بەیار عومەر عەبدوڵا: چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر وته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ دیداری مێریدا.

یه‌كه‌م وته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت: سه‌رۆكی حكومه‌ت – مه‌سرور بارزانی له‌ دیداری مێریدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ حكومه‌تی عێراقی ڕۆژانه‌ 4.5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت. به‌ڵام ته‌نها 3.5 ملیۆن به‌رمیلی لێده‌فرۆشێت […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

یه‌كه‌م وته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت:
سه‌رۆكی حكومه‌ت – مه‌سرور بارزانی له‌ دیداری مێریدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ حكومه‌تی عێراقی ڕۆژانه‌ 4.5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت. به‌ڵام ته‌نها 3.5 ملیۆن به‌رمیلی لێده‌فرۆشێت و 1 ملیۆنی بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی ته‌رخانده‌كات، كه‌ به‌شی هه‌رێمی لێنادرێت. له‌كاتێكدا به‌پێی ده‌ستوری عێراق ده‌بوایه‌ 17 % ی كه‌ ده‌كاته‌ 170 هه‌زار به‌رمیل بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانبكرایه‌. ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئێمه ته‌نها‌ به‌شدارین 78 % ی میزانیه‌ی عێراق، نه‌ك 100 %.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌م 3.5 ملیۆن به‌رمیله‌ی كه‌ ده‌فرۆشرێت، حكومه‌تی عێراق 45% ی بۆ نه‌فه‌قاتی سیادی ته‌رخان كردوه‌ و له‌مه‌ش دیسان به‌شی هه‌رێمی لێنادرێت‌. كه‌واته ته‌نها‌ 55% ی بۆ هه‌رێم ته‌رخان ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ میزانیه‌ی هه‌رێمیشیان له‌ 17% ه‌وه‌ دابه‌زاندوه‌ بۆ 12.6%. كه‌واته‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی ده‌درێت به‌ هه‌رێم{12.6%} له‌ {55%} له‌ {78%}ی میزانیه‌یه‌. كه‌واته‌ ژماره‌كان لێكبده‌ینه‌وه‌ ده‌كاته‌‌ ٥% ی بودجه‌ی عێراق. ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق 17% ی بودجه‌ی بۆ هه‌رێم بناردایه‌، ئێمه‌ش ده‌مانوت ئه‌مه‌ ته‌قسیمێكی دادپه‌روه‌رانه‌یه‌.
وه‌ڵام:
یه‌كه‌م/ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق ئه‌وه‌نده‌ نادادپه‌روه‌ره‌ و زوڵم له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات، ئه‌ی كه‌واته‌ بۆ به‌شداریتان تێدا كردوه‌ و چه‌ندین وه‌زیر و سه‌فیر و ڕاوێژكار و لیواتان هه‌یه له‌ به‌غداد‌. یه‌كێك له‌وانه‌ وه‌زیری داراییه‌ و سه‌ر به‌ حزبه‌كه‌ی به‌ڕێزتانه‌. ئه‌گه‌ر نه‌توانێت به‌شه‌ بودجه‌كه‌مان له‌ 5% ه‌وه‌ بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ 17% یان لانی كه‌م بۆ 12.6%، ئه‌ی كه‌واته‌ كاری ئه‌و چیه‌ له‌ به‌غداد؟!
دووهه‌م/ ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ دوو فاقی سیاسی‌، كه وه‌ك‌ پێشینان ده‌ڵێن بانێكه‌ و دوو هه‌وا. له‌لایه‌ك گله‌یی له‌‌ به‌غداد بكرێت و بوترێت غه‌در له‌ هه‌ولێر ده‌كات، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌رده‌وام غه‌در له‌ سلێمانی بكات.
ئه‌گه‌ر ده‌شڵێن غه‌در له‌ سلێمانی نه‌كراوه‌، ئه‌توانم سێكته‌ر به‌ سێكته‌ر بۆ به‌ڕێزتی ڕونبكه‌مه‌وه‌ به‌ ژماره‌ و داتا و به‌ڵگه‌ كه‌ چ زوڵمێك له‌ پارێزگای سلێمانی كراوه‌. كه‌ له‌ هه‌موی زه‌قتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ولێر شه‌قامی 100 مه‌تری و 120 مه‌تری دروستكرا و ئێستاش شه‌قامی 150 مه‌تری له‌ دروستكردندایه‌ به‌ڵام تا ئێستا حكومه‌ت هیچ بودجه‌یه‌كی بۆ شه‌قامی 100 مه‌تری ته‌رخان نه‌كردوه‌ به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ قه‌یرانه‌. ئه‌گه‌ر قه‌یرانه‌، ده‌بێت بۆ هیچ پارێزگایه‌ك پاره‌ نه‌بێت. نه‌ك بۆ ئه‌و پارێزگایانه‌ی كه‌ ناوچه‌ی نفوزی پارتین،‌ پاره‌ هه‌بێت و بۆ پارێزگاكانی تر،‌ پاره‌‌ نه‌بێت؟!

دووهه‌م وته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت:
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ حكومه‌تی عێراق 62 ملیار دۆلار قه‌رزی بیانی وه‌رگرتوه‌ و هیچ به‌شی هه‌رێمی لێنه‌داوه‌، له‌ كاتێكدا ده‌بوایه‌‌ 9 ملیار دۆلاری بدرایه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. به‌ڵام له‌ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كاندا له‌ بودجه‌ی هه‌رێم ده‌بڕدرێت.
وه‌ڵام:
ئه‌وه‌ی به‌غداد‌ به‌رامبه‌ر هه‌ولێری ده‌كات، هه‌ولێریش هه‌مان شتی به‌رامبه‌ر سلێمانی و ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ كردوه‌. حكومه‌تی هه‌رێم 2 ملیار دۆلاری له‌ بانكی جایكای یابانی به‌ قه‌رز وه‌رگرتوه‌. له‌مه‌ زیاد له‌ ملیار و نیوێكی له‌ زۆنی زه‌ردا خه‌رج كردوه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا ته‌نها نیو ملیاری له‌ پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕیندا خه‌رجكراوه‌. به‌ڵام له‌ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كاندا له‌ بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی ده‌بڕدرێت. واته‌ پارێزگای سلێمانی ده‌بێت قه‌رزی پرۆژه‌ی پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك بداته‌وه‌، به‌ مه‌رجێك خۆی ئه‌وه‌نده لێی‌ سودمه‌ند نه‌بوه‌.

سێهه‌م وته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت:
سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هه‌موو ناوچه‌یه‌ك كه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وته‌ ده‌بێت‌ 1 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بدرێته‌وه‌ به‌ ناوچه‌كه خۆی‌، كه‌ پێیده‌وترێت په‌ترۆدۆلار. به‌ڵام هیچ له‌و به‌شه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان نه‌كردوه‌.
وه‌ڵام:
حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ند ساڵه‌ باسی سه‌ربه‌خۆیی ئابوری ده‌كات و ڕاسته‌وخۆ نه‌وت ده‌فرۆشیت. ئایا تا ئێستا چه‌ندی له‌ په‌ترۆدۆلار و په‌ترۆگاز سه‌رفكردوه‌ بۆ پارێزگای سلێمانی و شاره‌كانی چه‌مچه‌ماڵ و ئاغجه‌له‌ر و قادر كه‌ره‌م و كه‌لار و كفری و سه‌نگاو و ته‌قته‌ق و كۆیه‌ و دوكان؟! تا داوا له‌ به‌غدا بكه‌ن كه‌ په‌ترۆدۆلار بۆ هه‌رێم سه‌رفبكات؟! ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ی داوای عه‌داله‌ت له‌ به‌غدا بكه‌ن، حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كوردستان لانی كه‌می عه‌داله‌ت له‌ نێوان پارێزگاكاندا په‌یڕه‌وبكات.
به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌شێكی چیرۆكه‌كه‌یه‌، به‌شه‌كه‌ی تری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حزبه‌كانی ئه‌م سنوره‌، به‌تایبه‌تی یه‌كێتی و گۆڕان، ئه‌مه‌یان بۆ قبوڵ كردوه‌ له‌ پارتی؟! ئایا زاڵكردنی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و شه‌خسی بوه‌ به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌لكی ئه‌م سنوره‌دا كه‌ ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن؟!
ته‌نها چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئه‌م سنوره‌، به‌تایبه‌تی یه‌كێتی و گۆڕان، كه‌ خاوه‌نی زۆرترین ده‌نگی پارێزگای سلێمانین، لامه‌ركه‌زیه‌ت بچه‌سپێنن و داهات و ده‌سه‌ڵات بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ئه‌م سنوره‌ و كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی ستراتیژی جێبه‌جێبكه‌ن و هه‌لی كار دابینبكه‌ن. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بێته‌وه‌ زۆر به‌ قورسی باجه‌كه‌ی ئه‌ده‌ن.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بەیار عومەر عەبدوڵا

ئەرشیڤی بەڕێز: بەیار عومەر عەبدوڵا