محه‌مه‌د عه‌بدوڵا: پێشانگای كتێب یان مانۆڕی فیكری مەدخەلی و ئیخوانی.

به‌وپه‌ڕی دڵخۆشییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی شیرینم چووین بۆ پێشانگای كتێب له‌سلێمانی، به‌ڵام هه‌ر له‌یه‌كه‌م گه‌ڕاندا تووشی شۆك بووم، هه‌ستم به‌مانۆڕێكی سه‌یری مه‌به‌ستدار كرد، من هه‌موو كات خوازیاربووم گه‌نجی موسڵمانی كورد چاو […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

به‌وپه‌ڕی دڵخۆشییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی شیرینم چووین بۆ پێشانگای كتێب له‌سلێمانی، به‌ڵام هه‌ر له‌یه‌كه‌م گه‌ڕاندا تووشی شۆك بووم، هه‌ستم به‌مانۆڕێكی سه‌یری مه‌به‌ستدار كرد، من هه‌موو كات خوازیاربووم گه‌نجی موسڵمانی كورد چاو به‌كتێب و توێژینه‌وه‌ ئاینیه‌كاندا بگێڕێت نه‌ك له‌گوێ ئاگردانی مه‌لا فڵان و مامۆستا فڵان باوێشك بدات و چاوه‌ڕێ بێت ئه‌وان بیری بۆ بكه‌نه‌وه‌.
پێشانگاكه‌ی سلێمانی، كه‌ باشتربوو له‌ژێر ناوی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كه‌لتوری شاردا بێت، زۆرینه‌ی كتێبه‌كانی تایبه‌تن به‌ بیری سه‌له‌فی و ئیخوانی، كه‌ به‌بۆچوونی من و هاوڕێكه‌م نزیكه‌ی هه‌شتا له‌سه‌دی ده‌بوو، جگه‌ له‌ ده‌زگاو ناوه‌نده‌ كوردییه‌كان، ناوه‌نده‌ عه‌ره‌بییه‌كان ئه‌وانه‌ن كه‌ تایبه‌تن به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی فیكری سه‌له‌فی و ئیخوانی، ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌وڵاته‌كانی خۆشیاندا نیشانه‌ی پرسیاریان له‌سه‌ره‌.
ئه‌ی ئه‌مه‌ كێ كردویه‌تی و مه‌به‌ست لێی چییه‌و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له‌كوێ خه‌وتووه‌؟
له‌دوای دروستبونی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردییه‌وه‌، به‌ئاشكرا دژایه‌تی توندی سلێمانی هه‌ستپێده‌كرێت، حیزبه‌كان ده‌ستیان خستۆته‌ نێو هه‌موو كایه‌كانه‌وه‌، له‌ڕووی ئیداری و ئابوری و هه‌موو سێكته‌ره‌كانیتره‌وه‌ تا توانیبێتیان دژایه‌تیان كردووه‌، ته‌نانه‌ت له‌نێو بڕیار به‌ده‌سته‌كانی نێوخۆی حیزبه‌كانیان خه‌ڵكی ڕاسته‌قینه‌ی سلێمانیان دورخستۆته‌وه‌، له‌به‌ر یه‌ك هۆی ساده‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی سلێمانی ڕامناكرێت، سه‌رجه‌م حیزبه‌كان له‌وه‌ دڵنیان كه‌ سلێمانی ناچێته‌ ژێر ڕكێفیانه‌وه‌ بۆیه‌ به‌رده‌وام ویستویانه‌و هه‌موو ڕێگه‌یه‌كیشیان تاقیكردۆته‌وه‌ بۆ كپكردنی ده‌نگی خه‌ڵكی سلێمانی.
له‌مساڵانه‌ی دواییدا یه‌كێك له‌شێوازه‌ مه‌ترسیداره‌كان، هاندانی بیری سه‌له‌فییه‌. كه‌ به‌ئاشكرا حكومه‌تی كوردی ڕێی بۆ خۆش ده‌كات، به‌و هیوایه‌ی بیانكاته‌ پاڵپشتی خۆی بۆ زیاتر درێژه‌دان به‌ ده‌سه‌ڵاتداریی.
كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگا به‌م ئاست و شێوازه‌، كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ سعودیه‌ش ئاسان نییه‌، هاندانێكی زه‌قی بیری سه‌له‌فییه‌، كاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ دژ به‌ناوهێنانی سلێمانی وه‌ك شارێكی داهێنانی ئه‌ده‌بی له‌جیهاندا.
به‌كارهێنانی بیری توندڕه‌و بۆ تێكدانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی چه‌كێكی دوو سه‌ره‌، سه‌رباری مه‌ترسیه‌كانی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا، دواتر له‌ قاچی ده‌سه‌ڵات ده‌ئاڵێت، نموونه‌كانیش زۆرن له‌میسرو سعودیه‌و یه‌مه‌ن و سوریاو… هتد.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
محەمەد عەبدوڵا

ئەرشیڤی بەڕێز: محەمەد عەبدوڵا