لوقمان غەفوور: کێن فاسۆلیا خۆرەکان!؟

عەقڵ ئێرانییەکان لە کوردستانی باشور کەوتوونەتە چ شیکردنەوەیەکی شەیتانانە بۆ ئەوەی خەباتی خۆپیشاندانی کوردانی خۆرھەڵات کەم دیدە بگرن، ئەڵێن بەرخودانی کوردانی ڕۆژئاوا شۆڕشە وەک کوردانی خۆرھەڵات نین بۆ بەنزین ھاتبنە […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

عەقڵ ئێرانییەکان لە کوردستانی باشور کەوتوونەتە چ شیکردنەوەیەکی شەیتانانە بۆ ئەوەی خەباتی خۆپیشاندانی کوردانی خۆرھەڵات کەم دیدە بگرن، ئەڵێن بەرخودانی کوردانی ڕۆژئاوا شۆڕشە وەک کوردانی خۆرھەڵات نین بۆ بەنزین ھاتبنە سەر شەقامەکان. سوککردنی ئەم خەباتە مەدەنییە تەنیا و تەنیا نانەوەی ناکۆکیی و کەمکردنەوەی پشتیوانییە بۆ خەڵکی خۆرھەڵات لەلایەن باشورەوە.
ئەم دیدە، دیدێکی دوژمنکارانەیە، دیدێکە ھاوخەباتی نەتەوەیەک لێکدانی سفر دەکەیت. لەڕاستیدا نەزانیش ڕادە و پلەی خۆی ھەیە، لەبەرئەوەی خەلکێک لەڕووی سۆزەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەری خۆرئاوا باوەڕ بەم جۆرە لێکدانەوانە دەکەن، بێئەوەی، ڕووبەڕووی ئەو کەسانە بوەستنەوە و پێی بڵێن مێژووی خەباتی چەکداری لە خۆرھەڵات و باکور و باشور و خۆرئاوا دیار و بەرچاوە، ھیچ پێویست بە کەس ناکات شیکردنەوەی بۆ بکات. نە پێویستیش بەوە دەکات کەسی تیا بکەینە پاڵەوان و کەسیشی تیا بکەینە ترسنۆک.
ھەر کەسیش حەزی بە خوێندنەوەی مێژووی شۆڕشی ئەم چوار پارچەیەیە ئەتوانێت بەدوایا بگەڕێت. کە من بۆ خۆم ھەر کوردێک لە ھەر شوێنێک تێکۆشابێت ڕێزی لێدەگرم نەک بە فاسۆلیاخۆر و تەمبەڵی لە قەڵەم بدەم، کە مەبەست حزبەکانی خۆرھەڵاتە، ئەویش ھۆکاری خۆی ھەبووە کە لە دوای 1993ەوە بۆچی بێدەنگیان ھەڵبژارد. ئەگەر مەسەلەکە قوربانیدان بێت ھیچ پارچەیەک بەقەد باشور خەباتگێڕ و قوربانیدەر نەبووە. تەنیا ئەنفال بەسە بۆ ناسنامەی قوربانی باشوور. ئەگەر خەبات بێت ھیچ پارچەیەک بەقەد ڕۆژئاوا مێژووەکەی خاڵی نییە لە قوربانی. بەڵام کوردایەتی و قوربانی و خەباتکردن ئاوا ناپێورێت.
خەڵکی خۆرھەڵات لەمکاتەدا لەھەموو کات زیاتر پێویستی بە پاڵپشتییە، دەبوو خۆپیشاندانی گەورە لە باشور بۆ پشتیوانی بکرایە. کە ناکراوە و ناکرێت، گونجاو نییە سوکایەتی بەو خەباتەی ئێستا و ھێزە سیاسییەکانیان بکەین و بە فاسۆلیاخۆر و ترسنۆک یان بزانین.
بەداخەوە ئەو نیگەرانییەی من ھەمە ھی ئەوەیە خەڵک ڕۆژانە ئاگای لێ نییە چەند گەنج تەنیا لەسەر قسەکردن دەخرێنە زیندان و لەسێدارە دەدرێن. ھەندێک لە باشور بێئاگا لەوەی لە خۆرھەڵات چی ڕوودەدات شیکردنەوە بۆ ئەوە دەکات ئەمانە دژی زیادبوونی نرخی بەنزین ھاتوونەتە سەر شەقامەکان. کەواتە من بەو کەسانە دەڵێم ئێوەش بۆ پارە و مووچە ئەھاتنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانتان دژی حکومەتی ھەرێم دەکرد نەک بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتی و شەفافیەت و سەروەری یاسا و ئازادی.
لەلایەکی ترەوە مرۆڤ کە نەیزانی جیاوازی شۆڕش و ڕاپەڕین و خۆپیشاندان چییە ئەکەوێتە ھەڵەوە. خەڵکی خۆرئاوا قۆناغی خەباتی ڕزگاری نیشتمانی و شۆڕش یان تێپەڕاندووە. ئەوان لەناو شارەکان خۆیان بەڕێوە دەبەن. سەرۆکایەتی شارەوانییەکان و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان بەڕێوە دەبەن. ئەوەی ئەوان ئێستا ڕووبەڕووی بونەتەوە جەنگە دژی کۆلۆنیالیزم، کە ئەمە جەنگی دوای پارتیزان و شۆڕش و ڕاپەڕینە.
ویستم لە کۆتایدا بیری ئەو ئێرانیزمانە بێنمەوە کە ئەوەی شارەزایی ھەبێت لە ھەرەمەکەی زانای سایکۆلۆژی (ماسلۆ) دەزانێت یەکەم پێداویستی کە ئینسان ئەخاتە دۆخی ناڕازایی و تەنگانەوە. پێداویستییە فیسیۆلۆژییەکانە. کە سەرچاوەی تەقینەوەی ناخی ئینسانە. پێداویستییەکانی وەک خۆراک و خواردنەوەو ھەوای پاک و بەرگ و پێداویستی. کە نان نەبوو کەرامەتی ئینسان ئەکەوێتە ترسەوە. بەدوای ئەودا ئینجا پێداویستیێەکانی ئاسایش و ئارامی دێت. بەدوای ئاسایش و ئارامی ئەوکات پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێزگرتنی خود و پێداویستی گەیشتن بە ئامانج دێت و ئینسان ئەتوانێ بژی.
کوردی خۆرھەڵات لە پێداویستی یەکەم پێبەشکراوە، ئیتر باسی پێداویستییەکانی تری چی لەگەڵ بکەین. کەواتە ئەگەر ئێمە باوەڕمان بە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردی ھەبێت. ھەموو ئازارێک لە ئامەد یان لە سەقز و ھەولێر و قامیشلو ھەبێت ھەمان ئازارە لە دھۆک و سنە و کۆبانێ. ئەگەر باوەڕیشمان بەوە بێت و دیدی خەبات وا ببینین تەنیا خەبات و قوربانی لای ئەوانەیە تەنیا ئاپۆ-یانە بیرئەکەنەوە ئەوە لای من ئەم دید و تێڕوانییە بەتەواوی ڕەتکراوەیە.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
لوقمان غەفور

ئەرشیڤی بەڕێز: لوقمان غەفور