بورهان شێخ ڕەئوف: لەناوبردنى گەندەڵى، جێگەى شەڕى ئتنیکى دەگرێتەوە.

لە چەند ڕۆژى پێشوودا وتارێکى ترم هەر لە سەر ئەم بابەتە نووسى زیاتر پەیوەندى بە خۆپیشاندانەکانى لوبنانەوە هەبوو لە ژێر سەردێڕى لوبنان، نیشتمانپەروەریى جێ بە تائیفیەت لێژ دەکات. بەڵام ئێستا […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

لە چەند ڕۆژى پێشوودا وتارێکى ترم هەر لە سەر ئەم بابەتە نووسى زیاتر پەیوەندى بە خۆپیشاندانەکانى لوبنانەوە هەبوو لە ژێر سەردێڕى لوبنان، نیشتمانپەروەریى جێ بە تائیفیەت لێژ دەکات. بەڵام ئێستا حەزدەکەم هەر لەسەر درێژەدان بەو بابەتەو دواى زیاتر ڕوون بوونەوەى وێنە گەورەکەى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە عێراق و ناوچەکە قسەى زیاترى لە سەر بکەم.
ئێستا لە بەشێکى زۆرى ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوین لە دواى چوار دەیە شەڕى تائیفى و ئتنیکى، کە زیانى گەورەى مادیى و گیانیى بە گەلانى ئەم ناوچە گەیاند، واخەریکە ئەو شەڕە بە کۆتا دەگات و، لە جێگەى ئەو دیاردەیەکى نوێ سەر هەڵدەدات ئەویش وەکو بزاڤێکى جەماوەریى مەزن و کاریگەر دەستى پێکردووە، کە تەجاوزیى ئتنیک و نەتەوە مەزهەبى کردووە، کە هێشتا زووە حوکم لەسەر ئاکامەکانى بدەین، کە تەخت و تاراجى تاقم و دەستەبژێرى حوکمڕانى گەندەڵى وەلەرزە هێناوە، کە لە ڕابردوودا بە پاساوو بیانووى بەرگرى لە نەتەوەو ئاین و مەزهەب و ڕەوایەتى یان بە خۆیان دابوو، وایان لە خەڵکى گەیاندبوو کە بە بێ ئەوان هاوزمان و هاوئایین و هاو مەزهەبەکانیان لە ناو دەبرێن و پاکتاو دەکرێن.
ئەگەر سەرەتاکانى شەڕى ناوخۆیى لوبنان لە ساڵى 1975 ەوە لە نێوان پێکهاتە جۆراو جۆرەکانى ئەو وڵاتەوە دەستى پێکرد بێت لە ناوچەکەو، خەڵکى ئەو وڵاتە ڕووبەڕووى کارەساتى جەرگبڕ بوونەوەو، لە عێراقیش لە دواى ساڵى 2003 و ڕووخانى ڕژێمى سەدام حوسێن لە لایەن ئەمریکاوەو ململانێى ئاینزایى شیعەو سوونە بە شێوازێکى زۆر توند سەرى هەڵداو تا ئێستاشى لە گەڵدا بێت کاریگەرییەکانى ماون، سەرەڕاى لە ناوبردنى دەوڵەتى خەلافەتى ئیسلامى داعش و هێشتا شیعەکان بوار بە سوونەکان نادەن بگەڕێنەوە شوێنەکانى خۆیان بە تایبەتى لە ناوچەى پشتێنەى بەغداد و مووسڵ و دیالەو زۆر شوێنى تریش.
ئەوەى لە بەرنامەو ئەجندایاندا باسى نیە جێبەجێ کردنى دەستوورە و ئێستا بە نیازن بیگۆڕن بۆ مەبەستى خۆیان و تێکەڵ بە داخوازى خۆپیشاندەرانى بکەن، لە کاتێکدا ئەوان داواى شتى تردەکەن لەوانە (( نان و کارو یەکسانى و خزمەتگوزارى و ئاسایش و دادپەروەر ى و بنبڕکردنى گەندەڵى مالى و کارگێڕى کە ئەوەندە زۆرن لە ئەژمار نایەن گەر بچمە ناوییەوە دەبێت باسى شتى تر نەکەم.
یەکێکى تر لەو شەڕە ئتنیکیانەى کە لەم ناوچەدا هەیە شەڕ و ململانێ ى میللەتى کوردە لە گەڵ ڕژێمەکانى عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا دا کە وڵاتەکەیان دابەشکراوەتە سەرئەم چوار وڵاتەدا، ئەوانیش بێباکانە حاشاو نکووڵى لە مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن جگە لە عێراق، بە تایبەتى تورکیا کە تا چەند ساڵێک لەمەوپێش هەر دەى گووت تورکى شاخاوى بە کورد.
بۆیە ئەو ناهاوسەنگیە گەورەى کەلەم ناوچەدا هەیە بنەماکەى ئەوەیە کە ئەم ناوچەى لە چوارنەتەوەى سەرەکى کوردو عەرەب و تورک و فارس پێکهاتووە، بەڵام نەتەوەکانى تر مافى کورد بە فەرمى ناناسن و کوردیش خۆى ڕادەستى ئەو دیفاکتۆ تاڵ و ناڕەواناکات، لەوەیە تاکە کێشەى ڕاستەقینى ئەم ناوچە ئەوە بێت.
لە سوریاش لە ساڵى 2011 بەدواوە لە دواى خۆپیشاندانەکانى بەهارى عەرەبى شۆڕشى گەلانى سوریا گۆڕا بۆ شەڕى تائیفى و ئتنیکى وا هەشت ساڵە نزیک بە نیوەى خەڵکى ئەو وڵاتە ئاوارەو دەربەدەربوون و سەدان هەزار کەس بوون بە قوربانى لە نێوان کوژراو برینداردا، و ائێستا ئەو شەڕەش خەریکە لە کۆتایى نزیک دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا کە ئەم شەڕانە کۆتایى هات، سەرکردەى شەڕەکان چ ئەوانەى براوەن یان دۆڕاون ئەگەر سەیریان بکەین هەموو تێوەگلاون بە گەندەڵى و پاشەڵ پیسن، بازرگانى سیاسى و ناپاک بە گەلن بۆیە هیچ متمانەو بەهایەکى مۆراڵیان نەماوە لە لاى گەلەکانیان و ئیتر ناتوانن ڕووى ڕەشى خۆیان لەلاى خەڵک سپى بکەنەوە و بۆیە دەبێت چاوەڕوانى ڕۆژى حساب بن.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بورهان شێخ ڕەئوف

ئەرشیڤی بەڕێز: بورهان شێخ ڕەئوف