیراق. له‌به‌رامبه‌ردا سه‌ركرده‌ شیعه‌و عیراقییه‌كان لێدوانی بێ مێشكانه‌ده‌ده‌ن. یان كارێك ده‌كه‌ن به‌دڵی ئه‌مریكا نییه‌.
ئه‌م بێعه‌قلییه‌ی سه‌ركرده‌ شیعه‌كان به‌تایبه‌تی، باجی قورسی هه‌بووه‌و به‌رده‌وامیشه‌، كه‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی له‌پشت ئه‌م بێ مێشكییه‌وه‌، رژێمی ئیرانه‌. ده‌شێت ئه‌م بێمێشكی و عینادییه‌ی شیعه‌ی عیراق، عیراق به‌رێته‌وه‌ بۆ قۆناغی (پاست دیكته‌یته‌ر-Past dictator) كه‌زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م و كۆتایی گه‌لانی عیراق و به‌تایبه‌تی كه‌مینه‌یه‌كی وه‌ك كورد ده‌بێت. من رێك دژی ئه‌و بۆ چوونه‌م، كه‌ ده‌ڵێن عیراق نابێته‌وه‌ به‌سیستمێكی داپلۆسێنه‌ر. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سیستمی داپڵۆسین له‌زهنی عیراقییه‌كاندا خۆی حەشار داوە. لێره‌دا راڤه‌ی دۆخێك ناكه‌م كه‌پێشبینی قورسه‌، به‌ڵام هه‌ندێك سه‌ره‌داو كه‌میدیای ئه‌مریكی له‌رابردوودا نیشانیداوه‌ ده‌مباته‌ قۆناغی بێ ئومێدییه‌وه‌. كه‌ناڵی پی بی ئێس له‌راپۆرتێكدا ده‌ڵێت:” ئه‌مینستی ئینته‌رناشناڵ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، داپلۆسین و سه‌ركوتكردنی خه‌ڵك له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ عیراق نزیك ده‌كاته‌وه‌له‌گۆمی خوێن. ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌وا بڕوات شۆڕشی خه‌ڵكی عیراق نزیكه‌، چونكه‌ خۆپیشانده‌ران بیر له‌به‌رگری ده‌كه‌نه‌وه‌”.
یه‌ك له‌و نهێنیانه‌ی له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ر كه‌له‌میدیای ئه‌مریكیشدا به‌كپكراوی مایه‌وه‌ سه‌ردانی وه‌فده‌ هه‌واڵگری و سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌مریكا بوو بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌19ی مانگدا. نانسی پێولیسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئادم شیف سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌واڵگری، ئالیوت ئیجل سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌، بینی تۆمسۆن سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایشی ناوخۆ و مارك سۆنبه‌ری ئه‌ندامی لیژنه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان، رۆژی 20 مانگ له‌ ئۆردن دابه‌زین و له‌لایەن مه‌لیك عه‌بدوڵڵا-ی دووه‌م شانشینی ئوردۆن پێشوازیان لێكرا، شه‌وێك دواتر ئوردن-یان به‌جێهێشت. رۆژنامه‌ی ده‌یلی نیوز كه‌زیاتر پاڵپشتی دیموكراته‌كان ده‌كات، له‌ژماره‌ی 23 ئۆكتۆبه‌ردا نهێنی سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌ی ئاشكراكردوو پێوابوو، كه‌ له‌ئۆردون چاویان به‌ به‌عسییه‌كانی عیراق كه‌وتووه‌و له‌وێشه‌وه‌بۆ هه‌مان مه‌به‌ست چونه‌ته‌ قه‌ته‌ر، كه‌چی هیچ میدیایه‌ك ئاماژه‌ی به‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌فده‌كه‌ نه‌دا..
عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆیه‌رۆژی به‌م رۆژه‌گه‌یشتووه‌، ئه‌و پێیوابوو لادانی فه‌ریق روكن عه‌بدولوه‌هاب عه‌بدول زه‌هره‌ ساعدی جێگری هێزه‌كانی بنبڕكردنی تیرۆر بوو له‌ساڵی 2014-2019 به‌ئاسانی تێپه‌ڕێت. له‌كاتێكدا تێكڕای هێزه‌ئه‌منییه‌كان به‌ئاگان له‌وه‌ی كه‌ساعدی لای ئه‌مركییه‌كان كه‌سێكی باوه‌ڕ پێكراو و جێگه‌متمانه‌ی ئه‌مریكییه‌كان بوو. ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌ی لۆس ئه‌نجلس تایمز له‌4ی ئۆكتۆبه‌ر هۆكاری له‌سه‌ر كارلادانه‌كه‌ی ساعدی ئاشكرا ده‌كات كه‌به‌هۆی سه‌ردانێكییه‌وه‌ بووه‌ بۆ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌به‌غدا. هه‌ر بۆیه‌ له‌دوای له‌سه‌ر كارلادانی ساعدی خۆپیشاندانه‌كان كلپه‌ی لێهه‌ستا و یه‌كه‌م داواكاریان ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی بوو.
یه‌كێكی تر له‌و تێنه‌گه‌یشتنانه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، تێنه‌گه‌یشتنی سه‌ردانه‌كه‌ی مارك ئیسپه‌ر- ی وەزیری بەرگری بوو له‌25 ی ئۆكتۆبه‌ر بۆ به‌غدا، تا داوا له‌ عیراق بكات ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕێت بۆ جێگیركردنی ئه‌و سوپایه‌ی ئه‌مریكا كه‌ له‌سوریاوه‌ كشانییه‌وه‌ بۆ عیراق و له‌هه‌رێمی كوردستان به‌كاتی مابۆوه‌. زه‌نیویۆرك تایمز ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد کە ئیسپه‌ر به‌توڕه‌یی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی جێهێشتووه‌ كاتێك پێیوتووه‌ نه‌ك رێگه‌ناده‌ین به‌جێگیركردنی سه‌ربازی دیكه‌به‌ڵكو 2020 پێده‌چێت بڕیاری كۆتایی هاتنی مانه‌وه‌تان له‌عێراق گقتوگۆی له‌باره‌وه‌بكرێت. ئه‌م ئاراسته‌ی كاركردنی عه‌بدولمه‌هدی ته‌واو ئه‌مریكییه‌كانی نیگه‌ران كردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی زه‌نیویۆرك تایمز جگه‌له‌و هه‌ڵوێسته‌ نه‌رێنیانه‌ی كه‌له‌كاتی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئیران نواندی و بێلایه‌نانه‌ خۆی نه‌پاراست.
عەبدولمەھدی سیاسییەکی وریا نەبوو لە ڕابردوودا. لەگەرمەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر چین، عەبدولمەھدی بەخۆی وەفدێکەوە 21 سێپتێمبەر سەردانی چین دەکات. گرێبەست ئیمزا دەکات. تایم لەڕاپۆرتێکیدا ئەوەی ئاشکرا کردووە وەزیری خەزێنەی ئەمریکا تەواوی مەلەفی ڕێکەوتن و گرێبەستەکانی پێشکەش بە ئیدارەی ترەمپ کردووە و لەلایەن لیژنەیەکی ئابوری وەزارەتی خەزێنەوە تەلەلەی ئەو کارە نەخوازراوەی عەبدولمەھدیان کردووە.
ئێستا سه‌ركرده‌ شیعه‌كان به‌شێكی دابڕاون له‌جه‌ماوه‌ری شیعه‌ی عیراق ته‌نانه‌ت ئه‌و لێدوانانه‌ی مه‌رجه‌ی شیعه‌ش ده‌یدات به‌كراوه‌یی هێشتویه‌تییه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌ویش دركی به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ جه‌ماوه‌ی شیعه‌به‌ویش راناگیرێت. ئێمه‌ناتوانین بڵێین ئه‌مریكا پاڵنه‌ره‌بۆ خۆپیشاندانه‌كان، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌كان وا ده‌ریده‌ده‌خه‌ن ئامانجی ئه‌مریكا سوككردنی رۆڵی سه‌ركرده‌شیعه‌كان و ئیرانه‌. هێرشكردنه‌سه‌ر كۆنسلی ئیرانی له‌كه‌ربه‌لا و له‌توپه‌تكردنی وێنه‌ی سه‌رۆكه‌ئیرانیه‌كان و شیعه‌كان و سوتاندنی ئاڵای ئیران به‌شێكه‌ له‌په‌یامه‌كه‌. دوور نییه‌ ئه‌م په‌یامه‌شوڕشی گه‌لی عیراقی هاوشێوه‌ی شوڕشی ئیسلامی ئیرانی 1979 دووباره‌نه‌كاته‌وه‌.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
لوقمان غەفور

ئەرشیڤی بەڕێز: لوقمان غەفور