محەمەد بەرزی: حەسەن خەیری لە باشورە.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، دەوڵەتی عوسمانی دژ بە هاوپەیمانەکان، چووە بەرەی ئەڵەمانیا و نەمسا و هەنگاریاوە، لە ئاکامدا بەرەکەیان زۆر خراپ شکستی هینا. دوای کۆتایی ئەو جەنگە، هاوپەیمانە براوەکان لە ڕۆژی 10- 8- 1920، وەک سزایەک پەیمانی ( سیڤەر ) یان لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتە دۆڕاو و نەخۆشەکەی عوسمانییەکاندا واژۆکرد، کە لە بڕکەکانی ( 62 ، 63 و 64 ) یدا مافەکانی گەلی کورد بە تەواوی سەلمێنرابوون، لە ڕاستیشدا بۆ نەتەوەکەمان دەسکەوتی مەزن و پڕ بەها بوون.

ئەوەی شایانی باسە لەو کاتانەدا کۆمەڵێک سەرکردەی سەربازی عوسمانی، لە ژێر فەرماندەی مستەفا کەمالدا، دژی فەرەنسا و بەریتانیا درێژەیان بە شەڕدا، کە ئەو شەڕانە بە شەڕی سەربەخۆیی تورکیا ناسراوە. مستەفا کەمال توانی بە سەرکەوتووی سەرکردایەتی بەرەکانی شەڕبکات و سەرلەنوێ هاوپەیمانەکان ناچاربکات بێنەوە سەر مێزی دانووسان. ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر و لە ناوبردنی خەونی سەربەخۆی کورد. بێگومان جگە لە زیرەکی مستەفا کەمال، ناهوشیاری کورد خۆی، دانانی ئاین لە سەروو بەرژەوەندی نیشتمانەوە، دووبەرەکی و نەبوونی سەرکردایەتییەکی ژیری لێهاتوو، هۆکاری لە دەستدانی ئەو هەلە نایاب و ناوازەیە بوون.
ڕۆژی 24- 7- 1923 نوێنەرانی هاوپەیمانان و تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر و واژۆکردنی پەیمانێکی نوێ، بە ناوی پەیمانی لۆزانەوە کۆبوونەوە. نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا بە بیانووی ناڕۆشنی چارەنووسی کورد لە تورکیادا، ئامادەنەبوون بچنە ژێرباری پەیماننامەیەکی تازەوە. ئەوان لایان وابوو، لە خۆرهەڵاتی تورکیادا ژمارەیەکی ئێجگار زۆر کورد و خاکی کورد هەیە، واژۆکردنی پەیماننامەیەکی نوێ چارەنووسی کورد دەخاتە ژێر مەترسییەوە. ئەندامانی وەفدی تورکیا لە وەڵامدا وتوویانە: ( تورکیا بە تەنها هی تورک نییە، بەڵکو هی کورد و تورکە و ئەم دوو گەلەش بڕیاریانداوە پێکەوە بژین ). بەڵام نوێنەرانی ئەوروپا باوەڕیان بەو قسانە نەکردووە. جا بۆ چارەسەکردنی ئەو کێشەیە، سەرۆکی وەفدی تورکیا هاوار بۆ مستەفا کەمال دەبات و پێی ڕادەگەێنێت: ( ئەگەر فریا نەکەویت دەوڵەتی کوردی دروستبووە، بۆیە پێویستە کارێکی وا بکەیت بۆ ئەوروپییەکانی بسەلمێنییت، کە کورد بە خواست و ئارەزوی خۆی دەیەوێت لەگەڵ تورکدا پێکەوە بژین ). مستەفا کەمالیش بانگی کوردێکی شاری دەرسیم دەکات بە ناوی ( حەسەن خەیری ) یەوە و بەرگی کوردیی پێ دەپۆشێت و لەگەڵ خۆیدا دەیباتە ناو پەڕلەمانی تورکیاوە، تا پیشانی ڕۆژنامەنووسان و وەفدی وڵاتانی دەرەوەی بدات، کە حکومەتی تورکیا ڕێز لە کورد و جلوبەرگ و زمان و کەلتوریان دەگرێت.

پاشان چەند جارێک حەسەن دەچێتەوە ناو پەڕلەمانی تورکیاوە و هاواردەکات، کە کوردەکان نایانەوێت جیاببنەوە و دەیانەوێت لەگەڵ تورکی برایاندا پێکەوە لەسەر یەک خاک بژین. دوابەدوای ئەو نواندنە، مستەفا کەمال داوا لە حەسەن دەکات بروسکەیەک بنێرێت بۆ لیژنەی گۆڕینی پەیماننامەکە لە لۆزان، حەسەنیش زۆر بە جوانی بروسکەی پشتگیری پێکەوە ژیانی کورد و تورک دەنێرێت ، لە ئاکامیشدا لیژنەکە باوەڕ بە قسەکانی حەسەن دەکەن و پەیماننامەی سیڤەر هەڵدەوەشیننەوە و پەیماننامەی لۆزان دەخەنە جێگای ، بەمەش ئاوات و خەونی مێژینەی کورد ئاوێتەی گڵ دەبێ، خاکی کوردستانیش بەسەر چەند دەوڵەتێکدا دابەشدەکرێت. پاشان بە فەرمانی ئەتاتورک هەر زوو حەسەن خەیری دەستگیردەکرێت و ڕووبەڕوی دادگای ئیستقلال دەکرێتەوە. دادگاش بە تاوانی جیاخوازی و پۆشینی جلو بەرگی کوردی لە ناو پەڕلەماندا، تۆمەتباری دەکات، هەرچەند حەسەن بەرگری لە خۆی دەکات، کە گوایە ئەو کارەی بۆ بەرژەوەندی تورکیای کردووە، تا دەوڵەتی کوردی دروستنەبێت، بەڵام دادگا پێی دەڵین: ( ئێمە ئەوە دەزانیین، بەڵام لە بەرکردنی جلی کوردی لە ناو پەڕلەماندا پێشێلکردنی دەستورە ). لە ئەنجامدا دادگاش حوکمی لە سێدارەدان بەسەر حەسن خەیری دا دەسەپێنێت و ڕەوانەی دۆزەخی دەکەن. بەڵام حەسەن حەوت ڕۆحی هەیە و زۆر دەمێکە گەڕاوەتەوە و ئێستا لە باشورە. نە بای دیوە و نەباران. چەند جارێکیش چۆتەوە تورکیا، ئەردوگان بە شەرەفی خۆی و ئەتاتورک و ئەو قورعانەی بە دەستوخەتەکەی عوسمانی کوڕی عەفان نووسراوەتەوە، سوێندی بۆ خواردووە، کە تورک و کورد بران، بەڵام ئەوان دژی پەکەکە و یەپەکەی ڕۆژئاوان، جا ئەگەر بتوانن بە هەردوولایان لە ناویان بەرن، ئەوا ئەو کاتە پشتگیریی دەوڵەتی کوردیمان بۆ دەکەن.

حەسەنیش سەرلەنوێ کڵاوی کراوەتەوە سەر و وەک نۆکەرێک بۆتەوە بە چاو و گوێی تورکەکان، هەر بۆیە شەو دەخاتە سەر ڕۆژ و جاسوسی بۆ سوپا و فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەردوگان دەکات، ئەشکەوت و کونەبەرد و یاڵ و سەنگەر و ڕێگا و مەکۆ و شۆێنپێی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی قەندیل دەستنیشاندەکات، کە بێباکانە سواری پشتی شێر دەبن و وەک هەڵۆ دەفڕن. جار جارێکیش حەسەن وەک ئەو کەرەی گاز لە کۆپانی خۆی دەگرێت، دەبێت بە پاسەوانی کەمپی ئاوارە داماو و ڕەشپۆشەکانی مەخمور، ئەوەی ئەو بەوانی دەکات، نە با بە دەواری شر، نە سەرما بە هەتیوی دەکات. زۆر جاریش خۆی دەگەیەنێتە سنوری ڕۆژئاوا، ئەو سنورەش وا دادەخات، ڕێگا بە فڕینی تەیروتووریش نادات. بەردەوامیش لەگەڵ ئەردوگانی فاشستدا، کە ئەمڕۆ باری لارە لە کۆبوونەوەدان.

لە دنیای دەرەوەی تورکیاشدا ، ئەردوگان حەسەنی کردووە بە بەڵگەی نیازپاکی ناخی گڵاوی خۆی . هەر دوێنێ بوو لە کۆشکی سپی ئەمەریکادا و لە بەردەمی سەرۆک ترامپ و گەورە لێپرسراوانی ئەو وڵاتەدا ، ئەردوگان وتی: ئێمە دژی پەکەکە و یەپەکەی تیرۆریستین ، بەڵام چ لە ناو تورکیادا و چ لە هەرێمی کوردستان و دنیادا کیشەمان لەگەڵ کورددا نییە و ئەوان برای ئێمەن ، ئەگەر باوەڕ ناکەن فەرموون لە حەسەن بپرسن. بێگومان ئێستا ئەردوگان لە دنیادا حاڵی شڕە و زۆر پێویستی بە دەنگی حەسەنە، بەڵام هەرکاتێک لە ڕێگای نۆکەرانی وەک حەسەنەوە، ڕووی خۆی سپیکردەوە و ڕای دنیای گۆڕی، ئەوە بە دڵنییاییەوە دواڕۆژمان لە دواڕۆژی حەسەن خەیری و پەیماننامەکەی سیڤەر باشتر نابێت و وڵاتەکەمان دەکات بە گۆمی خوێن و پێ دەنێ بە سێبەری سەری هەموو کوردێکدا، چونکە ئەردوگان وەک مستەفا کەمال ماری لە هەناوی خۆیدا پەروەردە کردووە ، نە ڕێز لە قورعان دەگرێت، نە خاوەنی سوێند و پەیمانە . بەڵام بە داخەوە ئێمەی کورد نە فێری هونەری سیاسەت دەبین، نە وانەیەک لە مێژووی کۆن و ئامۆژگاری مرۆڤە ژیرەکانی وەک قانعی نەمر وەردەگرین ، کە زۆر دەمێکە هاواردەکات:

بە فیت و ماڵی عوسمانلی لە خوێنی ئەردەڵانیدا
سەری نینۆکی سور بوو لەشکری میری بابانم
ئەسەف دارێک ئەبێتە کلکی تەور و داری تر ئەبڕێ
بە ئەم دەردە گرفتارە سەراسەر خاکی کوردانم

سەرچاوەکان:
1- سایتی کوردیپیدیا … حەسەن خەیری
2- سایتی پەیسەر پرێس … بۆچی کورد لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم نەیتوانی مافی خۆی دەستەبەربکات؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت